سەرەکی » وەرزش » له‌ نێوان پاوڵۆ رۆسی و رۆمادا

له‌ نێوان پاوڵۆ رۆسی و رۆمادا

زۆر كه‌م كه‌س هه‌یه‌ له‌وانه‌ی موتابه‌عه‌ی وه‌رزشی جیهانی ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئاره‌زوی وه‌رزشی جیهانییان هه‌یه‌ ناوی پاوڵۆ رۆسی یاریزانی ئه‌فسانه‌یی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتالیای نه‌بیستبێت، له‌هه‌مان كاتیشدا زانیاری له‌سه‌ر یانه‌ی رۆمای ئیتالیش نه‌بێت به‌تایبه‌تی رۆمای ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی.
دیاره‌ رۆسی و رۆما دوو ناوی جیاوازن، یه‌كه‌میان یاریزانه‌و دووه‌میان یانه‌یه‌، به‌ڵام له‌یه‌ك شتدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردووكیان له‌سنوری ئیتالیادان، جگه‌له‌وه‌ش جیاوازییه‌كیان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پاولۆ رۆسییه‌ی ئێمه‌ باسی ده‌یكه‌ین پاوڵۆ رۆسییه‌كه‌ی مۆندیالی 1982 تا كۆتایی ژیانی وه‌رزشییه‌تی، هه‌رچی ئه‌و رۆمایه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ یانه‌ی رۆمای ئه‌م دوو ساڵه‌ی دواییه‌، ئه‌وه‌شی مه‌به‌ستمانه‌ لێره‌دا باسی بكه‌ین به‌راوردێكی وه‌رزشییه‌ كه‌ هه‌ردووكیان له‌ شتێكدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ ئه‌ویش ده‌ركه‌وتنێكی له‌ ناكاوو توانه‌وه‌یه‌كی له‌ناكاوه‌.
ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردووكیان له‌ناكاوو له‌ پڕێكدا بوون به‌كوڕێك، كه‌چی ئه‌م كوڕێنییه‌یان زۆری نه‌خایاندو وورده‌ وورده‌ توانه‌وه‌و چوونه‌وه‌ قاڵبه‌ ئاساییه‌كه‌ی خۆیان كه‌ زیاد له‌پێویست گه‌وره‌ بووبوون.
رۆسی و رۆما گه‌وره‌بوون و بڵاو بوونه‌وه‌ی ناوو ناوبانگه‌كه‌یان هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر تیپێك بوو، رۆسی له‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل و رۆماش له‌سه‌ر یانه‌ی بارسیلۆنا بووه‌، با ئه‌م شته‌ باشتر روون بكه‌ینه‌وه‌.
پاوڵۆ رۆسی
پێش‌ مۆندیالی 1982 –ئیسپانیا، پاوڵۆ رۆسی له‌ به‌ندینخانه‌ ده‌رهێنرا، دواتر بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتالیا كرا، بۆیه‌ له‌به‌ندینخانه‌ توند كرابوو چونكه‌ تاوانی گه‌مه‌ كردنی به‌ ئه‌نجامی یاریی درابووه‌ پاڵی.
ئه‌و كاته‌ یاریزانی یانه‌ی یۆڤانتۆس بوو، له‌و مۆندیاله‌شدا له‌سه‌ره‌تاوه‌ راهێنه‌ری ئیتالیا هیچ پشتی به‌تواناكانی ئه‌م یاریزانه‌ نه‌ده‌به‌ست، له‌ قۆناغی گروپه‌كاندا یاریی نه‌كرد، هه‌تا یاریی به‌رازیل و ئیتالیا، ئه‌م یارییه‌ یه‌كێك بوو له‌یارییه‌كانی قۆناغی دووه‌می مۆندیاله‌كه‌، به‌رازیل له‌ لووتكه‌ی ئاستی هونه‌ریدا بوو، نه‌وه‌یه‌كی لێوه‌شاوه‌و بێ وێنه‌ یارییان بۆده‌كرد، تیلی سانتانای ئه‌فسانه‌ راهێنه‌ریان بوو، هه‌موو گره‌وو بۆچوون و پاڵاوتنه‌كان به‌جۆرێک بوون که‌ به‌رازیل جامی ئه‌م مۆندیاله‌ ده‌باته‌وه‌.
پێش ئه‌م یارییه‌ ئیتالیاو به‌رازیلیش له‌ئه‌رجه‌نتین یان بردبووه‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ بۆ ئیتالیا و به‌رازیل چاه‌رنووسازبوو، پاوڵۆ رۆسی له‌م یارییه‌دا یاریی كرد، به‌ڵام چ یارییه‌ك، یارییه‌ك كه‌ بوو به‌مێژوو بۆ ئیتالیاو بۆ خۆیشی وه‌ك یاریزان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ ئه‌وه‌ی له‌یارییه‌كی دراماتیكی و ماراسۆنیدا ئیتالیا 3-2 له‌به‌رازیلی برده‌وه‌، له‌یارییه‌كه‌دا پاوڵۆ رۆسی هه‌رسێ گۆڵه‌كه‌ی ئیتالیای كرد، به‌م بردنه‌وه‌یه‌ش ئیتالیا یه‌كه‌می گروپه‌كه‌ی بوو بۆ قۆناغی چوار گۆشه‌ی زێڕین سه‌ركه‌وت و به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتین كرانه‌ ده‌ره‌وه‌.
ئیتر لێره‌وه‌و له‌م مۆندیاله‌دا رۆسی بوو به‌ یاریزانی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژارده‌كه‌، سێ گۆڵی تریشی له‌ یارییه‌كانی تردا كردوو بوو به‌ گۆڵكاری مۆندیاله‌كه‌ش، جگه‌له‌وه‌ش ناوه‌كه‌ی بوو به‌ ناوی یاریزانی ساڵ و جیهان و مۆندیال.
رۆما
با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ و باباسی رۆماش بكه‌ین، رۆما ساڵی پار و له‌ چامپیۆنس لیگدا ناوی به‌جۆرێك دره‌وشایه‌وه‌ كه‌ پاڵێوراو بوو‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ببێته‌ پاڵه‌وانی ئه‌و ساڵه‌ی چامپیۆنس لیگ.
ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی 8 یانه‌دا پاش ئه‌وه‌ی یاریی كامپ نوی 1-3 دۆڕاند، له‌ یاریگای خۆیدا ریمۆنتادای كردو 3-0 له‌بارسیلۆنای برده‌وه‌و بۆ قۆناغی چوارگۆشه‌ی زێڕین سه‌ركه‌وت، جه‌گه‌ له‌وه‌ش له‌ خولی ئیتالیادا له‌باشترین بارو دۆخدا بوو، به‌ 77 خاڵ سێیه‌می خوله‌كه‌ش بوو.
دوای ئه‌م یارییه‌ش له‌ قۆناغی 4 یانه‌ی چامپیۆنس لیگدا به‌هه‌مان شێوه‌ی یاریی به‌رامبه‌ر بارسا، 2-5 به‌ لیڤه‌رپوڵ دۆڕا، له‌یاریی گه‌ڕانه‌وه‌شیاندا له‌ رۆما، ئه‌م یانه‌یه‌ هیچی وای نه‌مابوو هه‌مان داستانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر بارسا دووباره‌ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو ئه‌نجامی یاریی 4-2 به‌ سودی رۆمابوو، گوشارێكی زۆری كرد و زۆر نزیك بوو له‌ تۆمار كردنی گۆڵی پێنجه‌م، لیڤه‌رپوڵ و یۆرگنی كلوپی راهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه‌یان هه‌راسان كرد و دواجار فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه‌ هه‌رب 4-2 –ه‌كه‌ لێدراو رۆما بووه‌ مایه‌ی سه‌رنجی چاودێرانی وه‌رزشی له‌ئه‌وروپاو جیهان.
پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌كان له‌یكتر ده‌چن
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م دوو رووداوه‌ وه‌رزشییه‌دا له‌یه‌كتر ده‌چن ئه‌وه‌یه‌ نه‌ رۆسی و نه‌ رۆما دواتر و ساڵانی دوای ئه‌م دوو داساته‌نه‌ نه‌یانتوانی به‌رده‌وام بن، نه‌یاتوانی ئه‌و ناوو ناوبانگه‌ بن كه‌ پێوه‌ی ناسران، نه‌بوونه‌وه‌ به‌ مانشێتی گه‌وره‌ی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می هیچ رۆژنامه‌یه‌كی ئیتالیا.
رۆسی راسته‌ دواتر له‌ یۆڤی به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام هه‌تا ده‌هات ئه‌ستێره‌ی به‌ختی كزتر ده‌بینرا، راسته‌ ساڵی دواتر له‌ سیریا ئه‌ی له‌ 30 یاریی یۆڤیدا به‌شدار بوو، 17 گۆڵی كرد، به‌ڵام وه‌رزی دواتر ژماره‌ی یارییه‌كانی بوون به‌ 27 یاریی و 3 گۆڵیشی كرد، وه‌رزی پاشتر چوو میلان، لێره‌ به‌ته‌واوی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی به‌ره‌و تاریكی ده‌چوو 20 یاریی كردو 2 گۆڵی تیا كرد و ئیتر تاده‌هات ناوبانگی سوپه‌ر مانه‌كه‌ی مۆندیالی ئیسپانیا نه‌ده‌ماو وه‌رزی 1986-1987 به‌یه‌كجاری كوژایه‌وه‌و وازی له‌یارییكردن هێنا.
ئه‌گه‌ر سه‌یری رۆماش بكه‌ین وه‌رزی دواتر نه‌له‌ چامپیۆنس لیگ و نه‌ له‌ خولی ئیتالیاشدا ئه‌و رۆمایه‌ نه‌ینرایه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر بارساو لیڤه‌رپوڵ بینیمان، وه‌رزی دواتر كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ی چامپۆنس لیگه‌، له‌قۆناغی گروپه‌كانه‌وه‌ به‌دووه‌می گه‌یشته‌ قۆناغی 16 یانه‌، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا به‌ده‌ستی پۆرتۆ كرایه‌ ده‌ره‌وه‌و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی بگاته‌ قۆناغی 8 یانه‌ش، له‌ خولی ئیتالیاشدا له‌پله‌ی پێنجه‌مدایه‌ 55 خاڵی هه‌یه‌، دوو خاڵ له‌پێش ئه‌تڵه‌نتای شه‌شه‌م و دوو خاڵ له‌پێش تورینۆی حه‌وته‌مه‌وه‌یه‌.
پوخته‌
پوخته‌ی ئه‌م باسه‌ ئه‌وه‌یه‌ دوو رووداوی جیا له‌ دوو سه‌رده‌می جیاوازدا، هه‌ردووكیشیان له‌ دوو بۆنه‌ی زۆر گرنگی جیهان و ئه‌وروپادا، یه‌كه‌میان یاریزانێك ناوی پاوڵ رۆسییه‌ و رۆڵه‌كه‌ی له‌ مۆندیالی ئیسپانای 1982 دا بووه‌، و دووه‌میان یانه‌یه‌كه‌ ناوی رۆمایه‌ له‌ چامپیۆنس لیگی وه‌رزی رابردوو 2017-2018 – دا، هه‌رووكیان له‌ئیتالیان، هه‌ردووكیان له‌ ساته‌وه‌خت و ماوه‌یه‌كی كه‌مدا مێژوویه‌كی بێ وێنه‌یان نووسیوه‌، به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانی درێژه‌ی پێ بده‌ن، زۆر زوو ئه‌ستێره‌ی به‌ختیان كوژایه‌وه‌ و ته‌نیاو ته‌نیا لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێڕینی مێژووییان نووسیوه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانن درێژه‌ به‌سه‌روه‌رییه‌كانیان بده‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كیڤن دۆرانت له‌ یه‌كه‌م یاری كۆتایی ئێن بی ئه‌ی به‌شداری ناكات

تیپی گۆڵدن سته‌یتی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خولی باسكه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند ...