سەرەکی » وتار » ئەنفال و ئەنفالی گەرمیان

ئەنفال و ئەنفالی گەرمیان

یادگار عەلی

وشەی (ئەنفال) زاراوەیەكی ناو قورئانە و بە واتای (غەنیمە – دەستكەوت) دێت، زۆربەی زانایان ڕایانوایە؛ ئەنفال بەو ماڵ، سامان، ئاژەڵ و كەلوپەالنە دەوترێت كە لە سەردەمی خۆیدا شەڕكەرەكانی موسوڵمانان لە شەڕدا بەدەستیان هێناوە، وشەی (ئەنفال) ناوی سورەتی هەشتەمی قورئانی پیرۆزە، زەمینەی هاتنە خوارەوەی ئەم سورەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی دوەمی كۆچی بەرامبەر ساڵی (623)ی زایین، دوای جەنگی بەدری گەورە كە لەنێوان لەشكری موسوڵمانان و بێباوەڕاندا رویدا. لە دەقە قورئانیەكەدا ئەنفال مرۆڤ ناگرێتەوە، بەڵام لای بەعسیەكان مرۆڤ تاكە ئامانج بوە، ڕژێمی شۆڤینیزمی بەعس لەدوای پتر لە (1364)ساڵ جارێكی تر ئەو سورەتەی بە دیدێكی عەرەبیانەی بەعسیانەوە، لە بەرچاوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا، لەسەر میللەتی كوردی موسوڵمان جێبەجێی كرد.
حكومەتی پێشوتری عیراق بە هەشت قۆناغ شاڵاوەكانی ئەنفالی لە باشوری كوردستان ئەنجامدا. لە (21/2/1988 – 6/9/1988) بەهاوكاری فەوجەكانی خەفیفەی «جاش»، پرۆسەكە سەراپای ناوچەئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و شۆڕشی گرتەوە، كە ئەوانیش بریتیبون لە ناوچەكانی: (دۆڵی جافایەتی، شارباژێڕ، مەرگە، پشدەر، قەرەداغ، تەواوی گەرمیان، شارەزوور، هەوارامان، پێنجوێن، گۆپتەپە، عەسكەر، دەشتی كۆیە و دەشتی هەولێر، بالیسان، باڵەكایەتی و بادینان).
لێردەدا بە كورتی ڕوناكی دەخەینە سەر هەریەك لە و قۆناغانە، پاشان بە شێوەیەكی وردتر لەسەر قۆناغی
(سێیەم)ـی شاڵاوەكە دەدوێین، كە بە ئەنفالی ناوچەی گەرمیان دەناسرێت.
قۆناغەكانی ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال لە باشوری كوردستان:
ئەنفالی یەكەم: ناوچەی دۆڵی جافایەتی
ئەم قۆناغە لە (23ی شوباتی تا 19 ی ئازاری 1988)ی خایاند، پێش دەستپێكردنی پەلامارەكە، سەركردایەتی هێزە چەكدارەكانی عیراق سەردانی ناوچەكەی كرد، بەمەبەستی دارششتنی دوا نەخشەی پەلامارەكە. هێرشەكە كاتێك دەستیپێكرد كە حكومەتی بەعس بەبەشداری فەیلەقی یەك و فەیلەقی پێنج سوپاكەی و دەیان لیوای تایبەت و بەهاوكاری «جاش»، هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر ناوچەكانی مەرگە، دۆڵی جافایەتی و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان- یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان ئەنجامدا، لەم هێرشەدا؛ رژێم چەندین جۆر چەكی كیمیاوی بەكارهێنا. هێرشەكە لە (نۆ) قۆڵەوە بو، بەمشێوەیە:
قۆڵی یەكەم: لەڕێگای سەرەكی كارێزە بەرە و گوندی گاپیلۆن.
قۆڵی دوەم: لە دۆڵی ڕوتەوە بەرە و قزلەر.
قۆڵی سێیەم: لەسەر ڕێگای سورداشەوە بەرە و زێوێ.
قۆڵی چوارەم: لەسەر ڕێگای سورداشەوە بۆ قۆڵی پوشێن- قوڵە سەوز- كلكەی سپیلك، لەوێشەوە بەرە و گوندی شەدەڵە.
قۆڵی پێنجەم: لەسەر ڕێگای دوكانەوە بۆ سورداشەی كۆن- هۆمەر- قەوم- شەدەڵە- شاخی دابان.
قۆڵی شەشەم: لەسەر ڕێگای دوكانەوە بەرە و گوندی قەمچوغە- سەرمۆرد.
قۆناغی حەوتەم: لە قەرەسرتەوە بەرە و قەڵەم پاشا- كاڵوسپی.
قۆڵی هەشتەم: لەسەر ڕێگای بنگردەوە بەرە و قەرەهەنجیر- شارستێن- سێدەر- دۆڵەبی- هەوارە بەرزە.
قۆڵی نۆیەم: لە بنگردەوە بەرە و ئاوەژێ- چنارنە- سریوان.
لەم قۆناغەدا؛ بەشێك لە گوندنشینان ئاوارەی وڵاتی ئێران بون و نزیكەی(200 – 250 )هاوڵاتی بێتاوان لە ژن، منداڵ و پیاو ئەنفالكران و هەرچی گوندەكانی سنورەكەش بو، لەگەڵ خاكدا تەختكران.
ئەنفالی دووەم: ناوچەی قەرەداغ
هێرشەكان بۆ سەر ناوچەی قەرەداغ، لە (22ـی ئادار تا 1ـی نیسانی 1988) بەردەوام بو، بەپێی چەند زانیارییەك ژمارەی ئەو كەسانەی لەم ناوچەیە دەستگریكران گەیشتوەتە (2000 )دوو هەزار كەس و دەسبەجێ ڕەوانەی ئەمنی سلێمانی كراون. سەركردایەتی گشتیی هێزە چەكدارەكانی رژێمی عیراق لە(22ـی نیسان بەیاننامەی ژمارەی 3109)ـی بڵاو كردەوە، تیایدا؛ باسی لە پاككردنەوەی تەواوی ناوچەی قەرەداغ دەكات، دەڵێت: (خیانەتكاران) و تێكدانی بنەكەكانیان لە (تەكییە، بەلگجار، مێولی، بانی مورد، چرچەقەڵا، بەلەكان، دەبەندفەقریە، قەرەداغ، ئۆقڵا، جافەران، باوەخشێن، سێوسێنان، زەردە، كلۆش، بێركێ، كڵاو جومعە، بەخشێ، دەربەند باسەرە، سەرگرمە، قۆپی قەرەداغ و ئاژەداخ).
ئەنفالی سێیەم: ناوچەی گەرمیان
ئەم شاڵاوەی ئەنفال ناوچەی گەرمیانی بە چڕی گرتەوە، بە بەرفراوانرتین و بەربڵاوترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێت، زۆرترین قوربانی ماڵی و گیانی لێكەوتەوە، لە باسەكانی دواتردا؛ بە وردتر و بەئاماژەدان بە سنورەكانی شاڵاوەكە، هۆكارەكانی پەلامارەكە و زەرەر و زیانەكانی دەدوێن.
ئەنفالی چوارەم: ئەنفال حەوزی زێی بچوك
ئەنفالی حەوزی زێی بچوك (3ـی مایسی 1988) ناوچەیەكی فراوانی لەباكوری ئەو ڕێگا گشتیە گرتەوە كە شاری كەركوك بە شاری سلێمانی دەگەیەنێ و هەروەها باشوری ڕێگای نێوان كۆیە- دەریاچەی دوكانیشی گرتەوە، كە بریتی بو لە ناوچەكانی (شوان، شێخ بزێنی، دەشتی كۆیە، گۆپتەپە، عەسكەر، دێگەڵە و ئاڵتون كۆپری).
ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم: ئەنفالی ناوچەكانی پارێزگای هەولێر
لە (24/5/1988 – 31/8/1988 )ئەنجامدرا، ئەم سێ شاڵاوە نزیكەی نیوەی پانتایی باشوری كوردستانی گرتەوە، بەشێوەیەكی گشتی گوندەكانی سەر بەناحیە و قەزاكانی (كۆیە، ناحیەی دێگەڵە) لەگەڵ هەندێك لە گوندەكانی دەوروبەری (هەولێر، شەقاڵوە، ڕەواندز، چۆمان، چیای قەندیل، ڕانیە، چوار قوڕنە، هیزۆپ، زنجیرە چیای باواجی) و چەندین شوێنی تریشی گرتەوە. قۆناغی (شەشەم و حەوتەم)، لەنێوان هەردوو مانگی (تەمموز و ئاب) بەدرێژایی ناوچەكانی(شەقڵاوە، خۆشناو و ڕەواندوز) ئەنجامدرا و ناوچەكانی (سماقۆڵی، دۆڵی ئالانە و بالیسانی) گرتەوە و پاكتاوكران.

ئەنفالی هەشتەم: ئەنفالی بادینان
ئەم شاڵاوە لە (25ـی ئاب–6ـی ئەیلویل 1988)ـی خایاند، بەهێرشێكی كیمیاویی لەناوچەی(زێرەشكانی) نزیك سنوری عیراق و توركیا دەستیپێكرد، لەم قۆناغەدا؛ چەند ناوچەیەك بەركەوتن، لەوانە: (دهۆك، زاخۆ، كانی ماسی، زێوە، دێرەلوك، ئەتروش و زاوێتە).
ئەنفالی گەرمیان:
قۆناغی سێیەمی ئەنفال: ئەنفالی ناوچەكانی گەرمیان
سەخترتین و سامناكرتین قۆناغی ئەنفال بو، لە (7ی نیسان – 20ی نیسانی 1988) ناوچەكانی (كەركوك، دوزخورماتو، كفری، كەلار، دەربەندیخان، زنجیرە چیای قەرەداغ، تەكیە، چەمچەماڵ و قەرەهەنجیری)ـی گرتەوە.
حكومەتی پێشوتری عیراق ئەم شاڵاوەی لە (13) قۆڵەوە ئەنجامدا، قۆڵەكانیشی بەمشێوەیە دابەش كردبو:
قۆڵی یەكەم: لە دوزخورماتوەوە بەرە و باشتەپە و ئاوەسپی.
قۆڵی دووەم: لە كفرییەوە بەرە و ئۆمەربل و عەزیز قادر.
قۆڵی سێیەم: لەكفرییەوە بەرە و دەراجی.
قۆڵی چوارەم: لە كەلارەوە بەرە و تیلەكۆ و كوڵەجۆ.
قۆڵی پێنجەم: لە پێبازەوە بەرە و شێخ تەویل.
قۆڵی شەشەم: لە پونگەڵەوە بەرە و بەكربایەف.
قۆڵی حەوتەم: لە دەربەندیخانەوە بەرە و درۆزنە.
قۆڵی هەشتەم: لە چیای قەرەداغەوە بەرە و تەپەكەروس.
قۆڵی نۆیەم: لە قادركەرەمەوە بەرە و ئیبراهیم غوڵام.
قۆڵی دەیەم: لە چیای قەرەداغەوە بەرە و درۆزنە.
قۆڵی یانزەیەم: لە قەرەحەسەنەوە بەرە و هەنارە و مەحمود پەریزاد.
قۆڵی دوازدەیەم: لە لەیلانەوە بەرە و تازەشار.
قۆڵی سیازدەیەم: لە سەنگاوەوە بەرە و سەرقەڵا.
پلانەكانی پەلامار لە ئەنفالی (سێ)ـی گەرمیان دا:
حكومەتی پێشوتری عیراق هەمو قۆڵەكانی پەلاماری ناوچەجیاوازەكانی گەرمیانی بۆ سەر (سێ) پلانی سەرەكی دابەشكردبو، بەمشێوەیە:
یەكەم: پلانەكانی پەلاماری خورماتو:
بەرەبەیانی (7ی نیسان – 9ی نیسانی 1988) هێزەكانی ڕژێمی بەعس بە هاوكاری و بەرچاوڕونی فەوجەكانی»جاشەكان»، لە كەركوك، لەیلان، چەمچەماڵ و سەنگاوەوە بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی سنوری قەزاكە، بەرەو دوزخورماتو دەستیان بەجوڵەكرد، بۆئەوەشی بەباشرتین شێوە پلانەكە جێبەجێبكەن، هێزەكانیان دابەشی (سێ) بەرەی سەرەكی كرد، ئەوانیش:
بەرەی یەكەم: لە ناحیەی(نەوجول)ـەوە بەرەو (چەمی ئاوەسپی)، لەم هێرشەدا دانیشتوانی گوندەكان بێ ئاگابون، چونكە زۆر لەناكاو و كتوپڕ بو، لەئەنجامدا؛ سەرجەم گوندەكان خاپوركران و گوندنشینەكانیش ڕاپێچی كامپەكان كران.
بەرەی دووەم: هێرشێكی بەرفراوانتر لەوەی یەكەم بۆسەر گوندەكانی ئەمبەر و ئەوبەری چەمی ئاوەسپی دەستیپێكرد، لەم هێرشەدا؛ (17) گوند بەتەواوی وێرانكران و گوندنشینانیش بە تراكتۆری خۆیان و ئیڤای عەسكەری، بەرەو خورماتو بران و تائێستاش چارەنوسیان نادیارە.
بەرەی سێیەم: هێرشەكە لەلایەن هێزێكی هاوبەشەوە بۆ سەر گوندی(تازەشار) ئەنجامدرا، كە تەنیا (20)ماڵی تێدابو، لەم هێرشەدا؛ هێزە هاوبەشەكەی بەعس دوچاری بەرگری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان – یەكێتیی- شیوعی بویەوە، پێشمەرگەكان ژمارەیان تەنها (24) پێشمەرگە بو، (17)یان سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ئەوانی تریشیان سەر بە حیزبی شیوعی كوردستان بون، لەئەنجامی بەرگری هێزەكانی پێشمەرگە؛ سوپا پەنای بۆ چەكی كیمیاوی برد و لەئەنجنامدا؛ (24) پێشمەرگە شەهیدبون و لەناوچەیەكی نزیك لەخورماتو، لەگۆڕێكی بەكۆمەڵدا خرانە ژێر گڵەوە.
دووەم: پلانەكانی پەلاماری قادر كەرەم و باكوری گەرمیان:
ئەم پەلامارە ئەو ناوچانەی گرتەوە كە هەردو هۆزی(جەباری و زەنگەنە)ـی لێ‌ گریسابونەوە و بەر ترسناكرتین پەلامار لە شاڵاوەكانی ئەنفال كەوتن، پلانەكەش لەڕێگەی (سێ) هێرشەوە بەئەنجام گەیەنرا، بەمشێوەیە:
هێرشی یەكەم: لە (10ـی نیسانی 1988) هێزێكی تایبەتی سوپای عیراق بەسەرپەرشتی عەمید (بارق عبدلله حنتە) لەناوچەكانی (كەركوك، چەمچەماڵ)ـەوە بەرەو ئاراستەی باشور جوڵەیان پێكرا، لەئەنجامدا؛ هەموو گوندەكانیان وێرانكرد.
هێرشی دووەم: لە (11/4/1988 )هێزێكی چەكداری «جاشەكان» لە قادركەرەمەوە بۆ تێكدانی گوندی (برایم غوڵام)ـی هۆزی (زەنگەنە) جوڵەی پێكرا، سەرباری ئەوەی گوندنشینانی ناوچەكە ئاگاداری پلانی ئەنفالكردنیان و ناوچەكەیان جێهێشتبو، كەچی لەئەنجامدا؛ بەهۆی نەبونی هیچ دەرەتانێكەوە، خۆیان بەدەستەوەدا.
هێرشی سێیەم: لەبەردەوامی هێرشەكانیان بۆ كۆنترۆڵی تەواوەتی گەرمیان، هێزێكی هاوبەش لە سوپا و «جاش»لە قۆڵی (سەنگاو)ـەوە پەلاماری گوندەكانی (زەنگەنە)یاندا، ئەوە بێجگە لەوەی كە هێزێكی گەورەتری سوپا بەدەیان تانكەوە لە ناحیەی(سەنگاو)ـەوە بەرەو ڕۆژئاوا و بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی بنكەیەكی (پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان) لە دۆڵی (گوڵباخ) جوڵەیان پێكرا، لەوێدا؛ شەڕێكی قورس ڕویدا و سێ پێشمەرگە لە (قەیتول) و حەوت پێشمەرگەی تریش لە(گەڕاو) شەهیدبون.

سێ یەم: پلانەكانی سەنگاو و باشوری گەرمیان
لەلای باشوری ئەوپەڕی گەرمیانەوە كە هاوسنورە لەگەڵ ناوچە عەرەبكراوەكانی دیالە، كاتژمێر(6:30)ـی سەرلەبەیانی (9ـی نیسانی 1988 )، ڕەتڵی یەكەمی هێزەكان بەسەرپەرشتی (عەمید سامی) – لەفەیلەقی یەكی سوپا، لەشارۆچكەی كفرییەوە كەوتەڕێ. هەر لەهەمان بەیانیدا؛ ڕەتڵەكانی تر لە پێگەكانیانەوە كە لەكەلار، پێبازو پونگڵە بو كەوتنە پێشڕەوی، ستراتیجی سەرەكیشیان هەمان ئەوەی باكوری گەرمیان بو، كەبریتی بو لە پرۆسەی ئابڵوقەدانێكی گەورە و فراوان لەچەندین لاوە، لەگەڵ دەستكردن بە ڕەشبگریی تەواوی ئەو خەڵكە مەدەنیەی گەمارۆیان داون و ڕوخاندنی گوندەكانیان و كۆزەكردنیان بۆ سەر ڕێگاوبانە سەرەكیەكان یان ئەو شوێنانەی پێشتر بۆ كۆكردنەوەیان دانرابون، هەروەها ناچاركردنی پێشمەرگە تا بەرە و شوێنە داخراوەكان بڕۆن و ڕێی دەربازبونیان لێبگرن، چونكە هەنگاوی یەكەم دەبو بنكە و سەنگەرەكانی (یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان) تێكبشكێنن. سەرباری بەرگری زۆری پێشمەرگە و تێكشكاندنی هێزەكانی سوپا و پاشەكشەیان، بەڵام دواجار پێشمەرگە بۆی دەركەوت بەرگریكردن بێسودە و كشانەوە، خەڵكەكەش دەستیانكرد بە جێهێشتنی گوندەكان، لەوكاتەدا سوپا بەمەی زانی و دەوریگرتن و دەستگریكردن و بە ئیڤای سەربازی ڕەوانەی كردن.
لە (11ی نیسانی 1988) هێزی هاوبەشی دووەم بەفەرماندەیی (نەقیب عەبد عەواد) لەفەوجی پیادەی(417) لە ڕەتڵەكەی جیابویەوە، بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی گوندی دورشاجی كە ماوەی چەند میلێك لە ڕۆژئاوای هۆمەربلەوە بو، لەوكاتەدا؛ خەڵكەكە خۆیان ڕادەستی هێزەكە كرد و ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگایەك كە بەتایبەت ئامادەكرابو لەنزیك فیرقەی پیادەی بیست و یەك، بەپێی ڕاپۆرتی ئیستیخبارات مەبەست لەو شوێنە تایبەتە قەڵاكەی قۆرەتوە. هێزەكەی عەوادی ئەو شەوە لە دوڕاجی مایەوە و بۆ بەیانیەكەی گەڕایە دواوە و لەگەڵ هێزە سەرەكیەكەدا یەكیگرتەوە و لەڕێگاكەشیدا؛ هەردو گوندی بەلەگەی گەورە و بچوكی سوتاند.
سەرلەبەیانی(9ـی نیسانی 1988) هێزێكی تری سوپای عیراق بە فەرماندەیی ڕائید (منژر ابراهیم یاسین) لەكەلارەوە بەرەو هەردو گوندی تیلەكۆی خوار و سەرو جوڵێنرا، لەبەیانی زووی( 11ـی نیساندا)؛ هەردو گوندی كوڵەجۆیان ڕوخاند، لێرە هێزەكە ڕووبەڕوی بەرگری بویەوە و چوار سەرباز برینداربون، ئەو گوندانە ڕێگایان نەبو سوپا ناچاربو فڕۆكە بەكاربهێنێت، هێزەكە بەهەركوێدا گوزەری دەكرد گوندەكانی دەڕوخاند، پاش ئەوەی گوندی كوڵەجۆیان ڕوخاند، هێزەكە لەوێوە بەرەو باكورد پێشڕەوی كرد، كاروانێك بلدۆزەر و ئیڤای بەتاڵی شوێن خۆی خستبو، زۆری پێنەچو گەیشتە هەوارە بەرزە، دواتر بەرەو گوندی كونەكۆتر پێشڕەویانكرد، ئەم گوندە شەش ماڵی لێبو هەر بە پەلامارەكەیان زانی گوندەكیان چۆڵكرد و هەڵهاتن، بەڵام دواتر كەوتنە نێو دەورێیەكی سوپاوە، ئەفسەرێك بەڵێنی پاراستین پێدابون، بەڵام وادەرنەچو، (36 )كەسی ئەو شەش خێزانە بێسەروشوێنكران.
هێزێك تر لە خۆرهەاڵتەوە بەسەرپەرشتی (محمد نازم حەسەن) لە (پێباز و پونگڵە) بەڕێككەوتن و گوندی (شێخ تەویل)یان وێرانكرد. پاشان خەڵكی ئەم ناوچەیە كە بەهەزاران كەس دەبون، لە گوندی (فەقێ مستەفا) بەسەرباز و «جاش» دەورەیان گریاو هەموویان ڕاپێچی قەڵا سەربازییەكەی قۆرەتو كران.
ڕەوانەی چارەنوسێكی نادیار
گوندنشینانی بەر شاڵاوەكانی ئەنفال، دوای گەیشتنی دەستی سوپا و جاشەكان بە گوندەكانیان و تەختكردنی ماڵ و باخ و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانەكانیان، بە ئۆتۆمبیلی خۆیان و سوپا، ڕاپێچی چەند سەنتەر و كامپێك دەكرانەوە، تاوەكو بەپێی بەرنامەیەكی پلان بۆدانراو لەیەكتریان جیابكەنەوە و ڕەوانەی چارەنوسێكی نادیار بكرێنەوە، لێرەدا ئاماژە بەگرنگرتین ئەو سەنتەر و كامپانە دەدەین:
1 .سەنتەری ملەسورە.
2 .سەنتەری عەلیاوا.
3 .سەنتەری لەیلان.
4 .سەنتەری قادر كەرەم.
5 .سەنتەری مەركەز شەباب و دواناوەندی ڕەشید – دوزخورماتو.
6 .سەنتەری چەمچەماڵ.
7 .كامپەكانی(دبس، تكریت و تۆپزاوا).
ئەنجامەكانی شاڵاوی قۆناغی سێیەمی ئەنفال – ئەنفالی ناوچەی گەرمیان و كاریگەرییەكانی:
بەپێی ئەو ئامارە نافەرمیانەی تائێستا لەسەر زەرەر و زیانەكانی شاڵاوەكانی ئەنفال بۆ سەر باشوری كوردستان ڕاگەیەنراون، ناوچەی گەرمیان زۆرترین قوربانی گیانی و ماددی بەركەوتوە، كە ئەمانەن:
1 .45 هەزارو 777 خێزان ئاوارەو بەندو بێ سەروشوێن كران.
2 .871 گوندو شەش ناوەندی ناحیە سوتێنران و لەگەڵ خاكدا یەكسانكران.
3 .39 هەزارو 178 خانو، 381 قوتابخانە، 657 مزگەوت و 69 نەخۆشخانە وێرانكران.
4 .52 عەماری ئاو و ماتۆڕی ئاو، 47 مەكینەی ئاش و 135 كارێز و ئەستێڵ تەقێنرانەوە.
5 .157 تەكیە، خانەقا، مەرقەد و شوێنەواری پیرۆز وێرانكران.
6 .1435 ڕەز سوتێنران، 570 هەزار تۆن گەنم و جۆ و دانەوێڵە لەگەڵ 17 هەزار و 220 تراكتۆر و
مەكینەی جۆراوجۆر بەتاڵان بران.
7 .472 هەزار و 770 سەر مەڕو بزن، لەگەڵ 15 هەزار سەر رەشەوڵاخ بەتاڵانبران.
8 .لەبارەی زیانە گیانیەكانەوە، هەندێك سەرچاوە ئاماژە بە بێسەروشوێن بوونی (70 – 80) هەزار مرۆڤی
كورد دەكەن لەم قۆناغەدا.
هۆكارەكانی پشت ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال: ئەنفالی ناوچەی گەرمیان:
توێژەران و پسپۆرانی بواری جینۆساید و ئەنفال ئاماژەیان بە گەلێك هۆكار كردوە كە حكومەتی پێشوتری عیراقی والێكردوە، پەنا بباتە بەر ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال لە باشوری كوردستان بەگشتی و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی، كە ئەمانەی خوارەوە گرنگرتینیانن:
1 .نیازو مەرامی پرۆسەی ئەنفال لە گەرمیان دا زۆر ڕون و ئاشكرایە، بەتایبەتی لەوەدا بو كە دەبو تەواوی شوێنەواری نیشتەجێبوونی مرۆڤی كورد لەناوچەكە بسڕێتەوە.
2 .بەعس پێیوابوە پێویستە دانیشتوانی ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك كەمەبەستی ناوچەكانی ئەنفالی سێی گەرمیانە كەمبكاتەوە، وەك (عەلی حەسەن ئەلمەجید)، دەڵێت: «تۆ دەتوانی نیو ملیۆن كورد لە هەولێر بكوژی، بەڵام ئەوە هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت، چونكە هەولێر هەر بە كوردی دەمێنێتەوە، بەڵام كوشتنی 50 هەزار كورد لە كەركوك بۆ هەتا هەتایە كۆتایی بەكێشەی كەركوك دەهێنێت».
3 .هەر لەسەرەتای دروستبونی دەوڵەتی عیراقەوە ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، لەگەڵ دەوڵەتی عیراق و دنیای دەرەوە (نەوت) فاكتەری سەرەكی ناكۆكیەكان و چەوساندنەوە و پاكتاوكردنی گەیل كورد بوە.
4 .هۆكارەكانی وەك (سنوری جوگرافی، تۆبۆگرافیا، سیاسیی، ئابوری) گەرمیان، بەمشێوەیە:
جوگرافی: نزیكی سنوری ناوچەی گەرمیان لە سنوری دەسەڵاتی بەعس، كە بەئاسانی دەیتوانی هێرشبكاتە سەری و پرۆسەی ئەنفالی تێدا ئەنجام بدات.
تۆبۆگرافیا: ناوچەی گەرمیان بەشێوەیەكی گشتی(200 – 1000) مەتر لەسەر ئاستی ڕوی دەریاوە بەرزە، ئەمەش وادەكات ناوچەیەكی بەرزو ئاڵۆز نەبێت بۆ جموجوڵی سەربازی، دەرفەت دەدات بە دوژمن تا لەهەمو پەلامارەكانیدا سەركەوتوبێت.
سیاسیی: ناوچەی گەرمیان مەڵبەندی شۆڕشی نوێ بو، ئەمەش بەهۆی پەیوەستبونی خەڵكی ناوچەكە بوە بە شۆڕش، چونكە دانیشتوانی ناوچەكە لەمێژە پەیوەندی پتەویان بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردەوە هەبوە، ئەوەش وایكردوە بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەو پەلامار و ماڵوێرانیدابن.
ئابوری: ئەمەیان لەسەر دوو ئاست بەدەردەكەوێت، یەكەمیان هەبونی نەوت لەناوچەكە كە لەپێشوتردا باسمان لێوەكرد، دوەمیشیان؛ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریە، ئەم ناوچەیە بەهۆی بەپیتی خاكەكەی و لەباری ئاوهەواكەی، زۆرترین جۆری بەروبوم و دانەوێڵەی لێ دەچێنرێت، هەروەك لەوەڕگایەكی باشیشە بۆ بەبەخێوكردنی ئاژەڵ و مەڕوماڵات.
لەسەر ئاستە گشتیەكەش، هۆكارەكان بریتیبون لە: دابڕینی بەشێك لە جوگرافیای هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، بۆ نمونە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان كەناوچەی سەخت و یاخین بۆ بەرەنگاری و شەڕ، لەبەرژەوەندی پێشمەرگەدا بو. هەروەها نەتەوەی كورد لەلایەن ڕژێمی عیراقەوە، وەك كۆسپ و ڕێگرێك لەبەردەم یەكێتی نەتەوەیی عەرەب بینراوە. ئەوە بێجگە لە مەبەستی ڕژێم لە تێكدانی هاوسەنگی تەمەن لەنێوان گەنجانی كورد و گەنجەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، چونكە لەڕێگەی شەڕەوە بەشێكی زۆری توێژی گەنجان دەكوژرێن، هەرچی بارودۆخی سیاسی و سەربازی ئەوسای كوردو عیراق بو یەكێكی تر بو لەهۆكارەكانی ئەنجامدانی شاڵاوەكانی ئەنفال لە باشوری كوردستان، چونكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی سیاسی و سەربازی و دارایی پێشكەش بە عیراق دەكرد، دەبێت ئەوەشمان بیرنەچێت كە سایكۆلۆجیەتی سەركردایەتی حكومەتی عیراق و فەرهەنگە سیاسیەكەی سەرانی ڕژێمی عیراقی لەبەر گەڵێك هۆكاری سیاسی، كۆمەڵایەتی و سەربازی هەر لەسەرەتاوە عەقڵیەتێكی شەڕەنگخوازانەیان لا دروست ببو.

سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
– جاسم محمد محمد علی:» ئەنفالی گەرمیان»، چاپی یەكەم، چاپخانەی زانست، سلێمانی، 2002.
– ئەمحەد حەمە ساڵح: ئەنفال؛ زامێك لە زامە ساڕێژنەبوەكانی نیشتیمان»، ماڵپەڕی «سبەی»، (http://sbeiy.com/Article-38711)، (13/4/2017).
– عەبدوڵا كەریم: «هەشت قۆناغی ئەنفال لەماوەی سەدو نەوەدو هەشت ڕۆژدا»، بەبێ شوێنی چاپ، گۆڤاری عەرعەر، ژمارە (3)، ساڵی سێیەم، 2003.
– یوسف دزەیی: «ئەنفال كارەسات – ئەجنام و رەهەندەكانی»، چاپی یەكەم، بەبێ شوێنی چاپ، هەولێر، 2001.
– داود محمد حسین: « گەرمیان لەشاڵاوەكانی ئەنفال دا»، چاپی یەكەم، چاپخانەی یاد، بەبێ شوێنی بڵاكردنەوە، 2012.
– خەلیل سەركانی: «ئەنفال لەیادەوەری پێشمەرگەیەكدا، چاپی یەكەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، 2009.
– عەدالەت عومەر ساڵح: «پانۆڕامای تاوانەكانی سەدام» –توێژینەوە، ماڵپەڕی ڕەمسی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
– نازەنیین محمد وهبی و ئەوانی تر:» مێژوی نوێ و هاوچەرخ – پۆلی دوازدەهەمی ئامادەیی وێژەیی»، چاپی دەیەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنیەكان، 2014.
– زەمان عەبدە: «مەرگەساتی ئەنفال»، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، 2010.
– هێمن كامیل ڕەشید: «ئەنفالی چوارو كاریگەرییە كۆمەاڵیەتیەكانی لەسەر گەنجی كەسوكاری ئەنفال»، گۆڤاری هەشتاو هەشت، ژمارە (15)، 2009.
– زانا فەقێ محمد: « جینۆساید لە باشوری كوردستان – ئەنفالی گەرمیان بەنمونە»چاپخانەی یاد، 2012.
– میدڵ ئێست وۆچ:» جینۆساید لە عیراقدا.. پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد»، و. لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، چاپخانەی تیشك، سلێمانی، 2004.
– مەلا تەحیسن گەرمیانی:»بیرەوەرییەكانم و بەشێك لە تراژیدیاكانی ئەنفال»، چاپخانەی ڕەهەند، سلێمانی، 2003.
– عومەر محەمەد:» ئەنفالی گەرمیان – سیاسەتێك و دوو ئامانج»، چاپخانەی هێڵ، سلێمانی، 2010.
– شۆڕش حاجی ڕەسوڵ: ئەنفال- كوردو دەوڵەتی عیراق»، چاپی دووەم، وەزارەتی ڕۆشنبریی- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوە، سلێمانی، 2003.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا…

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا سه‌ربازييه‌كان و بێده‌نگى نێوده‌وڵه‌تیدا شاناز ...