سەرەکی » وتار » ئه‌نفال؛ وێرانكردنی دیهاته‌كان و كۆستێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌

شۆڕش بەم گوندەشدا تێپەڕی

ئه‌نفال؛ وێرانكردنی دیهاته‌كان و كۆستێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌

م. عه‌لی

9

1. كرده‌ڕه‌هاتێكی‌ ترسناك
ئه‌نفال وشه‌یه‌كی‌ عه‌ره‌بییه‌ و له‌ ده‌قی‌ قورئاندا هاتووه‌: ((ویسئلونك عن الانفال قل الانفال لله والرسول)).. ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ڕووی‌ فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ به‌ واتای‌ (ده‌ستكه‌وتی‌ شه‌ڕ) دێت، وه‌كو زاراوه‌ش به‌ واتای‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ تاوانكارانه‌ هاتووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ باڵای‌ ده‌وڵه‌ت یان نه‌ته‌وه‌ی‌ سه‌رده‌ست به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كیتری‌ بێده‌ره‌تان به‌ هۆكاری‌ سیاسیی‌ و رێگای‌ جۆراوجۆره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێ‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ جینۆسایده‌وه‌.
وه‌نه‌بێ‌ ئه‌نفال داهێنانێكی‌ تازه‌بێ‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتدارێتیی‌ عه‌ره‌بی‌ – ئیسلامیی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ په‌یدابوونیه‌وه‌ پێڕه‌ویكردووه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ زاڵكردنی‌ هه‌ژموونیی‌ و خستنه‌ژێر ركێفی‌ خه‌ڵكیی‌ و داگیركردنی‌ وڵاتان، له‌ڕێگه‌ی‌ هاندانی‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و له‌ناوبردنی‌ دوژمن و بردنی‌ ده‌ستكه‌وته‌ مادی‌ و مرۆییه‌كان.
به‌عسیش به‌هه‌مان لۆژێك مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كورد و شۆڕشه‌كه‌یدا كرد، كه‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وت له‌ڕووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ئاسانیی‌ ئامانجه‌كانی‌ ناپێكێ‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ بارودۆخی‌ شۆڕش و ئاستی‌ پێوه‌ندییه‌كانیشی‌ گۆڕابوو، بۆیه‌ ویستی‌ به‌ به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌ بكوژێ‌: هه‌م شۆڕش و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوببات، هه‌م خه‌ڵكی‌ دێهاته‌كان، كه‌ پشتوپه‌نای‌ شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ بوون، ته‌فروتوونابكات، به‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كۆمه‌ڵكۆژی‌ كیمیاوی‌ و تۆپخانه‌ی‌ قورس و هێزی‌ سه‌ربازیی‌ زۆر و جۆراوجۆر، كه‌ له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا، هه‌م پێشمه‌رگه‌ به‌كرده‌یی‌ دوای‌ به‌رگرییه‌كی‌ كه‌موێنه‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ شه‌ڕدا نه‌ما و هه‌م دێهاته‌كان كۆنترۆڵكران و رووخان و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و چاره‌نووسێكی‌ نادیاربران.
ئه‌نفال كرده‌ڕه‌هاتێكی‌ ترسناكبوو له‌سه‌رده‌مێكدا روویدا كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ زلهێزه‌كان ئه‌وه‌ی‌ ده‌خواست هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان به‌ راگرتنی‌ ماشینی‌ شه‌ڕ و ناچاركردنی‌ هه‌ردوو لای‌ شه‌ڕكه‌ر بۆ وه‌ستان و هه‌ڵدانی‌ پێكی‌ ژه‌هراویی‌، بچه‌سپێ‌، كه‌ پشكی‌ كوردیش سه‌رخواردنی‌ شۆڕش و ئه‌نفالكردنی‌ خه‌ڵكی‌ دێهاته‌كان بوو.
2. پاشماوه‌ مه‌ینه‌تاوییه‌كانی‌ ئه‌نفال
به‌هه‌ر هۆكارێك بێت رژێمی‌ به‌عس ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌می‌ له‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌ ئه‌نفالكراوانه‌ی‌ له‌ زیندانه‌كانی‌ مه‌رگی‌ خواروو گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ زیندانه‌كانی‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌كان، كه‌ هه‌ر رۆژێكیان به‌سه‌ریانده‌برد مردنێكی‌ هێواشبوو، دوور له‌ ئازیزانێك كه‌ له‌هموو ساتێكدا له‌چاوه‌ڕوانییاندا هه‌ڵده‌قرچان و زۆرێكیان له‌ناو بۆته‌ی‌ خه‌فه‌ت و جه‌خاره‌كاندا دواجار سه‌ریاننایه‌وه‌.
مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و پاشماوانه‌ بتوانن راز و نهێنییه‌كانی‌ ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ بگێڕنه‌وه‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یان حیكایه‌تی‌ خه‌مبارییان له‌ دووتوێی‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵبڕووسكاوییه‌كانیاندا هه‌ڵگرتبوو، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندان له‌نزیكه‌وه‌ گوێیان بۆ ده‌نگی‌ ئه‌و سووتانه‌ی‌ رۆحی‌ ئه‌وان بووایه‌ ده‌یانتوانی‌ ده‌یان فیلمی‌ تراجیدی‌ بنووسنه‌وه‌ ناخی‌ جیهان بهه‌ژێنن.
ژیانی‌ ئه‌و پاشماوانه‌ تا ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ناو ئۆردوگاكاندا جێگه‌ی‌ به‌زه‌ییبوو، كه‌ كه‌سێك نه‌بوو به‌سه‌ریانبكاته‌وه‌، له‌ ئازاره‌كانیان كه‌مبكاته‌وه‌، جگه‌له‌ كه‌سانێكی‌ زۆر كه‌می‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، زۆربه‌ی‌ زۆری‌ پاره‌داره‌كان وه‌كو نه‌ بایان دێبێ‌ و نه‌ بۆران به‌بیریاندا نه‌هاتبوو سه‌رێك بكێشنه‌ ئه‌و دۆزه‌خه‌ی‌ ئه‌نفالكراوان و كۆمه‌كێكیان بكه‌ن، كه‌ به‌زۆر و به‌ خوایشت زۆریان بۆ قادسییه‌ی‌ سه‌دام كرد، له‌دوای‌ راپه‌ڕینیش رێكخراوه‌ خێرخوازه‌كان له‌ كۆمه‌ك و به‌هاناوه‌چوونی‌ پاشماوه‌كانی‌ ئه‌نفال رۆڵی‌ مرۆڤدۆستانه‌یان بینی‌.
هه‌تا دێت ژماره‌ی‌ ئه‌و داماوانه‌ی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفال كه‌مده‌بێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌ هه‌زاران راز و نیازی‌ خۆیان و ئازیزه‌كانیان ده‌به‌نه‌ژێر گڵه‌وه‌، زۆر به‌كه‌میی‌ نه‌بێت نه‌نووسراونه‌ته‌وه‌ تا له‌ یاده‌وه‌ری‌ نه‌وه‌كانی‌ ئایینده‌دا به‌زیندوویی‌ بمێنێته‌وه‌.
3. دڵڕه‌قیی‌ و بێده‌ربه‌ستیی‌
رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان به‌رانبه‌ر نه‌یاره‌كانیان دڵڕه‌قن، كه‌ بۆ سه‌ركوتكردن و چاوشكاندنیان هه‌موو شێوازێكی‌ پاكسازیی‌ به‌كارده‌هێنن..
– به‌عس زۆر دڵڕه‌قانه‌ بڕیاریدا كورد ئه‌نفالبكرێ‌..
– ناوه‌نده‌ زلهێزه‌كانی‌ جیهانیش به‌تایبه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش دڵڕه‌قبوون كه‌ به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ به‌عس خه‌ڵكێكی‌ بێتاوانی‌ كوردی‌ بێسه‌روشوێنكرد..
– رژێمه‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامییه‌كانیش دڵڕه‌قبوون، كه‌ خه‌ڵكی‌ كورد ئه‌نفالكران، مزگه‌وته‌كانی‌ خاپووركران، قورئانه‌كانی‌ سووتێنران و ده‌نگیان لێوه‌نه‌هات..
– میدیای‌ جیهانیش دڵڕه‌قبوو، ئه‌و تاوانه‌ چه‌ند ترسناكبوو خۆیان له‌ قه‌ره‌ی‌ نه‌دا و نه‌یانویست بیورووژێنن تا وه‌كو مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ گرنگ بۆ پاڵپشتی‌ كورد له‌به‌رانبه‌ر به‌عس و سه‌دامدا به‌كاربهێنرێ‌.. كورد ته‌نیا قه‌رزاری‌ میدیای‌ ئێرانییه‌، كه‌ توانییان به‌ كامیرای‌ خۆیان وێنه‌ی‌ مه‌رگه‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بگرن، كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی‌ ئه‌نفاله‌كاندا روویدا و بووه‌ كه‌ره‌سه‌یه‌كی‌ باشی‌ ناساندی‌ كورد له‌جیهاندا.
– كورد نه‌ك به‌رگریی‌ لێكرا كه‌ ده‌بوا له‌ئاستی‌ جیهاندا له‌به‌رانبه‌ر قڕكردنیدا جێگه‌ی‌ به‌زه‌یی‌ بوایه‌، ته‌نانه‌ت ناوه‌نده‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤیش كه‌ڕ و كاس و كوێربوون و ته‌نانه‌ت وته‌یه‌كیشیان له‌باره‌وه‌ بڵاونه‌كرده‌وه‌.
– جاشی‌ كوردیش دڵڕه‌قبوون، كه‌ به‌ به‌ربڵاویی‌ له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ ئه‌نفالدا به‌شدارییانكرد.. ئه‌وه‌ی‌ جاشی‌ كورد له‌ئه‌نفالدا كردی‌ به‌ بیری‌ نه‌خشه‌داڕێژه‌كانی‌ به‌عسی‌ ئه‌نفالیستدا نه‌هاتبوو، جاش هه‌م شه‌ڕی‌ سه‌نگه‌ر به‌سه‌نگه‌ری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ده‌كرد و هه‌م وه‌كو تاڵانچی‌ سامان و ماڵاتی‌ دێهاته‌كان و راده‌ستكردنی‌ دێهاتییه‌كان نه‌خشێكی‌ به‌رچاویان له‌ سه‌رخستنی‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌نفالدا هه‌بوو.
– ته‌نانه‌ت دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ چاره‌نووسیی‌ ئه‌نفالكراوه‌كان له‌پاش رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس و هێننانه‌وه‌ی‌ ئێسكوپرووسكه‌كانیان كه‌س ئاماده‌نییه‌ تاوانبارانی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌نفاكردن بده‌نه‌ دادگا.
– خۆ رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان جگه‌له‌ هه‌وڵی‌ كه‌منه‌بێ‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌م تاوانه‌ بكه‌نه‌ خه‌می‌ هه‌موو كورد بۆ ریسواكردنی‌ دوژمنه‌كانی‌ كورد كۆن و نوێ شكه‌ هه‌میشه‌ له‌بۆسه‌دان بۆ له‌داونانی‌ كورد و سزادانی‌.
– زانایانی‌ ئایینی‌ خۆمان زۆر به‌كه‌میی‌ نه‌بێت دژی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عس و داروده‌سته‌كه‌ی‌ سه‌دام ده‌نگیان هه‌ڵنه‌بڕی‌ ته‌نانه‌ت دوای‌ راپه‌ڕینیش نه‌یانتوانی‌ له‌مه‌ڕ چاره‌نووسیی‌ ژنه‌ مێرد ئه‌نفالكراوه‌كان بڕیارێك ده‌ربكه‌ن.
– تائێستاش ئامارێكی‌ فه‌رمی‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌نفالكراوانه‌وه‌ به‌رده‌ست نییه‌، كاتی‌ خۆی‌ ره‌وانشاد مامجه‌لال ژماره‌ 182 هه‌زار باسكرد و هیچیتر.
4. رۆژێك بۆ خه‌مباریی‌ نه‌ك خه‌مساردیی‌
هه‌تادێت ره‌نگوبۆی‌ ئو تاوانه‌ كاڵترده‌بێته‌وه‌ و له‌یاده‌وه‌ریدا نامێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا له‌یاده‌كانی‌ ئه‌نفالدا ژماره‌یه‌كی‌ كه‌می‌ خه‌مناك و خه‌مخۆر نه‌بێ‌ خه‌ڵكێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌م كۆسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌دا ئاماده‌نابن، ده‌بوایه‌ رۆژی‌ 14/4 كه‌ وه‌كو رۆژی‌ خه‌مباریی‌ بۆ یادی‌ ئه‌نفالكراوه‌كان دیاریكراوه‌ هه‌موو تاكێكی‌ كورد نیشانه‌كانی‌ خه‌مبارییان به‌ یه‌خه‌وه‌ هه‌ڵبواسیبایه‌، ئاڵایه‌كی‌ ره‌شیان له‌سه‌ر بانی‌ ماڵه‌كان هه‌ڵبكردایه‌، هه‌موو جۆره‌ چالاكییه‌كی‌ ئاهه‌نگێڕان و خۆشیی‌ رابگیرایه‌ وه‌كو رێزێك بۆ گیانی‌ ئه‌و عه‌شاماته‌ گوناحه‌ی‌ كۆمه‌ڵكژیی‌ كران و هه‌رگیز له‌ بیابانه‌كانی‌ كوشتن و له‌ناوبردن سه‌ریان نه‌هێنایه‌ دواوه‌، هه‌رهیچ نه‌بێ‌ وه‌كو جووله‌كه‌كان چۆن هه‌موو ساڵێ‌ یادی‌ تاوانی‌ هۆلۆكۆست ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ش ئه‌و 182 هه‌زار بێتاوانه‌مان له‌بیرنه‌چێ‌.
به‌ڕاستیی‌ ئه‌نفال كۆستێكی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ گه‌وره‌بوو، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و سته‌مكارییه‌ بۆ خزمه‌تی‌ دۆزی‌ نه‌ته‌وایه‌تیمان به‌كاربهێنرێ‌!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا…

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا سه‌ربازييه‌كان و بێده‌نگى نێوده‌وڵه‌تیدا شاناز ...