سەرەکی » دۆسێ » دۆسێی پارە دزراوەكانی عیراق سەرهەڵدەداتەوە

بە 312 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت

دۆسێی پارە دزراوەكانی عیراق سەرهەڵدەداتەوە

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای هەمواركردنی یاسای گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عیراق دەكرێت كە بە 312 ملیار دۆلار لەدوای ساڵی 2003وە مەزەندە دەكرێت و لەلایەن مافیاكانەوە بەشێوەیەكی نەشیاو براونەتە دەرەوەی عیراق.
لەو بارەیەوە موسەننا عەبدولسەمەد سامەڕائی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، داوای كردووە یاسای گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عیراق هەموار بكرێت، جەختیشی لەسەر پێویستی، خەڵاتنەكردنی دزەكانی سامانی گشتی كردۆتەوە بەوەی كە لە نیوەی ئەو پارەیەی دزیویانە ببوردرێن.
سامەڕائی لە میانی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی نوێنەران لە 12ی ئاداری 2019، ڕایگەیاندبوو»پێویستە هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (9)ی گێڕانەوەی پارەكانی عیراق كە پەیوەندی بە دەسەڵاتی لێبوردنەوە هەیە و پەیوەستە بەو پارەیەی لەلایەن روكارە هەواڵگرییەكانەوە بەر لە ساڵی 2003 بەكارهێنراوە، لەگەڵ ئەو پارەیەی لەلایەن كەسەكان یان لایەنەكانەوە دزراون لە دوای ئەو ساڵە، جیابكرێنەوە».
بە گوتەی سامەڕائی»ڕێژەی لێبوردن بە ڕێژەی (50%) كە لە ماددەی 4/بڕگەی شەشی پارە دزراوەكاندا هاتووە، پەسەندنەكراوە، پێویستە دزەكان خەڵاتنەكرێن لەڕێی لێبوردنیان لە نیوەی ئەو پارەیەی دزیویانە».
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەارنی عیراق، داوای «دیاریكردنی هەواڵدەر و میكانیزیی هەواڵەكانی كردووە بەپێی چوارچێوەیەكی یاسایی ڕوون».

جموجۆڵە دەرەكییەكان
هەر لەو بارەیەوە، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاندبوو، یاسای سندوقی گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عیراق بێ‌ سود دەبێت گەر «بزاوتنێكی دەرەكی لەگەڵ نەبێت بۆ چوونە پاڵ ڕێكەوتنە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبردراوەكان».
فالح زیادی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو:»پرۆژە یاسای سندوقی گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عیراق، لەو یاسا گرنگ و پێویستانەیە كە عیراق پێویستی پێی هەیە، چونكە چەندان ملیار دۆلار لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا و لە دوای ساڵی 2003 لەلایەن گەندەڵكاران و قاچاخچییەكانەوە بەشێوەی نەشیاو كە مافی گەلی عیراقە، بردراونەتە دەرەوەی وڵات».
بەگوتەی زیادی»داڕشتنی یاسایەك بەس نییە گەر چوونە پاڵ ڕێكەوتنە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بەو بوارەی لەگەڵدا نەبێت و پەیوەندییە دەرەكییە فراوانەكانی عیراق بۆ ئەو مەبەستە نەخرێنەگەڕ و ڕێكەوتن لەگەڵ وڵاتانی تردا نەكرێت بە پاڵپشتی پۆلیسی نێودەوڵەتی كە دەكرێت لێوەی ئەو پارە دزراوانە بگێڕدرێنەوە»، ڕەتیشیكردبۆوە داڕشتنی یاسا و جێبەجێكردنی تەنیا لەنێوخۆدا سودی هەبێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە 16ی كانوونی دووەمی 2019، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەی هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2012ی سندوقی گێڕانەوەی پارەكانی عیراق كردبوو.

باشبوونی داهات و زۆربوونی دزییەكان
عیراق لە دوای ساڵی 2003 و گۆڕانی ڕژێمی پێشوو، باشبونێكی گەورەی لە داهاتە داراییەكاندا بەخۆوەبینی، بە تایبەت لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە كە لێوەی بودجەكان گەشەیان كرد و گەیشتنە سەدان ملیار دۆلار ، بەڵام لایەنی نەرێنی ئەو پەرەسەندنە، بەهەدەردان و بەقاچاخبردن بوو كە بەسەر ئەو داهاتە داراییەدا هات.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی عیراق، پێكهێنانی لیژنەیەكی دیپلۆماسی بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عیراق لە دەرەوەی وڵات لەدوای ساڵی 2003وە تا ئێستا، ڕاگەیاندبوو.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت»عیراق كار لەسەر گێڕانەوەی پارە ونبووەكان و بەقاچاخبردراوەكان دەكات بۆ دەرەوەی وڵات لە ساڵی 2003وە تائێستا، ئەمەش لەڕێی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ وڵاتان»، لە هەمان كاتدا ئاماژەی بە بوونی تیمێكی دیپلۆماسی تایبەت كردبوو كە كار بۆ گێڕانەوەی پارەكانی عیراق دەكات.
بە گوتەی وەزارەتی دەرەوە»ئاستەنگێكی زۆر لەبەردەم گێڕانەوەی ئەو پارانەدا هەیە، بەو پێیەی لە ئەژمارە بانكییەكاندا تۆمارنەكراون، ڕژێمی پێشوو بەشێوازێكی نا لۆجیكی ئەو پارانەی پەرتەوازە كردووە، هەردوو وەزارەتی دارایی و دەرەوەش تەواوی تواناكانی خۆیان بۆ دۆزینەوەی خستۆتەگەڕ».

״لە بانكە جیهانییەكاندا هەڵگیراون״
پەرلەمانتارێكی پێشووی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئەو پارانەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا دزراون تائێستاش لە بانكە جیهانییەكاندا هەڵگیراون.
زەینەب عارف بەسری، پەرلەمانتاری پێشووی دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە»پارە بەتاڵانبراوەكانی عیراق لەلایەن مافیاكانی گەندەڵی ئیداریی و داراییەوە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو، لە باكە جیهانییەكان و بە ناوی مافیا گەورەكانی گەندەڵی هەڵگیراون، تائێستاش لەژێر ناوی سیاسی و لەژێر پەردەی سیاسی نێو پرۆسەی سیاسیدا، لەو بانكانەدان».
بەگوتەی بەسری»ئەو مافایایانە 312 ملیار دۆلارییان دزیوە، بەڵام لەژێر ناوی پشكداری و فرۆشتنی وەزارەت و پۆستە حكومییەكان بەشوێن پارەی زیاتردا دەگەڕێن، حكومەتی ئێستاش بەرپرسیارێتی تەواوەتی دەكەوێتە ئەستۆ بۆ گێڕانەوەی ئەو پارە دزراوانە، لەڕێی باڵێوزخانەكان و دامەزراوە یاساییە جیهانییەكان و ئینتەپوڵ، چونكە ئەو پارانە سامانی گەلی عیراقن كە زۆری بەدەست تەنگژەی ئابورییەوە چەشتووە».
لای خۆیەوە مەحمود سەعدی، شرۆ‌وڤەكاری ئابوری عیراقی، پێیوایە»لەو كاروبارانەی مایەی سەرسوڕمانن، وێڕای قەبارەی گەورەی پارە دزراوەكان، جا پێش ساڵی 2003 بن یان دوای ئەوە، وێڕای هەموو ئەو قسانەی لەڕێی میدیاكانەوە دەكرێن لەبارەی پێویستی بەدواداچوون بۆ ئەو پارە بەقاچاخبردراوانە، بەڵام عیراق ئامار یان هەڵسەنگاندنی وردی لەسەر قەبارەی پارە دزرازەكان نییە، هەرچەندە دەستەی نەزاهەش بوونی هەیە».
بە گوتەی سەعدی»كاریی فەرمانگەی گێڕانەوەی پارەكان، بە قەبارەی ئەو چەندان ملیار دۆلارە نییە كە دزراون، دەستەی نەزاهە لەو دەمەی دامەزراوە، تەنیا جارێك سەركەوتوو بووە لە گێڕانەوەی پارەكان كە لەلایەن یەكێك لە فەرمانبەرانی ئەمیندارێتی بەغداوە دزرابوو، بەڵام دۆسێی وەزیرەكان و كەسێتییەكانی تر، ئەوا لە نێو سندقە داخراوەكاندا ماونەتەوە».

״داوای لەسەدا 10ی پارەكە دەكرێت״
لیژنەی نەزاهە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لای خۆیەوە باس لەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانە دەكات كە پێشنیارییان بۆ عیراق كردووە لەپێناو گێڕانەوەی پارە دزراوەكان، لەبەرانبەردا لەسەدا 10ی ئەو بڕەی دەگێڕدرێتەوە وەربگرن، لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا ڕایگەیاندبوو:»بانكە نێودەوڵەتییەكان ڕەتیدەكەنەوە یارمەتیان بدەن سەبارەت بە پێدانی ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان پارەكان و ژمارەی ئەژمار و ناوە دیاریكراوەكانەوە هەیە».
عادل نوری، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو»چەند وڵاتێك لەسەر ئەو پارە دزراوانەی عیراق دەژین كە لە وڵاتەكانیاندا سپیكراونەتەوە و شۆردراونەتەوە».
بە گوتەی نوری:»عیراق قسەی لەگەڵ هەندێك لەو وڵاتانە كردووە سەبارەت بە بڕی ئەو پارە بەقاچاخبردراوانە، بەڵام ئەو وڵاتانە هەماهەنگی نانوێنن و لەسەر سپیكردنەوەی ئەو چەندان ملیار دۆلارە دەژین كە سپیكراونەتەوە و شۆردراونەتەوە».
عادل نوری پێیوایە»ئەو پارانە یاریدەرن بۆ ئەو وڵاتانە لە وەبەرهێناندا، چونكە بڕەكەیان چەندان ملیار دۆلارە، ئەو بڕە زۆرە پارەیەش هەروا ئاسان نییە و یاریدەدەرە بۆ ژیاندنەوەی ئابورییەكانیان».
ئەندامەكەی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشبینی دەكات» عیراق نەتوانێت ئەو پارانە بگێڕێتەوە، تا یاسای تایبەت بە گێڕانەوەیان دانەڕێژێت و لێكگەیشتنی هاوبەش دروست نەكات و گوشار نەخاتە سەر ئەو وڵاتانە، بۆ نمونە بەرژەوەندییەكانیان لە عیراقدا بەرتەسك بكاتەوە»، باسی لە بوونی چەند ناوێكی گەندەڵكاران و ئەو شوێناش كردبوو كە پێشتر گەیشتبوونە بەردەم لیژنەی نەزاهەی ئەنجومەنی نوێنەران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...