سەرەکی » راپۆرت » د.یوسف گۆران: ئەگەر راستگویی و ئیرادە لەنێوان كورد و عەرەب هەبێ، دەتوانین چارەسەری كێشەكانمان بكەین

د.یوسف گۆران: ئەگەر راستگویی و ئیرادە لەنێوان كورد و عەرەب هەبێ، دەتوانین چارەسەری كێشەكانمان بكەین

د.یوسف گۆران رایگەیاند، ئەگەر راستگۆیی‌و ئیرادەیەكی بەهێز بۆ گفتوگۆكردن هەبێ‌و بە چوارچێوەی ئایدۆلۆجی‌و سیاسی‌و روناكبیری پێشوەختە سنوردار نەكرابێت، دەبێتە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكان‌و بەرەوپیشبردنی هەر گفتوگۆیەكی كاریگەر كە لەنێوان كورد و عەرەب دروست دەبێ.
ئەو وتەیەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەمیانەی وتارێكیدا هات كە رۆژی 28ی 4ی 2019 لە كۆنفرانسی ئەكادیمی هاوبەشی دیالۆگی عەرەبی – كوردی عیراقی لەنێوان زانكۆی كۆیە و زانكۆی بەغدا پێشكەشیكرد.
لەو كۆنفرانسەدا كە بەناونیشانی (رۆشنبیری‌و بابەتی پێكەوەژیانی هاوبەش – گفتوگۆی عەرەبی/ كوردی عیراقی) لە یادی كۆچكردوان (هادی عەلەوی و فالح عەبدولجەبار) لەزانكۆی كۆیە بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی زانكۆ و توێژەران و كەسایەتییە سیاسی‌و روناكبیرییەكان ئامادەن، بە پێشكەشكردنی چەند وتارێك دەستپێكرد.

دەرهاویشتە سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابوورییەكان
لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: بەستنی ئەم كۆنگرە فراوانەو رەهەندەكانی‌و ئاستی بەشداربووان‌و نوخبەی روناكبیران‌و سیاسی‌و ئەكادیمیەكان دەربارەی دیالۆگ‌و دیالۆگۆی كوردی – عەرەبی بەدیاریكراوی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەت لەم كاتەدا كە عیراق و ناوچەكە بەگۆڕانكاری سیاسی تێپەڕدەبێ، ئەوەش بەهۆی ئەو دەرهاویشتە سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابوورییانەی، كە لەدوای شەڕی داعش‌و بیری توندڕەوی هاتۆتە ئاراوە، كە ساڵانێكی زۆرەو بۆ نزیكەی سەدەیەكە عیراق گیڕۆدەی ئەو بیرە توندڕەوی‌و توندوتیژییە بۆتەوە.
راشگەیاند: سەرباری ئەوەی لەڕووی سەربازییەوە بەسەر داعشدا سەركەوتوبوین، بەڵام كەلێنێكی كەلتوری‌و كۆمەڵایەتی گەورەی لەنێوان رۆڵەكانی ناوچەكە دروست كردوە، بۆیە وای دەبینین لایەنی روناكبیری‌و دیالۆگ لەنێوان نەتەوە سەرەكیەكان هاوكار دەبێ بۆ سەركەوتن بەسەر ئاستەنگەكان، بەو مەرجەی متمانە و ئیرادەیەكی بەهێز لە نێوانیاندا هەبێ.

گرێی جیاكاری و خۆبەزلزانی
هەر لە وتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا باسی چارەسەركردنی كێشەكانی بەڕێگەی دیالۆگ كردو رایگەیاند، ئەگەر راستگۆیی‌و ئیرادەیەكی بەهێز بۆ گفتوگۆكردن هەبێ‌و بەچوارچێوەی ئایدۆلۆجی‌و سیاسی‌و روناكبیری پێشوەختە سنوردار نەكرابێ، دەبێتە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكان‌و بەرەوپیشبردنی هەر گفتوگۆیەكی كاریگەر كە لەنێوان كوردو عەرەب دروست دەبێ، بۆیە ئەگەر كارەكان لەسەرەتادا لەسەر بنەمای پێكەوەژیان‌و چارەنووسی هاوبەش دەستپێبكرێ‌و خۆیان لەو گرێ مێژویەیی پەیوەست بەجیاكاری‌و خۆبەزلزانی نەتەوەیەك لەسەر نەتەوەیەكی دیكە یان كەلتورێك لەسەر كەلتورێكی بەدور بگرن، ئەو كات باشتر دەتوانن بەها روحی‌و روناكبیرییە هاوبەشەكان بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە هانبدرێن.

دەستور بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات
لەتەوەرێكی دیكەی وتارەكەیدا، د.یوسف گۆران رایگەیاند، باس لە پێویستی دیالۆك‌و پاڵپشتیكردنی بنەمای دامەزراوە بەهێزەكان دەكەین، نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت كە دەستووری هەمیشەیی عیراق بنەماو خاڵە سەرەكییەكانی بۆ پێكەوەژیان‌و ژیانی هاوبەشی نێوان نەتەوەو ئاینەكانی عیراق داناوە بەتایبەت لەنێوان كوردو عەرەب، ئەوەش لەڕێگەی دانپیانان بە هەردوو نەتەوەكە لەعیراق و دانان بە عیراق بەوەی كە خاوەنی دوو زمانی رەسمیە.
ئەوەشی راگەیاند، ئەو دەقە دەستوورییە رونانە گومانی تێدا نییە بەرهەمی دەیان ساڵ قوربانیدان‌و خەباتی هاوبەشی گەلی كوردو عەرەبە دژی دكتاتۆریەت، بۆیە ئەوەی بەدەستهاتووە بەرهەمی ئەو خەباتە هاوبەشەیە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا هانی تێكەڵبوون‌و دیالۆگی داوە
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتیشی: «كارمانكردوە لەسەر داڕشتنی سیستم‌و پڕۆگرامێكی فێربوون كە هانی تێكەڵبوون‌و دیالۆگ‌و ئاڵوگۆڕی زانستی‌و ئەكادیمی لەنێوان خوێندكاران‌و مامۆستایانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مامۆستایان‌و خوێندكاران لەزانكۆكانی عیراق بەتایبەت و ناوچەكە بەگشتی دەدات، ئەوەش لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بەوەی كە پەروەردە و فێربوون‌و تێكەڵبوونی ئەكادیمی و زانستی رۆڵێكی گرنگیان لە نزیككردنەوەی كۆمەڵگەكان و داڕشتنی بنەمایەكی بەهێز بۆ دیالۆگ هەیە.

سێ رۆژ بەردەوام دەبێ
لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمی كردنەوەی دیدارەكەدا، پ.د.وەلی مەحمود حەمەد سەرۆكی زانكۆی كۆیەو وتاری سەرۆكی زانكۆی بەغداو وتاری كۆمیتەی ئامادەكاری كۆنفرانسەكە پێشكەشكرا، پاشان فیلمێكی دۆكیۆمینتاری لەبارەی (هادی عەلەوی و فالح عەبدولجەبار) نمایش كرا، دواتریش كارنامەی دیدارە زانستیەكە دەستیپێكرد.
دیداری زانستی زانكۆی كۆیەو زانكۆی بەغدا ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت‌و لەلایەن ئەكادیمیستان‌و نووسەران‌و روناكبیران‌و كەسایەتییە سیاسی‌و كۆمەڵایەتیەكان چەندین بابەتی و توێژینەوەی زانستی پێشكەش دەكرێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...