سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » له ‌پێناوی حكومه‌تێكی جیاوازدا

رونتر

له ‌پێناوی حكومه‌تێكی جیاوازدا

ئیدی چاوه‌ڕوانی هاووڵاتیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت‌و كاروانی حكومه‌تی نوێ هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان‌و چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكیش له‌ كابینه‌ی نوێ هه‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌سوودوه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو، به‌ ئه‌زموون‌و هه‌نگاوی نوێوه‌ خه‌ڵكی بتوانن ئاسووده‌ له‌ چوار ساڵی داهاتوودا بژین، بێگومان گۆڕانكاری‌و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێش له‌ هه‌موو دونیایه‌کدا هه‌ر به‌ئامانجی بینینی قۆناغێكی نوێی حوكمڕانییه‌و له‌ هه‌رێمی كوردستانیشدا هه‌مووان له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دان ئیدی دۆخی ساڵانی رابردوو دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌و چیتر بڕیاری تاكه‌ كه‌سی‌و هه‌ڵه‌ نه‌بێته‌ بنه‌ماو ئامانج ته‌نها خزمه‌تكردنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ بێت كه‌ له‌ رابردوودا به‌هۆی هه‌ڵه‌ی به‌شێك له‌ سیاسییه‌كانی كورده‌وه‌، قوربانی زۆریانداو دووچاری دۆخی سه‌ختی ئابووری هاتن.
هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌غداو ده‌ستكراوه‌یی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی كه‌ تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌وه‌نده‌ی ئامانجی په‌یوه‌ندییه‌كی باشه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی گرژی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا نییه‌، وه‌ك یه‌كێ له‌و چانسانه‌ی كابینه‌ نوێ ده‌بینرێت كه‌ سه‌رۆك‌و جێگری داهاتووی حكومه‌ت ده‌توانن سوودی زۆر لێوه‌ربگرن‌و سه‌ره‌نجامیش كۆی ده‌ستكه‌وته‌كان بخه‌نه‌وه‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان. به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شمان بیربچێت کە نابێت وه‌ك رابردوو بڕیاری تاكه‌ كه‌سی‌و تایبه‌ت، رێگه‌ی پێبدرێت ئاراسته‌ی رووداوه‌كان بۆ گرژی بگۆڕێت، چونكه‌ كاتێك ئه‌مه‌ روویدا، هه‌نگاوی پێچه‌وانه‌ی خواستی زۆرینه‌ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی هه‌نگاوی دروست‌و به‌مه‌ش سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عیراق ناتوانێت به‌رگه‌ی فشاری هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ بگرێت كه‌ له‌ رابردووشدا نه‌خشیان له‌ گه‌وره‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدادا بینیوه‌و دواجاریش عه‌بدولمه‌هدی به‌ناچاری ده‌بێت ئاڵای شێوازێكی تری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌ڵبكات، كه‌ بێگومان هه‌رێم تیایدا زیاندمه‌ند ده‌بێت‌و ئه‌زموونی ساڵانی رابردووش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه‌. كه‌واتا ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غداو هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژوه‌ندیی گشتی به‌رده‌وامییان پێبدرێت‌و ناكۆكی ناوخۆیی‌و موزایه‌دەی ناته‌ندروست رێگرن نه‌بن، بێگومان قۆناغێكی نوێ له‌ پێشمانه‌و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتیش له‌ حكومه‌تی داهاتوودا هه‌ر به‌و ئامانجه‌یه‌، كه‌ رێگری له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان بكات‌و به‌كرده‌یی له‌ جومگه‌و دامه‌زراوه‌ گرنگه‌كانی هه‌رێمدا قسه‌ی جددی هه‌بێت، كه‌ یه‌كێتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئامانجی بووه‌و دواجاریش توانی هه‌مووان بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ رێگا دروسته‌كه‌ لای یه‌كێتییه‌. چونكه‌ هیچ حكومه‌تێك به‌بێ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی حكومه‌تی هه‌مووان‌و بۆ هه‌مووان نابێت، ئه‌مه‌ش رابردوو سه‌لمێنه‌ریه‌تی كه‌ یه‌كێتی له‌هه‌ر جومگه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمدا به‌شداری كارای هه‌بووبێت، به‌هێزتر ده‌ركه‌وتووه‌و له ‌سایه‌شیدا هاووڵاتیان ده‌ستكه‌وتی زیاتریان چنیوه‌ته‌وه‌.
له‌ راستیدا یه‌كێكی تر له‌و مه‌ترسییە جددییانه‌شی كه ‌له‌ كابینه‌ی داهاتوودا ده‌بینرێت (كه‌ به‌شێك) له‌ هۆیه‌كانی دواخستنی كابینه‌ی نوێ (دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی خواسته‌كانی سه‌پاندو گۆڕانیش رازی بوو به‌ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم به‌بیانووی ره‌وچاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی) په‌لنه‌كێشێت بۆ ناو حكومه‌تیش. چونكه‌ ئه‌وه‌ لای هه‌مووان روونه‌ دواخستنی پێكهێنانی حكومه‌ت له ‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ستبوو به‌ناوخۆی پارتییه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتی‌و گۆڕانه‌وه‌ نه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیداربوو به‌و ئاڵوگۆڕه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تدا كراو له‌ هه‌مانكاتیشدا كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌و ئامانجه‌ بوو كه‌ دوو كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ناو ئه‌و حزبه‌، هه‌ر یه‌كێكیان ببنه‌ خاوه‌نی پۆستی گرنگ‌و سه‌ره‌نجامیش هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌ له‌ دوو جومگه‌ی گرنگی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمدا ده‌بن. ئه‌مه‌ تائێره‌ ئه‌گه‌ر به‌شێك بووبێت له‌ ئاسته‌نگه‌كانی پێکهێنانی حكومه‌ت، گرنگه‌ ئه‌م ململانێیه‌ نه‌گوازرێته‌وه‌ ناو حكومه‌ت، چونكه‌ كاتێك هاوكێشه‌كه‌ به‌و جۆره‌ بێت (له‌ناو یه‌ك بازنه‌و حزبی دیاریكراودا به‌شێك دژی به‌شێكی تر له‌بری ئاسانكاری ئاسته‌نگ دروستبكات) ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای گرفتێكی تری نوێیه‌ بۆ قۆناغێكی تری نوێ، كه‌ بێگومان ئاسته‌نگه‌كانی لە رابردوو زۆر زیاتر ده‌بن‌و له‌كۆتاییشدا ته‌نها ئه‌زموونی هه‌رێم‌و حوكمڕانی كورد له‌ باشوور زیاندمه‌ند ده‌بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ده‌بێت چی بۆ كه‌ركوك بكرێت؟

هه‌ڵبژاردنی ئایاری ساڵی رابردوو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی زۆر پرسیار بوو، له‌ هه‌ڵبژاردنی ...