سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گرنگ و پێویستە״پەڕە 2

لە پێناوی یەكڕیزیی و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكاندا لە بەغدا

״پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گرنگ و پێویستە״

نووسەران و چاودێرانی سیاسی زوو پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كودستان بەگرنگ و پێویست دەزانن لەپێناوی یەكڕیزیی كوردو بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان، بەپێویستیشی دەزانن حكومەتی هەرێم پابەندبێت بەبنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عیراق و ئەو رێكەوتنانەی لەنێوان هەردوولا هەیە لەبارەی نەوت و گومرگ و یاسای بودجەی گشتیی عیراق.

پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغدا لەقۆناغێكی باشتردایە
لەوبارەیەوە، نەوزاد رەسوڵ ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەكوردستانی نوێی راگەیاند: دەتوانین بڵێین ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەچەند روویەكەوە لەقۆناغێكی باشتردایە بەراورد بەچەند ساڵی رابردوو، بۆیە زۆر گرنگە حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنرێت‌و پەلەی لێ بكرێت، وتیشی: وەك قسەی لەسەر كراوە لە كابینەی نوێدا وەزارەتێك بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا پێشنیاركراوە، كە چاوەڕوان دەكرێت پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵداو لەناوخۆشدا.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لەپێناوی سەرلەنوێ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا پێویستە هەموولایەك پشتیوانی وەزارەتی كاروباری پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداو خودی وەزیرەكەشی بكات بۆ سەركەوتنی كارەكانی‌و گرنگیشە لەمەودا چ هەرێم‌و چ بەغدا لەڕووی دەستوورەوە پابەندبن، تاكو بەهەموولایەك بتوانین مافەكانی خەڵكی كوردستان وەك لەدەستوورەكەدا هاتووە بەدەستبهێنین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەناوچە دابڕاوەكانەوە هەیە.

پابەندبوون بەبنەماكانی دەستوورەوە
هەر تایبەت بەپرسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، سەردار عەبدولكەریم نووسەرو رۆژنامەنووس بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەپێناوی باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراقی فیدراڵ پێویستە حكومەتی هەرێم پابەندبێت بەبنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عیراق و بەو رێكەوتنانەی لەنێوان هەردوولا هەیە لەبارەی نەوت و گومرگ و یاسای بودجەی گشتییەوە، كە ئەمە بۆ حكومەتی بەغداش هەر دەبێت بەهەمان شێوە بێت‌و پابەند بێت بەدەستوورو بڕیارەكانەوە تایبەت بەهەرێمی كوردستان، كە دواجار پتەوكردنی پەیوەندییەكان سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ رەوینەوەی ئەو تێڕوانینە خراپەی بەغداو هەرێمی كوردستان بەرامبەر یەكتر هەیانبووە. وتیشی: جگە لەو هەنگاوە یەكڕیزیی و تەبایی لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا زۆر گرنگ‌و پێویستە بەتایبەتی پێكهێنانی كابینەیەكی هاوسەنگی حكومەتی هەرێم بەجۆرێك رێز لە یاسا بگیرێت و حكومەتیش خزمەتكاری میللەت بێت، كە ئێستا هەمووان چاوەڕوانی راگەیەندنی ئەو كابینەیەن، ئەوەشی ئاماژەپێكرد كە هەر كاتێك لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا كێشەو لێكتێنەگەیشتن هەبێت لەسەر چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، ئەوكاتە حكومەتی فیدراڵ ناتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە هەندێك جاریش ئەوە دەبێتە بیانوویەك‌و دواجار كێشەكان بەچارەسەرنەكراوی دەمێننەوە.

بەیەكگرتوویی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكرێت
هەروەها، كانەبی باپیر چاودێری سیاسی ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: بەڕاستی پێویستە پێش هەموو شتێك لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نێوماڵی خۆیان رێكخەنەوە، چونكە لەماوەی رابردوودا جۆرە پەرش‌وبڵاوییەك لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەبووە، دیارە ئەو پەرش‌وبڵاوییە تەنیا هەرێمی كوردستانی نەگرتۆتەوە‌و لەبەغدا لەناو شیعەو سوننەكانیش هەیە، ئەوەشی پەیوەندیی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە پێویستە بەیەكگرتوویی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكرێت‌و بەگوێرەی ئیستحقاقی دەستووری‌و ئەو مافانەی دیاریكراوە، داوابكرێت. ئەوەشی وت: هەرچەندە هەموو ئامانجەكانی كورد لەدەستووردا نییە، بەڵام ئەو دەستوورە، كە زۆرینەی خەڵكی عیراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە دەنگیان پێداوەو بەباشترین دەستوور دادەنرێ لەمێژووی عیراقدا، بۆ چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانیان، پێویستە كاربكرێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوورو بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیی بەكوردستانەوە هەیە، لەناویشیدا ماددەی 140 كە باس لەئاساییكردنەوەی ناوچە دابڕاوەكان دەكات.

بوونی هاوسەنگی لە نێوان هەرێم و بەغدا
لەسەر هەمان بابەت، رەنج جەعفەر نووسەرو چاودێری سیاسی، بۆ كوردستانی نوێ وتی: دیارە پەیوەندییەکی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغداو دامەزراوەكانیاندا هەیەو تەواوكەری یەكترن، بۆیە ناكرێ ئێمە لەناوخۆماندا پەرتەوازەبین‌و ماڵی خۆمان رێكنەخەین، بەپێچەوانەوە دەبێت كار بۆ یەكڕیزیی لەبەغدا بكەین، لەبەرئەوە پێویستە هاوسەنگی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا هەبێت. وتیشی: لەڕابردووەوە ئەوە سەلمێندراوە كە هیچ لایەك لەلایەنێكی سیاسی ناتوانێ بەتەنیا سەركەوتووبێت لەئیدارەدانی هەرێمی كوردستان‌و بەهەمانشێوە بۆ عیراقیش.
باسی لەوەشكرد كە كورد پێویستە ناوماڵی خۆی رێكبخاتەوەو هەموو لایەنەكان كارێك بكەن كاریگەریی هەڵبژاردنەكانی رابردوویان لەسەر نەمێنێت‌و گرژییەكان تێپەڕێنن‌و هەنگاوبنێن بۆ یەكدەنگی‌و یەكڕیزیی، تاكو بتوانین لەحكومەتی عیراقدا زۆرترین مافە دەستوورییەكان بەدەستبهێنین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشانگایەكی تایبەت بە بیناسازی و وەزە و كارەبا لە هەولێر دەکرێتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا – هەولێر لەڕۆژی 26ی 6ی 2019 بە ...