سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » كرانەوەی عیراق

كرانەوەی عیراق

دیپلۆماسی عیراق، ماوەیەكە بەشێوەیەكی چالاك دەردەكەوێت، دەركەوتنەكەش لەڕێی بەشدارییە لە كۆنگرە و كۆڕبەند و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان كە گۆڕێكی تر دەبەخشنە وڵاتەكە لەپێناو سەرلەنوێ‌ گەڕانەوە بۆسەر گۆڕەپانی سیاسی و بینینی رۆڵی میحوەری لە ناوچەكە و جیهان.
دیپلۆماسی ئێستای عیراق گەر لەسەر ئەم رێڕەوە رێبكات و هەنگاوەكانی بەمجۆرە هەڵبنێت، لە كایە سیاسی و ئابوریی و بازرگانییەكاندا گەشەسەندن بەخۆوەدەبینێت و دەكرێت بڵێین مایەی گەشبینییەوە و ڕێكردنە بەرەو ئەو ئایندە ئەرێنیەی كە عیراقییەكان لە دوای ساڵی 2003وە چاوەڕوانیان دەكرد.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران وەك هەندێك پێشبینی شكستیان لێدەكرد و پێیانوابوو پیاوی ئەركە قورسەكان نییە، بەپێچەوانەوە دەردەكەوێت و كار و كردەوەكانی ڕوو لە كرانەوە و چارەسەر و بوژاندنەوەی وڵاتن، بە تایبەتیش لە هەوڵەكانی بۆ دوورخستنەوەی عیراق لە كێشمەكێشە ئیقلیمییەكان و رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكان و زاڵكردنیان بەسەر ئەجێنداكانی تردا.
ئاراستەی قۆناغی «مەهدەوی» عیراق، روو لە چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ناوخۆ و بنبڕكردنی گەندەڵی و پێكهاتنەوەی نیشتمانی و دەوڵەتی هاوڵاتی و پێشخستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، و رەواندنەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییە ئەمنیانەیە كە پێشتر بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان و دووبەرەكی و پشكدارییەوە، بەڵا و نەهامنەتییان بەسەر وڵاتدا هێنابوو.
بە هەموو پێوەرەكان لەم ماوە كورتەدا، تیمەكەی سەرۆك وەزیران توانیویەتی، نینۆكی هەندێك لە كاربەدەستە خۆجێییەكان بكات، و رێگەیان لێبگرێت تا چی دی بە هەمان شێوەی پێشوو نەكەونە وێزەی هاوڵاتی و بە راست و چەپدا سەروەت و سامانی گشتی تەخشان و پەخشان نەكەن.
لەسەر ئاستی دەرەوەش، كرانەوەی عیراق بەڕووی ئاراستە جیاوازەكاندا، لایەنێكی تری ئەرێنی قۆناغی ئێستامان دەردەخات، لەلایەك مانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان زامن دەكات و لەلایەكی تریش گرەنتی دەداتە ئێرانی دراوسێ‌ كە رێگە نادرێت خاكی وڵات بۆ هێرشكردنە سەر كۆماری ئیسلامی بەكاربهێنرێت، كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی سعودیە لە بەغدا و چالاككردنەوەی خاڵی سنوری عەرعەر لە دوای نزیكەی سی ساڵ، روویەكی گەشتی تری ئەم تیمە نوێیە دەردەخات كە هێشتا چوار مانگ بەسەر لەدایكبونیدا تێنەپەڕیوە.
رەنگە قۆناغە مێژووییەكان جیاوازبن و كۆتایی هەندێك گەمە و سەرەتای دەستپێكردنی هەندێك گەمەی سیاسی تر بێت، بەڵام زۆرێك لە دەستەواژەكان روو لە هاتنەكایەی سەردەمی كرانەوە و بوژاندنەوەی و گەشەكردنی عیراقن، ئاماژەكانیش لەئێستاوە دەركەون و ئایندەش راست و چەوتی ئەم گەشبینی و پێشبینیە دەردەخات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سیاسەتی خۆبەدوورگرتن

ماوەیەكە زاراوەی سیاسەتی خۆبەدوورگرتن بۆتە ویردی سەر زوبانی سیاسەتوانان لە ...