سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » دانوستانی ئاشتی له‌ ئه‌فغانستان به‌ كوێ ده‌گات؟پەڕە 3

دانوستانی ئاشتی له‌ ئه‌فغانستان به‌ كوێ ده‌گات؟

سەرەڕای راگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی به‌هاره له‌ دژی هێزه‌كانی ئه‌فغانستان‌و هێزه‌ بیانییه‌كانی ناو ئه‌و وڵاته‌، بڕیاره‌ وه‌فدێكی باڵای بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ شاری ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی حكومه‌تی كابولدا كۆببێته‌وه‌‌و بۆ یه‌كه‌مجاریشه‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌، به‌شداریی به‌ ژنان ده‌كات له‌ گفتوگۆکانیدا.

ژنان به‌شداریی وه‌فده‌كه‌ ده‌كه‌ن
زه‌بیحوڵڵا موجاهید وته‌بێژی تاڵیبان ئاشکرایکرد: وه‌فدی بزووتنه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكی‌و نوێنه‌رانی حكومه‌تی كابول بۆ دانوستان كۆده‌بنه‌وه‌‌و بۆ یه‌كه‌مجاریشە ژنان به‌شداریی وه‌فده‌كه‌یان ده‌كه‌ن. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هه‌وڵدانێکە‌ بۆ ‌كۆتاییهاتنی جه‌نگی ئه‌فغانستان.
لای خۆیه‌وه‌، جین شاهین ئه‌ندامی لیژنه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: بوونی ژنان له‌ چوارچێوه‌ی وه‌فده‌كه‌ی تاڵیباندا، پێویسته‌ بۆ داهاتووی پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ئه‌فغانستان. وتیشی: ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی تاڵیبان ده‌یانه‌وێت پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستبهێنن، له‌ به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ كه‌ دان به‌گرنگیی بوونی ژنان‌و مافی مرۆڤدا بنێن.

150 كه‌سایه‌تیی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ: بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وه‌فدی تاڵیبان‌و ئه‌فغانستان له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت‌و زاڵمای خه‌لیلزاد نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئه‌فغانستان، گفتوگۆی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات.
سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكرده‌وه‌: كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوای زنجیره‌یه‌ك دیداری نێوان نوێنه‌رانی تاڵیبان‌و لێپرسراوانی ئه‌مریكا دێت لە ماوەی رابردووداو پێده‌چێت وه‌فدێكی پێكهاتوو له‌ 150 كه‌سایه‌تی سیاسه‌تمه‌دار‌و ره‌مزی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌فغانستان به‌شداریی تێدا بكه‌ن.

روسیا‌ و چین‌ و ئه‌وروپا‌ و ئه‌مریكا
مانگی‌ دووی ئه‌مساڵیش رۆژنامه‌كانی روسیا ده‌نگوباسی وتوێژی نێوان دیپلۆماتكارانی روسیا‌و چین‌و ئەوروپاو ئه‌مریكایان بڵاوكرده‌وه‌ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ تاڵیبان‌و ئه‌گه‌ری ده‌رهێنانی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ لیستی تیرۆر، كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ دانوستان.
له‌و رووه‌وه‌ رۆژنامه‌ی نیزاڤیسیمایا گازیتا له‌ بابه‌تێكیدا نووسیویه‌تی: له‌ واشنتۆن دانوستان تایبەتكراوه‌ به‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ ئه‌فغانستان، له‌سه‌ر ئاستی نوێنه‌رانی تایبه‌تی روسیا‌و چین‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان.
رۆژنامه‌ روسییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی دانوستانه‌كه‌، هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بایه‌خدار به‌ چاره‌سه‌ری ململانێی چه‌كدارین له‌ ئه‌فغانستان به‌ ئاراسته‌ی دیالۆگی‌ راسته‌وخۆی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و تاڵیبان. روونیشیكردۆته‌وه‌: دانوستانه‌كانی ئێستا به‌بێ به‌شداریی یاریزانه‌ ئیقلیمییه‌كانی وه‌كو هیندستان‌و پاكستان به‌ڕێوه‌ده‌چن‌و تیایاندا باسی دوورخستنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ لیستی تیرۆر گه‌رمه‌‌و له‌و رووه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌یه‌ كارته‌كانی له‌به‌رده‌م روسیا‌و چین‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئاشكرا بكات‌و گوێ له‌ بۆچوونه‌كانیشیان بگرێت.

تاڵیبان و پڕۆسه‌ی سه‌ربازیی به‌هار
بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی دانوستانی نێوان هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان‌و حكومه‌تی كابول له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر تاڵیبان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هێرشی به‌هاری به‌ناوی (نه‌سر) بۆ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌فغانستان‌و هێزه‌ بیانییه‌كانی ناو ئه‌و وڵاته‌ راگه‌یاند، كه‌ وه‌كو پابه‌ندبوونێك به‌ رێبازی جیهاد، هه‌موو ساڵێك هه‌ڵمه‌تی له‌و جۆره‌ ده‌كات.
به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فغانستانیش بڵاوكراوه‌كه‌یان به‌وه‌ ناوبرد كه‌ جگه‌ له‌ پڕوپاگه‌نده‌، هیچ شتێكی تر نییه‌. لای خۆشیەوە زالمای خه‌لیلزاد بەناوی حكومه‌تی واشنتۆنەوە ئەو بڕیارەی تاڵیبانی ئیدانەکردو له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر، روونیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌تی به‌هاری تاڵیبان بڕیارێكی هه‌ڵه‌شانه‌یه‌‌و هیچ شتێك پاساو نییه‌ بۆ توندوتیژی، چونكه‌ حكومه‌تی ئه‌فغانستان پلانی ئه‌منیی راگه‌یاندووه‌‌و گه‌لی ئه‌فغانستانیش راشكاوانه‌ ئاره‌زووی ئاشتیی ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ك داوای له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی پاكستان‌و قه‌ته‌ر كرد كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌فغانستان ئاشتییان ده‌وێت، ده‌بێ له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه‌ بنێن. زاڵمای خه‌لیلزاد جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ یارمه‌تیدانی سوپا‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌فغانستان به‌رده‌وام ده‌بێ‌و وتیشی: هه‌وڵده‌ده‌ین بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆببنه‌وه‌‌و پێویسته‌ هه‌موویان سنوورێك بۆ توندوتیژی دابنێن‌و دیالۆگ ده‌ست پێبكه‌ن‌و نه‌خشه‌ رێگه‌یه‌ك دابنێن.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریکا و تورکیا و سیستمی موشەکی ئێس 400

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، واشنتۆن دوو ھەفتەی داوەتە ...