سەرەکی » زانست » چین به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها!

فره‌ جه‌مسه‌ری ئابووری

چین به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها!

د. مه‌دیحه‌ سۆفی*

به‌شی پێنجەم

دەرئەنجامەکان

ئەم گەشە و پێشکەوتنه‌ی چین، هەراسانی و نائارامی ئەمریکای لێ کەوتووەتەوە، ئێستا چێن لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازیدا ڕکابەری ئەمریکایە و هەردوکیان لە جەنگێکی به‌رچاوی ئابووریدان
دەسەڵاتدارانی چین دەڵێن، هەر ڕوبەڕووبوونەوەیەكی ئەمریکا لەگەڵ ئێمەدا، سەربازی یا ئابووری بێت، کاردانەوە و زیانێکی قەبەی دەبێت ئەمەش جۆرێکە لە هۆشداریدان بە ئەمریکا. ئەگەر بەراوردی نێوان دەسەڵات و توانا و هەیمەنەی ئەو دوو وڵاتە بکەین، تا ڕادەیەک دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی گەشەی چین خێرا و پەلە و بە پلان و ستراتیژیە، ژێرخانی زۆربەی ڕێگاوبانی ئەو وڵاتانەی گرتووەتەوە کە ڕێگای ئاوریشمی پێدادەروات، ڕێگای ئاوریشم کە بە ( یەك ڕێگا، یەك کەمەر ) ناودەبرێت و بە وڵاته‌کانی ناوەڕاستی ئاسیا و عەرەبی و ئەفریقی و ئەوروپیدا دەڕوات و زیاتر لە شەست وڵات دەگرێتەوە و لە ٦٠% ی دانیشتوانی جیهان پێکده‌هێنێ، پرۆژەی سەدەی بیستویەکی چینە، کە کەمەری دەسەڵاتی خۆی بە دەوری جیهاندا دەئاڵێنێت، کاروانەکان لە ئیستادا و بەڕیگای ئاوریشمدا، لە نیوان ٢٠-٤٠ ڕۆژ دەخایەنێ بە ڕێگای دەریادا و ١٦ ڕۆژ بە ڕێگای ئاسنین تا دیوزبورگ لە ئەڵمانیا، لە ڕۆژهەڵاتی چینیشەوە بە هەژدە ڕۆژ بارەکان دەگەنە لەندن، کە دوازدە هەزار کیلۆمەترە، کەم ماڵ هەیە بەرهەمی چینی تێدا نەبێ، ئەم دەستپێکە دەستپێکێکە، کە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا، کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، دەخاتە ژێر کاریگەری چینەوە، لەولاوە هیندستان ڕادەچڵەکێ، چونکە چین دەربەندی جواداری ئاوەدانکردووەتەوە و کردویەتیە چەقی گەشەی پاکستان و گوازتنەوەی وزە لەو بەندەرەوە بەرەو ڕێگای وشکایی تا شینجانگ، پاکستانیش دەمێکە نەیارێکی سەرسەختی هیندستانە، لەلایەکیترەوە ئێران یەدەگێکی زۆر باش و سەرچاوەیەکی نزیکی هاوردەکردنی وزەیە بۆ چین، چین کۆمەڵێ ئەگەر و پێشبینی هەیە بۆ دابینکردنی کەرەستەی خاو و سامانی سروشتی بۆ وەبەرهەمهێنان و بەردەوامیدان بە پلانە ستراتیژیەکەی خۆی، کە واشنتن و برۆکسل و لەندنی نائارام کردووە، لە لایەکیترەوە بۆ ئێستا سێ هێزی ئیقلیمی وەکو چین و هیندستان و ڕوسیا ئەگەر یەکبگرن، کە تەواوکەری یەکترن، زیاتر لە ٦٠% ی دانیشتوان و ئابوریەکەی دەگرێتەوە،، دەتوانێ دەسەڵاتی جیهان قۆرخ بکا و هەردوو هێزی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا پەراوێز بخەن، ئەمەش جیهان بەرەو شەڕی ئابووری_ سیاسی دەبات، کە ئێستا وا کەوتووەتە گەڕ، ڕێگای ئاوریشم هەر لە دەستپێکی نێوخۆی چیندا یاسای مرۆڤایەتی بریندار کردووە، بەوەی بە شاری ئورومچیی پایتەختی ناوچەی ئۆتۆنۆمی تیبتدا تێدەپەڕێ کە دەکەوێتە هەرێمی شیانجینگەوە بێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکی پۆزێتیڤی لەسەر باری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خەڵکی ئەو ناوچەیە هەبێ، وە لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیە زۆر دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و کان و کانزا و ئاوی شیرین، لە قۆرخکردنی سامانەکەی زیاتر هیچ بەرنامەیەک بۆ پێشکەوتنی ئەو ناوچەیە نیە کە دانیشتوانەکەی لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆندا لەقەڵەم دەدرێن، جگە لەوەی لە سنووری تاجیکستاندا، گروپی ئویگوری هەن کە بە ئاین موسڵمان، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ ته‌نگژه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌و ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ گه‌رمکردنی دژایه‌تی له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه‌،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر بە ناهەمواری له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی چینه‌وه‌ دەچەوسێنرێنەوە و زۆربەیان بەرەو تاجیکستان هەڵدێن، ناوچەی شیانجینگ ناوچەیەکی زۆر دەوڵەمەنده‌ لە سامان و هەژار و دواکەوتوو لە کولتوری ڕۆشنبیری و خوێندەواریەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سیاسەتی چین بەرامبەر مافی مرۆڤ و ئازادی زۆر نالەبار و ناپه‌سه‌نده‌، تا ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ هێزێكی شیاو و جه‌ربه‌زه‌ کە بتوانێ ڕێگری لە ستەمدیدەیی خۆی به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی چینه‌وه‌ بکات.
ئەم پرۆژەیە، ئەو وڵاتانە لە ڕیگای بنیاتنانی ژێرخانی نوێوە وەکو ڕێگای ئاسن و وشکایی و بەندەر و لە ڕێگای شانەی بازرگانی و لە ڕێگای دراوی هاوبەش و پەیوەندی دیپلۆماتی و تێکەڵبوونی کولتووریەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بێ گومان کاریگه‌ری ئابووری کاریگه‌ری سیاسیشی به‌دوادا دێت، بۆیه‌ پێشبینی له‌ گۆڕانه‌کانی شتروکتوری جیهانیدا ده‌کرێت و کێشی هێزه‌کان له‌ ئاڵوگۆڕدا ده‌بن، بەڵام چۆن ئەوەیان هێشتا ڕوون نیە.
ئێستا وڵاتی چین گه‌یشتووه‌ته‌‌ ئاستێکی به‌رزی گه‌شه‌سه‌ندن، ئایا‌ ده‌توانێ به‌و کێرڤه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی به‌رده‌وام بێت؟ ئایا ده‌توانێ به‌به‌رده‌وامی وزه‌ی پێویست بۆ به‌رهه‌مهێنان دابین بکات؟ ئایا ده‌توانێ له‌ نێو ده‌ریا به‌رامبه‌ر هێزی ده‌ریایی ئه‌مریکا خۆی بپارێزێ؟ ئه‌م پرسیارانه‌‌ هیچ به‌رچاوڕوونیه‌کی تێدا نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌لوپۆی دابینکردنی مه‌رج و پێداویستی ئه‌م به‌رده‌وامیه‌ زۆر فراوان و ئاڵۆزه‌.
له‌ بواری ئابووریه‌وه‌ ده‌توانی ببێته‌ یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت له‌ جیهاندا و چوونه‌ ڕیزبه‌ندی یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی بێ ڕکابه‌ریش مه‌حاڵ نیه‌ و ئه‌گه‌ری بوونی زۆره‌، له‌ بواری هێزی سه‌ربازیشدا، که‌ به‌ پێشبینی ئه‌مریکا، بۆ چین نالوێ که‌ به‌ره‌و ڕیزبه‌ندی یه‌که‌م هه‌ڵکشێ، به‌ڵام نیشانه‌کانی گه‌شه‌کردن له‌م بواره‌ش له‌ ئارادایه‌، گه‌ر به‌ پێی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی ئێستای بێت، چین ده‌توانێ له‌ بواری سه‌ربازیشدا پێشه‌نگ بێت.
یه‌کێك له‌ گرنگترین پێگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی بنکه‌کانی سه‌ربازی نێو ده‌ریان، یا باشتر بڵێین ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی ده‌ریاییه‌، که پاراستنی‌ هاتوچۆی که‌شتی گوازتنه‌وه‌ی وزه‌ و خاوه‌ندارێتی له‌ گه‌روو و ڕوگه‌ و ته‌نگه‌ی ده‌ریاکاندا ده‌کات، ئێستا چین ده‌سه‌‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر ده‌ریای خوارووی چیندا سه‌پاندووه‌، ده‌سه‌ڵاتی نێو ده‌ریا ده‌سه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر گوازتنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و هاتووچۆی که‌شتی و له‌نگه‌رگرتن له‌ به‌نده‌ری وڵاتانی سه‌ره‌ڕێ، به‌ڵام لە نێو ئۆقیانوسەکاندا هێشتا بازگەکانی هێزی سەربازی ئەمریکا کۆسپ و تەگەرەن بۆ ئابووری چین.
جگه‌ له‌ ئه‌مریکا، هیچ وڵاتێك وه‌کو چین له‌م ساڵانه‌ی پێشوودا، ئه‌م بودجه‌ قه‌به‌یه‌ی بۆ کڕینی چه‌ك ته‌رخان نه‌کردووه‌، ساڵی ٢٠١٧ چین ٢٢٨ ملیارد دۆلار خەرجی هێزی سەربازیەکەی بووە ‌، له‌ 10 ساڵی ڕابوردوودا زیاتر له‌ 100 که‌شتی جه‌نگی دروست کردووه‌، و له‌ ساڵی 2012 وه‌ خاوه‌نی یه‌که‌م بنکه‌ی فرۆکه‌هه‌ڵگره‌ و ده‌ووه‌میان له قۆناغی دروستکردنه‌ و سێیه‌میانیش له‌ پلاندایه‌، ته‌نانه‌ت هێزی سه‌ربازی ئاسمانیشی له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌، هه‌ر له‌ بواری سه‌ربازیدا، گه‌شه‌ی دروستکردنی ڕاکێتی له‌ فراوانبووندایه‌، ئه‌م هه‌موو داهێنان و دروستکردنی که‌شتی جه‌نگ و ڕاکێت و بنکه‌ی فرۆکه‌هه‌ڵگره‌ش، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئۆقیانوسی پاسیفیكه‌، به‌تایه‌ت ڕۆژئاوای پاسیفیك.
ده‌بێ جیهان و به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا ئه‌و ڕاستیه‌ وه‌ربگرێ، که‌ چین گه‌مه‌ی سه‌ده‌ و سه‌رده‌م نیه‌، چین هه‌بوویه‌کی دروست و سه‌لمێنه‌ره‌، مۆڵه‌ت له‌که‌س وه‌رناگرێ کە له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ جێگه‌ی بۆ بکاته‌وه‌، ئه‌وه‌ توانا و توانست و زانست و بازووی ماندوونه‌بووی چینه‌ که‌ ده‌چێته‌ ڕیزبه‌ندی یه‌که‌می جیهانه‌وه‌، ئێستا له‌ بواری ئابوری و ئەگەری ئەوە هەیە کە سبه‌ینێ له‌ بواری سه‌ربازیدا بێت، چین نهێنی سه‌رکه‌وتنه‌کانی هێدی هێدی و به‌ره‌به‌ره‌ ده‌خاته‌ڕوو، پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ناکات، به‌ڵکو فاکت ده‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌.
چین خه‌رجییه‌کی یه‌کجار زۆر بۆ‌ دروستکردنی دورگه‌ی نێو ده‌ریای چین و ده‌وروپشتی سنووری خۆی ته‌رخان ده‌کات، دووربینی بۆ دابینکردنی وزه‌ ئه‌وه‌نده‌ تیژه‌، که‌ له‌ دواڕۆژدا هه‌رچی وزه‌ی ژێر ئاو هه‌یه‌، به‌ ته‌ک‌نه‌لۆژیای خۆی به‌رهه‌منهێنێ، چین سوود له‌ شه‌ڕی نێوان ئه‌مریکا و ئێرانیش ده‌کات، به‌ کشانه‌وه‌ی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا له‌ ئێران به‌هۆی سزای ئابووریه‌وه‌، ئه‌و ده‌توانێ جێگره‌وه‌ی بێ و هاورده‌ی وزه‌شی له‌گه‌ڵدا مۆر بکات، چین ئه‌ڵته‌رناتیڤی زۆری هه‌یه‌، ڕوسیا و ئێران و وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕواست و جگه‌ له‌ په‌یوه‌ندی دیپلۆماتی له‌گه‌ل زیاتر له‌ 60 ده‌وڵه‌ت به‌هۆی پرۆژه‌ی ڕێگای ئاوریشمه‌وه‌.
شه‌ڕی سارد له‌ نیوان ئه‌مریکا و چیندایه‌، شه‌ڕی ئابووری، که‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مریکای سه‌رقاڵ کردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ چینی سه‌رقاڵ نه‌کردووه‌، پلانه ئابووری و سه‌ربازیه‌‌کانی چین بێده‌نگ و تۆکمه‌ و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن، سیاسه‌تی کۆنتڕۆڵکردنی ده‌ریا و دابینکردنی وزه‌ و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ و گه‌یشتنه‌ نێو کان و کانزاکانی ئه‌فریقا و سه‌رکوتکردنی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی تیبت و په‌لاماری ته‌یوان و خستنه‌گه‌ڕی دراوێکی زۆر و مامه‌ڵه‌کردن به‌ دراوی خۆماڵی و مۆرکردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ڕسیا و ئێران و هیندستان و ته‌نانه‌ت پاکستانیش، بوونه‌ خاوه‌ن به‌نده‌ری زۆر بۆ نمونه‌ له‌ یۆنان و دزه‌کردن بۆ نێو ئابووری ئه‌ڵمانیا و کڕینی عقار و باڵه‌خانه‌ و زۆر هه‌نگاوی دیکه‌، که‌ چین وابه‌سته‌ی به‌رده‌وامی ده‌کات له‌ شه‌ڕی گه‌یشتن به‌ زاڵبوون به‌سه‌ر گلۆبالا و بوونه‌ ده‌سه‌ڵات، ئایا جیهان جێگره‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی چینی پێیه‌؟
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ هه‌وراز و نشێوی زیاتر تێدا ده‌بێت، په‌ڕجووه‌کانیش له‌ توێی زیره‌کی و زانایی و زانستدا خۆیان ده‌شارنه‌وه‌.
ده‌بێ جیهان ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت، که‌ چین به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ها ده‌چێت، له‌ بواری سه‌ربازی و ده‌ریایی و وشکاییدا، ئه‌مریکا دره‌نگ به‌خه‌به‌ر هات، ئه‌وروپا خۆی به‌ ئه‌مریکاوه‌ هه‌ڵواسیبوو، هه‌چ کامیان ئه‌ڵته‌رناتیڤێکیان له‌ توێی به‌رنامه‌ و کۆنسێپتی خۆیان نه‌بوو، هه‌ردولایان ناتۆیان به‌ شه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ سه‌رقاڵ کرد، بۆ چین ڕێگا چۆڵ و ئاسانکاری زۆر و بێ کۆنتڕۆڵ بوو، جیهان نووست و چین به‌خه‌به‌ر هات.

هەندێ لە سەرچاوەکان:
1. http://www.spiegel.de/wirtschaft/soziales/xi-jinping-auf-demweltwirtschaftsforum-der-phrasenmeister-von-davos-a-1130581.html
2. https://www.zeit.de/zeit-geschichte/2012/01/Reformen-unter-Deng-Xiaoping/seite-2
3. http://german.china.org.cn/culture/txt/2014-06/22/content_32737577.htm
4. https://www.auswaertiges-amt.de/de/newsroom/rede-muenchner-sicherheitskonferenz/1599848
5. http://www.taz.de/!5509196/
6. https://de.statista.com/statistik/daten/studie/157935/umfrage/laender-mit-den-hoechsten-militaerausgaben/
* هاوسه‌رۆكی ڕێكخراوی سه‌وزی ئه‌وروپی – كوردستانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

په‌یكه‌ره‌كانی بودا دروست ده‌كاتەوە

تیمێكی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تیی و ئه‌فغانیی سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی بودان ...