سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » عیراق بەر بە گوشارەکانی سەر ئێران دەگرێت

عیراق بەر بە گوشارەکانی سەر ئێران دەگرێت

پەیوەندییەكانی ئێران و عیراق تا دێت لەچەند ئاستێكدا گەشە دەكات، ئەم پەیوەندییە بۆ دوو وڵاتی دراوسێ تا ئاستێكی زۆر دەكرێت وەك ئەركێكی دراوسێیەتی لێیەوە بڕوانرێت، بەڵام ئەركەكە لە ئێستادا پێ ناچێت هەر لەباسی دراوسێیەتیدا سەیر بكرێت.
عیراق لەقۆناغی دوای شەڕی داعش و هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی نوێنەران، بەرەو قۆناغی دووبارە خۆبنیاتنانەوەی سیاسی و ئابووریی و ئاوەدانكردنەوە دەچێت، بۆ ئەمە زیاد لەهەر كاتێكیتر پێویستی بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانێتی لەسەر ئاستی ناوچەكەدا، بەڵام لەمەشیاندا دەیەوێت بەپێی ریزبەندییەك كە خۆی لە ئاراستەی سیاسیی حوكمداریی ئێستای عیراقدا دەبینێتەوە، هەنگاو بەرەو پتەوكردنی پەیوەندییەكانی بنێت.
ئێستا عیراق و ئێران چ لەسەر ئاستی ئابووریی، چ لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی هەنگاوی زیاد لەپێویستیان ناوە بۆئەوەی لە قۆناغی نوێی پەیوەندیی سیاسیی ناوچەكەدا جۆرێك لە هاوئاهەنگی سیاسی و ئابووری و ئەمنی دروست بكەن.
ئەمە بەتایبەت بۆ ئێران گرنگییەكی زیاتری هەیە، بەو پێیەی ئێران چ لەسەر ئاستی ناوچەیی چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا تائاستێك لەناو بازنەی هەڕەشەكاندایە.
گەمارۆكانی سەر ئێران، كە لەمانگی ئایاری ساڵی رابردوودا قۆناغی یەكەمی راگەیەندرا، تارانی لەو گەشە سیاسییە وەستاند كە دەیخواست روو لە بلۆكی خۆرئاوا بكات. ئێستا ئێران هەناردەی نەوتی بە ئاستێك گەیشتووە كە تەنانەت بەراورد ناكرێت بە قۆناغەكانی پێشووتری گەمارۆكانیش، ئەمەش بۆ خۆی پەیامێكە كە ئێران زیاد لەهەر كاتێكی تر هەست بە مەترسییەكەی دەكات.
لە سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا بۆ تاران، رۆحانی بەئاشكرا باسی لە ئایندەی نەوت و گازی وڵاتەكەی كردو ئومێدی ئەوەی خواست كە تاچەند ساڵی داهاتووش لەم لایەنەوە دەیانەوێت هاوبەشی یەكتربن.
بە رووانین لە ئابووریی ئێستای ئێران، بەڕوونی ئەوە دەردەكەوێت كە تاران بەغدا وەك دەریچەیەكی تێپەڕبوونی قەیرانە ئابوورییەكانی دەبینێت. ئەوەش زیاتر لەهەنگاوەكانی سەرەتای ئەمساڵی ئەو وڵاتەدا بەدیدەكرێت.
ئێران لەسەرەتای ئەمساڵەوە چ لە رێی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەیدا چ لە رێی سەردانەكەی سەرۆك كۆماردا، قورساییەكی زیاتری لەسەر گەشەی بواری ئابووریی هاوبەشی هەردوولایەن هەبووە، بۆئەوە تائێستا چەندین رێكەوتن و لێكتێگەیشتنی هاوبەش کراون، بۆئەوەی بەتایبەتی بازرگانانی ئێرانی لە عیراق دەستكراوەتر بن‌و هاوكات ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەو قەبارەیەی ئێستا کە هەیە زیاتر بكەن.
لە سەردانەكەیدا بۆ تاران عادل عەبدولمەهدی ئەوەی راگەیاند، ئەوان هاتوون بۆئەوەی ئەو رێكەوتنانەی كە مانگی رابردوو لەبەغدا لەنێوان هەردوولادا لەسەری گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن، لێرە دەیەوێت لەسەری بگەنە رێكەوتن. بۆ ئەوەش پەرەپێدانی هەردوو كێڵگەی نەوتی «نەفت شەهر و خوڕەمشەهر» لەلایەك و لەلایەكی دیکەشەوە كردنەوەی سێ ناوچەی پیشەسازی سەر سنوورەكان، بەهەنگاوی كرداریی گەشەی ئابووریی نێوان هەردوولایەن دادەنرێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە لە هاموشۆو پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و بەغدا تەنها یەك شتە، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر ئێران لە ژێر گوشاردایە، ئەوا عیراق تا ئاستێك بەتایبەتی لە لایەنی ئابوورییەوە دەتوانێت بەر بەو گوشارانە بگرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...