سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » سریلانكا چووه‌ ریزی ئه‌و وڵاتانه‌ی په‌چه‌یان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌پەڕە 16

سریلانكا چووه‌ ریزی ئه‌و وڵاتانه‌ی په‌چه‌یان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌

به‌هۆی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ چه‌ند كڵێسا ‌و ئوتێلێكی كۆلۆمبۆی پایته‌خت و دەوروبەریان کردە ئامانج‌ و زیاتر له‌ 750 قوربانی‌ و برینداریان لێكه‌وته‌وه‌‌ و هه‌روه‌ها به‌ پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، حكومه‌تی سریلانكا له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا په‌چه‌ له‌ ژنانی وڵاته‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

‌ لە به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتدایه‌
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌کەیدا، مایتریبالا سیریسینا سه‌رۆكی سریلانكا په‌چه‌ به‌ مه‌ترسیی ئه‌منیی ناوبردووه‌ ‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بڕیاردراوه‌ پۆشینی قه‌ده‌غه‌ بكرێت. روونیشكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ داپۆشینی هه‌ر ده‌موچاوێك، ده‌بێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ناسینه‌وه‌ی كه‌سه‌كان، بۆیه‌ له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌. به‌م بڕیاره‌ش، سریلانكا چووه‌ ریزی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ پێشتر بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی په‌چه‌یان داوه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا.

فه‌ره‌نسا یه‌كه‌م وڵات بوو
فه‌ره‌نساش وه‌كو یه‌كه‌م وڵات له‌ ساڵی 2011 دا ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌ركرد‌ و مانگی ته‌مموزی هه‌مان ساڵیش، به‌لژیكا په‌چه‌ی قه‌ده‌غه‌ كرد له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، هەروەها‌ دادگای ئه‌وروپا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ مانگی ته‌موزی 2014 دا بڕیاره‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد.
به‌ هه‌مان شێوه‌، حكومه‌تی دانیمارك له‌ ساڵی 2018 دا ئه‌و بڕیاره‌ی خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ‌و به‌پێی‌ یاسای ئه‌و وڵاته‌، هه‌ر كه‌سێك له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا ده‌موچاوی خۆی دابپۆشێت، ئه‌وا به‌ 1000 كرۆنی دانیمارکی كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 157 دۆلاری ئه‌مریكی، سزا ده‌درێت‌و له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ كردنه‌وه‌شیدا، سزاكه‌ی 10 هێنده‌ زیاد ده‌كات.
له‌ مانگی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵیشدا، ئه‌نجومه‌نی پیرانی هۆڵه‌ندا بڕیاریدا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی په‌چه‌ له‌ بینا گشتییه‌كانی وه‌كو قوتابخانه‌‌ و نه‌خۆشخانه‌ ‌و هاتوچۆی گشتی، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ شوێنه‌ گشتییه‌كانی نه‌گرته‌وه‌.
له‌ ئه‌ڵمانیاش داپۆشینی ده‌موچاو له‌ كاتی شۆفێریدا قه‌ده‌غه‌یه‌ ‌و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ش به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه‌یی ئه‌و بڕیارەی بۆ دادوه‌ر ‌و سه‌رباز ‌و فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت په‌سه‌ندكردووه‌ ‌و له‌ كاتی پێویستیشدا ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك رووخساری خۆی ده‌ربخات بۆ ناسینه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی.
له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2017 دا، حكومه‌تی نه‌مسا په‌چه‌ی قه‌ده‌غه‌كرد له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كانی وه‌كو خوێندنگه‌ ‌و دادگاكان. وڵاتی نه‌رویژیش له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2018 دا، په‌چه‌ی له‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانیدا قه‌ده‌غه‌كرد ‌و په‌رله‌مانی بولگاریاش له‌ 2016 دا غه‌رامه‌كردنی ژنێكی په‌سه‌ندكرد، كه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا رووخساری خۆی داپۆشیبوو. له‌ لۆكسمبۆرگیش كۆت‌ و به‌ندی له‌و جۆره‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كانی وه‌كو نه‌خۆشخانه‌‌ و دادگاكان‌ و بینا گشتییه‌كاندا هه‌یه‌.

وڵاتانی ئه‌فریقیاو چینیشی گرتۆته‌وه‌
هه‌ندێك وڵاتی ئه‌وروپی وه‌كو ئیتالیا‌ و ئیسپانیا‌ و سویسراش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌یان ئه‌و جۆره‌ یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها دوای كرده‌وه‌یەکی خۆكوژی له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2015 له‌ ئه‌فریقیا، ژماره‌یه‌ك لە وڵاتانی كیشوه‌ره‌ ره‌شه‌كه‌، له‌وانه‌: چاد، گابۆن، هه‌رێمی باكووری كامیرۆن، ناوچه‌ی دیفا له‌ نایجیریا، كۆماری كۆنگۆ‌ و جه‌زائیریش، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئه‌و یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ هه‌موو دانیشتووان نه‌گرێته‌وه‌.
حکومەتی چین-یش له‌ هه‌رێمی چینگیانگ كه‌ موسڵمانه‌ ئیگۆرییه‌كان له‌و هه‌رێمه‌دا ده‌ژین، په‌چه‌‌ و هێشتنه‌وه‌ی ریشی زۆر درێژی قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״سه‌دان ئیخوانیی میسر، كوێت جێده‌هێڵن״

دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کوێت رایانگەیاند کە «باندێکی تیرۆریستیی سه‌ر ...