سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ״بەم زووانە چین رابەرایەتی جیهان دەکات״

״بەم زووانە چین رابەرایەتی جیهان دەکات״

دوای ئەوەی چین بووە جەمسەرێکی گەورەو گرنگی جیهانی، ئیدی روسیا باوی جارانی نەماوەو ئێستا نەیاری سەرەکیی ئەمریکا نییە، بەڵکو چین بۆتە نەیارو رکابەرو هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ئەمریکا. نێوەندە سیاسی‌و میدیاییە جیهانییەکان ئەو راستییە دەزانن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا چین دەبێتە پێشەنگ لە هەموو بوارەکانی ئابووری‌و سەربازی‌و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی‌و هەموو بوارەکانی تردا.
ترەمپ لێیان دەترسێت
ترەمپ‌و هەموو بەرپرسە باڵاکانی کۆشکی سپی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە چین لە ماوەی داهاتوودا جێیگەیان پێ لێژ دەکات، بۆیە هەوڵدەدەن لە پێگەکەی کەم بکەنەوەو ئاژاوەی بۆ بنێنەوە. یەکێک لە نەیارە سەرەکییەکانی ترەمپ وڵاتی چینەو بۆیە لێی دەترسێت چونکە دەزانێت کە ئاسۆی داهاتووی ئەو وڵاتە رووناکەو لەماوەیەکی کەمدا توانیویەتی هەنگاوی مەزن لە هەموو بوارەکاندا بهاوێژێت.
ئابووری و بازرگانی
چین لەبواری ئابووریدا دووەمین گەورە وڵاتە لەسەر ئاستی جیهاندا، پێشبینی دەکرێت سی ساڵی ترو لەسەرەتای 2050 ببێتە یەکەم، چونکە ئێستا هەنگاوەکانی یەکەمی بۆ ئەو پلانە دەستپێکردووە، لەم ساڵانەی دواییدا رایەڵەیەکی بازرگانی بەهێزی لەگەڵ دونیای دەرەوە کردۆتەوەو بەڕێگای وشکانی‌و دەریایی‌و ئاسمانی خۆی لەگەڵ ٦٥ وڵاتی ئەوروپی‌و ئەفریقی بەستۆتەوەو بازرگانی گەورەیان لەگەڵ دەکات. کاڵاو شمەکەکانی بەشی نزیکەی 70 ٪ی دانیشتووانی هەموو جیهان دەکات، جگە لەوەش ئەو کەلوپەلانەی چینییەکان دروستی دەکەن، زۆر لەوانە هەرزانترن کە لەناوخۆی وڵاتاندا دروست دەکرێ، بۆیە بەپێی نرخ‌و کوالێتییەکانیان تادێت رەواجیان زیاتر دەبێ‌و ئێستا لەزۆربەی وڵاتاندا باو هەر باوی کاڵاو شمەکی چینییەو بازاڕەکانی پڕ کردووە.
زانست و تەکنۆلۆژیا
لەم ساڵانەدا پەرەیەکی زۆری بەبواری زانستی داوەو ئێستا توێژینەوە زانستییەکانی ٣٠ ئەوەندەی ساڵانی نەوەدەکان زیاتر بووەو لەبواری توێژنەوەکاندا لەسەر ئاستی جیهان بۆتە یەکەم، بۆ یەکەمین جار زاناکانی ئەم وڵاتە توانییان مەیمون کۆپی بکەن، یەکەمین مانگی دەستکردی پەیوەندییە جۆرییەکانیان دروستکرد، بەگوژمەی ١٨٠ ملیۆن دۆلار گەورەترین تەلەسکۆپی دروستکردووە بۆئەوەی لە ئاسمانەوە هەموو ئاماژە ئەلیکترۆنییەکانی بەدەست بگات.
بواری سیاسەت
چین توانیویەتی پەیوەندیەکی دۆستانەی باش لەگەڵ زۆربەی وڵاتان دروست بکات، بەتایبەتیش لەگەڵ نەیارەکانی ئەمریکا وەک روسیاو ئێران، تا ئێستا لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا شەش جار مافی ڤیتۆی لەدژی بڕیارەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە، هەوڵ دەدات لەڕێی بەرژەوەندیی بازرگانی پەیوەندی لەگەڵ زۆرترین وڵات گرێ بداو هێمنانە کاربکات بۆ رابەرایەتی سیاسی.
بواری سەربازی
ئەمریکا لەبواری سەربازیدا لە چین بەهێزترە، بودجەی تەرخانکراوی سوپای ئەمریکا 598 ملیار دۆلارەو هی چین تەنها 145 ملیارە، بەڵام لەڕووی ژمارەوە چین زۆرترین سەربازی هەیەو ژمارەیان دەگاتە دوو ملیۆن‌و 400 هەزار، بەڵام ئەمریکا یەک ملیۆن‌و 400 هەزار سەربازی هەیە، (شی جین بینگ)ی سەرۆکی وڵات ئێستا نەخشەڕێگایەکی داناوە بۆ نوێکردنەوەی سوپاکەیان لەڕووی ئامێرو کەرەستەی سەربازی‌و فڕۆکەو زریپۆش‌و تۆپهاوێژی کارۆموگناتیسی بەتازەترین تەکنۆلۆژیاو راهێنانی بەردەوام، تا بتوانن سوپاکەیان لە بەرگریکارەوە بکەنە پەلاماردەرو بتوانێت بەرگەی ئەو ئاژاوە جیهانییانە بگرێت. لەم بوارەشدا دەیەوێت ببێتە یەکەم‌و جێ بە سوپای ئەمریکا لێژ بکات.
کۆبوونەوەی گروپی 20
ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا بڕیاریدا درێژە بەشەڕی بازرگانی لەگەڵ چین بداو خەستتری بکاتەوە بەوەی رێژەی باجی بۆ سەر کاڵاو شمەکی چینی بەبڕی 200 ملیار دۆلار بەچەند قۆناغێک راگەیاندو تائێستا 10 ٪ی جێبەجێکراوەو لەو ماوەیەدا ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر نەگەنە رێکەوتنێک، ئەوا قۆناغی دووەم دەستپێدەکات، چینیش بەبڕی 110 ملیار باجی بۆ سەر کاڵای ئەمریکا زیادکرد، لەوانە ئۆتۆمبێل‌و فڕۆکە، بەڵام لەکۆبوونەوەی وڵاتانی20 G کە لەم دواییەدا لە ئەرجەنتین بەسترا، هەردوو سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ و شی جین بینگ) گەیشتنە رێکەوتنێک کە ماوەی سێ مانگ شەڕی بازرگانی نێوانیان بووەستێنن‌و زیادەی باج بۆ سەر نیوەی کاڵای هەناردەو هاوردە جێبەجی بکەن، بەڵام ئەو هەڵپەساردنە هیچ لەو هاوکێشەیە ناگۆڕێت کە رۆژێک دێت چین شوێن بە ئەمریکا لەق دەکات.
ئابووری چین لە گەشەکردندایە
یەکێک لەو پرسە گرنگانەی لە کۆڕبەندی داڤۆس کە لە 22 تا 25 ی کانونی دووەم بەسترا، تیایدا (وانگ کیشان) جێگری سەرۆکی چین جەختی کردەوە کە ئابووری وڵاتەکەی لە پاشەکشەدا نییەو سەرەڕای پێشبینیکردنی هەندێک رووداوی نادیار لەم ساڵدا، بەڵام تەنها شتێک کە لێی دڵنیابن ئەوەیە، ئابووری چین لە گەشەکردنی بەردەوامدایەو لەو رووەوە هیچ گرفتێک نییە.
پێویستە ئەمریکا کۆمپانیاکانى چین تێکبشکێنێت
(جۆرج سۆرسی) دەوڵەمەندو وەربەهێنەری ئەمەریکی لەوتەیەکیدا بەئاشکرا سەرۆکی چینی بەگەورەترین دوژمنی کرانەوەی کۆمەڵایەتی لەقەڵەمداو داوای لە ئەمەریکا کرد لەبری دروستکردنی جەنگێکی بازرگانی لەجیهاندا، هەقە چاوی زیاتر بخاتە سەر چین‌و پێویستیشە ئەمریکا گەورە کۆمپانیاکانی چین، کۆمپانیای کە(هواوی‌و زێت تی ئی)ە، تێکبشکێنێت‌و نەیەڵێت ئیدی کاری بەرهەمهێنان بکەن.
نەخشەی دواڕۆژی چینییەکان
بەهۆی بەربەرەکانێی ئەمریکا لەگەڵ چین‌و خۆلادانی ئەو وڵاتەش لەمەترسی هەژموونی ئەمریکاو داگیرکاری‌و لاوازبوونیان، دەیانەوێت بە نەخشەڕێگایەکی پتەو رێ لە ئەمریکا بگرن‌و هەوڵ بدەن نەک هەر بەرگری لەخۆیان بکەن، بەڵکو لە سەردەستەیی‌و رابەرایەتیکردنی جیهان شوێنیان بگرنەوە، ئایا دەتوانن ئەوە بکەن؟ ئەمە دەگەڕێتەوە سەر بەردەوامبوون‌و پشتیوانی وڵاتان لێیان‌و خۆڕاگری ئەو گەلە لەسەر هێنانەدی بەرنامەکانیان.

سەرچاوە : ساسەپۆست،شپیگل ئۆنلاین، ویکیپیدیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سێ كورد كاندیدن بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا

وەک بڕیارە لە ٢٦ ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا ...