سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » دۆستە نزیکەکانیشی لە دژی وەستاونەتەوە

بوتەفلیقە تادێت بەختی کەمتر دەبێتەوە

دۆستە نزیکەکانیشی لە دژی وەستاونەتەوە

بەهۆی پیری‌و مانەوەی ساڵانێکی زۆر لە پۆستی سەرۆکایەتیی جەزائیر، رۆژ بەڕۆژ بازنەی پشتیوانی لە مانەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە تەسک دەبێتەوە‌و فشارەکان زیاتردەبن بۆ دەست لەکارکێشانەوەو خۆکاندیدنەکردنی بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، ئەگەرچی سوپای وڵات لەماوەی رابردوودا پشتیوانییەکی بەهێزی دەکرد بۆ بەردەوامبوون لەدەسەڵات‌و روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران کە داوای دەست لەکارکێشانەوەیان دەکرد. بەڵام ئێستا گەورە ئەفسەرو پلەدارەکانی سوپاش ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بە خۆکاندیدکردن‌و مانەوەی لەپۆستی سەرۆکایەتیدا.
قائد ساڵح جێگری وەزیری بەرگری وڵات لەبەردەم حەشاماتی خۆپیشاندەراندا ئاشکرایکرد کە بەهیچ شێوەیەک رازی نابن بوتەفلیقە بۆ خولێکی تریش ببێتەوە بەسەرۆکی وڵات‌و بەهۆی رۆچوونی تەمەن‌و نەخۆشییەوە توانای بەڕێوەبردنی وڵات‌و سەرۆکایەتی نەماوە، ئەم لێدوانەی ئەو پلەدارە گەورەیەو زۆری تریش لە کاربەدەستە سەربازییەکان، هەڵوێستی سوپای وڵاتەکە دەردەخات لەوەی کە ئیدی نایانەوێ بوتەفلیقە سەرۆکی وڵات بێت‌و سوپا نەک هەر پشتیوانی لێ ناکات، بەڵکو لەدژی ئەوەستێتەوەو هەڵوێستی لەگەڵ شەقام‌و زۆرینەی خەڵکی جەزائیرە.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای جەزائیر لە بەیاننامەیەکیشدا ئەوەی خستۆتەڕوو کە دەبێت مادەی 102ی دەستوور جێبەجێ بکرێت، کە تیایدا هاتووە لەکاتی نەخۆشکەوتنی سەرۆک پرسەکە رووبەڕووی پەرلەمان دەکرێتەوەو لەماوەی 45 رۆژداو بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵات بۆ سەرۆکی پەرلەمان بگوازرێتەوەو تا تەواوبونی خولی سەرۆکایەتی بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانی پیادە دەکات.
لەلایەکی تریش، بەرەی رزگاری نیشتمانی دەسەڵاتدار کە پارتێکی گەورەی وڵاتەو مێژوو و خەباتێکی دێرینی هەیە لە بزاڤی رزگاریخوازانەی جەزائیرو بەڕێوەبردندا، پێشتر پشتیوانی مەزنی بوتەفلیقە بوو لە خۆکاندیدکردن‌و بوونەوە بەسەرۆکی وڵات. بەڵام ئەویش ئێستا هەڵوێستی خۆی خستۆتەپاڵ رای گشتی‌و نایانەوێت سەرۆک جارێکی تر هەڵببژێردرێتەوە. ئەحمەد ئەو یەحیا سەرۆکی پارتەکە داوا دەکات ئەو کێشەیە بە دیالۆگ‌و گفتوگۆ چارەسەر بکرێ‌و هەموو لایەک هەوڵ بدەن جەزائیر بخەنە سەر رێچکەی دیموکراسی‌و بنیاتنانەوەو ئاوەدانکردنەوە.
شایانی باسە، بوتەفلیقە تەمەنی 82 ساڵەو ماوەی چوار خول (20 ساڵ) سەرۆکی جەزائیرەو لەو مانگەشدا دیسان بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی خۆی کاندید کردۆتەوە، لەسەر ئەمە وڵاتەکە تووشی تەنگژەیەکی سیاسی بۆتەوەو زۆرینە لەگەڵ ئەوەدان کە سەرۆک نابێت جارێکی تر ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. بۆیە لەسەرتاسەری وڵاتدا خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی دەستی پێکردووەو ژمارەیەک پارتی سیاسی‌و رێکخراوی مەدەنی لایەنگری خۆپیشاندەرانن‌و داوادەکەن بوتەفلیقە وازبێنێ. چونکە بەهۆی نەخۆشییەوە توانای سەرۆکایەتی وڵاتی نەماوە.
رێکخراوی موجاهیدی تێکۆشەرە دێرینەکان کە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا پشت‌و پەنای سەرۆک بوون‌و زۆربەی ئەندامانی هاوڕێی گیانی بەگیانی بوتەفلیقەو دۆستە خەباتگێڕەکانی بوون، ئێستا ئەوانیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئیدی سەرۆک کەڵکی نەماوەو لەسەر کورسی‌و بەو تەمەنەوە ناتوانێت کاروبارەکانی وڵات رایی بکات، بۆیە نابێت ئەو پۆستە بەدەست بهێنێتەوە.
جگە لەوەش ژمارەیکی تریش لەکۆمەڵەو رێکخراوەکان پشتیوانی خۆپیشاندەران دەکەن‌و رووبەڕووی سەرۆک بوونەتەوە. لەوانە پیاوانی هەواڵگری شۆڕشی رزگاریخوازی جەزائیر کە دۆستی دێرینی بوتەفلیقەن، داوایان لەسەرۆک کردووە بۆئەوەی واز لەکاری سیاسی بێنێ‌و لەماڵەوە دابنیشێت.

سەرچاوە: نون پۆست، دۆیچەڤیلا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نازییە نوێکانی ئەڵمانیا: بێگانەکان هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانن

لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا، لە ئەڵمانیا کرێی خانوو ...