سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » خەمی كوردەواری

خورجە

خەمی كوردەواری

1
كوردەواری ئەی وڵاتە جوانەكەم
رۆڵەكەم خێزانەكەم باوەنەكەم
ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە
ئێستێ‌ بمبینن ئاخۆ دەمناسنەوە
هێمنی شاعیر لە چامەیەكی جواندا بەو جۆرە دەپەیڤێ‌، لێ‌ كوردەواری ئێستا لە گێژاوێكی بێئاماندایەو دەبێت هەموومان بیرێكی لێبكەینەوە، ئەوەتا رۆژانە هەواڵی كوشتن دەبیسین و خەریكە بابەتەكەمان لێ‌ دەبێتە بابەتێكی ئاسایی و كەس قسەكردن لەو بارەیەوە بە خەمی خۆی نازانێت، تەنانەت كاتێك لە میدیاشدا باسدەكرێت، وەكی هەواڵ باسدەكرێت و راپۆرتی ورد لەسەر مەترسیەكانی،ئەو ڕوداوانەی بە دوایدا دێن، چۆنێتی نەهێشتنی ئەو دیاردەیە ناكرێت.
كوردەواری لە باشوری كوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایەو ناكرێت هەڵوەستەی لە سەر نەكرێت
بیرتانە حەمدی شاعیر دەیگوت:
ئەو هەموو لاوە نەمامن نێژران لەو باخچەیە
ریشەی كوردایەتی بوو یانی بۆمان نێژران
ئێستا خۆمان لاوەكان دەنێژین، ئایە ئەو هەموو كوشتنە بەس نیە بۆ ئەوەی رێ‌ و شوێنێك بۆ بوونی چەك دابنرێت.

2
هەر كوشتن بە چەك بارو دۆخی كوردەواری نەشێواندووە، مەترسیتر هەیە مەترسی زیادبوون وبڵاوبونەوەی مادەی هۆشبەر، قسە لەوە دەكرێت لە ساڵی 2018 ئەوانەی لە سەر مادەی هۆشبەر گیراون نزیكبوونەتەوە لە هەزار كەس، ئەمە لە كاتێكا تا 2003 شتەكە لە نەبوو زیاتر نەبوو، هەڵكشانەكە بە ئێمە دەڵێت، دەشێت ئەم ساڵی 2019 ژمارەكە لەهەزار تێپەڕێ‌ و ئێمەش جگە لەخەم لەو بارەیەوە هیچی ترمان بۆ نەكرێت.
مادەی هۆشبەر جۆرە چەكێكی ترە كە كوردەواری پێ‌ لە نێو دەدرێت، ئێستا هەڕەشە لە سەر هەموو لاوەكانمانە، ئەوانەی هەموو وازمان لێهێناون بۆ ئەوەی ببنە خواردنێكی ئاسانی مادەی هۆشبەرو ژاری هەلاهەلابوون.
ئەوەی بە دووی كۆكردنەوەی پارەوەیە، نەخودا دەناسێت، نەنیشتمان و نەمرۆڤ، بۆ ئەو پارەو هیچی تر ئیتر كوردەواری چی بەسەر دێت چش.

3
كوردەواری بووە بە نێچیری هەموو قاچاغ و قاچاغچیەك، دەرمانی قاچاغ، مادەی هۆشبەر، بە قاچاغبردنی خەڵك و مامەڵە پێوە كردنی، ئایە كاتی ئەوە نیە سنورێك بۆ ئەو هەموو قاچاغگەری و چەتەكاریە دابنرێت، بەڵام كێ‌ ئەوە بكات ئیدی « میزاجی كوردەواری « بە ڕادەیەك شێواوە خەریكە ئەو پەندە ناجۆرە دەبێتە وێردی سەر هەموو زراو زمانان « دەست بە كڵاوی خۆتەوە بگرە بانەیبات « ئەگەر ئەوەندە دەستمان بە كڵاوەوە نەگرتبا، رۆژەكە نەدەگەیشتە ئەمڕۆ، ئێستا كاتی توڕدانی كڵاوەكەو هەڵبڕینی دەنگە بە ڕووی ئەوشێواویەدا، نەكوردەواری و نەكوردستانیش شایانی ئەو هەموو ناشرینكردنە نین .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

په‌ڵكانه‌و شوێنه‌كانی‌ تر

1 زه‌ڕه‌یه‌ك خاكی‌ وه‌ته‌ن ناده‌م به‌ قه‌سری‌ قه‌یسه‌ری‌ جۆگه‌له‌و ئاوی‌ ...