سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » كەیسەكانی دوای داعش

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

كەیسەكانی دوای داعش

گروپی تیرۆریستی داعش، ئەو مۆتەكە ترسناكەی مرۆڤایەتی لە جیهان، لەسەر دەستی پێشمەرگەی كورد هەم لە باشوور و هەم شەرڤانانی كورد لە رۆژئاوا، تێكشكا و ئەفسانەكەیان بەتاڵكرایەوە.
كورد، لە سوریا و عیراق، زیانی گیانی و ماددی زۆری لەسەر دەستی ئەم گروپە تیرۆریستییە بەركەوت، بەجۆرێك لەماوەی جەنگی تیرۆر لە ماوەی 5 ساڵی رابردوو، زیاتر لە 1800 پێشمەرگە شەهید و 10 هەزاری دیكەش بریندارن، لە رۆژئاواش زیاتر لە 11 هەزار شەرڤانی كورد و 21 هەزار بریندار زیانە گیانییەكانیەتی، بەڵام سەركەوتن بەسەر ئەم گروپە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی دەستكەوتێكی مەعنەوییە، لەكاتێكدا ئەندامانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كە زیاتر لە 60 دەوڵەتی جیهانن، شاهیدی ئەو نەبەردییە بۆ پێشمەرگە و شەڕڤانان دەدەن.
هەرچەند كەوتنی داعش تائێستا لەرووی سەربازیی و نەبوونی شەڕگە و جوگرافیاوە كەوتووە و مەترسی سەرهەڵدانەوە و بزواندنی شانەنوستووەكان و یەكگرتنەوەی پەڕاگەندەییان هەرماوە، وەكچۆن پاڵنەرەسەرەكییەكانی سەرهەڵدانی ئەم گروپە لەسارئاستی ناوخۆی عیراق و سوریا وەكخۆیانن!.
كەوتنی داعش بەوجۆرە قۆناغێكە، بەڵام ئەوەی پێویستە هەردوو دەوڵەتی سوریا و عیراق كە گۆڕەپانی شەڕی داعش بوون، قسە و كاری جدییان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ پرسی قۆناغی دوای ئەو كەوتنە و چەند پرسێكی گرنگ هەن، كە ناكرێت بە فەرامۆشی نێودەوڵەتی پسپێردرێن، ئەوانیش پرسی ( پشتیوانانی فكری و دارایی داعش، خاوەندارێتی داعش، بەپرسیارێتی دەوڵەتانی ئیسلامی، قەرەبوونی زیانە گیانییەكان، ئاوەدانكردنەوەی وێرانكارییەكان، بێسەروشوێن و ئاروارەكان، بازرگانیكردن لەگەڵ داعش، دیلەكانی داعش، پرسی داداگاییكردنی نێودەوڵەتی، جینوسایدی ئێزدییەكان) ئەم كەیسانە ئەگەر نەجوڵێنرین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەوا بەجێهێشتنی ئەم دوو دەوڵەتەیە و سپاردنیەتی بەرەهەند و لێكەوتەكانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، وەكچۆن شەڕی سەربازیی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی بەو قەبارە كاریگەر و گەورەیە كردیان، ئەوا بۆ ئەو كەیسانەش هەمان قەبارە و كاریگەریی هاوپەیمانێتی دەوێت.
وەك عیراق، ئەم پرسە لە ئەستۆی د.بەرهەم دەبێت كە سەرۆك كۆماریی عیراقە، كە ئەم كەیسانە بخاتە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەلایەك و دەوڵەتانی عەرەبی ئیسلامی و كۆمكارەكەیان، تابچنە ژێرباری بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆییەوە، یاخود لانیكەم كۆنگرەیەكی فراوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو كەیسانە ببەسترێت.
دیوێكی دیكەی پرسی كورد-داعشە، بەو پێیەی كورد لە هەرێم و لە رۆژئاواش، زۆرترین زیانی گیانی و ماددی بەركەوتووە، كە ئەویش پێویستی بەوەیە لەسەر ئەو كەیسانە، جموجۆڵی سیاسیی و دیپلۆماسی دەستپێبكات، پشتیوانی دوای كەوتنی داعش مسۆگەر بكەن، كە شیاوترە كورد بە پێكەوەیی ئەم جوڵەیە دەستپێبكەن، نەك تەنیا لەدوای كەوتنی سەربازی داعش، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاپەیمانی نێودەوڵەتی دژبەداعش، خۆیان لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دوای ئەو شەڕە بدزنەوە، چونكە ئەركی دوای داعش لەرووی (ئاوەدانی و ئابووری و دارایی و ئاشتەوایی و لێكەوتەی تاوانەكان) لە شەڕی سەربازی داعش قورسترە و بەتەنیا ناكرێت، بەوپێیەی ئەم كارەیان هێزی دارایی و ئابووریی دەوێت، كە نەكورد هەیەتی و نە عیراق و سوریاش هەیانە.
هێشتا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جگە لەستایشی سەركەوتنی هەسەدە بەسەر داعش دا، هیچ ئەوتۆ ناخوێنرێتەوە بۆ لە ئەستۆگرتن و بەرپرسیارێتی ئەو كەیسانە، وەكچۆن لە كەوتنی داعش لە عیراقیش تائێستا ئەو مەلەفانە داخراون لە كاتێكدا لە ساڵی 2017ەوە داعش لە عیراق كەوت و لە بەهاری 2019یش لە سوریا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...