سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » (……………………)

(……………………)

كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

ژووره‌كه‌م پڕه‌ له‌دیاری تۆ
له‌ڤالاینتاین گوڵێكی سورت بۆناردم
له‌سه‌ری ساڵ ملوانكه‌یه‌كی بریسكه‌دار
له‌نه‌ورۆزدا ده‌ستێ جلی كوردی ئاوریشمی
له‌هه‌شتی مارسدا
دووكتێبی
نه‌وال سه‌عداوی
له‌ جه‌ژنیشدا
نۆقڵی لێوت و،شه‌كری خۆشه‌ویستی

“”””””””
وه‌ك په‌ڕه‌سێلكه‌ی ئێوارانی به‌هار
له‌نه‌غمه‌ی زه‌رده‌په‌ڕدا
دوو باڵه‌كانت ته‌ڕده‌بێ و
له‌سه‌ر دڵی پایز من
له‌نگه‌رده‌گرێ

“””””
ئه‌گه‌ر خاك بام
لاوانه‌وه‌ی دایكێكم بۆوه‌رینی
گه‌ڵاكانی خه‌زانت ده‌نووسی
گه‌ردره‌ختێكی بێوه‌ژن بام
به‌سه‌ر پۆشی سه‌وزه‌وه‌
باڵه‌كانم ده‌خسته‌ نێو شه‌رابێكی
رژاو
به‌ڵام چی بكه‌م من ده‌سماڵێكی
ئه‌فسوناویم بۆ چنیوی
خۆم ئه‌ده‌م به‌شانی تۆدا
“””
كه‌ زه‌رده‌په‌ڕ ده‌بێ
به‌گزنگی رووخساری كیژۆڵه‌یه‌كی
شه‌رمنی به‌یانیان
له‌چاومه‌وه‌ گلێنه‌ی شه‌ونم
داده‌گیرسێ
شه‌قامی شارێكی وێران
به‌ده‌میه‌وه‌ پێ ده‌كه‌نێ
با هه‌ڵده‌كاو
جریوه‌ ده‌ڕژێ و
ره‌نگی گوڵ و ،شیعرو خۆشه‌ویستی
له‌ناو دڵما ده‌پشكوێ .
“”””””””
من هه‌ندێك جار له‌ جیاتی خۆم
شیعرێكم مه‌ست ده‌بێ
پێك له‌دوای پێك
باده‌ی مه‌ستی چاوه‌كانم
په‌رداخه‌كه‌م بۆ پڕ ده‌بێ
ئێواره‌م ده‌بێ به‌ ماچ و
مه‌یخانه‌م به‌نیوه‌شه‌و
كه‌مانچه‌ سه‌ری گێژ ده‌خواو
هه‌موو جه‌سته‌م سه‌ما ده‌كاو
حاڵی شێتی ده‌تگرێ
“””””
من به‌خه‌وتووی ده‌تبینم
له‌فریشته‌یه‌كی نێو باخی شین ده‌چی
من له‌جوانی دا ده‌تبینم
له‌ئاوێنه‌یه‌كی عاشقان ده‌چی
بۆیه‌ ده‌ڵێم به‌و هه‌موو ره‌نگاو ره‌نگیه‌وه‌
له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌ی دوای به‌هار ده‌چی
“”””””
من شه‌وانه‌ ناخه‌وم
قه‌ڵه‌مه‌كه‌م ژان ده‌یگرێ
بۆ له‌دایك بوونی شعرێ
وه‌ك چاوت گه‌ش بنوێنێ
وه‌ك رۆحت شیرینم بداتێ
به‌ڵام چی بكه‌م له‌ نێو ئاگردانی
روحم
پشكۆكان هه‌مووی سوتان
هه‌ر خۆڵه‌مێش كۆبۆته‌وه‌
پێویستم به‌گڕی تۆیه‌
ئاگره‌كه‌م گه‌ش بێته‌وه‌
“””””
من ئه‌و كاته‌ ده‌بم به‌شاعیر
گه‌ربووم به‌ شمشاڵ
بۆژه‌نینی ئاوازی گه‌رووی شوانێ
من ئه‌وكاته‌ ئه‌بم به‌خۆم
كه‌بووم به‌ده‌ریای ئه‌سرینی چاوه‌كانت
ئه‌وكاته‌ش ده‌بم
به‌مێژوو
كه‌سرووده‌كه‌ی نه‌ورۆزم
بۆگوتیه‌وه‌
ئه‌وسا ده‌توانم ببم به‌تۆ
تۆ ناوم بنێ ی شاعیر
“”””””””””
سنگم كانیاو نیه‌
به‌ڵام پێستی رۆحت هه‌ڵده‌مژێ
سنگم دۆزه‌خ نی یه‌
به‌ڵام له‌خه‌می تۆ
جگه‌ره‌ی تیادا ده‌سووتێ
“””
هه‌موو ساڵێ
یادی به‌یه‌ك گه‌یشتنی خۆشه‌ویستی
ده‌كه‌ینه‌وه‌
باوه‌شم پڕ ده‌بێ له‌ ئه‌ستێره‌و
ماچی شینای ئاسمان ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ جریوه‌ی خه‌مێكی سور
تارای بوكێنی به‌رووخسارم ده‌ده‌ن.
“”””
هه‌تا سه‌وزبوونی خه‌یاڵی شاعیرێك
به‌سنه‌وبه‌ره‌كانی عشقه‌وه‌
هه‌تا دامركانه‌وه‌ی گڕی
ئایه‌تێك له‌نوێژی مزگه‌وتێكا
هه‌تا په‌رستن هه‌تا ئه‌ڤین
خۆشه‌ویستی
هه‌تا ئاویزان بوونی
دووجه‌سته‌
هه‌رفڕین
“””
ماڵی شیعرم
وه‌ك دڵی تۆ وه‌ك سنگی به‌رینی
ئاسمان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر پشته‌
هه‌یه‌ به‌عشقه‌وه‌ دێته‌ ژوورێ
هه‌یه‌ به‌ ئازاره‌وه‌
“””
ده‌بم له‌گوڵ
له‌نێو تۆدا خۆم ده‌ڕوێنم
ئه‌وسا ده‌بمه‌ نه‌مامی
حه‌وشه‌كه‌ی تۆ
“”””
تابلۆیه‌كت له‌دڵی عاشقه‌كان
بۆدروست ده‌كه‌م
له‌ژوور سه‌رت هه‌ڵی ده‌واسم
تاپێت بڵێم
ماڵه‌كه‌ی من پڕپڕیه‌تی
له‌گوڵاڵه‌كانی عه‌شق و
تابلۆكانی خۆشه‌ویستی

*یه‌كێكه‌ له‌و شیعرانه‌ی كه‌ شاعیر دوای خۆی جێی هێشتووه‌و فریای ئه‌وه‌ نه‌كه‌وت ناونیشانی بۆ دابنێت و پاک نووسی بکات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هاوڕێكه‌م چه‌قۆیه‌ك له‌ پشتیدایه‌

بین لۆری له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم رۆژێك هاوڕێكه‌م هات و ...