سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » كلیلی نهێنی داعش

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

كلیلی نهێنی داعش

بەشی دووەم
دوای خستنەڕووی ئەم ژمارانەی لەبارەی توانای دارایی و سەرچاوە ئابوورییەكانی دەوڵەمەندكردنی داعش ئاشكراكراون كە بە چەندین ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، لەگەڵ هاوتەریبی دۆزینەوەی نهێنی پشتیوانە ناوخۆیی و كۆمەككارە شاراوە دەرەكیەكانی داعش، بەدەستهێنانی كلیلە ئەفسوناوییەكەیە، كە دەتوانرێت كارتی كاریگەری هەمەجۆری سیاسیی، ئەمنی، گوشار بخاتە دەستی بەرامبەر كە زیانلێكەوتوانی شەپۆلی تۆقاندنی داعش بوون لە عیراق و سوریا، هەروەها ئەو ناوچە و دەوڵەتانەش كە لەناكاو دەكەونە بەر پەلاماری تیرۆریستی لە ئەوروپا و ئەمریكا.
ئەم كلیلەش، كاتێك گرنكە لەو دەستە خەمخۆرە دابێت كە بەشوێن دیاریكردنی چارەنووسی راستەقینەی داعشەوە بێت، لەلایەك بۆ گێرانەوەی ئەو سامانە تاڵانكراوە، لەلایەكی دیكەشەوە وانە وەرگرتن لەو هەڵە گەورەیەی كە بەئاسانی رێگەدرا گروپێكی تیرۆریستی دەستی بە سەرچاوەی جۆراوجۆری دارایی بگات، كە هێزی بەرەنگاریی و توندڕەویی و تۆقاندنی پێدا. هاوكاتیش، كلیلە ئەفسوناوییەكە دەرگای ئەو ژوورە نهێنییە پڕ بەڵگەو دۆكیۆمێنتانە دەكاتەوە كە لە پشت بەهێزكردنی دارایی و قەبەكردنی بودجەی داعشەوە بوون لەسەر ئاستی بازرگانی ناوخۆیی و دەرەكی، بەڵام بەبێ تێگەیشتن لە بایەخ و بەكارهێنانی «كلیلە ئەفسوناوییەكە»، وەك ئەوە وایە دەرگا لەسەر هەمان مەترسی لەسەر پشت بێت.
دارایی، ترساندن ، میدیا، ئەو سێ هێزە سەرەكییە بوون كە تەكانی بە گروپی تیرۆریستی داعش لە عیراق و سوریادا، بەچەشنێك دەوڵەتی خەلافەت لە نەینەوای عیراق راگەیاند و سكەی لێدا و دراوی ئاڵتوونی بە شوێنكەوتووانی دەدا!.
ئەوەی داعشی بەهێزكرد و لەماوەیەكی كەمدا گەشەیكرد و فراوان بوو، پەیوەستبوو بە هێزە نادیارە داراییەكەی، كە خاڵی جیاكەرەوەی ئەم گروپە توندڕەوە چەكدارییە بوو، لە گروپەكانی پێش خۆی بەتایبەتی رێكخراوی ئەلقاعیدە.
پەردەلادان لەسەر نهێنییەكان و هەروەها خستنەڕووی سەرچاوەی هێزی داعش بەتایبەت كە لە بەهێزیی بودجە و داراییەكەیەوە بووە، دەرفەتی ئەوە بەهیچ دەسەڵات و حكومەتێك نادات، بێ پڕۆژەو پلانی جددی بێت، تاوەكو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە فەرامۆش بكات، هەم بۆ دۆزینەوەی داهاتی تاڵانكراوی ئەم دوو دەوڵەتە، هەمیش هانیان بدات بەشە شاراوەكەی دیكە بدۆزرێنەوە، بەو پێیەی داعش زۆر لەوە دەوڵەمەندتری دارایی بووە و تائێستا نەدۆزراونەتەوە، بەتایبەتی لە بانكەكانی دەرەوە.
بابەتێكی دیكەیش ئەوەیە چۆن بتوانرێت لایەنی دووەم، كە كڕیار و مامەڵەكارانی نەوت و بازرگانییە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بدۆزرێنەوە، چونكە ئەوە دەچێتە خانەی هاوكاریكردنی داعش و بەهێزكردنی دارایی ئەم گروپە تیرۆریستییە. بۆ ئەوەش هێزی دەوڵەتی پێویستە بەتایبەت سوریا و عیراق و هەرێمیش ئەم مەلەفە لە ئەنجومەنی ئاسایش، نەتەوەیەكگرتووەكان، كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بكەنەوە، تا رێچكەی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ بدۆزرێتەوە.
سێرچكردنی بەڵگە و دۆكیۆمێنت لەسەر ئەم بابەتە رێخۆشكەرە بۆ دەستیشانكردنی پشتیوانانی دارایی داعش و هەروەها دادگاییكردن، كە هاندەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافی قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوەی لەسەر كارەسات و تاڵانی داعش لە سوریا و عیراق.
لایەنی هەرە گرنگی ئەم بابەتەش پەیوەستە بەوەی هەم دڵی داعش لێدەدات، هەمیش شێوازەكەی دەبێتە چاولێكەری بۆ دروستبوون و سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی و توندڕەوی هاوشێوەی ئەلقاعیدە و داعش، بەتایبەت لە چنگكەوتنی سەرچاوەی دارایی و بودجە بۆ هەڵتۆقین و دروستبوونەوە لەبار بن، چونكە ئەو دوو دەوڵەتە هەمیشە ژینگەی لەباریان هەیە بۆ توندوتیژیی و بەریەككەوتنی ئیتنی و مەزهەبی، كە رێكە بۆ گێمی دیكە خۆش دەكەن، سەرباری ئەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی ناجێگر، بوونیان هەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...