سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » دارایی، دڵی داعش

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

دارایی، دڵی داعش

بەشی یەكەم
ڤێرژنی تیرۆریستی داعش، لە رووی دارایی و بازرگانی، پیشتیوانی گەورەی دەوڵەتی شاراوەوە، شوێنی جوگرافیا و میدیا و تۆقاندنەكەی زۆر لەوانی تر جیاوازبوو، بۆیە قۆناغی داعش «مەترسیدارو كاولكار و تۆقێنەر» گوزەری كرد، بۆیە هێشتا پرسی بودجە و دارایی و سەرچاوەكانی نهێنی و پەنهانی زۆری تێدایە.
هاوڕێ و هاوپیشەم فەرمان عەبدولڕەحمان، راپۆرتێكی بنكۆڵكاریی پڕ لە نهێنی و زانیاریی و داتای لەبارەی سەرچاوەی دارایی و قەبارەی بوجەی ئەم گروپە تیرۆریستیە ملیاردێرەی دۆلارو دینار بڵاوكردەوە، وەك ئەو دەڵێت: «نزیكەی سێ ساڵە لەو گروپە دەكۆڵێتەوە»، بۆیە ئەو بەبیر و دیقەتی رۆژنامەنووسییانە بەشوێن (دڵی داعش)دا گەڕاوە كە داراییەكەیەتی، ئەویش كلیلێكی گرنگە بۆ كردنەوەی دەرگای نهێنی لەبارەی (بازرگانانی نەوت و ئەوانی تر، پشتیوانانی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ بەهێزبوونی سەرچاوەی دارایی داعش، تاڵانی شوێنەوار، فرۆشتنی ژن و كچانی ئێزدیی).
ئەم بنكۆڵكارییە رۆژنامەنووسییە، پڕۆژەی زۆر گەورەی لەسەر بونیاد دەنرێت، جیا لەوەی كارێكی سەنگینە، ئەوا دەكرێت وەبەرهێنانی مرۆیی و دۆزینەوەی سەرەداوی زۆریشی تێدا بكرێت، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق، هەمیش وەك كورد، چونكە لە هەر لینك و شوێنێكەوە باسی داعش بكرێت، نەماهەتی و كارەسات و جینوساید خۆی بە كوردەوە دەبەستێتەوە، بۆیە ئەركی دەسەڵات و حوكمڕانی كورد و ناوەندە مرۆییەكانیشە بەشوێن ئەم زانیاریی و سەرە داوانەوە بچن و ونیان نەكەن، رێ لە ونبوونیشیان بگرن.
مادام دارایی و بودجەی قەبە كە (دڵی داعش)ە، دوای كەوتنیشی لە عیراق و سوریا، مەسەلەی دارایی و سەرچاوەكانی نادیار و نهێنی ماوتەوە و بێ سۆراغە، كەواتە هێشتا دڵی داعش لێدەدات، داتا و زانیاریی ئەو بنكۆڵكارییەی فەرمانی رۆژنامەنووس، زەنگێكی ئاشكرایە لەسەر داهات و دارایی دڵی داعش، كە هەندێكی بەمجۆرەیە:
*بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەكان داعش لە ترۆپكی دەسەڵاتی خۆیدا لەساڵی (2015)دا سەرمایەكەی بە زیاتر لە (6) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
*داعش لە (2014 تا كۆتایی2016) دەستی بەسەر دەیان شارو شارۆچكەدا گرت ، تەنها لە عیراق دا سێ پارێزگاو(27) قەزاو (63) شارۆچكە و سەدان گوندی داگیركرد ، بەپێی راپۆرتێكی بانكی ناوەندی عیراقی، دەستی بەسەر (121) بانكی حكومی و ئەهلیدا گرتووە و (856) ملیار دینارو (101) ملیۆن دۆلاری تاڵانكردووە. تەنها لە بانكی رافیدەین لە موسڵ داعش (450) ملیۆن دۆلار و (250) كیلۆگرام ئاڵتونی بردووە.
*(%12)ی داهاتی داعش لەرێی تاڵان و بڕینی بانكەكانەوە بووە .
*(%38)ی داهاتی داعش لە فرۆشتنی نەوتی (360) بیرەوە بووە كە ساڵی (2015) لە سوریا و عیراق كۆنترۆڵی كردن و رۆژانە (1)ملیۆن و (400) هەزار دۆلار داهاتی هەبووە.
*(%17)ی داهاتیشی لە فرۆشتنی گازی سروشتییەوە بووە كە (489) ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە و زانیارییەكانیش لە كتێبی (سەرمایەی تیرۆر)ی فابیان پیلیۆ و دێنیس پۆلار- ەوە بڵاوكراونەتەوە.
*(%22)ی داهاتی داعش لە رێی (8) كارگەی چیمەنتۆی كۆنترۆڵكراوەوە بووە، لەگەڵ چەند كارگەیەكی فۆسفات كە نزیكەی (592) ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە.
*(%7)ی داهاتیشی لە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە بووە كە بە (200) ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
*داعش نزیكەی (3000-4000) پارچە شوێنەواری گرنگی لە سوریا و عیراق فرۆشتووە كە بە (33) ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
*بە پێی زانیاریی فەرماندەیەكی سەربازیی هاوپەیمانان بڕی(400-800) ملیۆن دۆلاری داعش لە بۆردومانی فڕۆكەكانیاندا سووتێنراون یان لە ناوبراون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...