سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » مەترسی خەلیفەی بێ دەوڵەت

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

مەترسی خەلیفەی بێ دەوڵەت

بەشی سێیەم و كۆتایی
ئەبوبەكر بەغدادی ئێستا خەلیفەی بێ دەوڵەت و ئەمیری گروپی تیرۆریستی داعش، ملیاردێری دۆلارە، كە ترس و تارمایی بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە ماوە، بۆیە دووبارە خەڵاتە 25 ملیۆن دۆلارییەكەی ئەمریكا بۆ سەرو شوێنی «بەغدادی» خراوەتەوە بەرباس و تەماعی راوچییەكان.
ئیبراهیم عەواد محەمەد ئەلبەدریی كە لەسامەراوە لەدایكبووە، نازناوی بەغدادی هەڵگرتووە لەنێو گروپی تیرۆریستی داعش، هەرچەندە كۆنترۆلێ قەڵمەڕەویی دەسەڵاتەكەی لە عیراق و سوریادا راگەیەندرا، بەڵام قەڵەمڕەویی ترسەكەی زۆر فراوانترە، ئێستا بەغدادی مەترسیدارییەكی نێودەوڵەتییە.
ئەبوبەكر بەغدادی لە حوزەیرانی 2014 ەوە نەبینراوە، ئەویش ئەوكاتەبوو كە لە موسڵ خەلافەتی داعشی راگەیاند، بۆیە بە سێبەرێكی نادیاری تیرۆر دەزانرێت و بۆتە ئەركی دووەمی هاوپەیمانان و ئەمریكا بەپلەی یەكەم كە شوێنی ئەم سەكردەیەی داعش بدۆزنەوە، یاخود هاوچارەنووسی ئوسامە بن لادن سەرۆكی گروپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بێت، لانیكەم لەناوبردنی بەغدادی بكرێتە هێزی سەركەوتنی بەرەی دژبە داعش، بەڵام ئەم شەڕو سەركەوتنە لە گۆڕەپانێكی نادیاردایە.
ئەوەی لەسەر چارەنووسی «بەغدادی» دەوترێت، زیاتر شیمانەی دەزگا هەواڵگریی و میدیاییەكانن، بۆیە ئەگەر جێپێی «بەغدادی» ببینرێت، ئەوا چارەنووسی دەكەوێتە بەردەست، بەڵام هێشتا سەركردە رەشپۆشەكە لە تاریكیدایە، هەرچەند باسی ئەوە دەكرێت لە سێگۆشەی توركیا، سوریا، عیراقدا خۆی حەشارداوە، زۆرتریش فۆكس لەسەر ئەوەیە لە بیابانەكانی عیراق بێت، بەو پێیەی ژینگەی خۆیەتی و شارەزایی جوگرافیی هەیە كە یارمەتیدەری ونبونیەتی، ئەوەی یارمەتیدەریشە لاوازیی دامەزراوە هەواڵگریی و ئەمنییەكانی عیراق و هەروەها هەبوونی بنكە و شانەی نوستووە بۆ بەكارهێنان.
هەرچۆن و گریمانەیەك بێت، خەلیفە بێ دەوڵەتەكەی تیرۆر، ئەوا داڵدەدراوی ناڕەسمییە و گوایە لە دەوڵەتی رەسمیدا خۆی شاردۆتەوە، كە ئەوەش هێزی ئەوە بە گروپەكە دەكات، شانە نووستووەكان بەخەبەر بهێنین بۆ كارو كردەوەی تیرۆریستی بەگەڕبخرێن، چونكە هێشتا عیراق و سوریا وەك پێویست لە دوای بەرەنگاربوونەوەی سەربازیی مەترسییەكە، نەپەرژاونەتە سەر چارەسەری بنبڕی تیرۆر و شەڕی فیكریی توندڕەوی داعش، كە دەكاتە مانەوەی مەترسییەكە لە بەرگی فیكریی و شانەی نووستوودا.
لەدوای شكستی سەربازیی داعش لە سوریاو عیراق، هاوپەیمانان پرسی راوكردنی «بەغدادی»یان لە دەزگای هەواڵگریی و میدیاییەوە هێناوەتەوە بەرباس، ئەویش بەخشینی خەڵاتێكی 25 ملیۆن دۆلارییە بۆ ئاشكراكردنی شوێنی ناوبراو، ئەمەش دیوێكی دیكەیە كە تەئكیدكردنەوەیە لە نادیاریی «خەلیفە» و سەرهەڵدانەوەی داعش.
رەنگە راوكردنی «بەغدادی» بۆ هاوپەیمانان تەنیا سەركەوتن و بابەتێكی گەرمی میدیایی بێت، بەڵام بابەتە سەرەكییەكە زیاتر پەیوەستە بە وردكردنەوەو خوێندنەوەی دووریی تیرۆر لە ناوچەكە كە هیچی ئەوتۆ نەكراوە بۆ لەناوبردن یان سنووردانان بۆ گەشەی بیری داعشی و تیرۆر، كە مەترسییەكە پێویستی بە كاتی زۆرو بەردەوامیی بەرەنگاریی هەیە هاوشانی خەرجكردنی بودجەی زۆر بۆ سڕینەوەی فیكری توندڕەوی. رەنگە بە 25 ملیۆن دۆلار «بەغدادی» لەناوببرێت، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەویی، هیچ بڕێكی ئاشكراو نهێنی بۆ بەردەست نەكراوە، چ لەلایەن هاوپەیمانان، چ لەسەر ئاستی شوێن و ژینگەی دەوڵەتی توندڕەوەی، بۆیە ئاساییە بەغدادیش بە چارەنووسی بن لادن و زەرقاویی و ئەوانی دیكە بگات، بەڵام فیكر و ژینگەی توندڕەوییەكە وەك مەترسی هەر دەمێنێت، چونكە كوشتنی خەلیفە و ئەمیرەكان، تەنیا مت و سڕبوونی كاتییە، كە دەشێت لەكات و دەرفەتی دیكەدا بە تایتڵی نوێ و هەمان مەترسییەوە سەرهەڵبداتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...