سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » ترەمپ و میدیای ئه‌مریكا

ترەمپ و میدیای ئه‌مریكا

رۆژنامه‌نووسان، گه‌ر بكرێ به‌ توێژ ناوی بنێین، توێژێكی گرنگی كۆمه‌ڵگەن، به‌ تایبه‌ت كۆمه‌ڵگە پێشكه‌وتووه‌كان، یان ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ی خواستی به‌ره‌وپێشچوونیان هه‌یه‌ و هه‌نگاو به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌نێن وه‌ك كۆمه‌ڵی كورده‌واری. گرنگیشه‌، داموده‌زگاكانی حكومه‌ت، یاخود ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان و میدیاكان بكات.
په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران، به‌هۆی هه‌ندێ هۆكار، ناسه‌قامگیره‌ و گرنگترین هۆكار قسه‌ی زۆری ئۆپۆزسیۆنه‌، به‌ كۆن و نوێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی پێشێلكاریی زۆر ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان، گه‌رچی كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌ت په‌یوه‌ندیی ته‌ندروستیان له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان هه‌یه‌.
گومانی تێدا نییه‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان، بارودۆخێكی ناسكه‌ به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی قه‌یرانی سیاسی و په‌یوه‌ندیی گرژی نێوان لایه‌نه‌كان، جگه‌ له‌ بارودۆخی دارایی هه‌رێم له‌چه‌ند ساڵی رابردوو كه‌ ئومێد ده‌كرێت باشتر بێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ جۆره‌ گرژییه‌ك له‌ نێوان هه‌ندێ میدیای ئه‌هلی و هه‌ندێ داموده‌زگای حكومه‌ت دروست بێت و ئه‌مه‌ش ببێته‌ جێی باس و خواستی خودی رۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیكاكه‌یان و هه‌روا هه‌ندێ له‌و سه‌نته‌رو رێكخراوانه‌ی داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران ده‌كه‌ن. وێڕای ئه‌وه‌ش هێشتا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وامه‌ و كار بۆ باشتركردن و به‌ره‌وپێش بردنی ده‌كرێت و هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی هه‌ندێ جار ناوده‌برێن به‌ پێشێلكاری.
به‌داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئۆپۆزسیۆن وای وێناكردووه‌، كه‌ ته‌نها له‌ كوردستان مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت، گه‌ر راست بێ وابڵێین. به‌ڵام ئه‌مه‌ وانییه‌، رۆژنامه‌نووسان له‌ دونیادا تووشی گرفت و كێشه‌ی زۆر ده‌بن و عه‌ره‌ب به‌ كاری رۆژنامه‌نوسی ده‌ڵێ -پیشه‌ی چه‌رمه‌سه‌ری- باشترین نموونه‌ی زیندووی ئێستاش، ئه‌مریكایه‌.
دوناڵد ترەمپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، پاش ده‌ستبه‌كاربوونی به‌ چه‌ند مانگێك، ئاماده‌ی ئه‌و ئێواره‌ خوانه‌ نەبوو كه‌ ساڵانه‌ كۆشكی سپی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بۆ په‌یامنێر و نێردراوی باوه‌ڕپێكراوی میدیاكانی ئه‌مریكا له‌ كۆشكی سپی، هه‌ر له‌وێ رێكیده‌خات. ترەمپ به‌ر له‌ چه‌ند سه‌عاتێك له‌و ئێواره‌ خوانه‌ هه‌مووانی تووشی شۆك كرد كاتێك بڕیاری دا ئاماده‌ی ئه‌و ئێواره‌ خوانه‌ نه‌بێ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو ئه‌و بۆنه‌یه‌ هه‌موو ساڵێك سەرۆک ئاماده‌ی بووه‌.
رووداوی دووه‌می دیاری سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ترەمپ، ده‌ركردنی نێرده‌ی كه‌ناڵی به‌ناوبانگی CNN بوو له‌ كۆشكی سپی له‌كاتی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ترەمپدا. ئه‌و نێرده‌یه‌ پاش چه‌ند مانگێك له‌ڕێی بڕیاری دادگاوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ كۆشكی سپی. تازه‌ترین ئاماژه‌ی خراپی په‌یوه‌ندی نێوان ترەمپ و میدیاكاران و رۆژنامه‌نووسان له‌ ئه‌مریكا، ئه‌و تویته‌ -جریوه‌- یه‌یه‌تی پاش ده‌رچوونی راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ و روسیا و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی روسیایه‌ به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌. ترەمپ ده‌ڵێ: ده‌زگا میدیاییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دوژمنی گه‌لن و حزبی راستەقینەی ئۆپۆزسیۆنن و گه‌نده‌ڵ و قه‌ڵبن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ موجاهیدەكانتان ناوێتەوە؟

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و دەستكردنی بە چالاكیی تیرۆریستی لە سوریا ...