سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » یه‌كه‌م هه‌نگاوی چوونه‌ شانۆم

یه‌كه‌م هه‌نگاوی چوونه‌ شانۆم

رزگار حه‌مه‌ ره‌شید

سه‌ره‌تای هه‌شتاكان بۆ یه‌كه‌مجار چوومه‌ هۆڵی شانۆوه‌، ئه‌وكات سه‌ره‌تای جه‌نگی ئێران- عیراق بوو، سه‌ره‌تای ئه‌و ڕۆژانه‌ بوو كه‌ جه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ خۆی ده‌كرد به‌ ماڵه‌كاندا و ئێمه‌ی منداڵانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌تۆقاند. سه‌ره‌تای ئه‌و ڕۆژانه‌ بوو كه‌ جگه‌ له‌ ڕاكێشكردنی به‌شێكی زۆری برا و باوك و دراوسێ و ناسیاو و خزم و كه‌سه‌كانمان بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، شاره‌كانیش كه‌وتبوونه‌ به‌ر هێرشی بۆمباران و ڕۆژانه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان بۆردومانی شاره‌كانیان ده‌كرد، ده‌نگی لووره‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ و ته‌قه‌ی كوێرانه‌ له‌ زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانه‌وه‌ هه‌موومانی كاس ده‌كرد. پیاوه‌كان سه‌ریان ده‌نا به‌یه‌كه‌وه‌ و گوێیان له‌ ڕادیۆ ده‌گرت و زۆرجار گوێم لێده‌بوو ده‌یانگوت ئه‌م جه‌نگه‌ بۆ مه‌حفكردنه‌وه‌ی كوردانه‌، چونكه‌ فڕۆكه‌ عیراقیه‌كانیش هه‌میشه‌ بۆردومانی شاره‌ كوردیه‌كانی ئه‌ودیو ده‌كه‌ن. له‌ كاتی بۆردومانه‌كاندا هه‌موان به‌ره‌و ژێرزه‌مینه‌كان ڕایان ده‌كرد و سه‌رزه‌مینیش بۆ وێرانكاریه‌كان چۆڵده‌كران. له‌ناو ئه‌و هه‌موو ترس و دوودڵی و ماته‌م و بێهیواییانه‌دا، ئه‌سته‌م بوو كه‌س گوێ له‌ گله‌یی و گازنده‌ و ڕاڕاییه‌كانی، یان بۆ خواست و مه‌زه‌نده‌كانی منداڵێك بگرێت.
چوونه‌ ناو هۆڵی شانۆوه‌ له‌و كاته‌دا، كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك بوو بۆ ژیانێكی نوێ. سه‌ره‌تا هه‌وای ناو هۆڵی شانۆكه‌، له‌و جیهانه‌ جه‌نجاڵ و پڕ له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیانه‌ی دابڕاندم، بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك مێرمنداڵێكی ئاسایی ده‌متوانی هه‌ناسه‌ بده‌م. ئه‌فسوونی دانیشتن به‌رامبه‌ر سه‌كۆیه‌كی به‌رز له‌ ته‌نیشت خه‌ڵكێكه‌وه‌ كه‌
به‌ ڕێزێكی تایبه‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ستپێكردنێك بوون، له‌ هه‌ر شتێكیتر سه‌رنجڕاكێشه‌رتر بوو، تێده‌گه‌یشتیت شانۆ به‌شێكی گرنگه‌ له‌ ژیانی مرۆڤه‌كاندا. پاش كه‌مێك گڵۆپه‌كان ده‌كوژێنه‌وه‌ و پرۆجیكته‌ره‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كان سه‌ر شانۆكه‌ ڕوناكده‌كه‌نه‌وه‌، دیسان به‌ره‌و ڕووی دیكۆرێكی ساده‌، به‌ڵام زیره‌كانه‌ ده‌بوویته‌وه‌. پاش كه‌مێك ڕووناكییه‌كان ده‌كوژێنه‌وه‌ و له‌ تاریكیه‌كه‌دا گوێت له‌ ده‌نگی پێیه‌ و تارمایی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بینیت كه‌ دیزاینی شانۆكه‌ ده‌گۆڕن، هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێكانیان ده‌كه‌یت كه‌ ده‌ره‌نجامی په‌رۆشی و ڕاسگۆییانه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی باشترین نمایشی ئه‌و ڕۆژه‌. پاشان جارێكیتر نواندنی گه‌رم و گوڕ و دیكۆری جوان و ڕووناكی پڕ له‌ ئه‌فسوونی جوانیی. سه‌رنجم ده‌دا هه‌ندێكجار خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌نیشتم به‌ حه‌ماسه‌ته‌وه‌ چه‌پڵه‌یان بۆ ئه‌كته‌رێكی تووڕه‌ لێده‌دا، من نه‌مده‌زانی چی ده‌ڵێت، چونكه‌ ئاگام له‌ وشه‌كان نه‌بوو، من زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ری ئینڤایه‌رمێنته‌كه‌ و ئه‌فسوونی ڕووناكی و ده‌نگ و فینۆمێناڵی شه‌یپه‌كانی سه‌ر و خواری شانۆكه‌دا بووم، ئه‌و كاته‌ تێگه‌یشتم كه‌ شانۆ ئیستاتیكایه‌. له‌ویادا به‌ته‌واوی هه‌ستم به‌ ئارامی ده‌كرد، ده‌مویست له‌و شوێنه‌دا بمێنمه‌وه‌ و ببم به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌.
له‌و ڕۆژانه‌دا، بیستنی ناوی گرووپه‌ شانۆییه‌كان وێنای جیهانێكی سیحریی له‌ ئه‌ندێشه‌ی منی منداڵدا دروست ده‌كرد، هه‌ر یه‌ك له‌و ناوانه‌ لای من وه‌ك ژووره‌ جیا جیاكانی ناو ماڵێك وابوون، بینینی كاره‌كانیان به‌ هه‌موو ستایه‌ڵه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌ ده‌یخستیته‌ به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ شانۆ ماڵێكی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ماڵێك پڕ له‌ بۆن و ڕه‌نگی جیاواز.
بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ چوومه‌ ژووری پرۆڤه‌وه‌، گوێم له‌ گفتوگۆیه‌كی هونه‌ری بوو. سه‌رنجم ده‌دا هه‌ركه‌سێك قسه‌ی ده‌كرد ئه‌وانیتر هه‌موو بێده‌نگ ده‌بوون و به‌ ئارامی گوێیان لێده‌گرت. به‌ بێ تووڕه‌بوون بیروڕایان ده‌گۆڕییه‌وه‌، گفتوگۆی پیاهه‌ڵدان و یه‌كتر شكاندن نا، به‌ڵكو گفتوگۆی كۆمه‌ڵێك شانۆكاری ڕاسته‌قینه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ی هه‌ر شانۆكارێكی جددی و سه‌ركه‌وتنی هه‌ر شانۆكارێك به‌ هه‌ڵه‌ و ده‌ستكه‌وتی خۆی ده‌بینێت. گفتوگۆیه‌ك بۆ باشتركردنی ڕێگاڕۆیشتنه‌كانی یه‌كتر، به‌ره‌و دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقیتی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی كه‌ ده‌كرێ شانۆ له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌یبێت. ئه‌و ڕۆژه‌ تێگه‌یشتم كه‌ شانۆ شانێكی له‌سه‌ر گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ داناوه‌. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌م لا دروست بوو كه‌ هه‌رگیز لێم نه‌بووه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی جیهانی ڕاسته‌قینه‌ له‌ناو شانۆدایه‌. له‌ ناو پرۆڤه‌دا و له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ شانۆییه‌كاندا هه‌موان به‌و جۆره‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن كه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن، له‌ نمایشه‌كانیشدا هه‌وڵده‌ده‌ن جیهان به‌و جۆره‌ لێبكه‌ن كه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن.
هیچ شانۆكارێك سه‌ر به‌ ماڵێكی ته‌ریك و گۆشه‌گیر و دابڕاو نییه‌، به‌ڵكو ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی شانۆ، له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی جوگرافیدا، سه‌ر به‌و هه‌رێمه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ درێژبۆته‌وه‌. ڕاستگۆیی له‌ دۆزینه‌وه‌ی به‌هاو ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ئاكار و پره‌نسیپه‌ قووڵه‌كانی مرۆڤبوون، شانۆكار ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ سه‌ر بنه‌چه‌ ئۆریژیناڵه‌كه‌ی خۆی، ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك وه‌چه‌ی ئه‌و مێژووه‌ دێرینه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ و له‌و ماڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی ناو ئه‌و هه‌رێمه‌دا، ژوورێكی نوێ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ و تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بینه‌ره‌كانیدا دروستده‌كات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...