سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » كێ براوه‌ی گفتوگۆكانه‌؟

كێ براوه‌ی گفتوگۆكانه‌؟

گفتوگۆ كه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كیی لێكتێگه‌یشتنه‌، یه‌كێ له‌گرنگترینی ئه‌و هه‌نگاوانه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ پارته‌ كوردییه‌كانی باشوور بیكه‌نه‌ بنه‌ماو وه‌ك نه‌ریتێك په‌یڕه‌وی بكه‌ن، چونكه‌ به‌بێ گفتوگۆ ناتوانرێت گرێكوێره‌كان بكرێنه‌وه‌و زۆرجاریش دووری‌و داخستنی ده‌رگای گفتوگۆ، بۆشایی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ دروست ده‌كات كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وت‌و كۆی ئه‌زموونه‌كه‌ش ده‌خاته‌وه‌ به‌رده‌م مه‌ترسی ترازانەوە.
پارته‌ كوردییه‌كانی باشوور دوای مێژوویه‌كی زۆر له‌ململانێ، ده‌بێت له‌و راستییه‌ تێگه‌یشتبن (گفتوگۆ كه‌ سه‌ره‌تاو ده‌ستپێكی هه‌موو لێكتێگه‌یشتنێكه‌) ته‌نها چاره‌سه‌رو رێگای دروسته‌، كه‌ هه‌مووان ناچارن بگه‌ڕێنه‌وه‌ی لای، بۆ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك پشوودرێژی‌و له‌لایه‌كی تریش سازش له‌پێناوی سازاندا، ده‌بێت دوو بنه‌مای گرنگ‌و پێویستی هه‌موو گفتوگۆیه‌ك بن، گرنگ نییه‌ گفتوگۆكان چه‌ند به‌رده‌وام ده‌بن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆتاییدا هه‌مووان ده‌گه‌ن به‌ئه‌نجام‌و بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش یه‌كێتی هه‌مووانی خسته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و راسته‌شه‌قامه‌ی كه‌ گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن خاڵی گرنگه‌و پێویستییه‌كی مێژووییه‌.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌چه‌ند مانگی رابردووی گفتوگۆكانی یه‌كێتی بده‌ین، به‌ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌بینین، کە یه‌كێتی به‌درێژایی ئه‌م قۆناغه‌ به‌ئارامی‌و پشوودرێژی توانیی سه‌ركه‌وتووانه‌ گفتوگۆكانی ئه‌نجام بدات‌و به‌مه‌ش ئه‌م حزبه‌ توانیی هەموولایەک ناچار به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بكات بۆ ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگەیه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ كردبوویه‌ بنه‌ماو ئه‌وه‌شی له‌و نێوه‌نده‌دا توانیی سه‌ركه‌وتووبێت، به‌ته‌نها كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان‌و داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمه‌.
درێژه‌كێشانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر به‌دیوێكیدا كه‌مێك نیگه‌رانی لای شه‌قامی كوردی دروست كردبێت، به‌دیوێكی تریدا له‌دایكبوونی قوناغێكه‌ كه‌ بۆ داهاتووش ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ (كه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ به‌ردی بناغه‌كه‌ی دانرا) وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ ده‌كرێت بناسێنرێت، چونكه‌ لێره‌وه‌ قۆناغێك دروستبووه‌، كه‌ گفتۆگۆ تیایدا سه‌رداره‌و له‌هه‌مان كاتیشدا، ئیدی به‌ته‌نها لایه‌ن‌و گروپێك ناتوانن بڕیار له‌هه‌موو شتێكی ئه‌م وڵاته‌ بده‌ن‌و بۆ هه‌ر بڕیارێكی چاره‌نووسسازیش ده‌بێت گفتوگۆ بكرێته‌ بنه‌ماو (یه‌كێتی‌و پارتی به‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ك دوولایه‌نی گرنگ، كه‌ ئۆباڵی قۆناغه‌كه‌یان له‌ئه‌ستۆدایه‌) دواجار ده‌بێت بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك به‌مه‌به‌ست وه‌ك به‌رده‌وامیدان بەهه‌ژموونی دوو ئیداره‌یی بیناسێنن‌و له‌گرنگییه‌كه‌ی كه‌م بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام واقیعه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی توانیی سه‌ره‌تایه‌كی باش بینابكات‌و به‌مه‌ش هه‌رێم له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نها لایه‌نێك بڕیار له‌ هه‌نگاوه‌كانی بدات، كۆده‌نگی‌و یه‌كهه‌ڵوێستی ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت‌و بێگومانیش ئه‌مه‌ گرنگی زۆری بۆ داهاتووی هه‌رێم هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستان له‌زۆركاتدا بەهۆی هەندێک بڕیارەوە قوربانیی داوه‌. به‌ڵام ئیدی له‌دوای ئه‌مه‌وه‌ قابیلی دووباره‌بوونه‌وه‌ نییه‌و یه‌كێتیش كه‌ ئه‌ندازیاری ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌یه‌، ده‌بێت به‌هه‌مان نه‌فه‌سی چه‌ند مانگی رابردوو پێداگری بكات‌و ئه‌وه‌ی له‌ ستراتیژه‌كه‌شییه‌وه‌ ده‌بینرێت هه‌ر ئه‌م راستییه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی ده‌وێت تا‌كو هه‌رێم دووچاری هه‌ندێك ته‌نگژه‌ی سیاسی نه‌بێت كه‌ له‌ڕابردوودا بینراو زیانی زۆری له‌ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان دا.
هاوبه‌شیی له‌بڕیاردان كه‌ ده‌ره‌نجامی گفتوگۆی چه‌ند مانگی رابردووی یه‌كێتی‌و پارتی بوو، له‌ كورتترین پێناسه‌یدا به‌مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت یه‌كێتی(تیمی یه‌كێتی له‌حكومه‌تدا) ئاگاداری هه‌نگاوی گه‌وره‌و بچووكی كابینه‌ی نۆیه‌م بێت، ئامانج له‌م پێداگرییه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی‌و به‌خشینی هێزو توانای زیاتره‌ به‌بڕیاره‌كانی حكومه‌ت، تاكو به‌هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك‌، چاره‌نووسی وڵاتێك نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی‌و هه‌مووشتێك به‌ئارامی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێت بۆ به‌غداش بكرێته‌ بنه‌ما. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاوبه‌شیی له‌بڕیاردان له‌به‌غداش نه‌كرێت به‌نه‌ریت‌و وه‌ك سه‌ره‌تاكانی كۆتایی رژێمی به‌عس، كورد له‌وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی یه‌كگرتوویدا نه‌بینرێت له‌به‌غدا، بێگومان ناتوانرێت وه‌ك پێویست سوود له‌م دۆخه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌ی عیراق وه‌ربگرێت‌و به‌ناچاری ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ هه‌رێم له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌مارۆدراو چه‌ندساڵێكیش كاروانی حوكمڕانی كوردی له‌باشوور په‌كی كه‌وت، كه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كان نه‌بوونی دیالۆگ‌و گفتوگۆی پێویست بوو، به‌ڵام ئێستا دوای ئه‌م ئه‌زموونه‌و به‌سوودوه‌رگرتن له‌و قۆناغه‌ نوێیه‌ی(یه‌كێتی) رابه‌رایه‌تی ده‌كات، ده‌شێ گفتوگۆ بنه‌مای هه‌موو هه‌نگاوه‌كان بێت‌و چیتر هه‌رێم نه‌بێته‌ قوربانی بڕیاری تاكه‌كه‌سی‌و لایه‌ن‌و گروپێكی دیاریكراو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەوەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەكرێت

هەموو هەنگاوێكی هەڵە یەكسانە بەدەرنجامێكی هەڵە، وەك چۆن هەمیشە هەموو ...