سەرەکی » مانشێت » با رۆژنامەی «كوردستانی نوێ» دابخرێت!

با رۆژنامەی «كوردستانی نوێ» دابخرێت!

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لە ماوەی رابردوودا چەند كەس و قەڵەم بە دەستێك لە ئەكاونتی فەیسبووكەكانیانەوە، نەك لە ماڵپەڕ و ناوەندێكی میدیایی رێپێدراو و شایستەوە!، داوای ئەوەیان كرد كە با رۆژنامەی «كوردستانی نوێ» كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەریدەكات، دابخرێت، چونكە وەك ئەوان دەڵێن ئەم رۆژنامەیە بووەتە مایەی ئەوەی چەند كەسێك پارەیەكی زۆری لێوە بخوات و سودیشی نەبێت! ، وەك ئەوەی رۆژانێك ئەوانیش لێیان نەخواردبێت و دەستیان لە مووچە چەورەكەی كوردستانی نوێ نەلێسابێتەوە.
منیش وەك كارمەندێكی ئەو دەزگایە كە سەرپەرشتی پاشكۆی «گوندستانی نوێ» دەكەم و بە پێی ئەو نامە و قسانەی لە بارەی پاشكۆكەوە دەگەنە دەستم و پێمدەگاتەوە، پاشكۆكە خوێنەرێكی باشی هەیە و چەند قەڵەمێكی دیار لە پاشكۆكەدا دەنووسن، دەڵێم : ئەشهەدو بیللا با ئەم رۆژنامەیە دابخرێت، بەڵام من لەبەر چەند هۆیەك وا دەڵێم:
یەكەم:
مادام بەرپرسانی حزبەكەم كە هەموو رۆژێك لاپەڕەكانی یەكەمی رۆژنامەكە بە هەواڵ و بە چالاكییەكانیان پڕ دەكرێتەوە و تا ئەوان وەستابن كار و چالاكی كەسیتر بڵاوناكرێتەوە، لەسەر رۆژنامەكەی سەرۆك (مام جەلال) قسەیان نییە و خەمێكی رۆژنامەكەیش ناخۆن و دەشیانەوێت هەموو شتێكیان بڵاو بكرێتەوە و داڵدەی ئەو كەسانەش دەدەن و هاوكاریی ئەو كەسانەشن كە داوای داخستنی كوردستانی نوێ دەكەن، ئەوا منیش دەڵێم با رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) دابخرێت، تاكو هەموومان بزانین ئیدی بەرپرسەكانی ئێمە لە كوێ كار و چالاكییەكانیان بڵاودەكەنەوە؟.
دووەم:
با رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) دابخرێت، چونكە ئەم رۆژنامەیە بوو هەندێك كەسی كردە بەناو رۆژنامەنووس كە تەنها ئەلف و بێیەكی میدیایی و رۆژنامەنوسیشیان نەدەزانی و لێرە بوون بە رۆژنامەنوس!، باشە هەر ئەوەندە بەس نییە ئەگەر رۆژێك پرسیار لەو كەسانە كرا كە وێستگەی یەكەمی كاركردنیان كوێ بووە؟ راستەوخۆ رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) بكاتە قوتابخانەی یەكەمی فێربوونی ئەلف و بێی كاری رۆژنامەوانی؟
مادام كوردستانی نوێ دەرگای بۆ هەموو كەس كردەوە و دواتریش تیری وشەكانیان روودەكەنە كوردستانی نوێ، دەی با كوردستانی نوێ دابخرێت، چونكە ئەگەر كەسێك وەفای بۆ ئەو كەسە نەبێت كە فێری «دارە دارە»ی رۆژنامەوانی كرد و لەڕووی پەروەردە و تەعلیمیشەوە فێری (دارا دوو داری دی) راگەیاندنی كرد!، دەی با ئیتر هەر بۆ خۆی بڵێت با كوردستانی نوێ دابخرێت.
سێیەم:
ئەگەر لە باشووری كوردستان رۆژنامەیەك هەبوو بە قەدەر رۆژنامەی «كوردستانی نوێ» خوێنەری هەبوو، كادیری میدیایی پێگەیاند بوو، بە قەدەر كوردستانی نوێ پاشكۆی تایبەت بە بوار و كایە جیاوازەكانی هەبوو، ساڵۆنی هەبوو وەك ساڵۆنەكەی كوردستانی نوێ قەرەباڵغ و پڕ میوان بێت «جگە لە ساڵۆنی بارۆن دۆڵباكی فەرەنسا!»، كتێبـی دەركرد و هاوكاری نووسەرانی كرد لە بە چاپگەیاندنی كتێبەكانیان دا، هاوكاری نووسەرانی «نا یەكێتی» شی كرد لە بڵاوكردنەوەی وتارەكانیان، ئەگەر لە باشووری كوردستان رۆژنامەیەك هەبوو وەك كوردستانی نوێ بەبێ جیاوازی كاری لەسەر تەواوی كورد و هەر چوار پارچەی كوردستان كرد و ………. هتد، ئەوا با رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) دابخرێت و ئیدی (كوردستانی نوێ) زەرور نییە! و ئێمەش جێگایەكیتر دەدۆزینەوە تێیدا كاربكەین و تێیدا بنووسین!
چوارەم:
ئەگەر حزبێكی گەورەی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مێژووی زیاتر لە چوار دەیە لە تێكۆشان و جوڵە سیاسی و دپلۆماتیی و سەربازییەكانی یەكێتی لەلایەك، لەلایەكیتریشەوە ئەگەر مێژووی پڕ شانازیی و خوێنی شەهیدەكانی یەكێتی و مێژووی كارێزمایی (سەرۆك مام جەلال) لەلای بەناو كادیرێكی یەكێتی كەمە و بە گرنگی نازانێت لەم رۆژنامەیەدا باسبكرێت و پیشانی خوێنەران و هەڤاڵانی یەكێتی بدرێتەوە و ئەرشیف بكرێت، ئەوا با (كوردستانی نوێ) دابخرێت، تاكو بزانین چی جێگە و شوێنێكیتر گرنگە جێگای رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) بگرێتەوە و دڵی هەموو هەڤاڵانی یەكێتیمان خۆش بكات.
پێنجەم:
لە دیدی ئێمەوە ئەگەر رۆژنامەیەك بەناوی (كوردستانی نوێ) ئازادی بە تەواوی نووسەر و فەیسبوكوان! و قەڵەمبەدەستەكانی دەرەوەی حزبەكەی خۆی نەدا بۆچوون و سەرنجەكانی خۆیان لەوێدا بڵاوبكەنەوە، ئەوا منیش دەڵێم با (كوردستانی نوێ) دابخرێت و رۆژنامەیەك كە لە رەخنە بترسێت و نەوێرێت بۆچوونە جیاوازەكان بڵاوبكاتەوە، دەی با رۆژێك زووتر دابخرێت باشترە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر شێخمووس:لە رۆژئاڤا كورد كارتی گرنگی سیاسی لەبەردەستە

عومەر شێخمووس سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سەربەخۆی رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند: لە ...