سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » شی جین پینگ پێشنیازێکی سێ خاڵی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان پێشكەش دەکات

سەرانی چین و ئەوروپا داوای جیهانێکی ڤرە جەمسەری دەکەن

شی جین پینگ پێشنیازێکی سێ خاڵی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان پێشكەش دەکات

رۆژی سێ شەممە 26/3 لە کۆشكی ئەلیزی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی لە نێوان سەرانی چین و ئەڵمانیا و فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدرا، زۆرێک لە میدیاکانی چین و ئەوروپاش بە گرنگییەوە سەیری ئەم کۆبوونەوەیان کرد و بە هەنگاوێکی نوێ لە مێژووی پەیوەندی نێوان هەردوولایان دانا. لەو کۆبوونەویەدا، شی جین پینگ سەرۆکی چین پێشنیازێکی سێ خاڵی پێشکەشی سەرانی ئەوروپا کرد، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانە. هەروەها بەهێزکردنی سیستەمی ڤرە جەمسەری جیهانییە، کە زیاتر چین داکۆکی لێ دەکات. ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساش دەڵێت: چین و فەرەنسا پشتگیری سیستەمێکی ڤرە جەمسەری لە جیهان دەکەن. گەرچی ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا، ستایشی سیاسەتی لەناوبردنی هەژاری لە چین کرد و رزگارکردنی ملیۆنان کەس لە هێڵی هەژاری، بە کارێکی مەزنی دانا. لە لایەکی ترەوە ژان کلۆد یونکەر کۆمیساری یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: یەکێتی ئەوروپا و چین، پێکەوە دەتوانن کاری مەزن پێشکەشێ جیهان بکەن.

چین و یەکێتی ئەوروپا دوو زلهێزی گرنگی جیهانن

لە پاش کۆبوونەوەکە شی جین پینگ سەرۆکی چین بە میدیاکانی راگەیاند: چین و یەکێتی ئەوروپا دوو زلهێزی گرنگی جیهان و گلۆبالیزمی ئابووریین. وتیشی: کۆمەڵێک بەرژەوەندی گرنگ پێکەوە دەیانبەستێتەوە.

شی جین پینگ پێشنیازێکی سێ خاڵی پێشكەشکرد
لە لایەکی ترەوە شی جین پینگ پێشنیازێکی سێ خاڵی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولای خستە ڕوو.
یەکەم: پێویستە هەردوولا داکۆکی لە سیستەمی ڤرە جەمسەری جیهانی بکەن، هەروەها داکۆکی و پشتگیری لە پێگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان بکەن، کە سیستەمی جیهانی دەبات بەرێوە. شی جین پینگ راشیگەیاند: چین ئامادەیە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا پێکەوە کار بکەن و چارەسەر بۆ جەنگ و ململانێ جیهانییەکان وکێشەی ژینگە بدۆزنەوە.

دووەم: هەردوولا پێکەوە کار بکەن بۆ گەشەپێدان و پێشكەوتنی ناوچەی ئۆراسیا ” دەوڵەتانی ئەوروپا و ئاسیا”. شی جین پینگ راشیگەیاند: چین ئامادەیە پرۆژەی ” رێگای ئاوریشـمی نوێ و پشتێن” بەشێوەیەک هەموار بکات کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا رێک بکەوێت.

سێهەم: پێویستە چین و یەکێتی ئەوروپا کاری زیاتر بکەن تاوەکو متمانەی ستراتیژی نێوان هەردوولایان بەهێزتر بکەن. راشیگەیاند: چین هەمووکاتێک یەکتێتی ئەوروپا وەکو شەریکێکی ستراتیژی خۆی دادەنێن و کار دەکات بۆ بەهێزبوون و گەشەپێدان و سەپاندنی ئارامی و سەقامگیریی لە یەکێتی ئەوروپا . شی جین پینگ وتیشی: خاڵە هاوبەشەکانمان لە خاڵە جیاوازەکانمان زۆرترن.

فەرەنسا بە گرنگییەوە سەیری چین دەکات
لای خۆشیەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە میدیاکانی راگەیاند: ئێمە بە گرنگییەوە سەیری پەیوەندی لەگەڵ چین دەکەین. وتیشی: چین و فەرەنسا پێکەوە رێکەوتنامەیەکمان مۆرکردووە، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی و باشكردنی سیستەمی ڤرە جەمسەری جیهانی و گلۆبالیزم. ئەمەش گوزارشت لە پەیوەندی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات دەکات.

ئەڵمانیا ستایشی سیاسەتی چین دەکات
گەرچی ئەنجیلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا لە پاش کۆبوونەوەکە بە میدیاکانی رایگەیاند: ئەڵمانیا بە گرنگییەوە سەیری سیاسەتی لەناوبردنی هەژاری لە چین دەکات و رزگارکردنی ملیۆنان کەس لە هێڵی هەژاری، بە کارێکی گرنگ و مەزن دادەنێت و لەمبارەیەوە رێز لە هەوڵەکانی حکومەتی چین دەگرێت. پاشان مێرکل رایگەیاند: ئەڵمانیا گرنگی زۆر بە رۆڵی چین لە کاروباری نێودەوڵەتی دەدات، لە هەمانکاتیشدا سوپاسی چین دەکات، کە کار بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی ئەوروپا دەکات. وتیشی: ئەڵمانیا ئامادەیە لەگەڵ چین کار بکات، بۆ بەهێزکردنی سیستەمێکی ڤرە جەمسەری جیهانی.

یەکێتی ئەوروپا و چین پێکەوە دەتوانن کاری مەزن بکەن
لە پاش کۆبوونەوەکە ژان کلۆد یونکەر کۆمیساری یەکێتی ئەوروپا بە میدیاکانی راگەیاند: یەکێتی ئەوروپا و چین دوو شەریک و هاوکاری یەکترن و پێکەوەش دەتوانن کاری مەزن پێشکەشی جیهان بکەن. وتیشی: یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ خێراکردن و باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ چین ، هەروەها پێکەوە دەتوانن رۆڵی باش لە کێشەکانی جیهان بگێڕن.

جێگەی ئاماژەیە هەندێک لە میدیاکانی چین و ئەوروپا، ئەم کۆبوونەوەیە وەکو سەرەتایەکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا دادەنێن و ئەگەری زۆریشی هەیە ، لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەهێزتر بێت، بەتایبەتی لە رووی سیاسی و ئابووریی و ئەمنییەوە.

سەرچاوە: رۆژنامەی گەلی چین، کەناڵی دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*