سەرەکی » هەمەڕەنگ » دوگمە سوورەكەی دۆناڵد ترەمپ

دوگمە سوورەكەی دۆناڵد ترەمپ

دوگمە سوورەكەی سەر مێزی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە ئۆڤال ئۆفیس، یاخود نووسینگەی سەرەكی كۆشكی سپی، بەردەوام جێگەی پرسیاری خەڵك بووە و پرسیار لە بارەی كاری سەرەكی ئەو دوگمە سوورە كراوە.
تا ئێستاش لای هەندێك كەس روون نییە، كاری سەرەكی ئەو دوگمە سوورە چییە و بۆچی بەكاردەهێنرێت، تا ئێستاش هەندێك پێیانوایە، ئەو دوگمە سوورە راگەیاندنی باری لە ناكاو، یاخود راگەیاندنی جەنگی ئەتۆمی و كلیلی چەكی ناووكی ئەمەریكایە.
گۆڤاری بزنس ئینسایدەر بڵاویكردەوە، كاری سەرەكی ئەو دوگمەیە زۆر لاوازە و هیچ شتێكی ئەوتۆ نییە، تەنها زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ بانگكردنی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە گوێرەی گۆڤارەكە، هەندێك جار داگرتنی ئەو دوگمەیە بۆ داواكردنی شتی زۆر سادە و ساكار بووە.
بە گوێرەی هەندێك لە راپۆرتەكان، لیندۆن جۆنسۆن، كە لە ساڵانی نێوان 1963 – 1969 سەرۆكی ئەمەریكا بووە، بۆ ئاگاداركردنەوەی ستافەكەی بووە كە هاوسەرەكەی لە رێگەیە بێتە لای.
راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، زۆربەی كات بۆ داواكردنی ساردییە تایبەتەكەی، كە كۆلایە، ئەو دوگمەیە بەكاردەهێنێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، لە سەرۆكەكانی دیكە باشتر و تەندروست تر ئەو دوگمەیەی بۆ داواكردنی چای بەكارهێناوە.
وەك ریچارد برانسۆن، ملیاردێر و بزنسمانی بەریتانی و هاوڕێی نزیكی ئۆباما لە كتێبەكەیدا باسی كردووە، جارێك چووەتە نووسینگەكەی ئۆباما و چاوی بە دوگمە سوورەكە كەوتووە، كاتێك ئۆباما تێبینی ئەوەی كردووە، باسی كاری دوگمە سوورەكەی بۆ كردووە.
بە گوێرەی گێڕانەوەكەی جۆنسۆن، ئۆباما وتوویەتی، دەتوانرێت بە داگرتنی ئەو دوگمەیە باری نائاساییش رابگەیەنین و گەورە راوێژكارانی ئەنجومەنی ئاسایش بانگهێشت بكەین، بەڵام ئێستا بۆ داواكردنی چا بۆ میوانەكانم بەكاریدەهێنم.
گۆڤارەكە ئەوەشی پشتڕاست كردۆتەوە، ئۆباما زۆر حەزی لە خواردنەوەی چا بووە، هاوڕێ نزیكەكانی ئۆباماش ئەوەیان باس كردووە، كە سەرۆكی پێشوو كەمتر قاوەی خواردۆتەوە، حەزی لە چا بووە زیاتر، بە بەتایبەتیش چای جۆری Honest، لە گفتوگۆیەكیشدا لەگەڵ گۆڤاری ڤۆكس لە ساڵی 2015 رایگەیاندبوو، سبەینان بەدەم چا خواردنەوە راپۆرت و زانیارییەكان دەخوێنێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حەمە رەئوف کەرکوکی دیاری جەژنی پێیە

پێش جەژنی رەمەزان ئەلبوومێکی نویی هونەرمەند، حەمە رەئوف کەرکوکی بڵاودەبێتەوە ...