سەرەکی » زانست » به‌جێهێشتنی پاشماوه‌و خاشاك له‌ شوێنی سه‌یران كردن كه‌مته‌رخه‌مییه‌ یان تاوانه‌؟

به‌جێهێشتنی پاشماوه‌و خاشاك له‌ شوێنی سه‌یران كردن كه‌مته‌رخه‌مییه‌ یان تاوانه‌؟

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

هه‌موو ڕۆژێك له‌ دامێنی چیای گۆیژه‌دا ، به‌تایبه‌ت له‌ دوای نیو ڕۆوه‌ كۆمه‌ڵه‌ ئۆتۆمبیلێك ده‌بینرێ ، ئه‌م ئۆتۆمبیلانه‌ هی خه‌ڵكانێكه‌ ،كه‌ بۆ ڕابواردنی خۆیان كاتێكی خۆش له‌و به‌رزاییه‌ی شاره‌وه‌ داده‌نیشن .
دابین بوونی بژێوی خه‌ڵك به‌ كارێكی كه‌م وه موچه‌خۆری به‌تایبه‌ت كه‌ كه‌سانی واهه‌ن كه‌ هیچ كارێكیان له‌ ئه‌ستۆ نیه‌ و موچه‌ش وه‌ر ده‌گرن ، یان به‌ جۆره‌ها شێوه‌ موچه‌ی خانه‌ نشینی وه‌رده‌گرن یان كاره‌كانیان وایه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌ مانگێكدا ده‌وام ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیش له‌مانه‌ له‌و گه‌نجانه‌ن كه‌ خوێندنیان ته‌واو كردووه‌ و هه‌لی كارێكی ئه‌و تۆیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ ، هێشتا بژێوێان له‌ لایه‌ن كه‌سو كاریانه‌وه‌ دابین ده‌كرێ ، ئه‌مانه‌و زۆری تر وای كردووه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵك كاتێكی زۆریان هه‌بێت ، كه‌وایان لێده‌كات بیر له‌ هه‌ر شتێك بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كاتی پێ بكوژن .
جا ئه‌و دامێنه‌ی چیای گۆیژه‌ و سه‌دان شوێنی هاو شێوه‌ی ، كه‌ شوێنێی كراوه‌یه‌ بۆكات به‌سه‌ر بردن له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌كار دێت . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ زۆر كه‌مته‌رخه‌من به‌ رامبه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ و هه‌مو ئه‌و قتوو شوشه‌و نایلۆن پاشماوانه‌ی خۆیان له‌و ناوا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ژینگه‌ی شوێنه‌كه‌ ناشرین و پۆخڵ ده‌كه‌ن .
شایانی باسه‌ و به‌به‌ر چاوی خه‌ڵكه‌وه‌یه‌ ، كه‌ هه‌موو به‌یانیه‌ك كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌ خاوێنی شار ، ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌نده‌كانی به‌و به‌ر بناره‌دا بڵاو ده‌كاته‌وه‌ تاپاشماوه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌ كۆ كه‌نه‌وه‌ .
له‌ سه‌ردانێكمان بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ ، كه‌ له‌ نیوان ته‌لاره‌كانی به‌رزاییه‌ كانی گۆیژه‌ تا چاڤیلاند خه‌ریكی كۆ كردنه‌ه‌ی پاشماوه‌ فڕێدراوه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بوون ، هه‌ریه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێشتر چه‌ندین گوێنی گه‌وره‌ی پڕكراویان له‌وناوه‌ لێره‌و له‌وێ دانابوو ، هه‌ریه‌ك گوێنیه‌ك به‌ ده‌سته‌وه‌ سه‌رقاڵی كۆ كردنه‌وه‌ی خاشاك بوون ، ئاگاداریان كردین كه‌ هه‌موو ڕۆژێك ، زیاتر له‌ 50 گوێنی پڕ له‌ پاشماوه‌ ده‌كه‌ن ، جگه‌ له‌ به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ و یه‌ك شه‌ممه‌ كه‌ زیاتر له‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێت .
ئێمه‌ هه‌موو ده‌زانین ، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن ، ده‌بێت خه‌رجیان بۆ دابین بكرێت له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ، تا كاره‌كه‌یان زیاتر و فراوانتر بێت ، پێویستیان به‌ خه‌رجی زیاتره‌ ، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌م كه‌مته‌رخه‌میه‌ ، واده‌كات به‌ هۆی ته‌وژمی باوه‌ ئه‌وخاشاكانه‌ بڵاو ببنه‌وه‌وو بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان وببنه‌ هۆی گیرانی مه‌نهۆڵه‌كانی ئاوو كۆبونه‌وه‌ی ئاوو درووستبوونی لافاو .
یان له‌و شوێنانه‌ی كه‌ كه‌ناری چه‌م و ڕوبارو جۆگه‌ن ، ده‌چێته‌ ناو ئاوه‌كان و پیسی ده‌كه‌ن .
ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رده‌وام ده‌یان بینین ڕۆژانه‌ ده‌چنه‌ ئه‌م شوێنانه‌ ، هیچ هه‌ستی به‌ر پرسیارێتیان تیانییه‌ ، یان ده‌رك به‌ پیسو پخڵی ناكه‌ن ، لاتان سه‌یر نه‌بێت كه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ وا ڕاهاتوون له‌و شوێنانه‌ دانیشن بۆ كات به‌سه‌ربردن كه‌ پڕه‌ له‌ خاشاك . بۆیه‌ كه‌ كه‌ ڕۆژی دواتر كه‌ دێنه‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ ناكه‌ن ، كه‌ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ شته‌ فڕێدراوه‌كانی ئه‌مان ، مڕۆڤێك چه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی .
له‌ ڕاستیا پێویسته‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ چیتر به‌رده‌وام نه‌بێت ، ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكانه‌ والێ بكه‌ین كه‌ به‌ر پرسیارێتیان هه‌بێت ، خۆیان پاشماوه‌كانیان كۆ بكه‌نه‌وه‌و هه‌رچۆن هێناویانه‌ ئاواش بیبه‌نه‌وه‌ ، له‌ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه ‌بیده‌ن به‌ ئوتومبیله‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك .
پێویسته‌ به‌شی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی و كۆمپانیاكانی خاوێن كردنه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ پۆلیسی دارستان وژینگه‌ی هه‌رێم ، هه‌روا به‌ڕیوه‌به‌رێتیه‌كانی ژینگه‌ به‌رنامه‌یه‌كی ، هه‌مه‌ ئاهه‌نگی ڕێك بخه‌ن ، تا سه‌ره‌تا ڕێنمایی و دواتر لێپچینه‌وه‌ ، جا سزادان بۆ ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ نین ، په‌یڕه‌وی خاوێنی و پاراستنی ژینگه‌ بكه‌ن .
ئێمه‌ كاتی خۆی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز ، سیستمێكمان داڕشتبوو بۆ سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌
•له‌ ئۆتۆمبیله‌وه‌ شت فڕێده‌ن
•ئه‌وانه‌ی جگه‌ره‌ فڕێده‌ده‌ن
•ئه‌وانه‌ی ئاگر به‌جێده‌هێڵن له‌ شوێنی سه‌یران كردنه‌كه‌یان .
•ئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبیلیان بشتایه‌ له‌ ناو چه‌م و جۆگه‌كاندا .
به‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رێتی هاتوچۆی سلێمانی . هیوادارم سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵات دارانی شاره‌كه‌مان دواتر له‌ سه‌رجه‌م هه‌رێمدا هه‌وڵ بدرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌ ، كه‌ جێبه‌جێكردنی له‌ لایه‌ن هاووڵاتیه‌وه‌ نیشانه‌ی دڵسۆزیه‌تی وكه‌م ته‌رخه‌میش زیان به‌ ژیان وژینگه‌ی خۆمان و سه‌رجه‌م زینده‌وه‌ران ده‌گه‌یه‌نێ .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دارستانه‌كان گرنگن بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ ژینگه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌

نموونه‌ش دارستانه‌كانی‌ ئەمازۆن نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس* به‌شی‌ دووەم •مه‌ترسیه‌كانی‌ سه‌ر ئه‌م ...