سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » پاریس دەسووتێ و كوازیمودیش جێگای نییە تیا بسرەوێ

پاریس دەسووتێ و كوازیمودیش جێگای نییە تیا بسرەوێ

پاریس دەسوتێ _ پاریس تحترق _ فیلمێكی فەرەنساییە كە ساڵی 1966 بەرهەم هاتووە، باس لەبەرەنگاریی و روبەڕوبوونەوەی پاریسییەكان دەكات لە بەرامبەر داگیركاریی ئەڵمانیای نازیداو لە فیلمەكەدا شەڕ و كوشتار و كاولكاریی و سووتانی زۆری تێدایە.
لە سووتانی كلێسا، یان كاتدرائیەی نوتردام لە 15/4/ 2019، مرۆڤ ئەو فیلمەی بیردەكەوێتەوە و لە هەمان كاتیشدا رۆمانی پشت كوڕی نۆتەردامی گەورە نووسەری فەرەنسا ڤیكتۆر هۆگۆی بیر دەكەوێتەوە.
كاتدرائیەی نۆتردام یان NOTRE DAMEDE PARIS و پێشی دەوترێت «كاتدرائیەی گەورەمان مریەم»، كە دەكەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی دوورگەی شاری پاریس لەسەر رووباری (سین) لە چەقی پاریسی كۆندا، یەكێكە لە نموونەكانی هونەری تەلارسازی قوطی، نوتردام لە شوێنی یەكەم كەنیسەی مەسیحییەكان لە پاریس لە ساڵی 1160 دا دروست كراوەو ساڵی 1260 تا ئاستێكی باش كارەكانی تەواو بووە. ساڵی 1790 لە كاتی شۆڕشی فەرەنسادا بەشێكی كاولكراو ژمارەیەكی زۆریش تابلۆی ئاینی سووتێنران. هەر لەو كاتدرائیەدا، ناپلیۆن پۆناپارت وەك ئیمپراتۆری فەرەنسا ناسێنرا.
وێڕای كۆنی نۆتردام و هونەری تەلارسازییەكەی، رۆمانی پشت كوڕی نوتردام (أحدب نوتردام) ی نووسەری گەورەی فەرەنسا ڤیكتۆر هۆگۆ، هێندەی تر ئەو شوێنەی بەناوبانگ كردووە.
پشت كوڕی نوتردام كە لە رۆمانەكەدا ناوی _ كوازیمود _ەو لە خانەوادەیەكی قەرەج كە بۆ دزی هاتوون بۆ كڵێساكە جێ دەمێنێت و قەشە فرۆڵ دەستگیریی دەكات، قەشە لە كلێساكە دەیهێڵێتەوە و هەر لەوێ بەخێوی دەكات و گەورە دەبێت و دەبێت بە زەنگ ژەنی كڵێساكە. پشت كوڕ بە دەگمەن و بە رێكەوت دەچێتە دەرەوەی كڵێسا، بەڵام دڵی دەچێت بە كچێكدا كە ناوی ئەزمیراڵدایە، بەهەرحاڵ، كوازیمود لەو خۆشەویستیەیدا تووشی گرفت و نەهامەتی زۆر دەبێت، بەڵام نوتردام ناسوتێ.
ئێستا نە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسایە و نە كوریشت لە نوتردامە و نە فەرەنسا و پاریسیش داگیركراون تا بسوتێن، كەچی بەداخەوە كاتدرائیەی نوتردام دەسوتێت و زیان بە یەكێك لە دیارترین شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەكانی پاریس دەگات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ موجاهیدەكانتان ناوێتەوە؟

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و دەستكردنی بە چالاكیی تیرۆریستی لە سوریا ...