سەرەکی » وتار » داستانى كۆڕێ

داستانى كۆڕێ

قادر عەزیز

رێكه‌وتنی ژێر خێوه‌ته‌كه‌ی (صه‌فوان) بۆ وه‌ستاندنی شه‌ر له‌ نێوان هاوپه‌یمانان و رژێمی به‌غدا، ده‌رفه‌تێكی به‌ رژێمدا كه‌ بپرژێته‌وه‌ سه‌ر داگیركردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌ رزگاركراوه‌كانی باشوری عێراق و كوردستان، به‌ تایبه‌تیش كه‌ له‌م رێكه‌وتنه‌دا مافی به‌كارهێنانی فرۆكه‌ی هه‌لیكۆپته‌ر به‌ رژێم درابوو، كه‌ ئه‌مه‌ش هاوكێشه‌ی هێزى له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌ قازانجی رژێم گۆری، ئه‌وه‌ بوو رژێم له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی هه‌لیكۆپته‌ر توانی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا راپه‌رینی خه‌ڵكی باشوری عێراق زۆر به‌ درندانه‌ سه‌ركوت بكات و دواتریش درێژه‌ به‌ په‌لاماردانه‌كانى بۆسه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان بدات، كه‌ توانی به‌ هه‌مان شێوه‌ی باشوری عێراق به‌شی زۆری ئه‌و شار و شارۆچكانه‌ش له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كۆنترۆڵ بكاته‌وه‌، هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانیش ئه‌وكاته‌ به‌هۆى كه‌می كاته‌كه‌ و نه‌بوونی پلانێكی تۆكمه‌ وه‌ك پێویست تواناى به‌رگرى هێزه‌كانى رژێمیان بۆ سه‌ر شاره‌كان نه‌بوو.
خه‌ڵكی كوردستانیش له‌ ترسی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی رژێم و وه‌ك ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كیش له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی داگیركه‌ر بۆ كوردستان شاره‌كانی چۆڵكرد و له‌ كۆڕه‌وێكی ملیۆنیدا خۆی گه‌یانده‌ سنوره‌كانی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا، وێنه‌ تراژیدیایه‌كانی كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر سنوره‌كان رای گشتی دونیای هه‌ژاند، بۆیه‌ زۆری نه‌برد له‌ ژێر ئه‌و فشاره‌دا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بریاری (688) بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام و دژه‌ فرینی كوردستان ده‌ركرد، رژێم دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان و هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی بریاری (688) هێزه‌كانی بۆ گه‌یشتنه‌ سنوره‌كان جوڵاند، له‌ هه‌ولێر دوای داگیركردنه‌وه‌ی پیرمام و سه‌ری ره‌ش هێزه‌كانی له‌ ئاماده‌باشیدا بوو بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شه‌قڵاوه‌ و جاده‌ی هاملتۆن.
له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌بوایه‌ به‌ هه‌ر نرخێك بێت پێشره‌وی هێزه‌كانی رژێم بوه‌ستێنێ، بۆ ئه‌مه‌ش باشترین شوێن گه‌لی كۆڕێ بوو، ئه‌وه‌بوو له‌ دوای چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ ره‌واندز و سارداو و دواجاریش له‌ باڵه‌كیان نه‌خشه‌ی شه‌ره‌كه‌ بریاری لێدرا، كاك مسعود بارزانی به‌رپرسی به‌ره‌ی كوردستانی بوو له‌ هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك، كاك كۆسره‌ت و كاك سامی عبدالرحمان و كاك فازڵ میرانی و به‌نده‌ش وه‌ك سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ هاوكاری بووین.
دوا كۆبونه‌وه‌ی به‌ره‌مان له‌ رۆژى 10/4/1991 له‌ گوندی (باله‌كیان) له‌ ماڵی حسین ئاغای گونده‌كه‌ بوو، زانیاری ته‌واو هه‌بوو كه‌ به‌یانی رژێم هێرشه‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات، بۆیه‌ دوای ته‌واوبوونی كۆبونه‌وه‌كه‌ من یه‌كسه‌ر به‌ره‌و خه‌لیفان به‌رێكه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ی له‌وێ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ هێزێكی پارتی گه‌ل به‌ سه‌رپه‌رشتی كاك پاڵه‌ كه‌ له‌ باره‌گاكه‌ی ئێمه‌ بوون له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م بۆ به‌ره‌ی شه‌ره‌كه‌، ئه‌وه‌بوو دانی ئێواره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هێزه‌كه‌ چووینه‌ (حوجران) كه‌ شوێنی كۆبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی بوو.
كه‌ گه‌یشتینه‌ حوجران كاك كۆسره‌ت كه‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ره‌ی شه‌ره‌كه‌ی ده‌كرد هێزه‌كانی دابه‌شكردبوو، له‌ رۆژهه‌ڵاتی گه‌لی كۆرێ هێزه‌كانی یەکێتی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌ی ئێمه‌ش زه‌حمه‌تكێشان و پارتی گه‌ل جێگیركران، رۆژئاوای به‌ره‌كه‌ش به‌ هێزه‌كانی پارتی و شیوعی و سۆسیالیست سپێردرابوو، وه‌ك چاوه‌روان ده‌كرا به‌یانیه‌كه‌ی 11/4/1991 كاتژمێر (5) هێرش و په‌لاماره‌كه‌ی رژێم ده‌ستیپێكرد. ده‌بابه‌كانی رژێم له‌ پێشه‌وه‌ى هێرشه‌كه‌دا بوون، به‌ڵام زۆری نه‌برد هێرشه‌كه‌ی رژێم له‌سه‌ر ده‌ستی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ تێكشكێندرا و چه‌ندین ده‌بابه‌ش له‌ شه‌ره‌كه‌ سوتا و ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، هێزه‌كانی یەکێتی كه‌ كاك كۆسره‌ت و شه‌هید حسن كوێستانی سه‌رپه‌رشتیان كرد رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی شه‌ره‌كه‌دا هه‌بوو، هه‌روه‌ك هێزه‌كه‌ی زه‌حمه‌تكێشانیش شان به‌ شانی هێزه‌كانی یەکێتی رۆڵی كاریگه‌ریان له‌ شه‌ره‌كه‌دا بینی، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌یشتنه‌ سه‌ر ده‌بابه‌كانیش، له‌بیرمه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا له‌ناو یه‌كێ له‌ ده‌بابه‌كاندا برێكی زۆر له‌ پاكه‌تی سۆمه‌ر و جل و میكیاجى ژنانه‌یان هێنابوو، دیاربوو سه‌ربازه‌كانی رژێم له‌ تاڵنكردنی دوكانه‌كانی هه‌ولێردا ده‌ستیان كه‌وتبوو، ده‌بێ بگوترێ كه‌ ئه‌م داستانه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ خوێنی (11) شه‌هیدى قاره‌مان نووسرایه‌وه‌، كه‌ (9) پێشمه‌رگه‌ی یەکێتی و (2) پێشمه‌رگه‌ی بزوتنه‌وه‌ بوون، هه‌روه‌ك له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا دكتۆر سه‌ردار كه‌ سه‌رپه‌رشتی هێزه‌كه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی ده‌كرد برینداربوو.
به‌مجۆره‌ شه‌ڕی كۆرێ وه‌ك نه‌خشه‌ی بۆ كێشرابوو شه‌ڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بوو له‌ وه‌ستاندنى پێشڕه‌وی هێزه‌كانی رژێم له‌ كوردستاندا، دیاره‌ له‌ ناوچه‌ی سلێمانیش هێزه‌كانی یەکێتی به‌هه‌مان شێوه‌ پێشڕه‌وی هێرشه‌كانی رژێمیان وه‌ستاندبوو، سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌م شه‌ڕانه‌دا بۆ دواجار هاوكێشه‌ی هێزی به‌ قازانجی كورد و هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌ی كوردستانی گۆری و رژێمی ناچار به‌ دانیشتن و گفتوگۆ كرد.
شكستی گفتوگۆش دواجار چه‌ندین هه‌نگاوی گه‌وره‌ و مێژوویی به‌دواى خۆیدا هێنا له‌ناویاندا كشانه‌وه‌ی ئیداراتی رژێم له‌ كوردستان و هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان و راگه‌یاندنی فیدرالیزم.
له‌ یادی (28) ساڵه‌ی داستانی مێژوویی كۆڕێدا سڵاو له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانى كوردستان و له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سڵاو له‌ یه‌ك ده‌نگی و یه‌كریزی گه‌لی كوردستان و هێزه‌ سیاسیه‌كانی كه‌ سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وته‌ گه‌وره‌كان هه‌میشه‌ به‌رهه‌می ئه‌و یەکێتی و یه‌كریزیه‌ بووه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا…

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا سه‌ربازييه‌كان و بێده‌نگى نێوده‌وڵه‌تیدا شاناز ...