سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتووان و كێشه‌كانی‌

راستییەکەی

زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتووان و كێشه‌كانی‌

هه‌موو ئاماره‌ گشتییه‌كانی‌ وڵاتان و زانیارییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی‌ زۆر دوور نا، به‌ڵكو له‌ 10-15 ساڵی‌ تردا، ژماره‌ی‌ دانیشتووان به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بڕوات گه‌شه‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت ژماره‌ی‌ دانیشتووانی‌ وڵاتانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتووانیان زیاد ده‌كات، دۆخی‌ ئابوورییان زۆر خراپه‌ ‌و له‌ ئێستادا ناتوانن دانیشتووانی‌ خۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ مامناوه‌ند به‌خێو بكه‌ن، ئه‌ی‌ له‌ داهاتوودا ژماره‌ی‌ دانیشتووان زیاتر بێت؟ له‌ كاتێكدا رۆژ به‌ رۆژ ته‌كنۆلۆژیا له‌ پێشكه‌وتن و داهێنانی‌ تازه‌ و سه‌رسوڕهێنه‌ردایه‌. داهێنانه‌كان رۆژ به‌ رۆژ ده‌ستی‌ مرۆڤ له‌ كاركردن كه‌متر ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ پشتیان به‌ وزه‌ی‌ نه‌وت و سامانی‌ سروشتی‌ به‌ستووه‌، مه‌رج نییه‌ تاكو سه‌ر ئه‌م سه‌رچاوه‌ سروشتییانه‌ وه‌كو ئێستا پاره‌ بكه‌ن و پاره‌ی‌ زۆر بۆ ئه‌م وڵاتانه‌ دابین بكه‌ن. چونكه‌ ته‌كنۆلۆژیای‌ تازه‌ رۆژ به‌ رۆژ داهێنانی‌ تازه‌ ده‌كات و دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییانه‌ی كه‌ وزه‌ و داینه‌مۆی‌ ته‌كنۆلۆژیای‌ سه‌رده‌من. بۆیه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتووان ده‌بێته‌ هۆی‌ زیاتر پێویست بوونی‌ خۆراك. له‌ هه‌مان كاتدا شوێنی‌ نیشته‌جێبوون، شوێنی‌ نیشته‌جێبوونیش له‌سه‌ر حیسابی‌ زه‌وی‌ كشتوكاڵییه‌، كه‌ خۆراك دابین ده‌كات بۆ دانیشتووان. هه‌روه‌ها به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری‌ خۆراك.
له‌ چه‌ندین رووه‌وه‌ كێشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتووان زۆره‌، ئه‌وه‌ی‌ مه‌به‌سته‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ خۆمانه‌ به‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا كه‌ تێكه‌ڵاوییه‌كی‌ زۆر دروست بووه‌ له‌ ژیانی‌ دانیشتووانیدا، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆری‌ دانیشتووانی‌ كوردستان گه‌نجن و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی‌ زانكۆن، وا به‌ ئاسانی‌ ناچنه‌وه‌ ژیانی‌ ساده‌ی‌ كوردستان و به‌رهه‌مهێنانی‌ ساده‌ و ساكاری‌ لادێكان. حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ رێكخستنی‌ دانیشتوواندایه‌، رۆژ به‌ رۆژ باری‌ قورس ده‌بێ و به‌و ستایڵه‌ كۆنه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌، ناتوانێ‌ یه‌كسانی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ له‌ نێوان تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستاندا دابین بكات. كوردستان ماوه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ نه‌وت ده‌فرۆشێ‌ و ئه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌ خه‌ریكه‌ ته‌واو ده‌بێت، كه‌چی‌ نه‌ك پاشه‌كه‌وتێك له‌ پاره‌ نه‌كراوه‌ بۆ نه‌وه‌كانی‌ داهاتوو، به‌ڵكو مووچه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئێستا نادرێ‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ به‌رچاوڕوون هه‌بێت بۆ داهاتووی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌. بۆیه‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به ‌گشتی‌ و كوردستان به‌تایبه‌تی، له‌ داهاتووی‌ چه‌ند ساڵێكدا كه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ 10-20 ساڵێك ده‌بێت، دووچاری‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌ویش زیادبوونی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتووانه‌ و به‌م سیسته‌مه‌ی‌ ئێستاش هیچ جۆره‌ رێكخستنێكی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ ناكرێ‌، تاكو كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌، بۆیه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ داهاتووی‌ هه‌رێم ژماره‌ی‌ دانیشتووان ده‌بێت. ئه‌گه‌ر چاره‌ی‌ ژیان و گوزه‌رانیان نه‌كرێ‌، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ خراپ و دژواری‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم ده‌بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دروشمی ״مه‌رگ به‌ر ئه‌مریكا״

ئه‌مه‌ دروشمی سه‌ره‌كی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئێران بوو له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی ...