سەرەکی » دۆسێ » دەستپێكردنی وەرزی دووەمی یاسادانان لە عیراق

پرسی بنبڕكردنی گەندەڵی تاوتوێ‌ كرد

دەستپێكردنی وەرزی دووەمی یاسادانان لە عیراق

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، یەكەم دانیشتنی وەرزی دووەمی یاسادانانی لە بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لە ناوچەی عەللاوی دەستپێكرد.
لە 9ی ئاداری 2019، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، و بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، یەكەم دانیشتنی وەرزی دووەمی یاسادانانی دەستپێكرد، لە دانیشتنەكەشدا بابەتی بنبڕكردنی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا تاوتوێ‌ كرا.
لەو بارەیەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندبوو» پێویستە هەموان پێكەوە بە یەكگرتوویی، ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە».
بە گوتەی حەلبوسی»عیراق زۆری بەدەست نەخۆشی و دەردی گەندەڵییەوە چەشتووە، وەك چۆن توانییان بە یەكگرتوویی و یەخستنی هەوڵەكان بەسەر گروپە تیرۆریستەكاندا زاڵببن، پێویستە بە هەمان شێوە بە یەكگرتوویی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و دید و پرۆژەكان لەنێوان دەسەڵاتەكاندا یەكبخەن و ئەو نەخۆشییە بنبڕ بكەن».
لە یەكەم دانیشتنی وەرزی دووەمی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق» گفتوگۆیەكی گشتی لەسەر یەكخستنی هەوڵی دەسەڵاتەكان كرا بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی ئیداریی و دارایی لە وڵات، لە دانیشتنەكەشدا هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بە وەكالەت و سەرۆكی دەستەی نەزاهە بە وەكالەت، ئامادە بوون».
بەهۆی تەواونەبوونی كاری نۆژەنكردنەوەی بارەگای سەرەكی خۆی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەكەم دانیشتنی وەرزی یاسادانانی دووەمی لە بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لە ناوچەی عەللاوی لە بەغدا سازكرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هیوای خواستبوو قۆناغێكی نوێ‌ لە هەماهەنگی لەنێوان سێ‌ دەسەڵاتەكەدا دەستپێبكات.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 9ی ئاداری 2019 لەلایەن نوسینگەی عەبدولمەهدییەوە بڵاوكرابۆوە»سەرۆك وەزیران، پێشوازیی لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، سەرۆكی داواكاریی گشتی، سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی دادوەریی، دیوانی چاودێری دارایی، و هەردوو دادگای پێداچوونەوەی كەرخ و ڕەسافەی كردبوو كە ئامادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بوون لە بارەگای حكومەت و بارەگای نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»سەرۆك وەزیران هیوای خواستبوو، قۆناغێكی نوێ‌ لە هەماهەنگی لەنێوان سێ‌ دەسەڵاتەكە و كاریی هاوبەش لەنێوانیاندا دەستپێبكات بۆ خزمەتكردن بە هەموو ڕۆڵەكانی گەلی عیراقی».
پێشتر هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە سەرپەرشتی دەكرێت و گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە، یەكێك لە مەرجەكانی بۆ پشتیوانی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، بنبڕكردنی گەندەڵی بوو، بۆیە پێدەچێت لەم خولەی ئێستای پەرلەمان و لە هەنگاوەكانی داهاتووی حكومەتیشدا، جەخت لەسەر كاركردن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی بكرێت.
گەندەڵی لە عیراق، یەكێكە لە گەورەترین ئەو كێشانەی كە لە دوای ساڵی 2003وە وڵات پێوەی گیرۆدەیە، ئەمەش وایكردووە لایەنی خزمەتگوزاریی گشتی پەرەسەندن بەخۆوە نەبینێت و گەشەكردنیش لەبری پێشكەوتن بەرەو دواوە بڕوات، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیش كە ساڵانە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دیاریی دەكات، عیراق لەسەر ئاستی جیهانی لە پلەی 12دایە و یەكێكە لە وڵاتە هەرە گەندەڵەكانی جیهان، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی عیراق لە لەو ڕووەوە نێوەندە نێوڵەتییەكاندا ناوبانگێكی خراپی هەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەگەرەكانی داڕمانی ئاگربەست لە یەمەن

رۆژنامەكانی بەریتانیا لە 16ی ئایاری 2019، چەند دۆسێیەكیان لەسەر رەوشی ...