سەرەکی » وتار » ئازادی‌ ده‌ربڕین

ئازادی‌ ده‌ربڕین

دادوه‌ر عه‌لی‌ كه‌مال

ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ به‌ یه‌كێك له‌ مافه‌ پیرۆزه‌كانی‌ مرۆڤ ئه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش چه‌مكێكی‌ نوێ نییه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامی‌ پێشكه‌وتنی‌ ته‌كنۆلۆژیا له‌ بواری‌ چاپه‌مه‌نی‌‌و پێشكه‌وتنی‌ ئامرازه‌ نوێیه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ كردنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، به‌ڵام وه‌ك چه‌مكی‌ په‌یوه‌ندی‌‌و ده‌ربڕین به‌ قوڵایی مێژووی‌ دێرینه‌ی‌ خودی‌ مرۆڤدا رۆچووه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ پته‌وی‌ به‌ ئازادی‌ بیرو راو گوزارشته‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌شی هه‌ره‌ گرنگی‌ ئه‌و ئازادییه‌ن. ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ چه‌مكی‌ جۆرا‌و جۆر له‌ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ، ده‌كرێ له‌ گۆشه‌نیگا‌و تێڕوانینی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ لێی‌ بڕوانین‌و ده‌شكرێ له‌ رووی‌ ده‌ستووره‌وه‌ سه‌یری‌ بكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌كرێ له‌ گۆشه‌نیگای‌ ئابووری‌ سیاسیشه‌وه‌ لێی‌ بڕوانین.
پێویسته‌ بوترێ، شتێك نییه‌ بتوانین ناوی‌ بنێین مافی‌ ره‌ها، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ مافه‌كان مافی‌ مرۆڤن، هه‌رچه‌نده‌ زۆرجار وا سه‌یری‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌هایه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ره‌ها نییه‌‌و ده‌بێ پێودانگێكی‌ هه‌بێت، ئه‌وجا ئه‌و پێودانگه‌، به‌ سروشتی‌ خۆی‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتییه‌وه‌ یان په‌یوه‌ست بێت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌یان به‌ پێی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ پڕۆژه‌كه‌ بڕیاری‌ لێ ده‌درێت. ماف ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نها خۆی‌ لێی‌ بڕوانین بابه‌تێكی‌ ره‌هایه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌ رێژه‌یی كاتێك كه‌ له‌گه‌ڵ زۆر بابه‌تی‌ تردا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ مافی‌ موڵكایه‌تی‌ مافێكه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌ چه‌سپاوه‌‌و له‌ زۆربه‌ی‌ په‌یماننامه‌‌و رێكه‌وتننامه‌‌و ده‌رستووره‌كانی‌ جیهاندا دانی‌ پێدانراوه‌، هه‌موان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن خاوه‌ن موڵك مافی‌ ره‌های‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ چی‌ له‌ موڵكه‌كه‌ی‌ ده‌كات، به‌كاری‌ ده‌هێنێت، به‌رهه‌می‌ ده‌هێنێت، ده‌یفرۆشێت، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ستدرێژی‌ كردنه‌ سه‌ر موڵكی‌ كه‌سێك له‌لایه‌ن یاساوه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، یاساكان دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ ده‌ست ببرێت بۆ موڵكی‌ هیچ كه‌سێك، ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ یاسا خۆی‌ بڕیاری‌ لێ ده‌دات، به‌ڵام له‌مه‌شیاندا دیسانه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ یاسا رێكخراوه‌‌و كه‌سی خاوه‌ن موڵك هه‌ر به‌ بڕیاری‌ یاسا بۆته‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و موڵكه‌، ئه‌مه‌ش دیسان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ رێكخراوه‌.
ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ به‌و پێیه‌ی‌ له‌ كۆنترین مافه‌كانی‌ مرۆڤه‌‌و زۆربه‌ی‌ په‌یماننامه‌‌و رێكه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و ده‌ستووره‌ جیهانییه‌كانیش دانیان پێدا ناوه‌‌و جێگیریان كردووه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌‌و جێگیر كراوه‌، ئه‌ی‌ هیچ كۆت‌و به‌ندێك یان پێودانگێكی‌ له‌به‌رده‌م دانراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ مافی‌ موڵكایه‌تی‌ تایبه‌تدا هه‌یه‌؟ یان به‌ واتایه‌كی‌ دیكه‌ ده‌كرێ بپرسین، ئه‌م جۆره‌ له‌ ئازادی‌ به‌ جۆرێك ناوبراوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ چاودێری‌ ده‌ستی‌ پێی‌ نه‌گات‌و كۆت‌و به‌ندی‌ به‌رپرسیاریی له‌سه‌ر نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خراپیش به‌كار هێنرا؟ له‌مه‌یاندا ده‌بینین یاسا هه‌ندێك به‌رپرسیاری‌ به‌سه‌ر ئازادی‌ رۆژنامه‌وانیدا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌وجا یان له‌به‌ر پێویستییه‌كی‌ دیاریكراوی‌ تایبه‌ت به‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ ده‌بێت، یان پێویستییه‌كه‌ بۆ پاراستنی‌ به‌رژوه‌ندی‌ تایبه‌ت، له‌م نێوانه‌شدا تاكه‌ پێوه‌ر كه‌ گونجاو بێت بۆ دانانی‌ سنوور له‌به‌رده‌م ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌یه‌ كه‌ باڵاتره‌، جا باڵاتربوونیشی‌ به‌هۆی‌ مافی‌ ماددییه‌وه‌ بێت یان مافی‌ مه‌عنه‌وییه‌وه‌. به‌ واتایه‌كی‌ دیكه‌، كاتێك مافی‌ راده‌ربڕین‌و مافی‌ رۆژنامه‌وانی‌ سنووردار ده‌كرێت، كه‌ دانانی‌ سنوور یان كۆت‌و به‌ند له‌سه‌ری‌ له‌ پێناو پاراستنی‌ مافێكی‌ تردا ده‌بێت كه‌ یان باڵاتره‌ له‌و مافه‌ یان لانیكه‌م هاوشان‌و هاوكوفی ئه‌و مافه‌یه‌.
بڵاوكردنه‌وه‌ له‌م رۆژگاره‌ پڕ له‌ ته‌كنۆلۆژیا‌و ته‌قینه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌دا به‌ دوو رێگه‌ ده‌كرێت، رێگه‌یه‌كیان ده‌كرێ زاره‌كی‌ بێت، وه‌ك قسه‌كردن‌و هاوار كردن‌و ئه‌و جۆره‌ شێوازه‌ باوانه‌، یان به‌رێگه‌ری‌ نووسین‌و جۆره‌كانی‌ هونه‌ری‌ نووسین له‌ بابه‌تی‌ نیگاركێشان‌و وێنه‌گرتن‌و ڤیدیۆ‌و سیمبول‌و نامه‌‌و هه‌ر جۆره‌ شێوازێكی‌ تری‌ ده‌ربڕین، جا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ بێت، یان پیشاندانی‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی‌ شانۆ‌و سینه‌ما‌و ته‌له‌ڤزیۆن‌و رادیۆ، یاخود به‌ شێوازی‌ كتێب‌و بڵاوكراوه‌‌و چاپكراوه‌كانی‌ تر، زۆر جارێش له‌ رێگه‌ی‌ رۆژنامه‌‌و بڵاوكراوه‌ وه‌رزی‌‌و ناوبه‌ناوه‌كان‌و گۆڤاره‌كان جێبه‌جێ ده‌بێت. گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ تاوانه‌كانی‌ بڵاو كردنه‌وه‌ به‌قه‌د جۆرا‌و جۆربوونی‌ ئه‌و ئامراز‌و شێوازانه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ جۆرا‌و جۆرن‌و ده‌كرێ تاوانی‌ بڵاو كردنه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ سینه‌ما‌و شانۆوه‌ بێت، یاخود له‌ رێگه‌ی‌ ته‌له‌ڤزیۆن‌و رادیۆ، یان تاوانی‌ بڵاو كردنه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ بلاو كردنه‌وه‌ی‌ كتێب‌و رۆژنامه‌‌و بڵاوكراوه‌ وه‌رزییه‌كانی‌ تره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.
هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ رۆژنامه‌وانی‌ یه‌كێكه‌ له‌ سیما‌و رواڵه‌ته‌كانی‌ ئازادی‌ بیر‌و را ده‌ربڕین، زۆریش له‌ ده‌ستوور‌و په‌یماننامه‌كان داوایان كردووه‌ ئه‌و مافه‌ جێگیر‌و فه‌راهه‌م بكرێت، ئه‌وه‌تا ده‌بینین عوسبه‌تول ئومه‌م زۆر كۆڕ‌و كۆنگره‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ست له‌ جنێڤ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌رتی‌ رۆژنامه‌وانی‌ رووبه‌ڕووی‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌و وڵاتانه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ عوسبه‌تول ئومه‌من، یان چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ رووبه‌ڕووی‌ بواری‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌رده‌وام داوایان ده‌كرد‌و جه‌ختیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و مافه‌ وه‌ك مافێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ ده‌ستوور‌و یاساكاندا جێگیر بكرێت.
به‌ڵام له‌ رۆژگاری‌ ئه‌مڕۆدا، كه‌ سیستمی‌ جیهانی‌ خۆی‌ له‌ ته‌نگژه‌دایه‌‌و زۆر وڵات هه‌ن ناویان له‌خۆیان ناوه‌ وڵاتی‌ دیموكراسی‌، بێئه‌وه‌ی‌ دیموكراسییان به‌ ته‌واوی‌ جێبه‌جێ كردبێت‌و زۆر وڵاتیش هه‌ن كه‌ هه‌ر دان به‌ دیموكراسیدا نانێن، ده‌بینین له‌و وڵاتانه‌ مافی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ وه‌ك پێویست ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌‌و كۆت‌و به‌ندی‌ زۆر له‌به‌رده‌می‌ رۆژنامه‌وانیدا دانراوه‌، كه‌ زۆربه‌ی‌ كۆت‌و به‌نده‌كانیش په‌یوه‌ستن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵات‌و پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ده‌سته‌بژێرێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان قۆرغ كردووه‌، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تاكه‌ هه‌ڵوێستیان ته‌نها له‌ ئیدانه‌ كردندا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌، یان ته‌نها ساڵانه‌ ئاماری‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ مافی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌‌و هیچی‌ تر، وه‌ك ئاماری‌ ساڵانه‌ی‌ رێكخراوی‌ په‌یامنێرانی‌ بێسنوور‌و رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و زۆر رێكخراوی‌ تریش كه‌ گرنگی‌ به‌و بابه‌ته‌ ده‌ده‌ن.
ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دیده‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریکا لە نێوان بژاردەی جەنگ و گفتوگۆ …

ئەمریکا لە نێوان بژاردەی جەنگ و گفتوگۆ کامیان هەڵدەبژێرێ؟ بڕوا ...