سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا دەکرێت

بەهاری پۆپۆلیست و گەلپەرستەکان بەڕێوەیە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا دەکرێت

چەند هەفتەیەکی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا دەکرێ‌و ئەو رووداوە لە سەرتاسەری ئەوروپا بە رووداوێکی گرنگ‌و بایەخدار دەژمێردرێ‌و ئاریشەکانی چەند ساڵی رابردووی ناو وڵاتانی ئەندام راستەوخۆ کاردەکاتە سەر ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، بەتایبەتیش مەسەلەی کۆچ‌و چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتییەکەو قەیرانی وڵاتانی جیهان‌و هەڵوێستی ئەندامەکانی لەئاست رووداوەکان.

ئەمساڵ جیاوازە
ئەو هەڵبژاردنە لە ساڵی 1979 ەوە ئازادانە لە هەموو وڵاتانی ئەندام بۆ دەستنیشانکردنی 751 ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا هەر پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێ‌و ئەمساڵ دەکەوێتە 23 ی مانگی داهاتوو و هەروەک جاران بارەگای سەرەکی ئەو پەرلەمانەش لە برۆکسل‌و لقەکەشی لە ستراسبۆرگ دەبێت. بەهۆی چوونە دەرەوەی بەریتانیا، ئەمساڵ ژمارەی کورسییەکان کەمدەبێتەوە بۆ 705 کورسی.

فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان
لەناو ئەو پەرلەمانەدا ژمارەیەک فراکسیۆن‌و گروپی جیاجیا هەیە، لەوانە چەپەکان، راستڕەوەکان، پارێزگارەکان، راستڕەوە نێوەندەکان… هتد. ئەوانەش بریتین لە ژمارەیەک پارت کە بیروبۆچوون‌و هەڵوێستیان لە یەکەوە نزیکە پێکەوە هاوپەیمانێتییان پێکهێناوەو لەناو پەرلەماندا وەک فراکسیۆنێک کاردەکەن بۆ سەرخستنی بەرنامەی تایبەتی خۆیان.

راستڕەوەکان دەیبەنەوە
گەورەترین فراکسیۆن راستڕەوە نێوەندەکانن، کە ژمارەیەک پارت لەخۆدەگرێ‌و بەپێی تازەترین راپرسی میدیا ئەوروپییەکان، پێگەکەیان هەر بەهێز دەمێنێتەوەو کورسی لەدەست نادەن، بەڵام گروپی راستڕەوەکان کە لە دژی سیاسەتی کۆچ‌و کۆچبارو میللەتە بێگانەکانی ناو وڵاتانی ئەندامن، پێدەچێت کورسی زیاتر بەدەستبێنن. چونکە لە دواهەڵبژاردنی وڵاتەکانیاندا رەواجیان زیادیکردوەو لە ژمارەیەک وڵاتی وەک نەمساو هەنگاریاو پۆڵۆنیاو ئیتاڵیا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیەو لە پەرلەمانی وڵاتانی تری وەک ئەڵمانیاو هۆڵەنداو فەرەنساو بەلجیکا کورسییەکانیان زیادی کردووە، بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەم خولە دەبێتە بەهاری راستڕەوەکان‌و زەمینەیەکی لەباریان لەبەردەمدایە تاکو کورسی زیاتر بەدەستبێنن.

پارتەکەی مێرکل هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە
بەپێی راپرسییەکان، هاوپەیمانی دیموکراتی کریستیان‌و پارتی دیموکراتی کریستیانی ئەڵمانی کە ئەنجێلا مێرکل رابەرایەتی دەکات، وەک خۆی بە بەهێزی دەمێنێتەوەو لەوانەیە 180 کورسی زیاتربێنن، بەڵام راستڕەوەکان پێشیان دەکەون‌و لەوانەیە زیاتر لە 200 کورسی بەدەستبێنن، دوای ئەوانیش پارتی یەکگرتووی ئیتالی دەسەڵاتدار دێت، کە یەکێکە لە پارتە راستڕەوە گەلپەرستەکان، بۆیە دەوترێت کە لەو هەڵبژاردنەدا ئەنجامی زۆرجیا روودەداو پێشبینییەکانی (جاومی دوتش) وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپاش دەریدەخات کە ئەنجامی ئەمجارە زۆر جیا دەبێت لە خولەکانی رابردوو و بەشێوەیەک دەبێت کە هەرگیز ئەنجامی وا رووی نەدابێت.
پاشەکشەی سۆسیال دیموکراتەکان
لە بەرامبەر ئەمانەدا پێشبینی دەکرێت کە سۆسیال دیموکراتەکان پاشەکشێ بکەن‌و ریژەکەیان تا 20 ٪ کەمبکاتەوە، بەوپێیەی لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەو پارتەی لێیە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی شارەوانییەکاندا پاشەکشەیان کردووەو کورسییان دۆڕاندووە.

کێشە جیهانییەکان دەبنە بەرنامە
دۆسێی هەرە گرنگی ئەو خولەش بریتییە لە مەسەلەی کۆچ‌و باج‌و بنەماکانی ئەوروپاو سنووردانان بۆ چەکی ئەتۆمی‌و سیاسەتیان لەمەڕ گۆڕانی کەشوهەواو شەڕە بازرگانییەکان‌و هەڵوێست لە سیاسەتی ئەمریکاو ژمارەیەک دۆسێی تر، کە ئەوروپا پێویست دەکات هەڵوەستەی جددی لەسەر بکات.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سێ كورد كاندیدن بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا

وەک بڕیارە لە ٢٦ ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا ...