سەرەکی » ئاراستە » گێرانه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ دووخۆپیشاندانی‌ جەماوەری و قوتابیانی‌ كۆیه‌

گێرانه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ دووخۆپیشاندانی‌ جەماوەری و قوتابیانی‌ كۆیه‌

رزگار سەلیم

به‌شی دووه‌م و کۆتایی

كه‌واته‌ توانیمان گیان پاكی‌ و زمان پاكی‌ خۆمان بپارێزین، ئه‌مه‌ش گرنگی‌ زۆری‌ هه‌بوو، كه‌ئێمه‌ی‌ قوتابی‌ وه‌فاداری‌ یه‌كترین و دوژمن به‌ئێمه‌ ناوێرێت گه‌ر یه‌كگرتوبین. له‌لای‌ فولكه‌ی‌ سه‌را، تووشی‌(توفیق ئاغا)بووین،-هه‌زار ره‌حمه‌تی‌ خوای‌ لێ‌ بێت، وتی‌ ئه‌مه‌ چییه‌؟چیده‌كه‌ن؟ توفیق ئاغا ئه‌وكات به‌ته‌مه‌ن بوو زانی‌ ئێمه‌ هیچ له‌باره‌ی‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نازانین و ده‌كه‌وینه‌ ناو كه‌مینی‌ به‌عسه‌وه‌، له‌و باوه‌ڕه‌دابووم زۆری‌ پێ‌ ناخۆش بووبێ‌، چونكه‌ ده‌یزانی‌ دڕنده‌یی‌ به‌عس چۆنه‌و ئێمه‌شی‌ به‌هه‌رزه‌كاری له‌قه‌ڵمدا بووین، له‌و مشت ومڕه‌یه‌ دا بووین دوو سیخوڕ لێمان په‌یدابوو كه‌له‌بازاره‌وه‌ ده‌هاتنه‌وه‌، گوێ‌ بیستی‌ گفتوگۆی‌ ئێمه‌ بوون،دیاربوو له‌بازاریشه‌وه‌ ئه‌وه‌یان زانی بوو كه‌ئاژاوه‌ك هه‌یه‌ هه‌رزوو هه‌ستیان به‌شتێكی‌ زه‌ق كردوو گه‌رچی‌ ئه‌وان عه‌ره‌ب بوون ئێمه‌ش كورد بووین، لێمان هاتنه‌ پێشو ها ئه‌مه‌چییه‌؟ توفیق ئاغا راسته‌خۆ هاته‌ وه‌ڵام ووتی‌ ئه‌مانه‌ لاعیبن و ئه‌مڕۆ ڕه‌شه‌بایه‌ له‌یاریگای‌ كۆیه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ شته‌كه‌ی‌ بۆ گۆڕین… له‌م قسانه‌ دابووین، كه‌چی‌ دوو قوتابی‌ به‌ناوه‌كانی‌ (سالار محمود و بێستون ره‌فیق) وتیان نا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت مامۆستاكانمان بۆ
به‌ربدرێت، ئه‌وانیش له‌سه‌ره‌ خۆو به‌چاوێكی‌ دوژمنانه‌وه‌ وتیان: كێ‌ ده‌یه‌وێت بێت مامۆستاكه‌ی‌ بۆ به‌ر بده‌ین بابێت له‌گه‌ڵمان تاكو بۆی‌ به‌ربده‌ین! هه‌ندێك له‌قوتابیان به‌ودڵه‌پاك وبێگه‌رده‌یان، چوونه‌ پاڵیان وبه‌گه‌ریان كه‌وتن وه‌ك(سالار محمود و بێستون ره‌فیق) راسته‌خۆ كه‌وتنه‌ شه‌ق ولێدانیان تاماوه‌یه‌كیش چاوه‌ڕوانمان كردن كه‌بگه‌رێنه‌وه‌ وه‌ك بڵێی‌ زانیمان گیراون ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی‌ ماینه‌وه‌ به‌ره‌و خوێندنگا به‌ڕێ‌ كه‌وتینه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆلی‌ دووه‌می‌ ناوه‌ندی‌ وسێی‌ ناوه‌ندیش بهێنین دووباره‌ بیكه‌ینه‌وه‌ خۆپیشاندان،هێندێكمان به‌كۆڵانه‌كانی‌ كۆیه‌ دا ڕۆیشتین به‌ره‌و قوتابخانه‌كه‌مان وهه‌ندێكی‌ تریشمان جاده‌ وجاده‌ به‌رێكه‌وتن، كه‌گه‌یشتینه‌ فولكه‌ی‌ حاجی‌ قادری‌ ئێستا وهه‌موومان گه‌یشتینه‌وه‌ یه‌ك، كه‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌ قوتابخانه‌مان نێزیك بووینه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان زانی‌ دوو سه‌یاره‌ی‌ سپی‌ وه‌ك لاندگرۆزه‌ری‌ ئێستا به‌یه‌ك چركه‌ له‌چوارلاوه‌ ده‌رگایان كرده‌وه‌ (قوات خاصه‌كان) لێی‌ دابه‌زین و به‌رووماندا هاتن وكه‌وتنه‌ ڕاوه‌دونانمان، سه‌ردار ئه‌حمه‌د وه‌یسی‌ ئێستاش شوێن برینی‌ لێدانی‌ ده‌رگای‌ سه‌یاره‌كه‌ی‌ سیخوره‌كانی‌ پێوه‌ دیاره‌ ،ئێمه‌ش هه‌ر یه‌كه‌مان به‌ره‌و كۆڵانه‌كانی‌ ناوشاری‌ ده‌ستمان به‌ڕاكردن كرد.
ته‌نها سه‌باح ڕه‌شید نه‌بێت خۆی‌ كرده‌ دوكانی‌ وه‌ستا ئه‌میری‌ حه‌داد ئه‌وكاتی‌ وه‌ستا له‌دوكان نه‌بوو، ئێستا شوێنی‌ دوكانه‌كه‌ په‌یكه‌ری‌ حاجی‌ قادری‌ لێ‌ داندراوه‌، سیخورێك لێی‌ هاتبووه‌ پێش و وتبووی‌:كێ‌ خاوه‌نی‌ ئه‌م دوكانه‌یه‌؟ سه‌باحیش ئازایانه‌ له‌وه‌ڵامدا وتبووی‌ من، زۆر باشه‌ مه‌ترسه‌ دانیشه‌، به‌ڵام سیخوره‌كان به‌دوای‌ قوتابیان كه‌وتن به‌ڕاكردن و ده‌مانچه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ له‌ئه‌نجامدا ئه‌م قوتابیانه‌ گیران (رزگار عمر له‌ گه‌ره‌كی‌ سه‌ر قازیلان و به‌رزانی‌ قادریاسین و نه‌وزاد محێدینیش له‌بن تاقان) له‌گه‌ره‌كی‌ قه‌ڵاتدا. هه‌ر یه‌كه‌مان خۆمان شارده‌وه‌ له‌ماڵه‌ خزمان ئه‌وانه‌ی‌ نه‌گیراین، كه‌سمان نه‌چووینه‌وه‌ ماڵێ‌ خۆمان بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ ڕۆژ، بۆدوای‌ نیوه‌رۆش چه‌ندكۆپته‌رێك به‌سه‌رئاسمانی‌ كۆیه‌ ده‌سورانه‌وه‌ به‌بۆچونی‌ به‌نده‌ وایان بۆده‌چووبه‌عسیه‌كان نه‌وه‌ك پێشمه‌رگه‌ هێرشی‌ ناوشاری‌ كۆیه‌ بكات بۆ ئازادكردنی‌ به‌ندكراوه‌كان.
ماوه‌ی‌ مانگێكیش لێكۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كردین، به‌گوێره‌ی‌ بیروبۆچوونی‌ ئه‌وان گومانیان له‌وه‌ دابوو، ئێمه‌ هانده‌رێكمان له‌پشت بووبێت و خۆشبه‌ختانه‌ش كه‌سیش ناوی‌ كه‌سی‌ نه‌ده‌دا، هه‌ر بۆیان ئاشكرا نه‌بوو، به‌ڵام چه‌ند قوتابییه‌كمان لێ‌ گیرا: -1دڵدار عبدالرحمن ته‌ها، ته‌نكه‌ ڕیشێكی‌ هه‌بوو به‌وه‌ ئازاریان پێ‌ ده‌دا و چڵ ڕۆژ گیرا. -2سه‌فیری‌ ئه‌حمه‌دی‌ خاره‌ی‌ ئه‌میش چل ڕۆژ گیرا. -3شێخ كه‌ریمی‌ شێخه‌روان به‌مووی‌ سینگی‌ ئازارایان ده‌دا. -4سالار مه‌حمود كه‌گیرا له‌ دووایشداحوكمی‌ دادگایان به‌سه‌ر داسپێندرا له‌گرتوخانه‌ی‌(ابوغریب) له‌به‌غدا و له‌دوای‌ ساڵێك به‌عه‌فو ئازاد كرا له‌به‌ندیخانه‌.
-5ڕزگار عمر محمود. -6نه‌وزاد محی‌ الدین. -7به‌رزان تۆفیق قادر یاسین. -8ئازادی‌ عمری‌ زێرینگر. -9كاوه‌ عبدالرحمان.
-10ئیبراهیم قادر ڕشید. هه‌موویان به‌ربوون ته‌نها سالار محمود حوكم درا.
یاده‌وه‌ریه‌كی‌ مامۆستاعزیز ره‌سول بۆی‌ گێرامه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ قوتابی‌ سالار محمود له‌ ته‌عزیبی‌ به‌ندیخانه‌: به‌عسیه‌كان كه‌لێیان ده‌داو ته‌عزیبیان ده‌دا ده‌مزانی‌ ته‌حه‌موولی‌ لێدانه‌كه‌ ناكات چونكه‌ هه‌رزه‌كاربوو،به‌نده‌ له‌و كاتی‌ جنێوم به‌به‌عسیه‌كان ده‌دا به‌ناچاری‌ وازیان له‌سالاری‌ ده‌هێنا وده‌هاتنه‌وه‌ گیانی‌ من له‌منیان ده‌دایه‌وه‌ وته‌عزیبیان دەدامەوە ته‌نهامه‌به‌ستیشم ئه‌وه‌ بوو سالار به‌رگه‌ی‌ لێدانی‌ نه‌ده‌گرت وئیعتراف نه‌كات له‌به‌ر زۆر ته‌عزیب دانی‌.
ئه‌م خۆپیشاندانه‌ گه‌رچی‌ زۆر ساده‌ بوو، به‌ڵام گه‌وره‌یی‌ خۆی‌ پێوه‌ دیار بوو، ئیسپاتیشمان كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌مشدا شۆڕشێكی‌ بچووكی‌ خوێندكارانمان سازدا له‌ساته‌وه‌ختێكی‌ وا ناسك و دژواردا، به‌م شێوه‌یه‌ش دڵی‌ به‌عسییه‌كانی‌ كۆیه‌مان به‌ترس هێناو مه‌به‌سته‌كه‌مان پێكا، گه‌رچی‌ سه‌ركه‌وتوونه‌بووین بۆ ئاواته‌كانمان، به‌ڵام جۆره‌ ئازادییه‌كمان پڕژانده‌ سه‌ریان، ئه‌وكاتیش به‌نده‌ ئه‌و دێره‌ شیعره‌م بۆ هات، هه‌ر كاتێكیش باسی‌ خۆپیشاندان كرابایه‌،ئه‌ودێڕه‌ی‌ منیان ده‌ووته‌وه‌.ئه‌ویش بریتی‌ بوو: (پۆلی‌ پێنجه‌می‌ زانیاری‌-هه‌ڵیان كرد ئاڵای‌ بێزاری‌).

له‌سێداره‌دانی‌ سه‌ركرده‌‌ (جه‌عفه‌ری‌ مام واحید كۆیی‌)
ئه‌مانه‌ بوون به‌ئێمه‌یان وت:ده‌ست هه‌ڵنه‌گرن، ده‌ست له‌دوژمن نه‌پارێزن،ئێمه‌خاوه‌ن خاكی‌ خۆمانین، خۆتان ڕێك بخه‌نه‌وه‌، گه‌نج و لاوانی‌ شۆڕشگێڕو زیندوو ئاگادار كه‌نه‌وه‌ بڵێن: وا شۆڕشی‌ كورد به‌ڕێوه‌یه‌، ده‌ی‌ كوڕ گه‌لینه‌ هه‌ستن وهۆشتان بكه‌نه‌ پیشه‌ی‌ ڕۆژانه‌تان و بڵێن كوا شه‌وقی‌ ڕۆژی‌ ئازادی‌، خرپه‌ خرپ و مقۆمقۆ له‌ناو دوژمن دروست بكه‌ن و نه‌هێڵن له‌خۆیان بایی‌ بن وئاسوده‌ بژین له‌ كوردستانی‌ ئازیزماندا، ده‌ست و برد كه‌ن و ڕاپه‌ڕن ڕۆژی‌ ڕووناكی‌ له‌ئێمه‌ نزیك بۆیته‌وه‌..له‌كاتی‌ له‌سێداره‌دانی‌ شه‌هید جه‌عفه‌رو هێنانه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ بۆ كۆیه‌ له‌ ڕۆژی‌ 21-11-1976، خه‌ڵكی‌ كۆیه‌ ڕێپیوانێكیان دژ به‌ حكومه‌تی‌ به‌عس ده‌سپێكرد، له‌كاتی‌ بردنی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ بۆ گۆرستانی‌ قشڵه‌ له‌ كۆیه‌ ،شله‌ژانێكی‌ زۆر په‌یدابوو له‌نێوان جه‌ماوه‌ری‌ شاری‌ كۆیه‌و دارده‌سته‌كه‌ی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ له‌كۆیه‌ و بردنی‌ ته‌رمی‌ شه‌هید بۆ قه‌برستان به‌ ئاماده‌ بوونی‌ جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆر به‌رێوه‌چوو، له‌ مه‌ڕاسمێكی‌ وادا كه‌ هه‌رگیز به‌عس چاوه‌روانی‌ به‌و شێوه‌ی‌ له‌ كورد نه‌ده‌كرد له‌باڵا ده‌ستی‌ خۆی‌ و له‌گه‌ڵ وره‌ی‌ جه‌ماوه‌ر و له‌نه‌مانی‌ شۆرشی‌ كورد وسه‌ركوتكردنی‌ جاوه‌ری‌ به‌شه‌ره‌فی‌ كوردستان به‌گشتی‌، به‌وتافلێدان خرۆشان ئه‌وه‌ش وای‌ كرد داروده‌سته‌ی‌ به‌عسی‌ له‌كۆیه‌،له‌دوای‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌، بڕیاریاندا بۆخۆیان ته‌رمی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستان به‌خاك بسپێرن ودانانی‌ پرسه‌شیان قه‌ده‌غه‌ كرد،ڕایانگه‌یاند به‌فه‌رمی‌ جارێكی‌ تر شه‌هید جا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك شه‌هید بووبێت به‌ كه‌س وكارەكانیان نه‌درێته‌وه‌.. ده‌توانم بڵێم له‌دوای‌ كۆتای‌ هاتنی‌ شۆرشی‌ 1975،ئه‌وه‌ یه‌كه‌م خۆپیشاندان بوو له‌دژی‌ دام وده‌زگاكانی‌ به‌عسی‌ بكرێت نه‌ك هه‌ر له‌كۆیه‌، به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستانیش،له‌ ساته‌وه‌ختێكی‌ ئاوادا كه‌تروسكایی‌ شۆرش نه‌ما بوو له‌ دڵی‌ كورداندا، له‌باشوری‌ كوردستان ئه‌ومرۆڤه‌ به‌رزه‌ش به‌رووی‌ په‌تی‌ سێداره‌وه‌ بچیت به‌ده‌م پێكه‌نین و (ئه‌ی‌ ڕه‌قیب و كه‌م بژی‌ که‌ڵ بژی‌ ) په‌تی‌ سێداره‌ له‌ملی‌ خۆی‌ بئاڵێنێت !!.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌م دوو خۆپیشاندانه‌ گه‌ر كۆییه‌كان له‌زاری‌ یه‌كتریه‌وه‌ باسی‌ بكه‌ن، كه‌چی‌ به‌داخه‌وه‌ پێشتر شتی‌ له‌وباره‌وه‌ نه‌نووسراوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...