سەرەکی » کەلتوور » قۆناغەکانی رۆژنامەگەریی نهێنی کوردیی حزبە کوردستانییەکان ١٩٤٠-١٩٩٠

قۆناغەکانی رۆژنامەگەریی نهێنی کوردیی حزبە کوردستانییەکان ١٩٤٠-١٩٩٠

نەوزاد عەلی ئەحمەد

-بۆ دابەشکردن و پۆلێنکردنی رۆژنامەگەریی نهێنی کوردیی حزبە کورد و کوردستانییەکان لە کوردستانی باشووردا تا ئاستێک گەمەکردنە لەگەڵ مەحاڵ، چونکە ئەو کەرەستەیەی ئێمە دەمانەوێت کاریان لەسەر بکەین، زۆربەی هەرەزۆریان فەوتان. بە کورتی ئەمە بۆچوونی منە بۆ دابەشکردنی قۆناغەکانی ئەوجۆرە رۆژنامەگەرییە. ئەم وتارە دەسپێکە بۆ کار و پڕۆژەیەیەکی گەورە.

یەکەم: قۆناغی دەستپێک و خەباتی شار ١٩٤٠- ١٩٥٨
ئەم قۆناغە رۆژنامەگەریی حزبی هیوا، حزبی شیوعی عیراقی- لقی کورد، پارتی کۆمۆنیستی کوردستانی عیراق، حزبی شیوعی کورستان- لقی کوردی، حزبی رزگاری کورد، پارتی دیموکراتی کورد- عیراق( پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق) بە هەردوو باڵەکەیەوە دەگرێتەوە.
حزبی هیو؛ ئەگەرچی لە چەند سەرچاوەیەکدا باس لە چەند بڵاوکراوەیەک دەکرێت کە ئەم حزبە چاپ و بڵاویکردوونەتەوە، بەڵام ئەوەندەی تا ئێستا لەم حزبە وەک بەرهەمی رۆژنامەگەریی دۆزراوەتەوە، بڵاوکراوەیەکە بەناوی « گۆڤار» کە بۆ هەر ژمارەیەک پیتێکی ئینگلیزی داندراوە.
ساڵی 1944 چه‌ند كوردێك له رێكخراوی (رابطه الشیوعیین العراقیین) جیابوونه‌وه، وه‌ك حزبێكی شیوعی كوردی كاریان كردو رۆژنامه‌یه‌كیان به ناوی (شۆڕش) ده‌ركرد.
ساڵی 1944 دوو باڵی جیابووه‌وه یه‌كیان گرت‌و رێكخراوێكیان به ناوی (وحده النضال) له ئه‌یلولی 1944 پێكهێناو رۆژنامه‌یه‌كیان به هه‌مان ناو به زمانی عه‌ره‌بی‌و كوردی ده‌ركردو کورییەکە ناوی یەکێتیی تێکۆشین بوو.
ئەمەو لە رۆژنامەی ئازادی دا نووسراوە؛ له پێناوی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ره‌نجبه‌رانی كوردو گرێدانی خه‌باته‌كه‌یان له باری سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به خه‌باتی ره‌نجبه‌رانی عه‌ره‌ب له عێراقدا، رۆژنامه‌ی (ئازادی) له مانگی نیسانی 1944 وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی ناوه‌ندیی حزبی شیوعی عێراقی به زمانی كوردی ده‌رده‌چوو، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 1943 بۆ یه‌كه‌مجار رێكخستنی شیوعییه‌ت گه‌یشته سلێمانی كه راسته‌وخۆ سه‌ركردایه‌تی حزب به‌شداریان له نووسینه‌كانیدا ده‌كرد، له‌به‌ر بارودۆخی سیاسی ئه‌وسا به شێوه‌یه‌كی رێك‌و پێك‌و له كاتێكی دیاریكراودا ده‌رنه‌ده‌چوو، سه‌ره‌تا به 8 تا 12 لاپه‌ڕه ده‌رده‌چوو به‌ڵام پاشان تا ساڵی 1959 كه بووه رۆژنامه‌یه‌كی ئاشكرا به دوو لاپه‌ڕه ده‌رده‌چوو.
ساڵی 1948- 1949 له شاری سلێمانی رۆژنامه‌ی (ده‌نگی فه‌لاح) و ساڵی 1951 له ناوچه‌ی (دارماوه)ی قه‌زای (ده‌ربه‌ندیخان) رۆژنامه‌ی (ده‌نگی داس) ده‌رچووه‌و ئه‌م رۆژنامه‌یه تا ساڵی 1953 به‌رده‌وام بووه، ساڵی 1953 قوتابیانی شیوعی له سلێمانی رۆژنامه‌ی (ده‌نگی فه‌قێ) یان ده‌ركردووه، كه به‌رگری له قوتابیانی خوێندنگا ئاینیه‌كان ده‌كرد، هه‌ر هه‌مان ساڵ قوتابیان له شاری هه‌ولێر رۆژنامه‌یه‌كیان به شێوه‌ی ده‌ستنووس به ناوی (ده‌نگی قوتابیان) ده‌ركردووه.
گۆڤار؛ حزبی هیوا له سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا له شاری هه‌ولێر ده‌ریكردووه.
ده‌نگی كورد؛ ساڵی 1943 له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی میلله‌ت له شاری هه‌ولێر ده‌رچووه.
بلێسه؛ له ساڵی 1943 له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی میلله‌ت له شاری هه‌ولێر ده‌رچووه.
رزگاری؛ ساڵی 1945 به‌ره‌ی رزگاری كورد ده‌ریكردووه.
شوعله؛ له كۆتایی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له شاری هه‌ولێر ده‌رچووه.
روناكی؛ له نێوان ساڵی 1952- 1954 له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی كوێره‌كانی كوردستان له شاری سلێمانی ده‌رچووه.
یه‌كێتی فه‌للاح؛ له ساڵی 1954 له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی ئازادكردنی فه‌للاح له شاری سلێمانی ده‌رچووه.
گه‌نجان؛ ساڵی 1954 وه‌ك زمانحاڵی یه‌كێتی گه‌نجه دیموكراتییه‌كانی كوردی عێراق ده‌رچووه.
ئازادی كوردستان؛ ساڵی 1957 له لایه‌ن حزبی شیوعی عێراقی ده‌رچووه.
بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە ساڵی ١٩٤٦ تا ١٩٥٨ چەندان بڵاوکراوە و گۆڤاری دەرکردووە، کە تا ئێستا چەندانیان دۆزراونەتەوە، وەک لە پێشەوە گووتم پارتی لە کۆنگرەی دووەمەوە تا ساڵی ١٩٥٦ بوو بە دوو باڵ، باڵە سەرەکییەکە، کە برایم ئەحمەدی لە کۆنگرەدا هەڵبژێردرا و سکرتێری بوو ئەم رۆژنامە و بلاوکراوانەی دەرکردووە: « رزگاری، خەباتمان، بۆ پێشەوە، نرکەی جوتیار، نداء کوردستان، بەڵام باڵەکەی تر کە هەمزە عەبدوڵڵا سکرتێری بوو ناوەکەی بەم شێوەیە بوو ( پارتی دیموکراتی کورد- عیراق/ بەرەی پێشکەوتوو یا الجناح التقدمي) ئەوەندەی بۆم ساغ بۆتەوە تەنیا رۆژنامەی « رزگاری» دەرکردووە. ساڵی ١٩٥٦ هەر دوو باڵەکە لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی کوردی ناو حزبی شیوعی عیراقی یەکیان گرتەوە و ناوی حزبەکەیان کرد بە (پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان) ناوی رۆژنامەکیان کرد بە « خەباتی کوردستان» سەرچاوە: رۆژنامەوانی نهێنی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٤٦-١٩٥٨، لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین
* دووەم: یەکەمین قۆناغی خەباتی پێشمەرگایەتی ١٩٦١- ١٩٧٠
لە قۆناغەدا ئەم حزب و رێکخستنانە کاری رێکخراوەییان کردووە: کۆمەڵی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد- کاژیک، کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان. پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق و حزبی شیوعی عیراق- هەرێمی کوردستان لەسەر بەرهەم و چالاکییە رۆژنامەگەرییەکان بەردەوام بوونە، لەو قۆناغەدا هەردوولایان رووبەڕووی لێکترازان بوونەتەوە و بەرهەمی رۆژنامەگەرییشیان هەبووە.
لەم قۆناغەدا سەرەڕای پارتی و شیوعی، کاژیک-یش خاوەنی چالاکی رۆژنامەگەرییە، بەڵام پێویستە ئەم قۆناغە بەسەر دوو ماوەی مێژوویی دابەش بکەین لە ١٩٦١ تا ١٩٦٤، بۆ حزبی شیوعیش بەهەمان شێوە چونکە ئەوانیش لە ساڵی ١٩٦٧ رووبەڕووی لێکترازان بوونەوە؛ تا پارتی دوو لەت نەببوو ئەم رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەی دەرکردووە: « خەبات، دەنگوباسی شۆڕشی کوردستان، دەنگی کوردستان، رزگاری کوردستان، دیسان بارزانی» بەڵام حزبی شیوعی عیراقی لە ساڵی ١٩٦٢ ناوی بڵاوکراوەکەی لقە کوردییەکەی کرد بە « رێگای کوردستان» کاژیکیش لە دوای ساڵی ١٩٦٠ دەستی بە بڵاوکردنەوەی « کاژیکنامە» کرد. هەر ئەو ماوەیە حزبی شیوعی لە شاری سلێمانی « ئاڵای کارگەران» ی دەرکرد، ئەمەو ساڵی ١٩٦٧ کە حزبی شیوعی دوولەت بوو باڵێک ناوی لەخۆی نا قیادەی مەرکەزی و ئەویتر ناویان لە خۆیان نا لیژنەی مەرکەزی. هەردوولایان درێژەیان بە دەرکردنی رۆژنامەکانی « طریق الشعب» و « رێگای کوردستان» دا، وەک چوارچێوەی بابەتەکە من کارم لەسەر « رێگای کوردستان کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی ١٩٦٤ دوولەت بوو، ئەوەی کێشە بۆ لێکۆڵەر درووست دەکات جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی هەردوولایە، چونکە هەردووکیان بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان درێژەیان بە تێکۆشان دا
باڵی بارزانی؛ ئەم رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەی لەم ماوەیەدا دەرکردووە: «خەبات، صوت کردستان، نشرة اخباریة، اخبار کردستان، سەفین، مەشخەڵ، رزگاری، کادر، دەنگی پێشمەرگە… هتد».
باڵی مەکتەبی سیاسی بەهەمان شێوە درێژەی بە دەرکردنی رۆژنامەی خەبات داوە و ئەم بڵاوکراوە و گۆڤار و رۆژنامانەشی دەرکردووە: « ئاسۆی کورد، ئاگر، بروسکە، خەباتی کوردستان، رزگاری، نشرة اخباریة، صدی کورستان، رزگاری کوردستان، رەنج، بۆپێشەوە، پێشڕەو… هتد». ئەم قۆناغە بە قۆناغی زێڕینی کاژیک دەدەمە قەڵەم چونکە زیاتر خۆی ناساند ئەویش لە رێگای بڵاوکراوەکانیدا، سەرەڕای درێژەدان بە دەرکردنی « کاژیکنامە» و ئەم بڵاوکراوانەشی دەرکردووە: « بانگی کاژیک، بڵاوکراوەی ناوخۆ، چرای کوردستان» بەڵام پارتی رزگاری کورد کە لەگەڵ کاژیک هاوپەیمان بوون بڵاوکراوەی « نەوەی کورد» ی دەکردووە.
ئەمەو
* سێیەم: دووەمین قۆناغی خەباتی چەکداریی ١٩٧٤- ١٩٧٥
لەم قۆناغەدا تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق و باڵی قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عیراق خاوەنی بەرهەمی رۆژنامەگەریین.
لەم قۆناغەدا باڵێکی حزبی شیوعی لەگەڵ بەعسییەکان لە یەک بەرەدا خەباتیان دەکرد، واتە مۆڵەتدار بوون و یاساغ نەبوون، بەڵام باڵەکەی تریان کە قیادەی مەرکەزی بوون لە شاخەکانی کوردستان چالاکی رۆژنامەگەرییان بەردەوام بوون و بەردەوام بوون لەسەر دەرکردنی رۆژنامەی « رێگای کوردستان»
بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم قۆناغە قۆناغێکی زێڕینی خەباتی رۆژنامەگەرییە، لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا چەندان رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی لە کوردستان و لە دەرەوە دەکردووە؛ وەک: « خەبات، دەرکردنی ژمارە ١٢ لە گۆڤاری نووسەری کورد، بەردەوام بوون لەسەر دەرکردنی گۆڤارەکانی کادر و دەنگی پێشمەرگە، دەنگی کوردستان،… هتد» هەروەها لە ئەوروپاش رێکخستنەکانی پارتی سەرەڕای جارێکی تر چاپکردنەوەی رۆژنامەی « خەبات» ئەم بڵاوکراوە و گۆڤارانەی دەرکردووە: « دەنگی شۆڕش، پێشمەرگە، زۆزک، ملحق اخبار کردستان، نشرة صحفیة، PESHMERGA، Kurdistan, Review… هتد»
* چوارەم: قۆناغی شۆڕشی نوێ ١٩٧٥- ١٩٩١
ئەم قۆناغە مۆدێلێکی نوێیە لە ژیانی رۆژنامەگەریی کوردی کە فرەیی و هەمەچەشنی خاسییەتێکی دیاری ئەو قۆناغەی مێژووی رۆژنامەگەریمانە، لەم قۆناغەدا ئەم حزب و لایەنانە بەشدارن: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان- سەرکردایەتی کاتی، پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، حزبی سۆسیالیستی کوردستان، حزبی شیوعی عیراقی- هەرێمی کوردستان، حزبی شیوعی عیراقی- قیادەی مەرکەزی/ باڵی الی الامام، پارتی سۆسیالیستی کورد-پاسۆک، پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان، یەکێتیی دیموکراتی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان- کۆمیتەی ئامادەکردن، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئاڵای شۆڕش، ئاڵای شۆڕش-کۆنفرانس، بزاڤە ئیسلامییەکان، بزاڤە چەپەکان.
وەک گووتم ساڵی ١٩٧٥ مۆدێلێکی نوێی ژیانی حزبی و رێکخراوەیی لە کوردستانی باشوور سەریهەڵدا و کۆمەڵێک حزب و رێکخراو و هێزی سیاسی خۆیان راگەیاند و دەستیان بە خەبات کرد؛ لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە بەرهەمە رۆژنامەگەرییەکانیان دەدەم:
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: الشرارة، رێبازی نوێ، هەواڵنامەی کوردستانی عیراق، الخنادق، دەنگی یەکێتی، ئاڵای صوت الاتحاد، بەلاغی عەسکەری، الاتحاد، کفاح الانصار، هەواڵنامەی کوردستان لە رۆژنامەکانی ئەوروپادا، ئاڵا، راپەڕین، پێشمەرگە، الخلیج، سەنگەر، هەڵوێست، ذ سپارک، دێرفونک، دێ ڤونک، لیتینسل، بلاغ، صوت الاسبوع، دەنگی شۆڕشی عیراق، ذ تۆرچ، ئەرکی نوێ، ئەستیرە، سروشت، کوردیش فۆکس، ئەستێرە، سروشت …. هتد» ئەمانە هەندێکیان لە ئەوروپا و ئەمریکا دەرچوونە، بەڵام کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان کە دوایی ناوەکەی دەبێت بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ئەم گۆڤار و بڵاوکراوانەی دەکردووە: « کۆمەڵە، ئاڵای شۆڕش، راپەڕین، بڵاوکراوەی ناوخۆ، ژیانی رێکخراوەیمان» هێڵی گشتی بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆی نەبووە ئەوان بڵاوکراوەکانی یەکێتیی-یان بە رێبازی خۆیان دەزانی. بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان گۆڤاری بزوتنەوە-ی دەرکرد. دوای یەکگرتنی باڵی گشتی و بزوتنەوەی سۆسیالیست و راگەیاندنی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ئەم رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەی دەکردووە: « کوردایەتی، رزگاری، کۆسار، رۆشنبیری» .
ئەمەو رێکخراوە پیشەکانی یەکێتیی و ئەوانەی کە لە یەکێتیی نزیک بوون، یاخود لە چاپخانەکانی یەکێتیی چاپکراون، ئەم گۆڤار و بڵاوکراوانەیان دەرکردووە:
یەکێتیی نووسەرانی کوردستان؛ هەژدە ژمارەی لە گۆڤاری نووسەری کوردستان دەرکردووە، پێشتریش دەستەیەک لە نووسەران گۆڤاری « پێروو» یان چاپ و بڵاوکردۆتەوە. لقی کەرکوک ١٤ ژمارە لە گۆڤاری < گزنگ»ی بڵاوکردۆتەوە، لەگەڵ سێ ژمارە لە گۆڤاری « گزنگی بچووکان»، هەروەها لقی هەولێر یەک ژمارەی لە گۆڤاری « نووسەری نوێ» دەرکردووە.
یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان؛ گۆڤاری « رێبازی خوێندکاران» ی دەرکردووەو لقی کەرکوکیش گۆڤاری « باوەگوڕگوڕ» بڵاوکردۆتەوە.
یەکێتی ژنانی کوردستان؛ لە ماوەی خەباتی شاخدا دوو ژمارەیان لە گۆڤاری « تەوار» دەرکردووە. یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یش گۆڤاری « خەباتی مامۆستا»ی دەرکردوو.
هەروەها یەکێتیی یارمەتی دەرکردنی ئەم گۆڤارانەشی داوە؛ هۆرە، رەنگاڵە، کەلتور، هەڵەدن، تەرازوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان- سەرکردایەتی کاتی؛ درێژەی داوە بە دەرکردنی رۆژنامەی « خەبات» و بڵاوکراوەی اخبار کردستان، هەروەها لە ئەوروپا درێژە دەرکردنی زۆزک دراوە و صدی خبات-یش دەرکراوە، بەڵام ناوی سەرکردایەتی کاتی بەسەرەوە نیە.
بەڵام دوای کۆنگرەی نۆ کە ساڵی ١٩٧٩ بەڕێوەچوو، راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق سەرەڕای درێژەدان بە رۆژنامەی « خەبات» و « اخبار کردستان»، دەنگوباسی کوردستان، ئەم بڵاوکراوەو گۆڤارانەشی دەرکردووە: « یەکێتیی لاوان و قوتابیانی کوردستان زیاتر لە پێنج گۆڤاری جیاوازی دەکردووە، لقەکان گۆڤاری خۆیان دەکردووە، وەک: سەفین، باوەگوڕگوڕ، ئەزمڕ، مەتین، صدی کردستان، زاگرۆس( رۆژنامە)، زاگرۆس( گۆڤار)، شەهیدانی کوردستان، دەنگی کوردستان،…هتد « لە دەرەوەش گۆڤار و بڵاوکراوەی دەکردووە.
پارتی سۆشیالیستی کورد- پاسۆک؛ ئەم رۆژنامە و گۆڤارانەی دەرکردووە: ئاڵای سووری کوردایەتی، خوێندکاری کورد، سەربەخۆیی.
حزبی شیوعی عیراقی و حزبی شیوعی عیراقی- هەرێمی کوردستان؛ دوای ئەوەی پەیوەندی بەعس- شیوعی بەرەو خراپی چوو، شیوعییە کوردەکان، پاشان عەرەبەکان روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٩ راگەیاندنی حزبی شیوعی دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە، بەڵام ئەمجارە بە شێوەی نهێنی، لە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٩١ رۆژنامەگەریی حزبی شیوعی عیراقی کە بە زمانی کوردی دەریکردوون بریتین لە چەندان ناو؛ جارێکی تر دەرکردنەوەی رۆژنامەی رێگای کوردستان، رێبازی پێشمەرگە، بڵاوکراوەی ناوخۆ، ئاڵای پێشمەرگە، خەباتی ئافرەتان، تێکۆشانی قوتابیانی کوردستان، دەنگی لاوان، بیری نوێ، رۆشنبیری پێشمەرگە، هەڵمەت، رێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، هەروەها لە لق و قاتعەکاندا چەندان گۆڤار و بڵاوکراوەی دەفتەریی دەرکردووە.
بزوتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان؛ گۆڤارەکانی « بزوتنەوە» و « پێشمەرگە» دەرکردووە.
حزبی سۆسیالیستی کوردستان؛ ئەم رۆژنامە و بڵاوکراوە و گۆڤارانەی دەکردووە:» رێگای ئازادی، سۆسیالیست، دەنگی پێشمەرگە، بهدینان، رێبازی لاوان، طریق الحریة، سورێن، دەنگی لاوانی کوردستان، پەیامی برایەتی، خەباتی قوتابیان،.. «
رێکخراوی تێکۆشانی رەنجدەران؛ رۆژامەیەکی بەناوی « تێکۆشان» دەرکردووە
حزبی شیوعی عیراقی- قیادەی مەرکەزی/ رەوتی الی الامام؛ ئاڵای یەکگرتن-ی بە زمانی کوردی دەکردووە.
یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کورستان- لە نەمسا « وحدة الثوریین الکردستانیین- فرع النمسا؛ ئەم رێکخراوە بڵاوکراوەیەکی بەم ناوە دەرکردووە: المسار الجدید.
یەكێتی ئازادی و دیموکراسی کوردستانی عیراق: رۆژنامەیەکیان بەناوی ئازادی دەرکردووە.
رێکخراوی رەنجدەرانی کورستان؛ ئۆرگانەکەیان بەم ناونیشانە بووە: رەنجدەر.
پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان؛ ئەم رۆژنامە و گۆڤارانەی دەرکردووە: گەل، دەنگی گەل، پێشەنگ، کوردستان، نیو پێشمەرگە، دۆزا گەل،
یەکێتی دیموکراتی کوردستان؛ ئەم رۆژنامە و بڵاوکراوانەی دەکردووە: الشعلة، رایة الاتحاد، طریق الاتحاد، نضال الاتحاد، مرصد الاتحاد.
پارتی دیموکراتی کوردستان- کۆمیتەی ئامادەکردن؛ رۆژنامەی خەباتی کوردستان و کوردستان بولتەن دەرکردووە.
ئاڵای شۆڕش؛ هەواڵنامە، هەڵوێست، ئاسۆی کرێکار، ئاڵای شۆڕش، نۆژەن- ی دەرکردووە.
ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس؛ رۆژنامەی ئاڵا و گۆڤاری پەیامی کرێکاران-ی دەکردووە، ئەبوبەکر خۆشناو-یش بە تەنیا چوار ژمارە لە گۆڤاری « هەڵویستی ئەدەبی « دەکردووە.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ رۆژنامەی ئاڵای ئازادی؛ راستی، ژینی نوێ، ژیلەمۆ-ی دەکردووە.
بزاڤە ئیسلامییەکان؛ لەم قۆناغەدا ئەم رۆژنامە و بڵاوکراوە ئیسلامیانەم بینیوە: ئاسۆی ئیسلام، دەنگی باوەڕ، مەشخەڵ، النفیر، راپەڕین، بانگەواز، شەهادە، لەگەل موجاهین دا.
رەوتە چه‌پەکان، ئەمانە کۆمەڵێک رێکخراو و رێکخستنی جیاواز بوون لەنێو شارەکان بوون ئەم بڵاوکراوە و گۆڤارانەیان دەکردووە؛ خەباتی کرێکار، ئاسۆی سۆسیالیزم، پڕۆلیتاری، کرێکاری کۆمۆنیست.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شاڵاوی ڕاگواستن و تەعریب تا کەی؟

د. کاوە محمود شاڵاوی ڕاگواستن و گۆڕانکاری دیموگرافی لە مێژووی ...