سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » دەستەی دەستپاكی هەرێم راپۆرتی 2018ی راگەیاند

بەهای گەندەڵی لەساڵێكدا 275 ملیار دینارە

دەستەی دەستپاكی هەرێم راپۆرتی 2018ی راگەیاند

رۆژی 15ی 4ی 2019، دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان راپۆرتی ئاماری كارو چالاكییەكانی ساڵی 2018ی راگەیاند، لەو راپۆرتەدا بەهای خەمڵێنراوی ئەو پارانە ئاشكرا دەكات كە لەو ساڵەدا بەهۆی گەندەڵیەوە بەهەدەر چووە، هەر لەناو راپۆرتەكەدا ئاماژەی بە بڕیاری دەستگیركردن‌و ئەو دۆسێیانە دەكات كە لەبارەی گەندەڵییەوە تۆماركراون.

ئاستی گەندەڵی لەسێ پارێزگا
بەگوێرەی راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی هەرێم، بەهای گەندەڵی خەمڵێندراو لە هەولێر 274 ملیار و 842 ملیۆن و 885 هەزارو 200 دینارە، لەو بڕە پارەیەش سێ ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حكومەت و هیچ بڕە پارەیەكیش وەك دەستبەسەرداگیراو لەژێر چاودێری دادگادا نەماوە.
سەبارەت بە سلێمانی، راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی ئاماژە بەوە دەكات، بەهای گەندەڵی 22 ملیار و 735 ملیۆن و 401 هەزار و 94 دینارە، لەو پارەیەش 17 ملیۆن و 45 هەزار دینار دەستبەسەرداگیراو بووەو 2 ملیار و 381 ملیۆن و 82 هەزار و 500 دینار بەهای گەرێندراوە بووە بۆ خەزێنەی حكومەت.
هەروەها بەهای گەندەڵی خەمڵێندراو لەدهۆك بریتی بووە لە 885 ملیۆن ‌و 198 هەزار دینار، بەڵام لەو پارێزگایە هیچ بڕی دەستبەسەرداگیراو و گەڕانەوە نەبووە بۆ خەزێنەی حكومەت.

111 بڕیار جێبەجێكراوە
بەمەش كۆی گشتی بەهای گەندەڵی خەمڵێندراو لە هەرێمی كوردستان 275 ملیار و 720 ملیۆن و 819 هەزار دینارەو تەنیا 5 ملیار و 381 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حكومەت.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی، لەماوەی ساڵی رابردوودا 197 بڕیاری دادوەر لەبارەی دۆسێیەی گەندەڵی دەرچووەو 111 بڕیار جێبەجێكراوە، ئەویش 82 دۆسێیە ئامادەبوون بووەو 29 دۆسێیە بڕیاری دەستگیركردن بووە، هەروەها 86 بڕیار جێبەجێنەكراوە، لەوانە 58 بڕیار ئامادەبوون بووەو 28 بڕیاریش دەستگیركردن بووە.

«تەنیا خستنەڕووی زانیارییەكانە»
لەو بارەیەوە، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە: ئەو راپۆرتانەی ساڵانەی بڵاودەكرێتەوە لەسەر گەندەڵی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، دواتر بۆ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ‌و دەزگاكانی راگەیاندن دەنێردرێت.
وتیشی: «ئەوەی خراوەتەڕوو تەنیا خستنەڕووی زانیارییەكانە لایەنە پەیوەندارەكانی وەك كۆمەڵی مەدەنی‌و دەزگاكانی راگەیاندن دەتوانن هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن».

درێغی ناكەین
لەسەر ئەو پرسەو نوێترین راپۆرتی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەرچی ئێمە لەم خولەی پەرلەمان ناتوانین لێپرسینەوە لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بكەین، بەو پێیەی ئێمە دەنگمان پێنەداوە، بەڵام لەكاتی دەستبەكاربوونی كابینەی داهاتوو لەبواری لێپرسینەوە و چاودێری درێغی ناكەین و هاوكاری دەستەی دەستپاكی كوردستان دەبین، بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاكسازی لە دامو دەزگاكانی حكومەتدا.

«كاری باشیش كراوە»
وتیشی: «ئەوەی روویداوە لەڕابردوو لەبارەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان راستەی كەموكوڕی لە كابینەكانی حكومەتدا هەبووە، بەڵام كاری باشیش كراوە، كەموكورییەكانیش دەرئەنجامی دۆخی سیاسی رابردوو بووەو ململانێی لایەنە سیاسییەكان لە ئاستی پێویست نەبووە، بەڵام لەقۆناغی ئێستادا هەموو لایەنەكان خواستیان هەیە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، هاوكات دەرگایەكی خێر لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە بە ئاراستەی چارەسەربوونی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، ئەمەش وادەكات رەوشی ئابووریی كوردستان روو لەباشبوون بێت، ئەمەش دەرفەتێكی باشە تا بتوانین زیاتر بەدواداچوون بكەین».
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستمان كراوەیە بۆ كاری بەدواداچوون ‌و لێپرسینەوە لە پرسی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی، بەجۆرێك چی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە درێغی نەكەین، بۆ ئەمەش بەرنامەی باشمان هەیە بۆ ئەو هەنگاوە، هەروەك فراكسیۆنی سەوز لە دروشمی هەڵبژاردنی رابردوودا هەڵی گرتبوو.

«بەدواداچوونەكان شوێنی خۆیان ناگرن»
هەر لەسەر پرسی گەندەڵی‌و راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی هەرێم، محەمەد زاهیر مامۆستای زانكۆ لە شاری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەرچی زۆرجار باس لە پرسی گەندەڵی دەكرێت و راپۆرتی لەو جۆرە بڵاودەكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێك لەو گەندەڵیانە لەسەر ئاستی بەرز دەكرێت و خەڵكێك لە پشتیانەوەیە بۆیە دەبینین بەدواداچوونەكان شوێنی خۆیان ناگرن و ئەو دیاردەیە بەردەوام دەبێت.
وتیشی: «جگە لەوەش ئەو دەزگا و دەستانەی لەبارەی پرسی گەندەڵی و چاودێری لە هەرێمی كوردستان پێكهێنراون، وەكو پێویست سەربەخۆ نین تا بتوانن لێپرسینەوەیەكی جددی بكەن تا راپۆرتەكانی بڵاودەكرێتەوە لەبارەی گەندەڵی ئەنجامی باشی هەبێت‌و خەڵك دڵی پێ خۆشبێت.

پلەی وەزیفی تۆمەتباران
لە بەشێكی راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی هەرێمدا كە تایبەتە بە كەیسی گەندەڵی، ئاماری تۆمەتباران بەپێی پۆستی وەزیفییان خراوەتەڕوو كە لەفەرمانگەی لێكۆڵینەوەیەو ژمارەی سەرجەمیان 198 كەسە.
لەڕاپۆتەكەدا لەبارەی پلەی وەزیفی كەسەكانەوە، لەپلەی یەكەمدا دوو وەزیر هاتووە، بەڵام ئاماژەی بەناوەكانیدا نەداوە، هەروەها لە لیستەكەدا سێ بەڕێوەبەری گشتی‌و 41 بەڕێوەبەرو پرۆفیسۆرێك و سێ سەرۆك شارەوانی و سەرۆكی دەستەیەك و قائیمقامێك و سێ بەڕێوەبەری ناحیەو 73 فەرمانبەرو نۆ ئەفسەری پۆلیس و هەشت رێپێدراوی پۆلیسی تێدایە.
هەر لەبارەی پلەی وەزیفی ئەوانەی تۆمەتبارن، دەستەكە دەڵێت: «(بەڕێوەبەری ژمێریاری، خاوەن كۆمپانیا، كاسب، شۆفێر، رۆژنامەنووس، نەقیبی خانەنیشینی، پێشمەرگە، هاووڵاتی، ملازمی خانەنیشنی پێشمەرگە، جێگری بەڕێوەبەر، لیوا روكن، نەپێگری بەدەستەبەری، بەڕێوەبەری كارگێڕی، پارێزەر، سەرپەرشتیاری هونەری، مامۆستا، بەڕێوەبەری خانەنشین، كارمەند، نوێنەری كۆمپانیا، ئەندازیارو نەقیبی) تێدایە.

ئاماری گەندەڵی وەزارەتەكان
هەر بەپێی راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی هەرێم، وەزارەتی دارایی لە ریزبەندی یەكەمدایەو لەسەر دۆسێیەی گەندەڵی‌و 29 داوای لەسەر تۆماركراوە، دوای ئەویش وەزارەتی ناوخۆیە كە لەسەر كەیسی گەندەڵی 26 داوای لەسەر تۆماركراوە.
لەبارەی زۆرترین تۆمەتبارانیش كە پۆستی وەزیفان هەیە، راپۆرتەكە دەڵێت: لەساڵی 2018دا لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی داوای یاسایی لەسەر 39 بەڕێوەبەرو 69 فەرمانبەر تۆماركراوە، هەر لەو ساڵەدا لەفەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان زۆرترین ماددەی تاوان ماددەكانی (315، 316، 340)ی یاسای سزادانی عیراقی بووەو كە 112 كەسی لەسەر سزادراوە.
دەسپاكی هەرێم لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی 2018، لەبارەی كەیسەكانی گەندەڵییەوە ئاماژەی بەوەداوە: هێشتا هەوڵەكانی روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نەبۆتە پرسێكی نیشتمانی سەرتاسەری بەشێوەیەك هەموو تواناكانی بۆ تەرخان بكرێت و هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم دەسەڵات و دامودەزگاكان پتەوتر بكرێت بۆ ئەنجام دانی ئەم ئەركە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی راپه‌ڕینی‌ شاری هه‌ولێردا رێوره‌سمی‌ ناساندن و دابه‌شكردنی‌ شه‌ش كتێبه‌كه‌ی‌ نه‌وزاد عه‌لی ئەحمەد به‌ڕێوه‌چوو

دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌ شاری سلێمانی‌ له‌ یادی‌ راپه‌رینی‌ شاری هه‌ولێر ...