سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » ره‌مه‌زان بۆ گرانی و بێباكی

کەمین پۆڵەتیک

ره‌مه‌زان بۆ گرانی و بێباكی

ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م رۆژی‌ مانگی ره‌مه‌زانی‌ پیرۆزه‌، ئیتر بۆ ماوه‌ی‌ مانگێك دۆخی وڵاتانی‌ ئیسلامی و له‌نێویشیاندا كوردستان جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ، ئه‌گه‌رچی‌ لای‌ په‌روه‌رێن ئامانجێكی‌ روونی‌ هه‌یه‌ و رێسا و یاساكه‌شی تایبه‌ته‌، به‌ڵام لای‌ هەندێک مرۆڤی‌ مسوڵمان رۆژووگرتن هه‌مان ئه‌و به‌هایه‌ی‌ نییه‌ كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ داوای‌ كردووه‌ و مه‌به‌سته‌كانیشی روونكردۆته‌وه‌.
له‌ پێشوازیی هاتنی‌ مانگی‌ ره‌مه‌زاندا و به‌تایبه‌تتریش له‌ماوه‌ی‌ مانگه‌كه‌دا ره‌نگ و بۆی‌ شار و خه‌ڵكی‌ ده‌گۆڕێن، تا دوای‌ نیوه‌ڕۆ جۆرێك له‌ سستی‌ و بێده‌نگی‌، له‌وه‌ به‌دواوه‌ش بازاڕ و مزگه‌وته‌كان قه‌ره‌باڵغ ده‌بن، خواست له‌سه‌ر شته‌كان زۆر ده‌بن، نرخ هه‌ڵده‌كشێ و له‌گه‌ڵ مه‌لا بانگدانیشدا ئیتر چوار ده‌وری خوانی‌ رازاوه‌ ده‌درێ، لێره‌وه‌ ئیتر وێنه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ده‌بینین.
یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی‌ رۆژووگرتن، خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك مرۆڤ هه‌ست به‌وه‌ بكات خۆشخۆری له‌ چوارچێوه‌ی‌ رێساكانی‌ ته‌ندروستیدا خراپ نییه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ستكردنه‌ به‌وه‌ی‌ خه‌ڵكانێك هه‌ن برسین، بۆیه‌ باشتره‌ مرۆڤی‌ موسوڵمان له‌خۆی‌ بگرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ برا و خوشكێكی‌ برسی خۆیدا جۆرێك له‌ دادپه‌روه‌ری‌ له‌ ورگ تێربوون بێنێته‌ كایه‌وه‌.
ئه‌و ئامانجه‌ كه‌ زۆریش گرنگه‌ به‌ زۆری‌ له‌ مانگی‌ ره‌مه‌زاندا نایه‌ته‌دی، خوانی‌ رازاوه‌ی‌ زۆر هه‌ن، مسوڵمانانی‌ برسی وه‌هاش هه‌ن كه‌ رۆژووگرتن هێشتا نه‌بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژووگری‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌هۆش بێنێته‌وه‌ و دادپه‌روه‌ر بێت له‌گه‌ڵیاندا.
ئێوارانی‌ ره‌مه‌زان كه‌ به‌ربانگ ده‌كرێته‌وه‌ زۆرینه‌ی‌ رۆژووگران ئاگایان له‌ لایه‌نی‌ ته‌ندروستییان نییه‌، به‌شێوه‌یه‌ك حیكمه‌تی‌ رۆژووگرتن له‌بیر ده‌كرێ، تادره‌نگانی‌ شه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌ی‌ خۆش ده‌خورێ، بازاڕه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌، شیرەمه‌نییه‌كان ده‌وریان لێگیراوه‌ و كه‌مترین كه‌سیش به‌زه‌یی به‌ ورگی خۆیدا دێته‌وه‌.
بێ ئاگایی له‌ ته‌ندروستی‌ و سفره‌ی‌ خوانی‌ برسی و هه‌ژاره‌كانیش وایكردووه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ پێش ره‌مه‌زانه‌وه‌ نرخه‌كان زیاد بكرێن، خواستی‌ كڕینی خوارده‌مه‌نی‌ به‌رزتر ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ زۆرجار وه‌كو ده‌رفه‌تێكیش به‌كارده‌هێنرێت بۆ په‌یداكردنی‌ پاره‌ی‌ زیاتر و ئێ خۆ له‌ جه‌ژنیشدا هه‌ر ده‌بێت گه‌ردنی‌ كاكی‌ قۆڵبڕ ئازاد بكه‌ی‌.
ئه‌گه‌ر ره‌مه‌زان مانگی‌ چاكه‌كردن بێت، ئه‌ی چۆن ده‌بێت مرۆڤی‌ بیرخراپی وا هه‌بێت كه‌ ره‌مه‌زان بكاته‌ مانگی‌ فر‌سەت لێ هێنان و به‌هۆیه‌وه‌ پاره‌ی‌ زیاتر په‌یدا بكات؟ خۆ ئه‌گه‌ر مانگی‌ سۆز و به‌زه‌ییشه‌ ئه‌ی‌ چۆن ده‌بێت ورگی‌ خۆت تێر بكه‌یت و ئاگات له‌ هه‌ژاران نه‌بێت؟ ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ره‌مه‌زان بۆ پشووی ورگ و داشۆردنی‌ جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ بێت له‌ ڤایرۆس و هۆكاره‌كانی‌ نه‌خۆشی، ئه‌ی‌ چۆن ده‌بێت ئاگات له‌ ته‌ندروستی‌ خۆت نه‌بێت و ئێواره‌ بخۆیت و پارشێو بخۆیت و تا نیوه‌ڕۆیه‌كی‌ دره‌نگیش له‌سه‌ری‌ بخه‌ویت؟
بێباكی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خووه‌ خراپه‌كانی‌ مرۆڤ پێویسته‌ له‌ مانگی‌ ره‌مه‌زاندا نه‌مێنێت، به‌شێوه‌یه‌ك مرۆڤ هه‌م له‌گه‌ڵ خودی خۆی ئاشت ببێته‌وه‌ و گرنگی‌ به‌لایه‌نی‌ رۆحی و ته‌ندروستی‌ خۆی بدات، هه‌میش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ مه‌یدانی‌ تاودانی‌ لایه‌نی‌ سۆز و به‌زه‌یی و ئاشته‌وایی و چاكه‌كارین.
كاتێك له‌ رووی رۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه‌ له‌ ماناكانی‌ رۆژووگرتن نه‌گه‌یت، ئه‌سته‌مه‌ خۆ دووربگری له‌ بیری‌ خۆقه‌ڵه‌وكردن و گرانی‌ بازاڕ و بێباكیش نه‌بیت به‌رانبه‌ر ئه‌وانی‌ دیكه‌ی‌ چاوه‌ڕوان به‌ چاكه‌كاری‌.
جیاوازبوونی‌ مانگی‌ ره‌مه‌زان له‌وانی‌ دیكه‌ مادام زۆرن، پێویسته‌ ره‌فتاری‌ مرۆڤیش جیاواز بێت به‌لایه‌نی‌ ئه‌رێنی‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ رووی نه‌دا، ئیتر مانا رۆحی و جه‌سته‌ییه‌كانی‌ ره‌مه‌زان ته‌وزیف نابن و ئه‌وه‌ش نابێته‌ ئاماژه‌ی‌ گۆڕانكاریی به‌ره‌و چاكه‌خوازی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سۆشیال میدیا و هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان

میدیا به‌گشتی به‌ پشتبه‌ستن به‌تیۆرییه‌ جیاوازه‌ كاریگه‌ره‌كانی كۆمیونیكه‌یشن‌و له‌ڕێگه‌ی ناوه‌نده‌ ...