سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » ‌كورد و عه‌ره‌ب و عه‌له‌وییه‌كان سه‌ردانی مەزاری سه‌ڵاحه‌دین ناكه‌ن

دیداری شام

‌كورد و عه‌ره‌ب و عه‌له‌وییه‌كان سه‌ردانی مەزاری سه‌ڵاحه‌دین ناكه‌ن

به‌شی چواره‌م

له‌مزگه‌وتی‌ ئه‌مه‌وی‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و گۆڕی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی، كه‌ چه‌ند هه‌نگاوێك لێیه‌وه‌ دوره‌و له‌شوێنێكی تایبه‌ته‌و جیاكراوه‌ته‌وه‌. به‌رده‌م مزگه‌وتی ئه‌مه‌وی قه‌ره‌باڵغ بوو، خه‌ڵكێكی زۆر رویان تێده‌كرد، به‌ڵام گۆڕو دوا مه‌نزڵی سه‌ڵاحه‌دین زۆر بێناز بوو! ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ردانیان ده‌كرد كه‌متر بوون له‌په‌نجه‌ی‌ ده‌ست!
ئه‌و شوێنه‌ی‌ گۆڕی سه‌ڵاحه‌دینی لێیه‌ زۆر گه‌وره‌ نییه‌، له‌ژورێكی چكۆلانه‌ سێ‌ گۆڕ ده‌بینی، لای راست نوسراوه‌ گۆڕی (راستی) سوڵتان سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی، به‌ته‌نیشتیه‌وه‌ گۆڕێكی به‌تاڵ هه‌یه‌ (واته‌ به‌تاڵه‌) و راستی نییه‌، گوایه‌ له‌سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م له‌ ساڵی 1878، مه‌لیكی ئه‌ڵمانیا گلیۆمی دووه‌م گۆڕێكی مه‌رمه‌ڕی به‌دیاری پێشكه‌ش به‌ سه‌ڵاحه‌دین كردووه‌. گۆڕی سێیه‌میش گۆڕی مه‌لایه‌كی كورده‌ به‌ناوی محه‌مه‌د سه‌عید ره‌مه‌زان بوتیی یان (بۆتی) كه‌ ئه‌ویش كورده‌و له‌ نه‌ورۆزی 2013 له‌ ڕێی‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ مزگه‌وته‌كه‌ی‌ كوشتیان.
من له‌سه‌ر مه‌زاری سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی بووم و خه‌ریكی وێنه‌گرتن بووم، دوو كچ به‌سه‌رپۆش و عه‌بایه‌ك دیاربوو ته‌نها بۆ ناو مه‌زاره‌كه‌ له‌به‌ریان كردبو هاتنه‌ ژوره‌وه‌، له‌ژێره‌وه‌ جلی مۆده‌یان له‌به‌ربوو، یه‌كێكیان به‌كوردی بانگی ئه‌ویدیكه‌ی‌ كرد، به‌وه‌ زانیم كوردن!
بۆئه‌وه‌ی‌ چه‌ند پرسیارێكیان لێبكه‌م به‌كوردی به‌خێرهاتنم كردن، به‌گه‌رمییه‌وه‌ وڵامیان دامه‌وه‌، ئه‌وانیش شادبوون به‌وه‌ی‌ منیش كوردم و به‌كوردی به‌خێرهاتنیان ده‌كه‌م. وتم له‌كوێوه‌ هاتوون؟ وتیان له‌حه‌له‌ب له‌شێخ مه‌قسود بۆ بینینی مه‌زاری سه‌ڵاحه‌دین هاتوین. وتیان ئه‌ی‌ ئێوه‌؟ وتم له‌ كوردستان له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتوم. پێموتن گۆڕه‌كه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دینی ئێمه‌ بێنازه‌، كه‌س سه‌رێكی لێنادات، هه‌رنا له‌به‌رخاتری مێژووی ئه‌و پیاوه‌ له‌م وڵاته‌، یه‌كێكیان وتی ما هه‌ر كوردا تێن، ما كێ‌ بێ ڤێدێ‌! واته‌ هه‌ر كورد دێن، كێ بێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی‌!
مێژووی سه‌ڵاحه‌دین و لێكه‌وته‌كانی دواتری قسه‌ی‌ زۆی له‌سه‌ركراوه‌. پرسیاری زۆری له‌باره‌وه‌ كراوه‌، هێشتا پرسیاری زیاتریش دروست ده‌بێت و ئه‌نجامی دیكه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ی‌ كورد گرنگه‌و هه‌میشه‌ ده‌مانه‌وێ‌ وڵامێكی بڕواهێنه‌رمان ده‌ستكه‌وێت ئه‌ویه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ڵاحه‌دین كورد بووه‌، بۆ هیچی بۆ كورد نه‌كرد؟ ده‌كرێت سه‌ڵاحه‌دین وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بناسرێت یان سه‌ركرده‌یه‌ك له‌خزمه‌ت مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلام؟ باشه‌ ئه‌گه‌ر له‌خزمه‌ت مێژووی ئیسلام و عه‌ره‌ب بوو، بۆ ئێستا مه‌زاره‌كه‌ی‌ وا بێنازه‌و موسڵمانان و عه‌ره‌ب گرنگی پێناده‌ن؟
سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی یه‌كێكه‌ له‌دیارترین سه‌ركرده‌ی موسڵمانان له‌مێژووی ئیسلامدا، گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌ریی بۆ ئیسلام به‌ده‌ستهێنا، ئه‌ویش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئۆرشه‌لیم بوو كه‌ عه‌ره‌ب پێی‌ ده‌ڵێن قودس و لێستاندنه‌وه‌ی‌ له‌ مه‌سیحییه‌كان.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ موسڵمانان به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورده‌و له‌ 1138 له‌ تكریت له‌باشوری كه‌ركوك له‌دایكبوه‌، له‌ 1193 كۆچی دواییكردوه‌، واته‌ ته‌نها 55 ساڵ ژیاوه‌. سه‌ڵاحه‌دین كۆتایی به‌ده‌وڵه‌تی فاتمیه‌كان هێنا كه‌ 262 ساڵ بوو به‌رده‌وام بوو، ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبییه‌كانی دروستكردو له‌ شام و عیراقه‌وه‌ درێژده‌بویه‌وه‌ تا ده‌گه‌یشته‌ یه‌مه‌ن و له‌وێشه‌وه‌ تا خواروی میسر.
به‌پێی‌ وڵامی ئه‌و كچه‌ شۆخانه‌ی‌ هاتبون بۆ سه‌ردانی مه‌زاری سه‌ڵاحه‌دین، جاروبار مه‌گه‌ر كورد بێن سه‌رێك له‌مه‌زاره‌كه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دین بده‌ن، ئه‌گینا مه‌زارێكی بێنازه‌و ئه‌وه‌نده‌ گرنگی پێنادرێت.


بێنازه‌ چونكه‌ كورده‌و عه‌ره‌بی سوننه‌ نایانه‌وێ‌ سه‌ڵاحه‌دین بكه‌نه‌ سیمبولی نیشتیمانیی و بیكه‌نه‌ به‌شێك له‌مێژوو سه‌روه‌ریی خۆیان، چونكه‌ كورده‌و عه‌ره‌ب نییه‌! هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێ‌ سه‌ڵاحه‌دین وه‌ك فه‌رمانڕه‌واو سه‌ركرده‌یه‌كی ئیسلامیی بناسێنن. كه‌وایه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نایانه‌وێ‌ گرنگی به‌و سه‌ركرده‌ مێژووییه‌ گه‌وره‌یه‌ بده‌ن كه‌ كورده‌و كوردبونی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی‌ نه‌شاردۆته‌وه‌.
هه‌روه‌ك له‌پاڵ عه‌ره‌بی سوننه‌، عه‌له‌وییه‌كانیش نایانه‌وێ‌ گرنگی به‌سه‌ڵاحه‌دین بده‌ن. عه‌له‌وییه‌كان به‌درێژایی مێژوو رق ئه‌ستوربوون به‌رامبه‌ر سه‌ڵاحه‌دین، نه‌ك خۆشه‌ویستیان بۆی نییه‌، بگره‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ناشرینییه‌كانی سه‌رده‌می حوكمڕانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌رده‌خه‌ن! به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كانی مێژووی ئیسلامیی، كاتێك سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی ده‌وڵه‌تی فاتمی (شیعه‌) له‌ ساڵی 1171 ده‌ڕوخێنێت، زۆر توند روبه‌ڕووی عه‌له‌وییه‌كان ده‌بێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی‌ گروپێكی له‌ئیسلام ده‌رچوو بوون. به‌قسه‌ی‌ عه‌له‌وییه‌كان له‌سه‌رده‌می سه‌ڵاحه‌دیندا له‌بارودۆخێكی زۆرخراپدا ژیاون، روبه‌رووی سته‌می زۆر بونه‌ته‌وه‌. بۆنمونه‌ له‌ده‌سه‌ڵات وحوكمڕانی دورخراونه‌ته‌وه‌و مافی خوێندن و شایه‌تمانی‌ لێ‌ وه‌رگرتونه‌وه‌، ته‌نانه‌ت گوایه‌ له‌میسر ژن و پیاوی عه‌له‌وی له‌یه‌كتر دورخستۆته‌وه‌ تاوه‌كو ره‌چه‌ڵه‌كیان ببڕێته‌وه‌و نه‌توانن نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ بخه‌نه‌وه‌! به‌قسه‌ی‌ عه‌له‌وییه‌كان ئه‌و توندوتیژییه‌ی‌ سه‌رده‌می سه‌ڵاحه‌دین وایكرد روبكه‌نه‌ شاخه‌كان و به‌شێكیان له‌ ئەشكه‌وت و ناوچه‌ دوره‌ده‌سته‌كان بژین.
ئه‌وه‌ی‌ باسده‌كرێت زیاتر عه‌له‌وییه‌كان ده‌یوروژێنن و بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌ی‌ مێژوونوسانی عه‌ره‌ب سه‌ڵاحه‌دین به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی مێژوویی پێناس ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی مێژووی ئیسلام و ناوچه‌كه‌ی‌ گۆڕیوه‌.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌، عه‌له‌وییه‌كان رقێكی زۆریان به‌رامبه‌ر سه‌ڵاحه‌دین هه‌یه‌، ئێستاش كه‌ حوكمی سوریا ده‌كه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ نایانه‌وێ‌ گرنگی به‌ سه‌ڵاحه‌دین و مێژووی سه‌ڵاحه‌دین بده‌ن.
عه‌له‌وییه‌كان بۆخۆیان گوایه‌ تایفه‌یه‌كی توندڕه‌وی شیعه‌ن و له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆیه‌می زاینی (سه‌ده‌ی‌ سێیه‌می كۆچی) له‌سه‌رده‌ستی محه‌مه‌د كوڕی نه‌سیر دروستكراوه‌. هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن عه‌له‌وییه‌كان گروپێكی توندڕه‌وی شیعه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وت و ئاكاری ئه‌و گروپه‌ شیكردنه‌وه‌و قسه‌ی‌ دیكه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ره‌نگه‌ دوربێت له‌ئیسلام و دواتر ده‌كرێت قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین.
دیسان ده‌توانین بڵێین مه‌زاره‌كه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دین بۆیه‌ بێنازه‌، چونكه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا شتێكی بۆ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ خۆی نه‌كرد كه‌ كوردو كوردستانه‌، ئه‌مه‌ش به‌درێژایی مێژوو جێی‌ مشتومڕ بووه‌! هه‌میشه‌ گفتوگۆو باسێكی گه‌رم له‌سه‌ر كوردبونی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی هه‌بووه‌، كورد بوون به‌ومانایه‌ی‌ شتێكی بۆ كورد نه‌كرد بۆیه‌ ناكرێت وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بناسێنرێت. ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كوردیش روو نه‌ده‌نه‌ سه‌ڵاحه‌دین و وه‌ك به‌شێك له‌مێژووی كورد لێی‌ نه‌ڕوانن، بۆیه‌ كوردیش ئه‌وه‌نده‌ سه‌ردانی مه‌زاره‌كه‌ی‌ ناكه‌ن. سه‌ره‌نجام سه‌رباری ئه‌وه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌ین سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ربووه‌ له‌مێژووی ئیسلام و ناوچه‌كه‌، بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ی‌ به‌ته‌واوی گۆڕی، كه‌چی نه‌ عه‌ره‌ب ده‌یه‌وێ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌زنی كورد بیناسێنێت و پیرۆز رایبگرێت و نه‌ هیچیشی بۆ كورد كردووه‌ تا كورد وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ئازا شانازیی پێوه‌بكات.
له‌پاڵ گۆڕه‌كه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی له‌و مه‌زاره‌دا، گۆڕێكی دیكه‌ هه‌بوو ئه‌ویش هی كۆڵكه‌ مه‌لایه‌كی ناسراوی كورد بوو له‌دیمه‌شق، ئه‌ویش محه‌مه‌د سه‌عید ره‌مه‌زان بوتی. ئه‌و پیاوه‌ كوڕی زانایه‌كی ناسراوی ئاینی ئیسلامییه‌ كه‌ شێخ سه‌عید ره‌مه‌زان بوتییه‌.
محه‌مه‌د سه‌عید ره‌مه‌زان بوتی (بۆتی) مه‌لایه‌كی كورد بوو، خه‌ڵكی بۆتان بوو، له‌ 1929 له‌جه‌زیره‌ی‌ بۆتان له‌دایكبوه‌و باوكیشی زانای ئیسلامیی بووه‌، زانكۆی ئه‌زهه‌ری ته‌واو كردووه‌، له‌رژێمی سوریا نزیك بووه‌ له‌ نه‌ورۆزی 2013 به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ مزگه‌وتێكی ناسراوی دیمه‌شق به‌ناوی ئیمان، خۆی و 42 كه‌سی دیكه‌ كوژران.
محه‌مه‌د ره‌مه‌زان بوتی له‌رژێمی سوریا نزیك بوو، داكۆكی له‌رژێمی به‌عسی سوریا ده‌كرد، خۆی به‌ئیخوان ده‌زانی، له‌یه‌كێك له‌ لێدوانه‌كانی له‌باسی هه‌رێمی كوردستان قسه‌ی‌ زۆر ناڕه‌وای ده‌كرد، بۆنمونه‌ له‌ وتارێكی رۆژی هه‌ینیدا له‌سه‌ره‌تای‌ روخانی سه‌دام، وتبوی «ئه‌گه‌ر لێم بپرسن ئه‌وانه‌ی‌ هه‌رێمی كورستان میلله‌تی تۆن؟ من ده‌ڵێم میلله‌تی خۆم له‌ژێر پێم ده‌نێم!!» به‌وپێیه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كردووه‌ بۆ روخانی سه‌دام.
ئه‌و مه‌لایه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی‌ ده‌یگوت من موسڵمانم نه‌ك كورد، به‌ڵام چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی ناسراوی كوردی وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، وه‌كو (مه‌م و زین) و (سیابه‌ندو خه‌جێ‌).


محه‌مه‌د سه‌عید ره‌مه‌زان بوتی له‌رژێمی سوریا زۆر نزیك بوو، له‌ 4ی نیسانی 2003 دا واته‌ له‌گه‌رمه‌ی‌ روخاندنی رژێمی به‌عس، له‌وتاری رۆژی هه‌ینیدا زۆر به‌توندی هێرشیكرده‌ سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده‌كانی كورد، له‌و وتاره‌دا وتی ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت به‌هاوكاریكردنی ئه‌مریكا بۆ روخانی سه‌دام خیانه‌ته‌! هێرشێكی زۆر ناڕه‌وای كرده‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌و وتی ئه‌گه‌ر ئینتیمام بۆ ئه‌و خیانه‌تكارانه‌بێ‌، ئه‌وا ئینتیمام ده‌خه‌مه‌ ژێر پێڵاوه‌كانم!! هه‌روه‌ك هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر سه‌رۆك مامجه‌لال و مه‌سعود بارزانی!! دوای ئه‌و وتاره‌ی‌، له‌لایه‌ن به‌شێك له‌كوردانی دیمه‌شق ماڵه‌كه‌ی‌ به‌ردباران كرا.
ئه‌و مه‌لایه‌ كورده‌ ماڵی له‌گه‌ڕه‌كی كوردان بوو كه‌ئێستا پێی‌ ده‌ڵێن (ركن الدین)، دوای ئه‌و وتاره‌ هێرشێكی زۆری كرایه‌سه‌ر له‌لایه‌ن گه‌نجانی كورد له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌، گوشاری زۆریان هێناو ناچار كوڕه‌كانی رونكردنه‌وه‌یان له‌بری باوكیان داو داوای لێبوردنیان له‌ گه‌لی كوردستان كرد، وتیان باوكمان پیربوه‌و له‌سه‌رخۆ نییه‌و ئه‌قلی له‌ده‌ستداوه‌! دواتر كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكی دیاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌ هاتنه‌ نێوان و ئه‌وانیش داوایانكرد ئینجا گه‌نجانی كورد هێوربونه‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌و وتاره‌ مه‌لا محه‌مه‌د ره‌مه‌زان بوتی به‌ته‌واوی ناشرین بوو له‌نێو كورد له‌ شام.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ مه‌لا محه‌مه‌د سه‌عید ره‌مه‌زان له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا بوو، له‌به‌رامبه‌ردا پیاوێكی وه‌كو شێخ محه‌مه‌د مه‌عشوق خه‌زنه‌وی، پیاوێكی نیشتیمانپه‌روه‌رو داكۆكیكاری گه‌وره‌ی‌ ماف و داواو خواستی خه‌ڵك بوو.
شێخ محه‌مه‌د مه‌عشوقی خه‌زنه‌وی شێخی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، پیاوێكی زۆر ناسراوی سوریاو رۆژئاوای‌ كوردستان بوو، پێشتر موریدو شوێنكه‌وتویان له‌سه‌رتاسه‌ری‌ سوریاو باكوری كوردستان و باشوری كوردستان هه‌بوو، له‌ وتاره‌كانی خۆیدا به‌گژ ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریاو ناهه‌قیه‌كان ده‌چویه‌وه‌، بۆیه‌ دوای‌ 10 رۆژ دیارنه‌مان و رفاندن له‌ 1/6/2005 به‌شه‌هیدكراوی له‌دیمه‌شق دۆزرایه‌وه‌. هه‌ر دوای‌ ئه‌و رووداوه‌ برایه‌كه‌ی‌ به‌ناوی شێخ محه‌مه‌د خه‌زنه‌وی‌ له‌ 25ی ئۆكتۆبه‌ری‌ 2005 له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌مه‌ككه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌ له‌رووداوێكی ته‌مومژاویی خۆی و دوو كوڕی و ژنه‌كه‌ی‌ گوایه‌ به‌هۆی رووداوی ئۆتۆمبێل گیانیان له‌ده‌ستداوه‌! له‌هه‌ردوو روداودا په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ رژێمی سوریا درێژ كراو بكوژه‌كانیش ئاشكرا نه‌كران.
تیرۆركردنی مه‌عشوق خه‌زنه‌وی‌ دوای‌ ئه‌وه‌دێت كه‌ ویستی‌ كه‌مێك له‌ سیاسه‌ت نزیك ببێته‌وه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی دابمه‌زرێنێت، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ سه‌رچاوه‌كان موخابه‌راتی سوریا ئه‌م هه‌وڵه‌یان له‌ناوبرد.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ پیاوه‌ دینیه‌ ناسراوه‌كانی سوریا كورد بوون، وه‌ك شێخی خه‌زنه‌وی و محه‌مه‌د سه‌عید ره‌مه‌زان و ئه‌حمه‌د كه‌فتارۆ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دیارترین زانا ئیسلامییه‌كان، هاوكات ده‌بینین كورد له‌یه‌كه‌مه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌ عه‌لمانیه‌كانن، بۆنمونه‌ خالد به‌كداش كه‌ سكرتێری ئه‌مینداری حزبی شیوعی بوو له‌ ساڵی 1933 وه‌ تا 1995 واته‌ بۆماوه‌ی‌ 62 ساڵ!
به‌هه‌مانشێوه‌ی‌ سوریا، له‌عیراقیش چوار (سكرتێری) حزبی شیوعی كورد بوون (عه‌زیز محه‌مه‌د، كه‌ریم ئه‌حمه‌د، به‌هائه‌دین نوری، حه‌مید عوسمان). نازانم ئه‌وه‌ رێككه‌وته‌ یان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حزبی شیوعی حزبێكی (ئومه‌می) یه‌، واته‌ ناقه‌ومییه‌، كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست و داماو، ویستبێتی له‌ڕێی‌ حزبی شیوعییه‌وه‌ بتوانێت هه‌ناسه‌یه‌ك بدات، چونكه‌ حزبی شیوعی بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ داكۆكی له‌كه‌مینه‌و سته‌ملێكراوان ده‌كه‌ن!
له‌عیراق كه‌مینه‌یه‌كی وه‌ك سوننه‌ حوكمڕان بوون ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ هه‌شتا ساڵ، له‌وماوه‌یه‌دا جگه‌ له‌كورد زۆرترین سه‌ركرده‌و كه‌سه‌ دیاره‌كانی حزبی شیوعی شیعه‌ بوون، ئه‌وه‌ش دیسان دوپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌و میلله‌ته‌ سته‌ملێكراوه‌كان به‌دوای‌ ده‌ریچه‌یه‌ك گه‌ڕاون خۆیان لێ‌ ببینه‌وه‌و بتوانن خه‌م و گرفته‌كانیان لێ چاره‌بكه‌ن، به‌ڵام بێگومان حزبی شیوعی نه‌یتوانی ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێت كه‌ هه‌م كوردو هه‌م شیعه‌ هیوایان له‌سه‌ر چنی، به‌تایبه‌ت دوای نزیكبونه‌وه‌ی‌ حزبی شیوعی له‌ حزبی به‌عس له‌كۆتایی شه‌سته‌كانی رابردوو به‌دواوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مه‌حمود ده‌ورێش: هه‌رچی كردم كاریگه‌ر نه‌بم به‌ سه‌لیم به‌ره‌كات (سه‌لیمۆ) به‌ڵام نه‌متوانی!

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر به‌شی هه‌شته‌م دیمه‌نی كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی كوردان له‌بری دڵرفێن ...