سەرەکی » ئابووری » كاتێكی سەختمان تێپەڕاند و ئاماژەكانیش بەرەو باشترن

قوباد تاڵـەبانی:

كاتێكی سەختمان تێپەڕاند و ئاماژەكانیش بەرەو باشترن

یەکەی ئابووری

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چاودێری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە بەشداریی زیاتر لە 200 كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی، 11یەمین پێشانگەی هەولێر بۆ پێداویستییەكانی بیناسازی و شارسازی و كەرستەی بیناسازی و 5یەمین پێشانگای نەوت و وزە لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر كرایەوە.

پەرەپێدانی كوالێتی
لەمیانەی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە پیشانگای نێودەوڵەتیی بیناسازی لە شاری هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری كوردییەوە سڵاوی تایبەتی بۆ میدیاكاران و دەزگاكانیان نارد و یادی «شەهیدانی قەڵەم»ی بەرز راگرت كە لەمیانەی ئەنجامدانی كاری راگەیاندن و بەهۆی پیشەكانیانەوە گیانیان لەدەست داوە یان ئەوانەی دووچاری زیانی گیانی هاتوون و برینداربوون و وتی: «لەم رۆژەدا سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین».
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا بەڕێز تاڵەبانی داوای پەیوەندییەكی تەندروستی لەنێوان میدیا و لایەنە بەرپرس و دەسەڵاتدارەكان كرد و هیوای خواست میدیا كوردیییەكان بەردەوام بن لە پەرەپێدانی كوالێتی خۆیان و دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو پێشكەوتنانە دەربڕی كە راگەیاندنی كوردی تا ئێستا بەدەستی هێناوە.

پێویستی بەڕۆڵی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانە
لەبارەی پێشانگاكەشەوە، قوباد تاڵەبانی گەشبینیی خۆی بە ئایندەی ئابووریی هەرێمی كوردستان پیشاندا و ستایشی پێشانگا نێودەوڵەتییەكەی هەولێری كرد كە تێیدا كۆمپانیای عەرەبی و بیانی و خۆماڵی نمایشی توانا و كەرەستەی خۆیان كردبوو، باسی لەوەش كرد كە كوردستان قۆناغێكی سەختی تێپەڕاندووەو لەمەولا پێویستی بەڕۆڵی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانە، چونكە كاری ئاوەدانكردنەوە تەنها بە حكومەت ناكرێت.

پردی بەهێزی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان
ئەوەشی روونكردنەوە، بەشداریی 150 كۆمپانیا كە زیاتر لە (20)یان سعودین لە پیشانگاكەدا، نیشانەیەكی باش و گەشە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بیناسازی و دەكرێت هەرێمی كوردستان سوود لەو توانا و شارەزاییانە وەرگرێت.
جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشدا، كە پردی بەهێزی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان، یاسای وەبەرهێنان و جموجوڵی ئەم كەرتەیە و ئێستاش ئاماژەكانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشترن، ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ هاتنی كۆمپانیای زیاتر، چونكە نەك هەر ئەوە، بەڵكو عیراقیش بۆتە بازاڕێك بۆ كوردستان، بۆیە داوای لەكۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی كوردستان كرد بیر لەوە بكەنەوە تەنها لەكوردستان نەوەستن، عیراق وەك بازاڕی خۆیان تەماشا بكەن و بەوێشەوە نەوەستن و چاویان لەوە بێت بەرهەمی خۆماڵیی كشتوكاڵی كوردستان بۆ وڵاتانی دەوروبەر هەناردە بكەن.

ترس كەمتر و ئومێد زیاتر دەبن
لەكۆتاییدا وتی: «رۆژ دوای رۆژ ترس كەمتر و ئومێد زیاتر دەبن دەربارەی بازاڕی كوردستان چ بۆ خەڵكی ناوخۆ یان كۆمپانیا بیانییەكان».
لە پێشانگای نێودەوڵەتیی بیناسازی و وزە لە هەولێر، دەیان كۆمپانیای سعودی و توركی و ئێرانی و وڵاتانی تری عەرەبی و نوێنەری چەندین كۆمپانیای ئەورووپی بەشداربوون و تا رۆژی 25ی ئەم مانگە بەردەوام دە‌بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتیاران بە تامەزرۆییەوە گەشتی بەلەمەكانی دوكان دەکەن

ئا: جێگر خدر كەیوان، كە لەسەرەتای تەمەنی لاویەتییەتی، بەلەمەوانی یەكێك ...