سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » كورد له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی‌ توركیا

راستییەکەی

كورد له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی‌ توركیا

ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێ دوژمنی‌ دووژمنم دۆستمه‌. واته‌ هه‌ندێ جار نه‌یارێكی‌ سه‌رسه‌ختت هه‌یه‌ ده‌بێ به‌دوای‌ نه‌یاره‌كانی‌ ئه‌و نه‌یاره‌تدا بگه‌ڕێی‌ تاكو ده‌یهێنی‌ و باڵانسی‌ هێزی‌ له‌گه‌ڵ رێكده‌خه‌ی‌، بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌یاره‌كه‌ی‌ خۆت به‌زه‌ویدا بده‌ی‌.له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ وڵاتی‌ توركیا له‌ 31 مانگی‌ رابردوو كۆمه‌ڵێك گۆڕان له‌ باره‌ی‌ ده‌نگ و له‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانییەكان هاته‌ كایه‌وه‌. ئاك پارتی‌ به ‌سه‌رۆكایه‌تیی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ندێ شاره‌وانی‌ له‌ كورده‌كان برد. به‌ڵام كورده‌كانیش ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستان گورزی‌ گه‌وره‌یان وه‌شاند و گه‌وره‌ترین شارەوانییان‌ لە ده‌ست ئاك پارتی‌ ده‌رهێنا، ئه‌گه‌رچی‌ نه‌كه‌وته‌ ده‌ستی‌ ئه‌وان به‌ڵام كه‌وته‌ ده‌ست نه‌یاره‌ به‌هێزه‌كانی‌ ئاك پارتی‌.
له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو یاخود هه‌ر دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2014ی شاره‌وانییه‌كان، ئه‌ردۆغان و ئاك پارتی‌ خراپ كه‌وتنه‌ دژایه‌تی‌ HDP كه‌ پارتی‌ سه‌ره‌كیی‌ كورده‌كانه‌.‌ تاكو ئێستا به‌ سه‌رۆكه‌كه‌یانەوە كه‌ سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاشه‌، زیاتر له‌ 7 هه‌زار سه‌رۆك و كادری‌ باڵای‌ ئه‌و پارته‌ له‌ كونجه‌كانی‌ زیندانن. كه‌چی‌ ئه‌وان هه‌ر خۆڕاگربوون و به‌رده‌وام بوون. له‌م ماوه‌یه‌دا شاره‌كانی‌ باكووری‌ كوردستان زیاتر وه‌ك سه‌ربازگه‌یه‌كی‌ لێهاتووه‌ ئه‌وه‌نده‌ عه‌سكه‌ر رژێنراوه‌ته‌ ناویان، بۆیه‌ به‌ترس و به‌ پاره‌ و به‌ هه‌ست و سۆزی‌ ئایینی‌ و ده‌یان رێگای‌ تر، پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ ئه‌ردۆغان توانی‌ چه‌ند شاره‌وانییه‌ك له‌ده‌ست HDP ده‌ربهێنێت. به‌ڵام ئه‌و پارته‌ كوردییه‌ له‌ جوڵه‌ و یاریكردنی‌ سیاسی‌ نه‌وه‌ستا له‌و شوێنه‌و گورزی‌ خۆی‌ وه‌شانده‌وه‌ كه‌ بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ ئاك پارتی‌ و سه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی‌، ئه‌ویش له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ توانی‌ پشتیوانی‌ له‌ كاندیدانی‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ بكات تاكو ئه‌وان سه‌ربكه‌ون. چوار شاری‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌كو ئه‌سته‌نبوڵ و ئیزمیر و ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌نتالیا كه‌وته‌ ده‌ستی‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌. ئه‌م چوار شاره‌ گه‌وره‌یە به‌شاده‌ماری‌ ئابووری‌ توركیا هه‌ژمار ده‌كرێ.هه‌روه‌ها سه‌نگ و قورسایی‌ خۆیان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو. بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك كورد ئه‌مجاره‌ش یارییه‌كی‌ باشی‌ كرد، ئه‌گه‌رچی‌ ژماره‌ی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ كه‌مبۆته‌وه،‌ به‌ڵام پارێزگاریشی‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ وه‌كو ئامه‌د و ماردین و وان كرد كه‌ شاری‌ گه‌وره‌ی‌ كوردانن. له‌هه‌مان كات ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌كانیشی‌ زیادیكرد، هه‌روه‌ها له‌ سه‌نگه‌رێكی‌ تر گورزی‌ خۆی‌ سره‌وانده‌ ئاك پارتی‌. ئاك پارتی‌ ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێ پێگه‌ی‌ به‌هێزبێته‌وه‌، ده‌بێ مل بداته‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ و باشكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ كورد و HDP، تاكو بتوانێ به‌ زۆرینه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ جێگیر بكات. چونكه‌ هێزی‌ كورد بۆته‌ هێزێكی‌ كاریگه‌ر و بزێو له‌ هه‌ر شوێنێك بییه‌وێ‌ یاری‌ بكات و نه‌یاره‌كانی‌ توڕ بدات، ئه‌وه‌ ده‌توانێ‌.
به‌ گرتن و به‌ندكردنیش نه‌ كورد ته‌واو ده‌بێ‌ نه‌ HDP كۆتایی‌ دێت و ته‌سلیم ده‌بێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

به‌هارێكی‌ تازه‌ی‌ بێ خوێن

رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و وڵاتانی‌ به‌ناو جیهانی‌ سێیه‌م هێشتا له‌ قه‌یران ...