سەرەکی » وتار » ئارام عه‌لی‌ عه‌زیز » به‌هاری‌ شكۆمه‌ندیی هه‌میشه‌یی

ئه‌ندێشه‌

به‌هاری‌ شكۆمه‌ندیی هه‌میشه‌یی

خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ملێۆنیه‌كانی‌ سودان و جه‌زائیر، شه‌پۆلی دوه‌می‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بین، كه‌ راستتره‌ پێی بگوترێت: به‌هاری‌ ئینسان، یان بووژانه‌وه‌ی‌ شارستانیی، چونكه‌ له‌لایه‌ك ئه‌و هه‌ستانه‌وانه‌ دوای‌ سه‌رده‌مانێكی‌ زۆری‌ زاڵبوونیی سیسته‌مه‌ دیكتاتۆریه‌ چه‌پڕه‌و راستڕه‌وه‌كان دێن له‌جوگرافیایه‌كی‌ خاوه‌ن ره‌گوڕیشه‌ی‌ مێژوویی و شارستانی‌ قووڵ، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌یشه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان خۆڕسكن و هه‌موو چین و توێژه‌كانی‌ له‌و په‌ڕی‌ چه‌په‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی‌ راست تێدا كۆبۆته‌وه‌، دواكارییه‌كانیشیان داواكاری‌ ئینسانین، كه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ شكۆمه‌ندیی بۆ مرۆڤ و به‌دیهێنانی‌ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وهه‌ری‌ ئایدۆلۆجیه‌كه‌ی‌ پێكده‌هێنێت و، سه‌ركرده‌و سیمبوله‌كانیشیان كه‌سانێكی پێشتر نه‌ناسراوو هه‌ڵقوڵاوی‌ ناو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ن.
ئه‌م شه‌پۆلی دووهه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌گاته‌جێ و له‌سوودان و مه‌غریبی‌ عه‌ره‌بی به‌رجه‌سته‌ده‌بێت، كه‌ ده‌وڵه‌تانی‌ دیكه‌ی‌ شه‌پۆلی یه‌كه‌می‌ به‌هاره‌كه‌ له‌قۆناغی جیاجیای‌ ململانێ و كێشمه‌كێشمدان له‌گه‌ڵ پاشماوه‌كانی‌ سیسته‌می‌ كۆن و ده‌ستوه‌ردانی‌ هێزی‌ ده‌ره‌كیدا، وه‌كو كه‌ له‌كوده‌تای‌ سه‌ربازی‌ سیسیی میسریی و ده‌ستوه‌ردانیی‌ سه‌ربازیی‌ ده‌ره‌كیی‌ له‌لیبیاو سوریادا ده‌بینرێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای‌ توندیی و به‌هێزیی ئه‌و ململانێ و ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كیانه‌، نه‌توانراوه‌ ره‌وتی‌ ئیجابیانه‌ی‌ گۆڕانكاریه‌كان بوه‌ستێنرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دیالێكتیكیه‌تی‌ رووداوه‌كان رۆژ به‌رۆژ زیاتر زه‌مینه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ كۆن ( به‌ده‌سه‌ڵات و معاره‌زه‌وه‌ ) ناهێلێیت، كه‌ درێژكراوه‌ی‌ سیسته‌می‌ سته‌مكاریی جیهانیه‌ له‌ناوچه‌كه‌مانداو، له‌به‌رامبه‌ریشدا كه‌ره‌سته‌ی‌ پێویستی‌ بنیاتنانی‌ سیسته‌می‌ نوێی دادپه‌روه‌ر له‌هه‌موو بواره‌كاندا فه‌راهه‌م ده‌كات.
لێكدانه‌وه‌ی‌ سه‌رپێیانه‌ی‌ ئه‌و رووداوانه‌ له‌رووی‌ ناونان و ناوه‌ڕۆك و گرێدانی‌ سه‌ركه‌وتن یان سه‌رنه‌كه‌وتنی پڕۆسه‌كه‌و به‌ستنه‌وه‌ی‌ به‌نمونه‌ی‌ ره‌وشی ئێستای‌ وڵاتێك له‌وڵاتانه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیی ( كه‌ هه‌ر هه‌مویان له‌قۆناغێكی راگوزه‌ردان و تا ئێستا گۆڕانكاریه‌كه‌ تیایدا شێوه‌ی كۆتایی خۆی وه‌رنه‌گرتوه‌) كارێكی‌ نازانستیی و ناڕاسته‌، چونكه‌ ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ له‌سیسته‌میی‌ حوكمڕانیدا، گۆڕانكاریی گشتگیرو دریژخایه‌نن و كاری‌ رۆژێكودوان و ساڵێكودوان نین، ئانوسان و تایبه‌تمه‌ندیه‌ هاوبه‌ش و له‌یه‌كچوه‌كانی نمونه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ به‌هاره‌كه‌و گۆڕه‌پانیی جوگرافیی رووداوه‌كان و قووڵایی مێژوویی و شارستانیی ناوچه‌كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ئه‌و رووداوانه‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ جه‌ماوه‌رین و ده‌كه‌ونه‌ خانه‌ی‌ بووژانه‌وه‌ی‌ شارستانیی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌ و، سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ له‌نه‌مانی‌ دیكتاتۆرێك و رووخاندنی‌ حكومه‌تێك و له‌سه‌ركارلادانی‌ حزبێك و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان دامه‌زراندنی‌ سیسته‌مێكی‌ حوكمڕانی له‌تاكه‌ وڵاتێكدا كۆنابێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر هه‌مویان ئه‌ڵقه‌ی‌ یه‌ك زنجیره‌و ته‌واكه‌ری‌ یه‌كترن و پێكه‌وه‌ یه‌كه‌یه‌كی‌ موته‌كامیل پێكده‌هێنن.
كه‌واته‌ ئه‌و رووداوانه‌ له‌روی‌ مێژووییه‌وه‌ ، گێژه‌نێكی مێژوویین و شه‌پۆل به‌شه‌پۆل ده‌وڵه‌تان و ناوچه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كۆن قووتده‌دات و نوێ دێنێته‌ پێشه‌وه‌ به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی‌ كه‌ له‌بواره‌ جیاجیاكاندا له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵیگرتوون، نه‌خشه‌ی‌ زه‌مانیی و مه‌كانیی رووداوه‌كانیش وه‌كو كه‌ تاوه‌كو ئێستا دیاره‌ سیسته‌ماتیكانه‌یه‌و له‌كات و شوێنی جیاوازدا رووده‌ده‌ن.
له‌و روه‌وه‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌یه‌كی‌ گشتگیری‌ بووژانه‌وه‌ی‌ شارستانیداین كه‌ له‌ئاستی‌ گشتیدا سیسته‌مه‌ سته‌مكاره‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و بیروبۆچوونی ناشایسته‌و دژ به‌مرۆڤ بنه‌بڕ ده‌كات، له‌ئاستی‌ تاكو كۆمه‌ڵگایشدا تۆوی‌ ناسنامه‌ی‌ ئینسانیی‌ ده‌چێنێت و پێگه‌كانی‌ سیسته‌مێكی‌ دادپه‌روه‌ر داده‌ڕێژێت و بنه‌مای‌ پێكه‌وه‌ژیانی شارستانیانه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ برایه‌تی‌ گه‌لان دێنێته‌كایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ نیه‌ ئه‌گه‌ر به‌پرۆسه‌ی‌ رێنیسانسی‌ خۆرهه‌ڵات ناوی ببه‌ین، راستتریش بڵێین، به‌رێنیسانسیی خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ناوی‌ بنێین، كه‌ بووژانه‌وه‌یه‌كی‌ مێژووكردیی حه‌تمیه‌و جوگرافیه‌ته‌ شارستانیه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان حه‌وزی‌ دیجله‌و فورات له‌باكوورو حه‌وزی‌ نیل له‌ باشووره‌وه‌، به‌پێی بنه‌ما جیۆپۆله‌تیكیه‌كانیش ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ به‌هه‌شتی زه‌مین یان دڵی‌ زه‌مین پێكده‌هێنێت. كه‌ دڵیش پاككرایه‌وه‌و رۆشنبۆوه‌ ته‌واوی‌ جه‌سته‌ راست و رۆشن ده‌بێته‌وه‌و، شه‌وه‌ زه‌نگی‌ تاریكیی و نه‌زانین و جه‌هاله‌تی‌ سه‌پێنراوی‌ تیادا كۆتایی پێدێت و شكۆمه‌ندی بۆ مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و هاووڵاتیبوونێكی‌ ته‌ندروست و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئاسووده‌ له‌سایه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانوندا ده‌هێنرێته‌ به‌رهه‌م و ئاسووده‌یی باڵده‌كێشێت به‌سه‌ر زه‌میندا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دیداری‌ كۆیه‌

سه‌ره‌ڕای‌ زاڵبوونی مۆركی‌ به‌ حه‌ق و ناحه‌ق خۆبه‌مه‌زلومزان به‌سه‌ر وتاری‌ ...