سەرەکی » وتار » ئەنفال تەواوبووە یان هێشتا تارمایی بەسەرمانەوەیە؟

روانگە

ئەنفال تەواوبووە یان هێشتا تارمایی بەسەرمانەوەیە؟

محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەیی

*مچە.. بیرتە 31 ساڵ پێش ئێستا لەبەهارێكی وەكو ئەم بەهارەدا بەعس و سەرانی بەعس چۆن عەلی كیمیاییان بەحوكمی سورەتی ئەنفال بەردایە كوردستان. بۆ قەتڵ و عام كردنی گەلەكەمان؟
*بلە.. چۆن لەبیرم نییە، ئەو بەهاری ساڵە، بەهاری ئەنفالی كورد بوو. ئەنفال بوو ئەنفال.. ئەو رۆژەی لە هەڵەبجە 10 هەزار چاویان كوێرو 10 هەزار گوێیان كەڕ كرد 10 هەزار كونەلوتیان هەناسە لێ بڕی، پێنج هەزار دەم و پێنج هەزار زمانیان لە گۆخست، 10 هەزار برۆ و 10 هەزار برژانگ و 50 هەزار پەنجەی دەست و 50 هەزار پەنجەی قاچیان هەڵوەراند، پێنج هەزار جەستەی مرۆڤی موسڵمانی كوردیان رەقكرد و پێنج هەزار روخساری ژن و پیاو منداڵیان زەرد هەڵگێڕا. شارێكیان بە گازی كوشندە خنكاند. بەڵێ‌ لەو رۆژەوە كە زۆر لەوە پێشتر بەرنامەیان بۆ دانابوو. ئەنفال و جینۆسایدی كورد دەستی پێكرد. باش لەبیرمە ئەو تاوانانەیان بەبەر چاوی جیهانی ئیسلامی و دنیای مرۆڤایەتییەوە كرد. دەزانی لەو هەموو مەلا جبەلەبەر و مێزەر و تەڕبووش بەسەرانە لە عیراق و جیهانی عەرەبیدا ورتەیان لەدەم نەهاتە دەرەوە؟
*مچە.. وادەزانم ئەمڕۆیە. كە بەدوای ئەو تاوانەی هەڵەبجەدا. سوپا ئەنفالچییەكەیان خڕكردەوە و هەرچی جاشە كورد بوو لە بادینانەوە تا گەرمیان خستیاننە پێشی جەیشەكەیان. لەهەموو لایەكەوە پەلاماری دۆڵی جافایەتی و بنكەكانی سەركردایەتیان دا. دێهاتەكانی ئەو دۆڵەیان بەدەردی هەڵەبجە برد. بەدوایدا پەلاماری ناوچەی قەرەداغ و گەرمیانیاندا. ئەو رۆژانە بوو بوو بە رۆژی حەشر و كەس سەر كەسی نەدەپەرژا. كورد قڕان بوو كورد قڕان. بەدرێژای بەهارەكە و تا هاوینە خوێناوییەكە بە خواستی دیكتاتۆرەكەی عەرەب، هەموو كوردستانیان لە كورد حەرام كرد. ئای مچەی برام چ رۆژ و رۆژگارێكی رەش بوو. ئەو بەهارە جوانەیان كردە پایزی گەلەكەمان. من رۆژ و بەهار و هاوینی ئەو ساڵەم هەرگیز لەبیرناچێتەوە.
*بلە گیان.. دەزانی وا 31 ساڵە ئەوتاوانە ئەنجام دراوە. كورد لە كوردستاندا، بە ئازادی پەرلەمانی هەڵبژاردووە، حكومەتی دامەزراندووە. رژێمە كورد كوژەكەی كە ئەنفال و كیمیابارانی دەكردین تەخت و تاراجی بەسەر یەكەوە نەماوە. چەندجار حكومەتی لە شوێن دامەزراوەتەوە. كە دەبوو دوای رووخانی ئەو رژێمە گەلەكەمان قەرەبووی ئەو تاوانانە بكرایەتەوە، بەڵام دەبینی ئێستاش بەشێك لەو دەسەڵاتدارانەی ئێسیتای عیراق لە حكومەتە دامەزراوە میراتگرەكەی ئەو حكومەتە دیكتاتۆرە رووخاوە، بەئاشكراو بەبێ شەرمكردن ‌و بەشێوازێكی ترو بە بەرنامەیەكی ترەوە خەریكی تەعریبكردنەوەی ناوچە داگیركراوەكانی خاكەكەمانن و بەعس ئاسا لەهەوڵی ئەوەدان دانیشتوانەكەی ئەنفال بكەنەوە. دەزانی بلە من وامدەزانی دوای رووخانی رژێمی بەعس ئیتر كورد ئەنفال و جینۆساید ناكرێتەوە. بەڵام لەگەڵ شەڕی داعشدا، بەرنامەی ئەنفالكردنمان داڕێژرایەوە، تۆ سەیركە ئەوە شار و ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ، ئەوە كەركوك و مەخموور و دوبز وخورماتوو. جەلەولا و خانەقین، هەر هەمووی بەئاشكرا كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی سوپاو قوە خاسە و جاشی بەعس نا. بەڵكو كەوتوونەتە بەر شاڵاوی سوپاو حەشدی شەعبی و هێزە جۆراوجۆر و پیاوە دانراوەكانی حكومەتی فیدڕاڵی. من وای دەبینم ئەگەر وەزع وابڕوات سەدجار خۆزگە بە كفن دز دەخوازینەوە.
*مچە.. دەزانی كە ئەنفالمان بیردەكەوێتەوە و ئەم بارودۆخەی ئێستاش دەبینین. دەگەینەوە ئەو قەناعەتەی كە بەشێكی بەرچاو لە عەرەب بە سوننە و بە شیعەیەوە. بە رۆشنبیر و عەوامییەوە، خوێنی كورد بە حەڵاڵ دەزانن و لەهەر رۆژ و ساڵێكدا دەسەڵاتیان بكەوێـە دەست و هەلیان بۆ بڕەخسێت بەعس ئاسا لەناومان دەبەنەوە.
*بلە.. ئەوە دوژمنەكانمانن. دە سەیرێكی خۆشمان بكەرەوە، بزانە چۆن قینمان لە یەكتریی گرتووە، لەجیاتی ئەوەی پلان بۆ بەرەو رووبوونەوەی دوژمنەكانمان دابنێین، كەوتووینەتە شەڕی یەكتریی لەسەر كورسی و پۆست، لەبەرئەوەش حكومەتەكەمان بۆ پێكناهێنرێتەوە. ئیتر لۆمەی دوژمنەكانمان بۆ بكەین؟ من وای بۆدەچم ئەگەر حاڵ وابڕوات ئەوەشی بەدەستمان هێناوە لەكیسمان دەچێت و ئەنفالێكی ترمان بەڕێوەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا…

شۆڕشه‌كانى سودان له ‌نێوان كوده‌تا سه‌ربازييه‌كان و بێده‌نگى نێوده‌وڵه‌تیدا شاناز ...