سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، پرسی خۆنوێكردنەوەو پێداچوونە بە حزب و ئۆرگانەكان و سیاسەت و گوتارو پەیوەندییە سیاسییەكان، لەو كێشانەن كە بەرۆكی حزبەكانی بەپێی رەوشی هەریەكەیان گرتۆتەوە.
ئێمە ئێستا لەبەردەم دوو جۆر حزب و دوو جۆر كێشەی حزبایەتیداین، كێشەی حزبە نەریتییەكان و حزبە نوێیەكان، ئەم دوو جۆرە لە حزبی سیاسی وەك ئەوەی لەیەكتر جیاوازن، هەریەكەو رووبەڕووی كێشەی جیاوازیش بوونەتەوە. بەڵام لەوەدا پشكی شێر بەر حزب و جوڵانەوە نوێیەكان كەوتووە.
لێرەدا ئەوەی دەمەوێت لە بارەیەوە بدوێم، ئەو قەیرانە ناوخۆیی و رێكخراوەیی و سیاسیانەیە كە حزبە بچووكەكان بەتایبەت بەو تەمەنە كەمەی دامەزراندنیانەوە رووبەڕووی دەبنەوە. كە نموونەی هەرە نوێیەكەیان بزووتنەوەی گۆڕان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامین.
بەر لەكۆچی دوایی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفاو دوای ئەویش سەرەتاكانی كێشەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان، جێگەی سەرنجدان بوون، كە جگە لەململانێی كەسەكانی ناو بزووتنەوەكە و بەریەككەوتنی گرووپەكان، بزووتنەوەكە پشتی لە هەندێك لە گوتارەكانی سەردەمی دامەزراندن و دواتریش كرد، ئەمە وایكرد لەگەڵ خۆیدا بزووتنەوەكە رووبەڕووی گوتارە سیاسییەكەی ببێتەوە. هەر ئەوەش وادەكات وەك دەوترێت ‌و لە سۆشیال میدیا‌و لە زاری هەندێك لە هەڵسووڕاوە سەرەتاییەكانی بزووتنەوەكە دەبیسترێت، خەڵكانێكی زۆر نائومێدببن و شەپۆلی ناڕەزایەتی قەیرانەكانی ناو بزووتنەوەكە قوڵتر بكاتەوە.
یەكێك لە قەیرانە هەرە قووڵەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا كێشە شەرعییەت و دەسەڵاتی رێكخەری گشتییە، بەجۆرێك روون نییە كە رێكخەر لەئاڕاستە و سیاسەت و پەیوەندیی سیاسی و كاری رێكخراوەییدا لە نا بزووتنەوەكەدا چ رۆڵێكی هەیەو خۆی لە كوێی بزووتنەوەكەدا دەبینێتەوە. قەیرانەكانی ناو گۆڕان تا دێن بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنی 30 ئەیلول و دابەزینی ئاستی دەنگەكانی قووڵتر بوونەتەوە، لەوەش زیاتر پرسی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی و كۆكبوونیان لەسەر هەموواری یاسای سەرۆكایەتی بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە لەو كێشانەن كە بزووتنەكەی خستۆتە بەردەم بەریەككەوتنێكی توند لە نێوان كارەكتەرانیدا ناوخۆیی ئەو بزووتنەوەیە، بەجۆرێك زۆرێك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی ناو گۆڕان ئێستا لە دۆخی بێدەنگی و بێبەری بووندان لەهەر بڕیارو هەڵوێست نواندنێك.
بزووتنەوەی گۆڕان نەك بەتەنها لەناوخۆی خۆیدا لە قەیراندایە، بەڵكو وەك دەبینرێت لەبەردەم رەخنەیەكی زۆری ئەو نووسەرانەشدایە كە تا پێگەیشتنی گۆڕان، بەهێزی دووەمی بزووتنەوەكە هەژمار دەكران، ئەوان وەك چۆن پشتیوانییان لە هەر هەڵوێست و هەنگاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان دەكرد كە دژ بە یەكێتی و پارتی دەیاننواند، ئێستا بەهەمان شێوە، بەڵكو توندتریش رووبەڕووی بەشێك لە بڕیارو گوتارو سیاسەتی گۆڕان دەبنەوە، هەر ئەوەش وادەكات كە كارەكتەرە «سودمەندەكان»ی ناو بزووتنەوەكە ناچار بە بەرگریی بكات، لەم نموونەیەدا دەردەكەوێت گۆڕان تەواو لە بەردەم قەیران و تەنگەژەدایە. تەنگەژەیەك كە لە زاری ئەو كاراكتەرە ناڕازییانەوە رۆژبەڕۆژ ئەو بزووتنەوە بەرەو بەریەككەوتن و دووركەوتنەوەیان لە هەندێك كارەكتەری دیكە دەبات.
ئەمەش وایكردووە كە لە هەڵوێست وەرگرتندا هەندێكیان واز بهێنن و هەندێكی تریان پەیوەندیی بە حزبی ترەوە بكەن بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
گۆڕان، بەو قەیرانانەی ئێستاوە كە بزووتنەوەكەی گرتۆتەوە، دەریدەخات هێندەی لەهەوڵی دەربازبوون لەقەیرانە ناوخۆییەكانی خۆیدایە، هێندە نای پەرژێتە سەر ئەوەی پڕۆژەكەی پێش بخات. لەڕاستدا قەیرانەكانی ناو گۆڕان لەهەمان كاتدا كەوتنە قەیرانی پڕۆژەكەشییەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پۆست ئۆپۆزسیۆن

لەدوای هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی ساڵی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا قسە ...