سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » كۆسرەت رەسوڵ: دۆخی كوردستان پێویستی بە هەموو لایەنەكانە

كۆسرەت رەسوڵ: دۆخی كوردستان پێویستی بە هەموو لایەنەكانە

״كوردستان پێویستی بە حكومەتێك هەیە لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و بەشداریی كارای لایەنەكان״

كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: دۆخی كوردستان پێویستی بە هەموو لایەنەكانە و گرەنتی خزمەتكردنی هاووڵاتیانیش یەكڕیزیی و تەبایی نێوان هێزە سیاسییەكانە.
جێگری سكرتێری گشتی دوێنێ پێشوازییكرد لە د.كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان و وەفدی هاوڕێی و لە دیدارێكدا گفتوگۆ كرا لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، جێگری سكرتێری گشتی، سیاسەتی راشكاوانەی یەكێتی خستەڕوو و رایگەیاند: كوردستان پێویستی بە حكومەتێك هەیە لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و بەشداریی كارای لایەنەكان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
لەلایەكی دیكەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا لە هەولێر بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا.

پەرلەمانی كوردستان كۆبۆوە
پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان، دوێنێ پەرلەمانی كوردستان كۆبۆوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ «پێشنیازی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عیراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور» كرا كە پێشنیازی هاوبەشی فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گۆڕان-ە.

فراكسیۆنی سەوز: پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم پێویستی بە كۆدەنگیی سەرجەم لایەنەكانە
لەوبارەیەوە، عوسمان سێدەری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك فراكسیۆنی سەوز بەشداریمان لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا نەكرد، «بەشداریی ئێمە پەیوەستە بە یەكلاكردنەوەی چۆنێتی بەشداریی یەكێتی لە حكومەت و رێكەوتنی لەگەڵ پارتی»، وتیشی: پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم پرسێكی نیشتمانی و دەستوورییە و ناكرێ تاكڕەوانە تێپەڕێندرێت، بەڵكو پێویستی بە كۆدەنگیی سەرجەم لایەنەكانە.
فراكسیۆنی یەكگرتوو: پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێشێلكرا
هەر لەوبارەیەوە د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە بابەتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم پێشێلكراوە، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لەلایەن فراكسیۆنەكانەوە پێشكەشدەكرێ، شێوازی تاكڕەویی پەیڕەو دەكرێ.

هەڵوێستی فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ و نەوەی نوێ
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش رایگەیاند: ناكرێ پڕۆژەكانی ئێمە و نەوەی نوێ و یەكگرتوو پەراوێز بخرێت، بەڵكو دەبوو ئەوانیش بخرێنە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە. راشیگەیاند: ئەم جۆرە لە مامەڵەکردن سەرەتایەكی خراپە، وتیشی: فراكسیۆنی كۆمەڵ داوایكردووە چەند رۆژێك پڕۆژەیاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دوابخرێت بۆ ئەوەی كۆدەنگی لەسەر دروستبكرێت، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە.
دیاری ئەنوەر لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ-ش رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی پڕۆژەیاسای نەوەی نوێ بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم پشتگوێخرا، بایكۆتی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانمان كرد.
شایانی باسە، بەپێی پڕۆژە هاوبەشەكەی فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گۆڕان، سەرۆكایەتیی هەرێم بەسەرجەم دەسەڵاتەكانییەوە كارا دەكرێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گرنگ و پێویستە״

نووسەران و چاودێرانی سیاسی زوو پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی ...