سەرەکی » راپۆرت » خەرجی دادگاییکردنی هەر داعشێک لە عیراق چەندە؟

خەرجی دادگاییکردنی هەر داعشێک لە عیراق چەندە؟

دوای تێکشکانی داعش لەناو خاکی عیراق و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆریان لەلایەن سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لەناو خاکی سوریاش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وە و پاش راگەیاندنی لەناوچوونی داعشیش ئەو دەستگیرکراوانە هەر ماونەتەوە و مشتومڕێکی زۆر لەسەر چۆنێتی دادگاییکردن و شوێن و تێچوون و گواستنەوەیان دروستبووە.

خەریکی راوێژن
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی: حکومەتی عیراق و ئەمریکا خەریکی راوێژن لەسەر گواستنەوەی سەدان چەکداری داعش و ژن و منداڵەکانیان لەناو خاکی سووریاوە بۆ عیراق و دادگایی کردنیان لە بەغدا. بۆ ئەو مەبەستەش عیراق بۆ گواستنەوە و جێگیرکردن و دادگاییکردنی هەر داعشێک داوای یەک ملیۆن دۆلاری کردووە کە بۆ هەموویان نزیکەی دەکاتە 10 ملیار دۆلار. بۆ خەرجی هەر چەکدارێکیش داوای دوو ملیۆن دۆلاری ساڵانەی کردووە.
پێناچێت ئەمریکا رازی بێت
لەزاری بەرپرسێکی عیراقیشەوە بڵاوکراوەتەوە کە دیاریکردنی دوو ملیۆن دۆلاری ساڵانە بۆ هەر چەکدارێک، لەسەر بنەمای خەرجی هەر زیندانیکراوێکی گوانتانامۆ دانراوە. بەهەمان شێوە ئاژانسی AFP فەرەنسیش هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، هەرچەندە جارێ ئەمریکا وەڵامی ئەم داوایەی عیراقی نەداوەتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی میدیای رۆژئاوا بڵاویانکردۆتەوە کە ئەمریکا ئەو پێشنیازەی بەغدا بۆ گواستنەوەی هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عیراق رەتدەکاتەوە و رازی نابێت ئەوپارەیە بدات.

وڵاتان وەریانناگرنەوە
بەپێی راپۆرتێکی عەرەبی پۆستیش: پێشتر ئەمریکا چەندینجار داوای لە هەموو ئەو وڵاتانە کردووە ئەو داعشانەی رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە و لەلای(هەسەدە) دەستگیرکراون، وەربگرنەوە. بەڵام زۆرینەی وڵاتان کە 52 وڵات دەبن، ئەو پێشنیارەی ئەمریکایان رەتکردۆتەوە، هەسەدەش کە کوردانی رۆژئاوا رابەرایەتی دەکەن، بەردەوام جەختیانکردۆتەوە کە بەرگەی بەخێوکردن و حەواندنەوەی ئەو داعشە دەستگیرکراوانە ناگرن و دواتریش ئەوانە ئەگەر هەوڵی راکردن و ئاژاوەنانەوە بدەن، مەترسی دەبن بۆیان. بۆیە زیاتر لە چەندجارێک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە مشورێک لە مانەوە یان دادگاییکردنی ئەو داعشانە بخورێت و بیانخەنە بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی، ئەو کەیسە لە زۆر وڵاتاندا کێشەیەکی یاسایی و دەستووری دروستکردووە. بەپێی بەدواداچوونێکی سایتی DW بێت، ئەڵمانیا رازی بووە داعشە ئەڵمانییەکان وەربگرێتەوە و لەسەر خاکی خۆیان دادگاییان بکات، بەڵام هەمدیسان زۆرێک لە یاساناسان دەڵێن مادام لەناو خاکی سوریا یان عیراق تاوانیان کردووە و لەوێش دەستگیرکراون، دەبێت هەر لەوێش داگایی بکرێن.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا چۆتە ئەمریکا
لەو پێناوەدا (ڤۆن دێر لاین) وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کە ئێستا لە ئەمریکایە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەیسە لەگەڵ بەرپرسانی پنتاگۆن کۆبۆتەوە. رایگەیاند: مەسەلەی ئەو دەستگیراوانەی داعش دەبێت وەک پاکێجێک سەیر بکرێت و هەموویان بەیەکەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەک هی هەر وڵاتە و بەجیا. وتیشی: ئەمریکییەکان داوایانکردووە کە ئەڵمانیا پشکی خۆی لە بودجەی بەرگری ناتۆ زیاد بکات، تا بتوانن لەو مەسەلانەدا بەکاری بهێنن. ئاشکراشیکرد: وڵاتەکەی ئێستا %15ی پشکی یارمەتییەکانی خۆی لە چاو ساڵی ٢٠١٧ دا زیادکردووە.
ئەوانەی عیراق دادگایی دەکرێن
لە عیراقیش تاکو ئێستا سەدان چەکداری داعش دادگاییکراون و سزای لە سێدارەدان بۆ نزیکەی 100 کەسیان دەرچووە، بەشێکی دیکەشیان سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەریاندا سەپێنراوە. هەرچەندە بەپێی رەزامەندی وڵاتی خۆیان ژمارەیەک لەوانەی سوریاشی وەرگرتووە و داداگایی کردوون، بەڵام بۆ وەرگرتنی هەموو ئەوانەی سوریا و لای هەسەدە، حکومەتی عیراق ئامادە نییە ئەو کەیسە بەبێ بەرامبەر لەئەستۆ بگرێت.

کەس ئامادە نییە
کەیسی دادگاییکردنی ئەو هەزار داعشە و خاوخێزانەکانیان لای هێزەکانی سوریای دیموکرات تا ئێستا چارەسەر نەکراوە و بۆتە کەیسێکی جیهانی تایبەت بە هەموو ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییانیان چوونەتە بەرەی تیرۆر و لە شەڕگەکاندا دەستگیرکراون، نە هەسەدە دەتوانێت تا سەر ئەو حەشاماتە داعشە بحەوێنێتەوە و بیانژییەنێت تا رۆژی دادگاییکردنیان، نە وڵاتانیش دەیانبەنەوە لای خۆیان و نەعیراقیش ئامادەیە بەبێ بەرامبەر بیانگوازێتەوە ناو خاکی خۆی و لەوێ دادگاییان بکات، ئەمریکاش خەریکی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەمیانی پێشوازیی لە ئەلكسەندەر لاڤرینتییڤ نێردەی ...