سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هیندستان؛ گه‌وره‌ترین هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی جیهان

900 ملیۆن كه‌س به‌شدار یی ده‌كه‌ن

هیندستان؛ گه‌وره‌ترین هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی جیهان

رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌ له‌ هیندستان پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكردو زیاتر لە 40 رۆژ بەردەوام دەبێت‌و 900 ملیۆن كه‌س ده‌چنه‌ سه‌ر سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدان، بۆ دیاریكردنی 543 په‌رله‌مانتار.
ئه‌مه‌ 17ه‌مین خوله‌ كه‌ له‌م وڵاته‌دا هه‌لبژاردنی ئازاد بكرێ‌و له‌ساڵی 1951 ه‌وه‌ هه‌ر پێنج ساڵ جارێك ده‌کرێت. ئه‌و په‌رله‌مانه‌ش له‌ دوو ئه‌نجومه‌ن پێكدێت، كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران (لوك سه‌بها)و ئه‌نجومه‌نی پیران (راجیا سه‌بها)یه‌، له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك بنكه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ر 29 هه‌رێمەکەی دانراوه‌و تیایدا زیاتر له‌ 10 هه‌زار كاندید له‌ 293 پارتی سیاسی ركابه‌ری یه‌كتری دەکەن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی‌. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێك له‌ چه‌ند بازنه‌یه‌ك ده‌ستیپێكردووه‌و ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌ی پێده‌چێت، ئه‌نجامه‌كه‌شی له‌ 23 ی مانگی داهاتوو راده‌گه‌یه‌نرێت.

له‌ رووی تێچوونه‌وه‌، دووه‌مه‌
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ وڵاتێكی 1.3 ملیار هاووڵاتیدا به‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵبژاردنی سه‌ر رووی زه‌مین ده‌ژمێردرێت‌و له‌ هه‌موو هه‌رێمه‌كاندا 11 ملیۆن چاودێر‌و فه‌رمانبه‌ر له‌ بنكه‌كان سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن. له‌ رۆژانی هه‌ڵبژارندا كارمه‌نده‌كان به‌جۆره‌ها هۆكاری گواستنه‌وه‌ ده‌چنه بنكه‌كان، له‌وانه‌ به‌ فڕۆكه‌‌و ئۆتۆمبێل‌و شه‌مه‌ندۆفێر‌و بۆ ناوچه‌ شاخاوی‌و سه‌خته‌كانیش به‌ سواری وڵاخ‌و فیل‌و پایسكل‌و ماتۆڕو … هتد. له‌ رووی تێچوونیشه‌وه‌ له‌ دوای ئه‌مریكا دووه‌مینه‌و هه‌ر خولێك زیاتر له‌ پێنج ملیار دۆلاری تێده‌چێت.
(كریشنا مۆرسی) سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هیندستان ده‌ڵێت: ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر خۆناونووسكردنی كاندیده‌كان ده‌ستیپێكردوه‌و تا چوار هه‌فته‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن، پڕۆسه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌بووه‌. پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌ده‌چێ‌و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت. به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنیش كاندیده‌كان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ بانگه‌شه‌و خۆناساندن. هه‌ندێكیان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر به‌رتیلدان به‌ هاووڵاتیان‌و كڕینی ده‌نگ بۆ خۆیان، بۆیه‌ كۆمسیۆن رێوشوێنی توندی داناوه‌ بۆ سه‌رپێچیكه‌ران‌و سزادانی ئه‌و كاندیدو پارتانه‌ی له‌و پڕۆسه‌ دیموكراسییه‌دا سه‌رپێچی ده‌كه‌ن.
وتیشی: خۆ ساخته‌كاریش رووده‌دات، به‌ڵام به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌م‌و كۆمسیۆن ناتوانێت %100 پرۆسه‌كه‌ به‌ پاكی به‌ڕێوه‌ببات.

باهاراتیا جاناتا ده‌یه‌وێ حكومه‌ت پێكبهێنێته‌وه‌
هه‌ر پارتێك بیه‌وێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، پێویستی به‌ 272 كورسی هه‌یه‌، ئێستا پارتی (باهاراتیا جاناتا) گه‌وره‌ترینه‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌‌شدا (ناریندرا مۆنی) سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر لیستی پارته‌كه‌ی خولێكی دیکەش ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران. كێبڕكێی سه‌ره‌كی له‌ نێوان ئه‌و پارته‌و پارتی كۆنگره‌ی نیشتمانیدایه‌ كه‌ (راهول غاندی) سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات.
پارتی به‌هاراتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ خولی رابردووشدا 2014 به‌ 284 كورسی زۆرینه‌ی هێنا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پارتێكی هاوپه‌یمانیدا كه‌ 54 كورسییان هێنابوو، حكومه‌تی ئیئتیلافییان پێكهێنابوو، له‌م خوله‌شدا هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌ك پارتی ركابه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌كیان پێكهێناوه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانن زۆرینه‌ به‌ده‌ستبهێنن‌و لێیان ببه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی پێشبینی چاودێران، ئه‌و به‌خته‌یان نییه‌و هه‌ر ئه‌و پارته‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنێته‌وه‌و لێیان ده‌باته‌وه‌.

به‌رنامه‌ی جۆراجۆری پارت‌و قه‌واره‌كان
به‌رنامه‌ی پارته‌كان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا جۆراجۆره‌، هێڵی گشتیی به‌رنامه‌ی پارتی باهاراتیا جاناتا له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی هیندۆسی كار ده‌كاو خه‌بات ده‌كات له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنانی دەنگەکانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌و كاركردن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ماده‌ ده‌ستوورییه‌ی كه‌ مافی زیاتر ده‌داته‌ خه‌ڵكی جامۆو كشمیر. هه‌روه‌ها پارتی كۆنگره‌ كه‌ كۆنترین پارتی وڵاته‌كه‌یه‌، خه‌بات ده‌كات بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی بژێوی ژیان‌و داهاتی هه‌ر خێزانێك تا راده‌ی 72 روپیه‌ بۆ ساڵێك، كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی. به‌ڵام كۆنگره‌ی نیشتمانی خه‌بات ده‌كات بۆ نه‌هێشتنی بێكاری‌و په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵ‌و پاراستنی مافی ژنان‌و پێشخستنی بواری په‌روه‌رده‌.

سه‌رچاوه‌: پێگه‌ی كه‌ناڵی Tageschau
BBC عه‌ره‌بی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە ئەڵمانیا ململانێی نەوەکان بەرپا بووە

لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپادا ئەوە روونبۆوە کە ئێستا نەک ...