سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » ئیخوانیشی هاتەسەر

ئیخوانیشی هاتەسەر

ئیدارەی ئەمریكایی، كار بۆ ناساندنی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین دەكات وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، ئەم هەوڵەش دوای ئەوەهات كە پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن وڵاتەكەوە وەك رێكخراوێكی سەربازیی حكومی بیانی لەلایەن واشنتنەوەە خرایە لیستی تیرۆرەوە.
ئەمریكا دەیەوێت لەپێناو هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، زۆرێك لەو دەزگا و دامەزراوە و رێكخراوانە بە تیرۆریست بناسێنێت كە دەیان ساڵە كارو چالاكییان هەیە و لەنێو كۆمەڵگەكاندا رەگوڕیشەیان بڵاوبۆتەوە.
ئیخوان موسلیمین لە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەننا لە میسر دامەزراوە و پشت بە شێوازێكی میانڕەوانە دەبەستێت لە كاریی رێكخراوەیی و سیاسی و ئیسلامی، هەر ئەم شێوازی كاركردنەش وایكردووە، نەك تەنیا لە میسر، لە وڵاتانی ناوچەكە و زۆربەی وڵاتانی جیهاندا تەشەنە بكات.
لقەكانی ئیخوان، یان ئەو حزب و رێكخراوانەی لەسەر شێوازی ئیخوان موسلیمین برەو بە كاریی سیاسی خۆیان دەدەن، لە عیراق و کوێت و ئەردەن و فەلەستین و سوریا و تونس و لیبیا و جەزائیر و مەغریب و زۆرێك لە وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامی، لەژێر ناو و ناونیشانی جیوازدا دەركەون كار دەكەن لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات.
ئیخوان موسلیمین، لەڕێی بەرزكردنەوەی دروشمی میانڕەوی،خۆی بە جیاوازتر لە هەموو حزبە ئیسلامییەكانی تر دادەنێت، بەڵام زۆرێك لەو كەسێتیانەی كە هەمان پەروەردەی ئەم كۆمەڵەیەیان هەبووە، دامەزرێنەری توندڕەوترین بزوتنەوە بوون و كاریگەرییان لەسەر دروستكردنی زۆرێك لەو رووداوانە هەبووە كە ئاقاری كاریی ئیسلامییان لە رێچكەی ئیخوان موسلیمین دوورخستۆتەوە.
جەماعەتی جیهاد لە میسر كە (تەكفیر و هیجرە)یان پێگوت، لە هەناوی ئیخوانەوە هاتنەدەر، كەسێتییەكانی وەك (حەسەن تورابی) و (عەبدوڵڵا عەزام) و (ئوسامە بن لادن) و (ئەیمەن زەواهیری)، و هەندێك لە كەسێتییە ناسراوەكانی تریش، بە هەمان شێوە لەسەرەتاوە لە هەمان خوێندنگەوە دەستیان بە كاریی ئیسلامی كردبوو، بەڵام دواتر پشتیان لە رێكخراوەكە كردووە و رێچكەیەكی تریان بۆ كاركردن گرتۆتەبەر.
سیمای كاركردنی ئیدارەی ئەمریكایی بۆ بەتیرۆریست ناساندنی ئیخوان، هێندەی گوشار و كاریگەریی عەبدولفەتاج سیسی سەرۆكی میسر و دەسەڵاتدارانی سعودیە و ئیماراتی پێوەدیارە، هێندە لەسەر بنەمای پاشخان و مێژووی ئەو رێكخراوە بنیاتنەنراوە كە دەكرا لێوەی هەوڵەكە لۆجیكانەتر و شیاوتر دەربكەوتبا.
ئیدارەی ئێستای ئەمریكا، جیاوازتر لە ئیدارەكانی پێشتر، چاوقایمتر و بێ‌ شەرمانەتر سیاسەت دەكات و گوێناداتە ئەو زاراوانەی كە پێیان دەگوترێت ئیتیك و ئاكاریی سیاسی، ناساندنی شاری قودسیش بە پایتەختی ئیسرائیل، لە هەڵوێستەكانی ئێستا و هەنگاوەكانی داهاتووی، زەقتر و رەوانتر گوزارشت لەو ڕاستییە دەكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆڵی نێوەندگیری عیراق

عیراق لە حاڵەتی بەرپابوونی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەدەر ...