سەرەکی » ئاراستە » راگه‌یاندنی‌ پیشه‌یی‌و راگه‌یاندنی‌ قۆڵبڕ

راگه‌یاندنی‌ پیشه‌یی‌و راگه‌یاندنی‌ قۆڵبڕ

ئیدریس هانی‌

ئه‌وه‌ زانستی‌ به‌ربه‌سته‌كانه‌، زانستی‌ ئامرازه‌كان نییه‌، چونكه‌ له‌ نێوان راستی‌‌و جه‌ماوه‌ردا چیرۆكێكی‌ دی‌ هه‌یه‌‌و گومان له‌وه‌شدا نییه‌ كه‌ به‌ربه‌سته‌كانن لێناگه‌ڕێن راستیی وه‌ك خۆی‌ بگات.. ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندن له‌ سه‌ره‌تادا به‌و بیانووه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌ گوایه‌ شۆڕشێكه‌ بۆ رزگار كردنی‌ زانیاری‌ له‌ قۆرغكاریی‌و گه‌یاندنی‌ به‌ جه‌ماوه‌ر، هه‌رچه‌نده‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌رمایه‌داریدایه‌، كه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ ده‌ستی‌ بگات به‌ زانیارییه‌كان‌و قۆرغیان بكات‌و دوای‌ ده‌ستكاریی بیداته‌ جه‌ماوه‌ر، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار زانیارییه‌كان به‌ر له‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ رۆژنامه‌ش ده‌سكاری‌ ده‌كرێن. ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كات بۆ ده‌ستخستنی‌ هه‌واڵ پشت به‌ خودی‌ رۆژنامه‌ ده‌به‌ستێ.. زۆربه‌ی‌ كاتیش رۆژنامه‌ كار له‌سه‌ر گێچه‌ڵ‌و سوكایه‌تی‌ كردن به‌ هه‌واڵ ده‌كات نه‌ك گه‌یاندنی‌، كه‌واته‌ ئه‌م پرۆسه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ كردنه‌ ته‌نها مامه‌ڵه‌‌و كڕین‌و فرۆشه‌ نه‌ك خزمه‌ت كردن به‌ راستی‌.. له‌ ژینگه‌یه‌كی‌ ئاوا گه‌نده‌ڵیشدا رۆژنامه‌نووس ده‌توانێ باشترین مامه‌ڵه‌ی‌ كڕین‌و فرۆش بكات.. ئا لێره‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ راگه‌یاندندا تێك بدرێت‌و له‌ رێگه‌ی‌ ره‌فتاری‌ رۆژنامه‌وان‌و سیاسه‌تی‌ داڕشتنی‌ هه‌واڵه‌وه‌ كۆده‌كانی‌ تێك بشكێنرێت.
ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئامرازی‌ هه‌واڵدا نین، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م ئامرازی‌ قۆرغكاریداین. چونكه‌ به‌ربه‌سته‌كان ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی‌ ئامرازه‌كان‌و فه‌راهه‌م كردنی‌ هه‌واڵه‌وه‌ رۆڵه‌كان دابه‌ش بكه‌نه‌وه‌، لێكدانه‌وه‌‌و شكاریش ده‌چێته‌ ژێر ركێفی‌ سیاسه‌تێكه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ جار به‌كارهێنه‌ركانیشی‌ سه‌ری‌ لێ ده‌رناكه‌ن، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ راگه‌یاندن ده‌گۆڕێت بۆ به‌ڵێنده‌رایه‌تی‌‌و تێكه‌ڵی‌ كارو پیشه‌ی‌ ژماره‌كان‌و پسوڵه‌‌و ئه‌كاونت‌و.. ئیتر وه‌ك هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌ كارو پیشه‌كانی‌ دیكه‌شدا هه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر كه‌رته‌كانی‌ تر به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ بچن‌و ئاسایی بێت، راگه‌یاندن به‌رگه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ناگرێت، چونكه‌ وتاره‌‌و په‌یوه‌ندی‌ كردنه‌، كاریگه‌رییه‌كانیشی‌ زوو جێكه‌وته‌ ده‌بێت. راگه‌یاندن توانیویه‌تی‌ سه‌رجه‌م رێگا سروشتییه‌كانی‌ گه‌یاندنی‌ زانیاری‌ له‌ناو ببات، ئێستا تاكه‌ پیشه‌یه‌كه‌ وه‌رگر ده‌خه‌ڵه‌تێنێ، گوایه‌ پیشه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌واڵ بگه‌یه‌نێت، به‌ڵێ راسته‌ هه‌واڵ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام راستی‌ نا.
كێشه‌كه‌ له‌ شرۆڤه‌ی‌ سیاسیدا به‌ روونی‌ ده‌رده‌كه‌وێ، به‌و جۆره‌ی‌ كه‌ كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندن شرۆڤه‌كارێكی‌ سیاسی‌ به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا ده‌سه‌پێنێت‌و وا پێناسه‌ی‌ ده‌كات ئه‌مه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ راستییه‌، هه‌ندێك جار ئاماژه‌ به‌ گۆشه‌نیگا جیاوازه‌كه‌ش ناكات، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ وای‌ پیشان بدات ئه‌و بۆچوونه‌ كۆده‌نگی‌ له‌سه‌ره‌، هه‌ندێك جاریش مشتومڕێكی‌ به‌تاڵ‌و حه‌تاڵی‌ له‌سه‌ر ده‌نێته‌وه‌ كه‌ نه‌ سه‌ری‌ دیاره‌‌و نه‌ بنی‌‌و ته‌نها بێهوده‌ییه‌. له‌و نێوانه‌شدا كێ كراوه‌ته‌ ئامانج؟ بێگومان جه‌ماوه‌ر، كه‌ ده‌یانه‌وێ دوو رێگه‌ی‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م، یان هه‌واڵێكی‌ ساخته‌ وه‌ربگرێت، یان ئه‌وه‌تا نائومێد ببێت له‌ راستی‌. به‌و جۆره‌ش پیشه‌سازی‌ راگه‌یاندن به‌ توانا‌و ئامرازی‌ زه‌به‌لاحه‌وه‌ به‌رده‌وام كه‌رتێكی‌ به‌ڕمێن‌و پڕ قازانج ده‌بێت.
له‌ سایه‌ی‌ ئه‌م ئاژاوه‌یه‌دا‌و له‌ په‌راوێزی‌ ئه‌م پیشه‌سازییه‌دا هه‌ندێك مشه‌خۆر هه‌ڵده‌تۆقن، كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌ لۆژیكی‌ مافیاگه‌ری‌‌و سوكایه‌تی‌ پێكردن، جۆرێك له‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بێزراو، به‌ڵام لای‌ كێ بێزراو، لای‌ كه‌مینه‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌وان، ئه‌وانه‌ی‌ دڵسۆزانه‌ هه‌واڵیان داده‌ڕشته‌وه‌‌و زانیارییان ئازاد ده‌كرد تا بگاته‌ وه‌رگر بێ هیچ جیاكارییه‌ك‌و هیچ به‌ربه‌ستێك، ئه‌و جۆره‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌ بێزراوه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر پێی‌ ده‌وترا رۆژنامه‌ی‌ زه‌رد.
زۆربه‌ی‌ كات ئه‌و جۆره‌ رۆژنامه‌وانانه‌ زیاتر له‌ رۆڵێكیان هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا رۆژنامه‌وانی‌ دڵسۆز سه‌رقاڵی‌ گه‌ڕان‌و په‌یسه‌ری‌ راستییه‌كان‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌كانه‌‌و له‌و كاره‌شیدا به‌ها پیشه‌ییه‌كان ره‌چاو ده‌كات‌و به‌رپرسیارانه‌ ره‌فتار ده‌كات، رۆژنامه‌نووسی‌ ساخته‌ سه‌رقاڵی‌ سه‌ودا‌و مامه‌ڵه‌‌و كڕین‌و فرۆشه‌‌و هه‌موو كاته‌كه‌ی‌ به‌وه‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌‌و كاتێكی‌ نه‌ماوه‌ بۆ گرنگیدان به‌ هه‌واڵ. ئه‌م دیارده‌یه‌ ئه‌و كاته‌ به‌دی‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌بینین هه‌ندێك كه‌س له‌ پشت هه‌ندێك بڵاوكراوه‌وه‌ خۆی‌ مه‌ڵاس داوه‌، كه‌ هیچ به‌هایه‌كی‌ راگه‌یاندن یان هونه‌ریی‌ نییه‌، ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا كاری‌ ده‌ڵاڵی‌‌و كڕین‌و فرۆش ده‌كه‌ن نه‌ك رۆژنامه‌گه‌ری‌.
كێشه‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت كاتێك رۆژنامه‌وانی‌ ناپیشه‌یی ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ نه‌وه‌كانی‌ دوای‌ خۆی‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ له‌وه‌وه‌ فێری‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌بن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ گه‌واهی‌ ساخته‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌ی‌ زه‌رد‌و سه‌ربازه‌كانی‌ فه‌راهه‌م بێت. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كاندا ئه‌و دیارده‌یه‌ زۆره‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ته‌ندروستی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات، چونكه‌ ده‌ڵاڵی‌‌و كڕین‌و فرۆش كاتێك ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌ كاری‌ راگه‌یاندنه‌وه‌، ده‌بنه‌ ئامرازێك بۆ تیرۆر‌و زۆربوونی‌ تاوانی‌ رێكخراو‌و تێكدان. ئاخر راگه‌یاندنیش وه‌ك هه‌ر پیشه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ده‌چێته‌ ژێر ركێفی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پێودانگ‌و ئاكاری‌ پیشه‌ییه‌وه‌، راگه‌یاندنكاری‌ پیشه‌یی به‌رپرسیار‌و پابه‌ند سنووری‌ خۆی‌ ده‌زانێت‌و ئامانجی‌ كاره‌كه‌یشی‌ لا روونه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو راگه‌یاندنكاری‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ بیروبۆچوونیشی‌ ئاشكرا بێت، وه‌ك چۆن له‌ هه‌ندێك بواری‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مه‌نی‌‌و سه‌ربازیدا ده‌بێ ئه‌و شتانه‌ روون بێت بۆ رۆژنامه‌نووسیش هه‌ر وایه‌، چونكه‌ ناكرێت خاوه‌نی‌ ئایدیۆلۆژیا بێت، خۆ ئه‌گه‌ر وا بێت ئه‌وا مافی‌ خۆیه‌تی‌ رای‌ خۆی‌ ده‌ربڕێ به‌ڵام نابێ ببێته‌ هه‌واڵساز‌و هۆكاری‌ گه‌یاندنیان.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌رجه‌ زۆر گرنگ‌و نموونه‌ییه‌‌و هۆكاره‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌م كاره‌ساته‌، لانیكه‌م رۆژنامه‌نووس ئه‌گه‌ر سۆزی‌ به‌لایه‌كی‌ ئایدیۆلۆژیشدا بڕوات، ده‌بێ له‌ هه‌مان كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ ئاشكرا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌رگر خۆی‌ چاودێری‌ را‌و بۆچوونه‌كانی‌ بكات‌و ئاگادار بێت، ئه‌م رێگه‌چاره‌یه‌یان زۆر ئاسان‌و پراكیتیكییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرێت هه‌ندێك رۆژنامه‌نووس هه‌ن كه‌ پێشتر سه‌ر به‌ ئیخوان موسلمین یان سه‌له‌فی‌ بوون، یان سه‌ر به‌ هه‌ر ره‌وتێكی‌ تری‌ په‌ڕگیر‌و تێڕوانینیشی‌ هه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ بووه‌، كاتێكیش ده‌چێته‌ ناو كایه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ هه‌واڵ ده‌دات ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ راگه‌یاندن بۆی‌ نه‌كراوه‌ لێره‌دا بیكات، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ گۆڕینی‌ تێڕوانینه‌كان‌و دزه‌كردنه‌ ناو چه‌مك‌و كۆده‌كانی‌ رۆشنبیرانه‌وه‌‌و وه‌رگر چه‌واشه‌ ده‌كات.
زۆرن ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ڵبژارده‌‌و ئه‌و ده‌قانه‌ی‌ داده‌ڕێژرێن‌و بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌‌و تێگه‌یشتن له‌ ره‌هه‌نده‌كانیان گرانه‌‌و ئاسان نییه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی‌ نازانین پاڵنه‌ر‌و هۆكاری‌ پشت داڕشتنه‌كه‌ی‌ چییه‌‌و رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی چ بیروباوه‌ڕێكدایه‌‌و پێشتر سه‌ر به‌ كام لایه‌نه‌ بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ به‌دواداچوون‌و په‌یسه‌ری‌ بكرێت بۆ بارودۆخی‌ كۆمه‌ڵاتی‌‌و ده‌روونی‌‌و ژینگه‌كه‌یان‌و هه‌وراز‌و نشێوی‌ ژیان‌و بیروباوه‌ڕیشیان، به‌ واتایه‌كی‌ تر ده‌بێ پێی‌ بوترێ به‌ر له‌وه‌ی‌ پیشه‌ی‌ شیكاری‌ سیاسی‌ وه‌ربگریت، ده‌بێ ئێمه‌ شیكاریی بۆ جه‌نابتان بكه‌ین، به‌رله‌وه‌ی‌ پیشه‌ی‌ به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ بگریته‌ ده‌ست، ده‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ جه‌نابتان بكه‌ین، به‌رله‌وه‌ی‌ بڕیار له‌سه‌ر خه‌ڵك بده‌یت، ده‌بێ بڕیار له‌سه‌ر تۆ بده‌ین. چونكه‌ له‌ ناخی‌ هه‌ر راگه‌یاندنكارێكدا دۆخی‌ جیاجیا هه‌یه‌، له‌ بابه‌تی‌ نه‌خۆشی‌، تاوان، رق‌و كینه‌، به‌كرێگیراوبوون، حه‌زی‌ سوكایه‌تی‌ كردن، حه‌زی‌ ره‌فتاری‌ مافیایانه‌، دواهه‌مینیان حه‌زی‌ ره‌فتاری‌ پیشه‌ییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ راگه‌یاندن كه‌رتێكی‌ نه‌خۆشه‌، عه‌ره‌ب وته‌نی‌ كه‌سێك شتێكی‌ نه‌بێت بیبه‌خشێ، چی‌ ببه‌خشێ؟ به‌رپرسیاریی پیشه‌یی هه‌میشه‌ ره‌فتارێكی‌ خودی‌ تاكه‌كه‌سییه‌‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌ ویژدانی‌ كه‌سه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، پێویستیش ناكات بیری‌ بخرێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌گه‌ر ویژدانی‌ هه‌بوو له‌ ره‌فتاره‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێ.
به‌م جۆره‌ ئه‌گه‌ر له‌ بابه‌تیبووندا سه‌ركه‌وتین له‌ پێناو شكۆی‌ وه‌رگردا‌و بێهوده‌یی‌و بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی ئه‌و راگه‌یاندنه‌مان كۆنترۆڵ كرد كه‌ خۆی‌ وه‌ك پیشه‌وه‌ر‌و پرۆفیشناڵ ده‌رده‌خات‌و ئه‌گه‌ر مافیا‌و سوكایه‌تی كردن‌و رۆژنامه‌ی‌ زه‌ردمان له‌ناو برد، هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ به‌رگری‌ كردن له‌ شكۆی‌ هاووڵاتی‌.

رۆژنامه‌ی‌ ئه‌لموسه‌قه‌ف

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...