سەرەکی » وەرزش » نه‌به‌ز محه‌مه‌د عه‌لی باس له‌ وه‌رزشیکی که‌م ناو ده‌کات

نه‌به‌ز محه‌مه‌د عه‌لی باس له‌ وه‌رزشیکی که‌م ناو ده‌کات

یاری گۆڵ بۆڵ یارییه‌که‌ وه‌رزشکاران و وه‌رزشدۆستان زانیارییان له‌سه‌ری که‌مه‌، وه‌رزشێکی تایبه‌ت به‌ وه‌رزشکارانی خاوه‌ پێداویستی تایبه‌ته‌.
ئێستا تیپێکی زۆر باش و به‌هێزی ئه‌م یارییه‌ له‌ سلێمانی هه‌یه‌، خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌نجامی زۆر باشه‌ له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و عیراق و تانانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی عیراقیش.
ستادیۆم بۆ به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی ئه‌م تیپه‌و بۆ ئاشنا کردنی خوێنه‌رانی خۆی ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ نه‌به‌ز محه‌ممه‌د عه‌لی راهێنه‌ری تیپه‌که‌ ئه‌نجامداو ئه‌ویش وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری ئێمه‌ی له‌سه‌ر وه‌رزشه‌که‌و تیپه‌که‌و خۆی داینه‌وه‌.

*به‌ کورتی یاری گۆڵ بۆڵ چییه‌؟
-گۆڵ بۆڵ یارییەکی تایبەتە بە نابینایان، لە یاریگای بالەدا ئەنجام دەدرێت، یاریگاکه‌ی درێژی 18 مەتر و پانی 9مەترە.
یاریگاکە کراوە بە سێ بەشی سێ مەترییه‌وه، 3مەتری پێش گۆڵ پێی دەوترێت ناوچەی بەرگری، دواتر 3 مەتری دووەم پێی دەوترێت ناوچەی هێرشبەر، پاشان 3 مەتری دواتر پێی دەوترێت ناوچەی بێلایەن.
دوو گۆڵ لە کۆتایی هەر هێڵێک دادەنرێت کە درێژی 9 مەترە و بەرزی گۆڵەکە یەک مەتر و نیو دەبێت و بەتۆڕێک داپۆشراوه‌، هەر تیپە و 6 یاریزانی هەیە و 3 یاریزان یاری دەکات و 3 یاریزان یەدەک دەبێت، ژمارەی یاریزانەکان لەسەر سنگ و له‌ سه‌ر پشتیان دەنوسرێت، دەبێت لە ژمارە 1 بۆ 9 دیاری بکرێت، واتە ئەم یاریە ژمارە 10 –ی نییە .
*تایبه‌تمه‌ندی تۆپی ئه‌م یارییه‌ چییه‌؟
-تۆپەکە دەبێت لاستیک یان مەتات بێت، چێوەی تۆپەکە 76 سم، کێشی تۆپەکە 1250 گرام دەبێت، 8 کون لە دەوری تۆپەکەدایە 4 لەسەرە و 4 لە خوارەوە ،لەناو تۆپەکە 4 زەنگوڵەی هه‌ن کە یاریزانەکان به‌ بیستنی ده‌نگی زەنگۆڵەکان دەزانن ئاڕاستەی تۆپەکە بەرەو کوێیە و بۆ کوێ دەڕۆات.
*ئه‌م یارییه‌ چه‌ند ناوبژیوانی هه‌یه‌؟
* 11 ناوبژیوان یاری گۆڵ بۆڵ بۆ نابینایان بەڕێوە دەبەن، یاسا و ڕێسای ئەم یاریە تایبەتمەندی خۆی هەیە و زۆر جیاوازە، لەوانە پێش یاری بە 30 ده‌قیقه‌ دەبێت هەردوو ڕاهێنەر لەشوێنی تایبەت لەدەرەوەی یاریگا قورعە بۆ یاریەکە بکەن، هەر ڕاهێنەرێک ئامادە نەبێت پەنالتی لەسەر تۆمار دەکرێت.
هەر گێمێکی یارییه‌که‌ 10 ده‌قیقه‌یه، کە تۆپ چووە دەرەوە کات دەوەستێت، پشووی نێوان هەردوو گێم 5 ده‌قیقه‌یه‌.
*ئه‌م یارییه‌ له‌ که‌یه‌وه‌ له‌ کوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌؟
-لەساڵی 2010 –ه‌ وە ئەم یارییە لە کوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئێستا لە سلێمانی تەنها یەک تیپ هەیە و تایبەتە بە یانەی وەرزشی ڕۆژ بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت.
*تایبه‌تمه‌ندی یاریزانانی ئه‌م یارییه‌ چین؟
-ئەو یاریزانانەی کە ئەم یاریە دەکەن دەبێت پۆلێن کرابن و لەلایەن لیژنەی پزیشکی تایبەت پشکنینیان بۆ بکرێت، بە 3 جۆر دیاری دەکرێن، B1 B2 B3.
*تیپه‌که‌تان به‌شداری چه‌ند پاڵه‌وانێتی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی کردووه‌؟
– به‌شداریی چەندین پاڵەوانێتی لە کوردستان و ناو شاره‌کانی سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆکمان کردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش بەشداری چەندین پاڵەوانێتیمان له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق کردووە، لەوانه‌ له‌ ئێران و ئیمارات و ئەنجامی بەرچاومان هەبووە.
لە سلێمانیش پاڵەوانێتییکی گرنگ بە بەشداری هه‌ڵبژارده‌ی ئیماڕات ئەنجامدرا و پلەی دووەمان بەدەست هێنا.
دواپاڵەوانێتیش هەفتەی پێشوو لەسلێمانی ئەنجامدرا بە بەشداری تیپەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆک، وە توانیمان نازناوی پاڵه‌وان و پلەی یەکەم دەستەبەر بکەین و نوێنەرایەتی کوردستان بکەین بۆ پاڵەوانێتی عێراق کە بڕیارە مانگی حوزه‌یرانی ئاینده‌ لە بەغدا بەڕێوە بچێت.
*خۆت وه‌ک شاره‌زایه‌ک له‌م یارییه‌دا چۆن و که‌ی تێکه‌ڵاوی تیپه‌که‌ بوویت؟
-من پێشتر ڕاهێنەری تیپی نابیستان بووم لە یاری تۆپی پێیداو له‌ یاریگای گەورەدا، هەڵبژاڕدەی گۆڵ بۆڵی عێراق کامپێکی مەشق و ڕاهێنانیان لەسلێمانی هەبوو، داوایان لێکردم کە یاوەری تیپەکە بکەم و زانیاری تەواو سەبارەت بە یاریەکە وەربگرم.
پاشان بەشداری خوولی ڕاهێنان و ناوبژیوانیم کرد لە بەغدای پایتەخت توانیم سەرکەوتووانە ئاستی زۆر باش بەدەست بێنم، لە خولی ڕاهێنان یەکەم بووم، لە خولی ناوبژیوانیشدا بە پلەی باش ده‌رچوم.
دواتر لە سلێمانی تیپێکم دروست کرد، هەروەها ڕاهێنەری تیپی کچانیش بووم لە یانەی ڕۆژ.
*بڕوانامه‌ی ترت هه‌یه‌؟
له‌ ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیدا به‌شداری خولێکی راهێنانم له‌ هه‌ولێرکردو بە پلەی یەکەم ده‌رچووم، ئێستاش بەردەوامم لەکاری ڕاهێنەری لە تیپی یانەی ڕۆژ و هەڵبژاردەی کوردستان.
*دوا قسه‌ت چییه‌؟
-هیوادارم بەرپرسان ئاوڕێک لە وەرزشکاران و یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نابینایان بدەنەوە و بە چاوی بەزەیی سەیریان نەکەن.
دیدار-ستادیۆم

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كیڤن دۆرانت له‌ یه‌كه‌م یاری كۆتایی ئێن بی ئه‌ی به‌شداری ناكات

تیپی گۆڵدن سته‌یتی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خولی باسكه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند ...