سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » به‌ها ئاكارییه‌كان له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادیدا

به‌ها ئاكارییه‌كان له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادیدا

ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی، كه‌ سه‌ركه‌وتووترین ده‌رهێنه‌ره‌ له‌ مێژووی سینه‌مای ئێراندا، له‌وانه‌یه‌ زۆر حه‌زی له‌ سیاسه‌تی جیهانیی نه‌بێت، به‌ڵام سیاسه‌تی جیهانیی حه‌زی له‌ چاره‌ی ئه‌وه‌. له‌ (27)ی جه‌نیوه‌ری (2017)دا، كه‌متر له‌ حه‌فته‌یه‌ك پاش ئه‌وه‌ی حه‌وته‌م فیلمی درێژی فه‌رهادی، به‌ ناوی (فرۆشیار)، كاندید بوو بۆ ئۆسكاری باشترین فیلمی زمان بیانی، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ فه‌رمانی ژماره‌ (13769)ی ئیمزا كرد، كه‌ رێگریی له‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی مسوڵمانان ده‌كرد بۆ ناو خاكی ئه‌مریكا. به‌پێی ئه‌و فه‌رمانه‌، هاووڵاتیانی حه‌وت وڵاتی مسوڵمان له‌ وانیش ئێران بۆیان نه‌بوو، بۆ ماوه‌ی (90) رۆژ پێ بخه‌نه‌ خاكی ئه‌مریكاوه‌.

گایلز هاروی
له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

2-2

خێزانه‌كه‌ی فه‌رهادی دوكانێكی وشكه‌فرۆشییان هه‌بوو، ئه‌و زۆركات پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌ له‌وێ ئیشی ده‌كرد. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ راسته‌وخۆ خێزانەکەی دەخاته‌ ناو چینی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگاوه‌. دایك و باوكی هه‌میشه‌ پشتیوانییان له‌ به‌هره‌ و توانا هونه‌رییه‌كانی ده‌كرد. كاتێ فه‌رهادی ته‌مه‌نی سیانزه‌ ساڵ بوو، یه‌كه‌م كورته‌فیلمی خۆی به‌ به‌كارهێنانی كامێرایه‌كی هه‌شت ملیمه‌تری ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای گه‌نجان دروستكرد، كه‌ رێكخراوێك بوو حكومه‌ت پشتیوانی لێده‌كرد. ئه‌م فیلمه‌ی فه‌رهادی چیرۆكی دوو هاوڕێیه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رێی قوتابخانه‌ رادیۆیه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ك مشتومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رادیۆكه‌ لای كامیان بێت، بڕیار ده‌ده‌ن رۆژی لای یه‌كێكیان بێت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان حه‌زیان له‌ زنجیره‌ درامایه‌كه‌ كه‌ هه‌موو پاشنیوه‌ڕۆیه‌ك له‌ رادیۆوه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌، كه‌سیان سوود له‌ رادیۆكه‌ نابینن، بۆیه‌ رادیۆكه‌ فڕێده‌ده‌ن.
فه‌رهادی له‌ (هێنری ئیبسن) و (ئۆگوست ستریندبێرگ) و (ئه‌نتوان چیخۆف)ه‌وه‌ شتێك فێربوو كه‌ هیچ فیلمێك نیشانی نه‌دابوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو چۆن به‌بێ بوونی پاڵه‌وانێك چیرۆكێك دروست بكات، یان ته‌نانه‌ت، چیرۆكێك دروست بكات كه‌ تیایدا (وه‌كو ژیانی واقیعی) هه‌ر كه‌سێك وه‌كو پاڵه‌وانێك سه‌یری خۆی بكات.

سه‌ره‌تای ئیشكردنی فه‌رهادی
له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی زایندا، له‌ كاتێكدا كه‌ فه‌رهادی هێشتا له‌ زانكۆ خه‌ریكی خوێندن بوو، ده‌ستیكرد به‌ نووسینی زنجیره‌ درامای رادیۆیی بۆ (صدا و سیما)ی ئێران. ئه‌م زنجیره‌ درامایانه‌ ئه‌وه‌نده‌ لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست بوون كه‌ به‌ زوویی له‌ لایه‌ن به‌رهه‌مهێنه‌رانی درامای ته‌له‌فزیۆنییه‌وه‌ پێشنیازیان بۆ كرد كه‌ ئیشیان له‌گه‌ڵ بكات. خودی فه‌رهادی، كه‌سێكی خاكی و میهره‌بان و ده‌ست و دڵ كراوه‌یه‌، چه‌ندان كه‌س له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی ئیشیان له‌گه‌ڵ كردووه‌، خوڵق و خووی ئارام و پشتیوانیی ئه‌ویان بۆ باسكردووم. پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند درامایه‌كی فه‌رهادی لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست بوون، فه‌رهادی به‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی (صدا و سیما) ئێرانی گوت به‌ یه‌ك مه‌رج له‌ ئیشكردن له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت خۆی ده‌رهێنه‌ری شانۆنامه‌كان بێت. گرێبه‌ستێك ئیمزا كرا و فه‌رهادی ته‌مه‌ن بیست و سێ ساڵ، خه‌ریكی نووسین و ده‌رهێنانی زنجیره‌ دراما ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌ی خۆی بوو به‌ ناوی (داستان یك شهر-چیرۆكی شارێك). به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌توانین دوو فیلمی درێژی سه‌ره‌تای ئیشكردنی فه‌رهادی به‌ درێژه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی (چیرۆكی شارێك بزانین) ئه‌وانیش فیلمی (رقص در غبار- سه‌ما له‌ناو ته‌پ و تۆزدا) (2003) و (شهر زیبا- شاری جوان) (2004)ن، كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان نیشانده‌ری كه‌سانی گه‌نجی په‌راوێز خراون كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ بار و دۆخی ژیانی خۆیان رابكه‌ن.
فه‌رهادی پێش ئه‌وه‌ی له‌ فیلمه‌كانی خۆیدا ده‌ست به‌ وێنه‌گرتن بكات، به‌ توندی و به‌چڕی ئه‌كته‌ره‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌م پڕۆسه‌یه‌كی پڕۆڤه‌وه‌، كه‌ سێ چوار مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌م ئیشه‌ی فه‌رهادی له‌سه‌ر بنه‌مای میتۆدی (كونستانتین ستانسلاڤسكی) ده‌رهێنه‌ر و تیۆرسینی روسییه‌، بابه‌تی تێزه‌كه‌شی هه‌ر له‌سه‌ر ستانسلاڤسكییه‌. له‌ جیاتی پڕۆڤه‌ی نواندن له‌ فیلمه‌كه‌دا، ئه‌كته‌ره‌كان سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند ساتێك له‌ ژیانی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ پڕۆڤه‌یان پێده‌كرێت كه‌ رۆڵی ده‌بینن، پڕۆڤه‌یه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پێش پڕۆڤه‌ی ئه‌و فیلمه‌وه‌ كه‌ رۆڵی تێدا ده‌بینن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆکاری دروستبوونی باكگراوندێكی باش و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زانیاری ته‌واو به‌ ئه‌كته‌ر بدرێت سه‌باره‌ت به‌و كاره‌كته‌ره‌ی رۆڵی ده‌بینێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هیچ كام له‌و زانیارییانه‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا نین. ئامانج له‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌كته‌ره‌كان هه‌ست بكه‌ن خۆیان كاره‌كته‌ره‌كه‌یان دروست كردووه‌. پڕۆسه‌یه‌كی ئاوا ورد و بێوێنه‌ (به‌ تایبه‌تی له‌ بواری فیلمدا) بۆته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نواندنێكی هه‌ستیار و بێوێنه‌.
گرنگیی فیلمی
جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین
چه‌ند دیمه‌نێكی زۆر كه‌م و دیاریكراو له‌ سینه‌مای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا هه‌ن كه‌ ده‌توانن هێنده‌ی دیمه‌نی (جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین) كاریگه‌ر و هه‌ست بزوێن بن كه‌ تیایدا نادر (په‌یمان معادی)، له‌ كاتی شۆردنی باوكیدا ده‌گری، به‌ڵام پیره‌مێرده‌كه‌ گوێ به‌ حاڵی كوڕه‌كه‌ی نادات. ساتێ پێش ئه‌وه‌، نادر ده‌بینین خراپ ره‌فتار له‌گه‌ڵ رازییه‌ (ساره‌ به‌یات) ده‌كات، كه‌ ژنێكی دینداره‌ و به‌ كرێ هێناوێتی بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی باوكی بكات. نادر ژنه‌كه‌ به‌ دزی تۆمه‌تبار ده‌كات (كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت به‌ هه‌ڵه‌دا چووه‌)، پاشان به‌ توندوتیژی و به‌ پاڵ له‌ شوقه‌كه‌ی ده‌یكاته‌ ده‌ره‌وه‌. هۆكاری تووڕه‌ییه‌كه‌ی نادر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رازییه‌ باوكی به‌ قه‌ره‌وێڵه‌كه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ و خۆی به‌ ئیشێك چۆته‌ ده‌ره‌وه‌. رازییه‌ ژنێكی هه‌ژاره‌ و سكی هه‌یه‌ به‌ مێرده‌كه‌ی نه‌گوتوه‌ بۆ دابینكردنی ژیان و گوزەرانیان خزمه‌تی باوكی نادر ده‌كات. دیمه‌نێكی دوای ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ نادر نیشان ده‌دات كه‌ له‌ ره‌فتاری خۆی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ په‌شیمانه‌.
یەکەم نمایشی
جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین
نمایشی (جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین) له‌ به‌هاری (2011)دا له‌ ئێران، بووه‌ هۆی سه‌رسامی و ده‌ستخۆشیی زۆربه‌ی بینه‌ران. خه‌ڵك له‌ شه‌وی پێشووه‌وه‌ له‌ ریزدا چاوه‌ڕێیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نمایشی فیلمه‌كه‌ له‌ رۆژی دوای ئه‌وه‌ی فیستیڤاڵی فه‌جردا ببینن، له‌ كۆتاییدا ئه‌م فیلمه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری دنیادا فرۆشرا و داهاتی فرۆشتنه‌كه‌ی (2.24)ملیار دۆلار بوو، كه‌ بووه‌ پڕ داهاتترین فیلم له‌ مێژووی ئێراندا. فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی (جیابوونه‌وه‌یه‌ك، له‌ ئێرانه‌وه‌) فیلمێكی به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ سه‌باره‌ت به‌ شێوازی پێشوازیی و قبووڵكردنی ئه‌م فیلمه‌ له‌ سه‌راپای ئێراندا، هه‌ندێ له‌ قه‌ره‌باڵغترین کۆڕ و قسه‌ و باسه‌كان له‌سه‌ر فیلمه‌كه‌ نیشان ده‌دات كه‌ له‌ سه‌راپای ئێراندا له‌ نێوان كه‌سان و ره‌خنه‌گرانی جیاوازدا كراوه‌. زۆر كه‌س له‌وێوه‌ كه‌ هه‌ستیان ده‌كرد فیلمه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه‌ هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ سیمیندا (ئه‌و دایكه‌ی نایه‌وێ مناڵه‌كه‌ی له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا گه‌وره‌ بێت)، له‌سه‌ر وێنه‌گرتنی رێك و راست و راستگۆیانه‌ و شك و گومان و رارایی و دوودڵیی هه‌ستی چینی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگا، فیلمه‌كه‌یان به‌لاوه‌ په‌سه‌ند بوو. هه‌ندێكی تر، فیلمه‌كه‌یان له‌ پشتیوانیی و سه‌لماندنی بێگوناهی رازییه‌ و نیشانده‌ری دژوارییه‌كانی ژیانی مه‌زهه‌بی و كۆن و باودا ده‌بینی له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ به‌ره‌و مۆدێرنبوون هه‌نگاو ده‌نێت. به‌ڵام هه‌ندێكیش هه‌بوون وا سه‌یری فیلمه‌كه‌یان ده‌كرد كه‌ دژی ئێرانه‌.
به‌ڵام فه‌رهادی ده‌ڵێت هه‌موو فیلمه‌كانی بۆ ده‌ستپێكردنی باس و جووڵه‌یه‌كن: «به‌ڕای من هه‌موو ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی له‌ فیلمه‌كانی مندا هه‌ن، بیانوویان هه‌یه‌ بۆ ئیشه‌ هه‌ڵه‌كانی خۆیان، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كات و ده‌رفه‌تیان بده‌ینێ، ده‌توانن ئه‌و بیانووانه‌ بۆ هه‌موومان روون بكه‌نه‌وه‌.» (حه‌مید نه‌فیسی)، کە یه‌كێكە له‌ توێژه‌رانی پێشڕه‌وی سینه‌مای ئێرانی پێی وتم: «ئه‌وه‌ی كه‌ فیلمسازێكی ئێرانی بیت، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌سه‌ر په‌ت یاری بكه‌یت و په‌تباز یان ئه‌كرۆبات بیت، به‌ڵام فه‌رهادی سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌م یارییه‌ ده‌كات و بۆته‌ مامۆستای ئه‌م هونه‌ره‌.» هۆكاری قه‌ده‌غه‌كردنی فیلم دروستكردن له‌ ئێران له‌ هاوڕێكه‌ی فه‌رهادی واته‌ حسێن په‌ناهی، مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ قابیلی لێحاڵیبوونه‌، چونكه‌ فیلمه‌كانی ئه‌و كه‌متر ئاڵۆز بوون و بێترس سه‌رزه‌نشتی كۆمه‌ڵگای ئێرانییان ده‌كرد. وێڕای ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی فه‌رهادی پێگه‌یه‌كی كه‌لتووریی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێران و پێگه‌ی فه‌رهادی بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ناو سیاسه‌تمه‌داراندا پشتیوانی هه‌بێت.

دوو ساڵ بۆ ئاشنابوون
دواجار كاتێ گه‌یشتمه‌ ناوه‌ندی (تورلاگونا)، كه‌ مه‌یدانێكی به‌ردرێژه‌ كڵیسایه‌كی تیایه‌ له‌سه‌ر شێوازی (گۆسیك) دروستكراوه‌، وه‌كو قه‌ڵا وایه‌، وێنه‌گرتنی فیلمی (هه‌مووان ده‌زانن) له‌وێ بوو، فه‌رهادی وتی: «خه‌ڵكی ئه‌م گونده‌ زۆر میهره‌بانن». ته‌قریبه‌ن له‌ هه‌مانكاتی گه‌یشتنی فه‌رهادی به‌و گونده‌، پیاوێكی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ كه‌ فه‌رهادی بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵیدا وه‌ستا، ده‌ستیكرد به‌ ستایشكردنی فه‌رهادی و فیلمه‌كانی. ئه‌م رووداوه‌ هه‌ر چه‌ند ده‌قه‌ جارێك له‌ شه‌قامه‌ بێده‌نگه‌كانی گونده‌كه‌دا دووباره‌ ده‌بۆوه‌. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه‌ بۆ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ مایه‌ی ناڕه‌حه‌تی بێت، وادیاربوو خه‌ڵكی تورناگولا له‌ ته‌واوبوونی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌ بێتاقه‌ت و دڵته‌نگ بن.
فه‌رهادی ده‌ڵێت ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی كه‌ پێی وایه‌ فیلمی ئێرانی به‌هۆی سانسۆره‌وه‌ كامڵ نییه‌، راست نییه‌. ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سانسۆر نه‌بوایه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌رهێنه‌ران ده‌ستكراوه‌ تر بوونایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی دیمه‌نه‌كان و دیالۆگه‌كانیش راشكاوانه‌تر بوونایه‌. به‌ڵام ده‌ڵێت سانسۆر نه‌بۆته‌ رێگر له‌به‌رده‌م بژارده‌ و بڕیاره‌كانی ئه‌ودا. به‌ڕای فه‌رهادی ئیشكردن له‌ ئه‌وروپا تایبه‌تمه‌ندیی و كێشه‌ی خۆی هه‌یه‌ (بودجه‌ی دوا فیلمی فەرهادی 8,11 ملیۆن دۆلار بوو، له‌ كاتێكدا بودجه‌ی جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین ته‌نیا 800 هه‌زار دۆلار بوو). سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ مرۆڤ له‌ بنه‌مادا له‌ هه‌موو جیهاندا یه‌كسانه‌، پێش وێنه‌گرتنی فیلمی (هه‌مووان ده‌زانن) فه‌رهادی دوو ساڵ له‌ ئیسپانیا ژیا و به‌ كه‌لتوور و زمانی خه‌ڵكی ئه‌وێ ئاشنا بوو. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ئاشناییه‌دا زۆر لایه‌نی فیلمه‌كه‌ی گۆڕی. بۆ نموونه‌ له‌ نه‌خشه‌ی سه‌ره‌تایی فیلمه‌كه‌دا (لارا) كاره‌كته‌ری (پینلۆپێ كروز)، كه‌ بۆ زه‌ماوه‌ندی خوشكه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئیسپانیا، ورده‌كاریی یه‌كێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی گه‌نجی خۆی له‌گه‌ڵ (پاكو) (خاڤێر باردم)، بۆ مێرده‌ ئه‌رجه‌نتینییه‌كه‌ی (ریكاردۆ دارین) باس نه‌كردووه‌، چونكه‌ (پاكو) هێشتا له‌و گونده‌ ده‌ژی و یه‌كێكه‌ له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی خێزانی (لارا). له‌ كاتێكدا ئه‌م ترس و نهێنی پاراستنه‌ له‌ له‌ ژیانی ژن و مێردایه‌تییه‌كی ئێرانیدا قابیلی تێگه‌یشتنه‌، فه‌رهادی په‌ی به‌وه‌ برد كه‌ ئیسپانییه‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆر ئازادانه‌تر بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌م رووه‌وه‌ فیلمنامه‌كه‌ی خۆی گۆڕی. فه‌رهادی ده‌ڵێت ده‌توانین پرۆسه‌ی گۆڕانكاریی و پێداچوونه‌وه‌ی نواندنی فیلمه‌كه‌ له‌ گۆڕینی ناوی فیلمه‌كه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بڕیار بوو ناوی (كه‌س نازانێ) بێت دوایی بوو بە (هەمووان دەزانن).
دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌ جیاجیا ئیسپانییه‌كاندا له‌ رێگه‌ی وه‌رگێڕه‌وه‌ رێگرێكی دیكه‌ بوو له‌به‌رده‌م فه‌رهادیدا، به‌ڵام وادیاره‌ كه‌ توانای فه‌رهادی بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كاندا، له‌ ئاستێكی قووڵتردایه‌ له‌ زمان. (هه‌مووان ده‌زانن) به‌رهه‌مێكی كه‌لتووری زۆر ناسك و جوانه‌ كه‌ (132) ده‌قه‌ بینه‌ر به‌ شه‌وقه‌وه‌ سه‌یری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و سیحر و جادووه‌ی كه‌ له‌ فیلمه‌ ئێرانییه‌كانی فه‌رهادیدا هه‌یه‌، له‌م فیلمه‌دا نییه‌. فه‌رهادی خۆشی تاڕاده‌یه‌ك ئاگای له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌. ده‌ڵێت:»به‌لای هه‌ندێ كه‌سه‌وه‌ ئه‌م فیلمه‌ سه‌یره‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌دا راهاتوون كه‌ من هه‌میشه‌ نهێنییه‌ك ده‌هێڵمه‌وه‌ و هه‌موو شتێك روون ناكه‌مه‌وه‌». هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «ئه‌م فیلمه‌ ئه‌زموونێكی نوێ بوو بۆ من، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌رهه‌می كه‌لتووری ئیسپانیایه‌. له‌ كه‌لتووره‌ كاسۆلیكه‌كاندا، چه‌مکێك هه‌یه‌ به‌ ناوی دانپێدانان. خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌و كارانه‌ی كردوویانه‌ قسه‌ دەکەن‌ و دان به‌شته‌كاندا ده‌نێن.»
بڕیار بوو فه‌رهادی عه‌سری پاش ئه‌و رۆژه‌ به‌ فڕۆكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تاران، كه‌ له‌وێ محازه‌ره‌یه‌كی هه‌بوو بۆ خوێندكارانی بواری فیلم، هه‌روه‌ها شانۆنامه‌یه‌كیشی هه‌بوو ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرد. له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئوتێله‌كه‌ دواجار توانیم سه‌باره‌ت به‌ پڕوپاگه‌نده‌یه‌ك پرسیاری لێبكه‌م، كه‌ دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكار (2012) له‌ ئێران بڵاوبۆوه‌: ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی. فه‌رهادی بزه‌یه‌كی هاتێ و وتی: «سه‌باره‌ت به‌ من زۆر هه‌واڵی ساخته‌ هه‌ن. ماڵی من له‌ ئێرانه‌، مناڵه‌كانم له‌وێ ده‌چنه‌ قوتابخانه‌. هه‌ندێ جار بۆ فیلمسازی و ریكلام ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ وێ ده‌بم.»
سه‌رنج: ئه‌م وتاره‌ به‌ ئینگلیزی له‌ نیویۆرك تایمزدا بڵاوبۆته‌وه‌ و تیمێك له‌ گۆڤاری (نبشت) كورتیانكردۆته‌وه‌ و كردوویانه‌ به‌ فارسی.

سه‌رچاوه‌: nebesht.com

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چیرۆكی عیراقی داڕوخاو

مه‌حمود نه‌جمه‌دین له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی عیراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی و سه‌ره‌تای ...